هەڤاڵ عەدنان تازیک بە ناوی ڕێکخستنیی (سیروان زرێبار)، لە شاری مەریوان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. ئەو لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایک بوو و پێ گەیشت؛ بنەماڵەیەک کە پەیوەندییەکی پتەویان بە بەها ڕەسەنەکان و هۆشیاریی نەتەوەیییەوە هەبوو. کولتووری وڵاتپارێزی لەناو بنەماڵە و ژینگەی دەوروبەریدا، ئەوی هۆگری ناسنامە، زمان و ڕەگ و ڕیشە کولتوورییەکانی خۆی کرد. هەڤاڵمان دە ساڵ لە قوتابخانەکانی ڕژێمی ئێراندا خوێندی و هەر لەو سەردەمەدا زیاتر لە جاران ئاشنای ڕاستینەی نکۆڵیکار و سیستمی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) و قڕکردنی کولتووریی دەوڵەتی ئێران بوو. هەرچەند زیاتر تێدەگەیشت کە دەیانەوێت منداڵانی کورد لە زمان و ناسنامەی خۆیان داببڕن و بیانتوێننەوە، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە ڕژێمی داگیرکەر زیاتر دەبوو. دوای وازهێنان لە خوێندن، لە تەنیشت بنەماڵەکەیدا سەرقاڵی کاری باخداری و کشتوکاڵ بوو و هەر لە ساڵانی سەرەتای لاویێتییەوە ئاشنای ڕەنج و بەرهەمداریی خاک بوو.
هەر لەو ساڵانەی سەرەتاوە ئاشنای تێکۆشانی ئازادیخوازیی تەڤگەری ئاپۆیی بوو. خەباتی فیداکارانە و ژیانی سادەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا؛ بەتایبەت خۆڕاگریی گەریلا لە ڕیزەکانی پێشەوەدا و وەڵامدانەوەی دەستبەجێیان بۆ هێرشە دڕندانەکانی دوژمن لە دژی گەلی کورد. سیروان وەکوو گەنجێکی ئازادیخوازی گەلی کورد، لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێت خۆیشی لەم تێکۆشانە پڕ لە شانازییەدا لە دژی داگیرکەرانی نیشتمان جێ بگرێت و لە بەرەوپێشبردنی ڕاپەڕینی ئازادیخوازیی گەلەکەیدا پشکی هەبێت. کاتێک ئاشنای فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و حەقیقەتی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیخوازیی کوردستان بوو، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هۆگری و باوەڕی بە تەڤگەری ئازادیخوازی چەند هێندە زیاتر دەبوو.
لە ساڵی ٢٠١٦دا، کاتێک هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر گەلەکەمان بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و شنگال گەیشتبوونە لووتکە و فاشیزم سیاسەتی لەناوبردنی چڕتر دەکردەوە، هەڤاڵ سیروان ڕووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. هەڵسوکەوتی خاکییانەی گەریلا و ژیانی کۆمەڵایەتی و سادەیان ، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. پەروەردەی سەرەتاییی گەریلا و پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی لە هەرێمی قەندیل تەواو کرد و بەو وانانەی لەوێ فێریان بوو، لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتی و دیسپلینی سەربازیی گەریلا لە شاخدا خۆی گونجاند. هەروەها دەرفەتی بۆ ڕەخسا لە ڕووی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و سەربازییەوە بەقووڵی خۆی پێ بگەیەنێت و لە کاریگەرییە تاکپەرەستیەکانی سیستمی داگیرکەر خۆی ڕزگار بکات. ژیانی گەریلا و هەڤاڵێتی هێندە کاریگەرییان لەسەر دانا کە هەمیشە بەداخ بوو لەوەی بۆچی زووتر نەهاتووەتە شاخ. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەشداریی بەردەوام و کارا لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیدا و بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونە بەنرخانەی لە ژیاندا کۆی کردبوونەوە، هەموو چرکەساتێکی ئامادەبوونی لە ڕیزەکانی گەریلادا پڕبەرهەم کرد و قەرەبووی ئەو کاتە لەدەستچووەی کردەوە.
دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پەروەردەکان، ماوەیەک لە خەباتی هەرێمی قەندیلدا بەشداریی کرد. لە قەندیل، بە فیداکارییەوە لە جێگیرکردنی سەنگەرەکان، دروستکردنی ژێرخان و هەڵکەندنی تونێل —کە بنەمای ستراتیژیی شەڕی قۆناغی نوێ بوو— ئامادەیی هەبوو و سەرجەم ئەو ئەرکە شۆڕشگێڕییانەی گرتبوونیە ئەستۆ بە سەرکەوتوویی بە ئەنجامی گەیاندن. دوای ئەوەی بەرپرسیارێتییەکانی لە قەندیل بە شێوەیەکی شایستە بە کۆتا گەیاند، ویستی لە شێوازی شەڕی گەریلای مۆدێرن و لە بەشی پسپۆڕییە پیشەیییەکاندا خۆی پەروەردە بکات؛ بۆ ئەم مەبەستەش ڕووی لە ئەکادیمیای شەهید «ماهر» کرد و لەوێ پەروەردەی پسپۆڕیی نیشانەشکێنیی (قەناس) بینی. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پەروەردە، لە ساڵی ٢٠١٨دا چووە هەرێمی زاپ، یەکێک لە ناوەندەکانی شەڕ و بەرخۆدان. ئەو دەیویست بە بەشداریی کارا لە بەرخۆدانی شۆڕشگێڕیی زاپدا، وەڵامێکی کردەیی بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بداتەوە. سەرەڕای چاونەترسیی لە مەیدانی جەنگدا، لە هەڵکەندنی تونێل و چالاکییە پێویستەکانی دیکەی ژیانیشدا بێوچان بەشدار بوو و لە هەر ژینگەیەکدا بووە تێکۆشەرێکی پێشەنگ لە تەڤگەری ئاپۆییدا کە سەرجەم هەڤاڵانی وەکوو سەرمەشق چاویان لێ دەکرد. کەسایەتیی ڕاستگۆ، سەمیمی، سادە و بێگەردی، پێگەیەکی هەمیشەیی لە دڵی هەموو ئەو هەڤاڵانەدا ئاوا کرد کە شانبەشانی ئەوان تێکۆشانی دەکرد.
هەڤاڵمان سیروان زرێبار وەکوو هەڤاڵێک دەناسرایەوە کە تا کۆتایی پابەند بوو بە ئامانجی سەرکەوتنی تەڤگەری شۆڕشگێڕیی کوردستان و فەلسەفەی ئاپۆیی؛ ئەو لەئەنجامی هێرشی دوژمن بۆ سەر مەیدانی شەهید ڕۆستەم لە هەرێمی زاپ، قارەمانانە بەرخۆدانی کرد و گەیشتە پلەی شەهادەت.
یاد و بیرەوەریی شەهید سیروان زرێبار هەمیشە سەرمەشقی تێکۆشانمان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشیی شەهادەتی هەڤاڵ عەدنان تازیک بە ناوی ڕێکخستنیی (سیروان زرێبار) لە بنەماڵەی بەڕێزی تازیک، خەڵکی وڵاتپارێزی مەریوان، گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: سیروان زرێبار
ناو و پاشناو: عەدنان تازیک
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٥ / مەریوان
ناوی دایک: شەوکەت
ناوی باوک: مەحموود
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٦ / پێنجوێن






