هەڤاڵمان سەرکەوت هەورامی لە یەکێک لە گوندەکانی دەڤەری «سرووماڵ»ی سەر بە شارۆچکەی سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامان چاوی بە دنیا هەڵهێنا و لە ناوجەرگەی گوند و لە ئامێزی سروشتی بێگەردی هەوراماندا گەورە بوو. تەنیا دە ساڵ خوێندی، بەڵام بارودۆخی بنەماڵە و نەبوونی دەرفەت، ڕێگەیان بە هەڤاڵ سەرکەوت نەدا لەوە زیاتر درێژە بە خوێندنەکەی بدات. هاوشێوەی زۆربەی گەنجانی کورد، بەهۆی پەراوێزخستن و نەبوونی ژێرخانی ئابوورییەوە، ناچار بوو هەر لە سەرەتای لاویێتیدا بە مەبەستی دۆزینەوەی کار زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.
ئەو بە بینینی نایەکسانی و جیاکاریی نەتەوەیی، هەر لە سەردەمی لاوێتیدا گەیشتە هۆشیاریی نەتەوەیی و لە ڕێگەی ئەو دۆست و ناسیاوانەیەوە کە لە ڕیزەکانی گەریلادا جێگیر ببوون، لەگەڵ تەڤگەری ئاپۆیی ئاشنا بوو.کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی دۆخی کورد و کوردستانەوە لە مێشکیدا گەڵاڵە ببوون و بەدوای وەڵامدا دەگەڕا؛ هەر بەم شێوەیەش بە ناسینی پەکەکە و ئاشنابوون بە هزر و ڕامانی تەڤگەری ئاپۆیی، دەستی بە گەڕان و قووڵبوونەوە کرد. بە تێپەڕبوونی کات زیاتر لە قووڵاییی ئەم تەڤگەرە تێگەیشت و شەیدای بوو. بەتایبەتی فیداکاریی بەدەر لە توانای مرۆڤیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و هەڵسوکەوت و ژیانی سادەیان، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. ئەو وەکوو سەرجەم گەنجانی بەجۆشی کورد، لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێت خۆیشی لە ڕیزەکانی پێشەوەی تێکۆشانی ئازادیخوازیدا جێ بگرێت و لە ڕێگەی ئازادیی نەتەوەکەیدا قەرزی نیشتمانیی خۆی بداتەوە.
هەڤاڵ سەرکەوت ماوەیەکی زۆر عەوداڵی ئەم ئامانجە پیرۆزە بوو؛ هەرچەندە دەیویست پەیوەندی بە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە بکات، بەڵام کۆسپ و هەلومەرجی ژیان بۆ ماوەیەک دەرفەتیان پێ نەدا ئەم خواستەی بە کردەیی بکات. کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشە دڕندانەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کرد، لە ساڵی ٢٠١٩دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد و بەم شێوەیە پەیمانەکەی خۆی بردە سەر.
هەڤاڵمان سەرکەوت پەروەردەی سەرەتایی لە هەرێمی قەندیل تەواو کرد. ژیانی کۆمەڵایەتیی گەریلا و ئەو پەیوەندییە هەڤاڵێتییەی کە لەسەر بنەمای فیداکاریی بێبەرانبەر و هاوسۆزیی قووڵ لەسەر یەکتر بنیات نرابوو، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. لە ڕێگەی پەروەردە سەربازی و ئایدیۆلۆژییەکانەوە، لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە بەقووڵی گەشەی کرد و بووە تێکۆشەرێکی بەتوانای تەڤگەری ئاپۆیی. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پەروەردەکان، بۆ ماوەیەکی کورت درێژەی بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی خۆی لە هەرێمی قەندیل دا.
لەگەڵ بەرفراوانبوونی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی خواکورک، ئەو بە پێداگرییەوە داوای کرد بچێتە ئەو هەرێمە؛ ئەو شوێنەی کە شەڕ تێیدا بە سەختترین و دژوارترین شێوە لە ئارادا بوو؛ ئەو مەیدانەی کە بیرهێنەرەوەی بەرخۆدانی شەهید بێریتان بوو لە دژی هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوانی کوردستان. هەڤاڵ سەرکەوت بە ورە و پێداگریی شۆڕشگێڕانەی خۆی هەڤاڵانی قایل کرد و پەیوەندیی بە بەرخۆدانی مێژووییی خواکورکەوە کرد. لەوێ لە چەندین چالاکیی سەربازیدا دژی داگیرکەران بەشداریی کرد و ئەرکە تێکۆشانەییەکانی خۆی بە باشترین شێوە بەجێ گەیاند. بوێری و چاونەترسیی لە مەیدانی جەنگدا و هەوڵدانی بێوێنەی لە هەموو گۆڕەپان و ساتەکاندا، بووە مایەی ڕێزێکی قووڵ لەلایەن هەموو ئەو هەڤاڵانەی لە تەنیشتیانەوە تێکۆشانی دەکرد. ئەو بە کەسایەتیی ڕاستگۆ، زەحمەتکێش و سەمیمی، هەروەها بە هەڵوێستی نەگۆڕی تێکۆشانەیی، ببووە سەرمەشق بۆ سەرجەم هەڤاڵانی.
هەڤاڵمان سەرکەوت هەورامی کە بە خۆڕاگری لە ڕێگەی سەرکەوتن، پابەندبوونی بێچەندوچوون بە ژیانی نێو تەڤگەری ئاپۆیی و کارنامەی سەرکەوتوو لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا دەناسرایەوە، تا دوا هەناسە قارەمانانە بەرخۆدانی کرد و گەیشتە پلەی شەهادەت و پەیوەندیی بە کاروانی نەمرانەوە کرد. ئەو کە ڕۆحیەی سەرکەوتنی کردبووە پێوانەی ژیانی خۆی و دروشمی «کوردستانی ئازاد بە ڕێبەرایەتیی ئازاد دێتە دی» کردبووە سەرمەشقی خەباتی خۆی، بە هەڤاڵێتییەکی سەمیمی و پابەندبوونی پتەوی بە بەهاکانی ئازادییەوە، پێگەی خۆی وەکوو تێکۆشەرێکی پێشەنگ لە مێژووی خەباتماندا تۆمار کرد.
جارێکی دیکە پەیمانی خۆمان لەگەڵ ئامانجەکانی شەهید سەرکەوت هەورامی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان نوێ دەکەینەوە و جەخت لەسەر تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان دەکەینەوە کە هەمان ئازادکردنی کوردستانە. بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشیی شەهادەتی هەڤاڵ زانا سەمەدی بە ناوی ڕێکخستنیی (سەرکەوت هەورامی) لە بنەماڵەی سەمەدی، خەڵکی قارەمان و وڵاتپارێزی هەورامان، گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: سەرکەوت هەورامی
ناو و پاشناو: زانا سەمەدی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٣ / گوندی سەروماڵ، مەریوان
ناوی دایک: شەهلا
ناوی باوک: ناسر
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٩ / پێنجوێن








