هەڤاڵ کاوە هەورامان (موسلیم ئەدوایی)

دەڤەری هەورامان یەکێک لە ناوچە دێرینەکان و لە شکۆمەندترین خاکەکانی زاگرۆسە و لە دێرزەمانەوە لانکەی کولتوور و هونەری گەلی کورد بووە؛ پێگەیەک بۆ پاراستنی شارستانیەت لە زیانی تاڵانکاری و پەلاماری بێگانەکان. وەکوو شاعیری ناودار «قانع» دەفەرمووێت، هەورامان خاکێکە کە سەری بۆ ئەسکەندەر و مەغۆل دانەنەواندووە؛ نیشتمانێک کە بە پاسەوانیکردن لە مێژوو و زمان، بووەتە هۆی پاراستنی میراتی گەلی کورد. خاکی دەنگدانەوەی سیاچەمانە؛ ئەو ئاوازە کۆن و ئەفسانەیییە. جوگرافیایەک کە هەمیشە پەناگەی تێکۆشەران بووە؛ لە یارانی مەزدەکەوە بگرە تا دەگاتە خوڕەمدینان و ئایینی مەزدەیسنا و تا سوڵتان ئیسحاق و سەرهەڵدانی ئایینی یارسان. ئەمجارەیان گەریلاکانی ئاپۆیی بوون؛ کەسانێکی وەکوو شەهید فەیسەڵ و شەهید دڵخواز کە ئەورووپایان بەرەو شاهۆ و کۆساڵان بەجێ هێشت. ئایدیۆلۆژیای ئازادیخوازانە و ئەخلاقمەداری تەڤگەری ئاپۆیی لە جوگرافیای هەوراماندا بە جۆرێک ڕیشەی داکوتا کە هێشتاش دەنگی «پیر شالیار»ی سەردەمی نوێ، شەهید فەیسەڵ، یادگارییەکە لەسەر لووتکەی شاهۆ؛ بەم شێوەیە پەیوەندییەک لەنێوان دێرسیم و هەوراماندا دروست بوو و بوێرترین ڕۆڵەکانی ئەم خاکە دێرینە بوونە پێشەنگانی ڕێگەی ئازادی. خەڵکی هەورامان بەو ڕۆڵە فیداییانەی لە ئامێزی خۆیدا پەروەردەی کردوون، وەکوو نەوەی مەحموود خانی دزڵی، هەورامانیان کردە یەکێک لە سەنگەرە پتەو و نەبەزەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردستان.

هەڤاڵ موسلیم ئەدوایی بە ناوی ڕێکخستنیی (کاوە هەورامان) هەر لە هەورامان و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا چاوی بە دنیا هەڵهێنا. کولتووری ڕیشەداری وڵاتپارێزیی بنەماڵە و ژینگەی دەوروبەری، کاوەی هەر لە منداڵییەوە هۆگری ناسنامە، کولتوور و مێژووی بەرخۆدانی گەلەکەی کرد. ئەو دوازدە ساڵ خوێندی، بەڵام هەمیشە لە بەرانبەر سیاسەتی نکۆڵیکارانەی ڕژێمدا هەڵوێستی دەنواند. دوای قۆناغی خوێندنگە، بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی بژێویی بنەماڵەکەیدا، ڕووی لە کاری هونەری و تەکنیکی کرد. کاوە لە بەرانبەر ئەو نادادپەروەرییانەی ڕژێم کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامی دەدا، سەری دانەنەواند. لەم خاکە سنوورییەدا هەڤاڵ کاوەش ڕۆژانە لە نزیکەوە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی دەبینی و بەرگەی بینینی ئەم دۆخە جەرگبڕەی گەلی کوردی نەدەگرت.

هەڤاڵ کاوە لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە نزیکەوە ئاشنای تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئاپۆیی بوو. ئەو تێگەیشت کە تەنیا شوێنێک بتوانێت وەڵامدەرەوەی تێکۆشانی گەلەکەمان بێت بۆ مانەوە و شکۆمەندی و وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە، ڕیزەکانی گەریلایە. بە تێگەیشتن لەو ڕاستینەیەی کە ڕادیکاڵترین وەڵام بۆ داگیرکەرانی کوردستان ڕووکردنە چیایە، لە ساڵی ٢٠١١دا بەرەو چیا ئازادەکان بەڕێ کەوت و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. ئەو پەروەردەی بنەڕەتیی گەریلای لە هەنگاوی یەکەمدا لە هەرێمی قەندیل تەواو کرد. هەر لە سەرەتای پەروەردەوە، خولیای زۆری بۆ فێربوون، لێگەڕان و جۆش و خرۆشەکەی، سەرنجی هەموو هەڤاڵانی ڕاکێشا. کاوە بۆ تێگەیشتنی قووڵ و هەرسکردنی پارادایمی دیموکراتیک، ژینگەپارێزی و ئازادیی ژن —کە ئازادیی گەلانی بندەستی کردووەتە ئامانج— هەوڵێکی هزری و کردەییی مەزنی خستە گەڕ. ئەو بە کەسایەتیی ڕاستگۆ، سەمیمی، سادەیی و فیداکاری خۆی، لە ماوەیەکی کورتدا ڕێزی هەموو هەڤاڵانی لە قەندیل بەدەست هێنا.

هەڤاڵ کاوە هەورامان لە مەیدانی کارۆخ، یەکێک لە ناوچەکانی سەر بە هەرێمی قەندیل، گەیشتە پلەی شەهادەت. ئەو بەم ڕێپێوانە شۆڕشگێڕییەی، لە چیا سەربەرزەکانی هەورامانەوە تا لووتکەکانی قەندیل و لە تاشەبەردەکانی کارۆخەوە تا کاروانی نەمرانی شەهیدان، ناوی خۆی لە مێژووی تێکۆشان لەپێناو کوردستاندا لەسەر تاشەبەردەکانی قەندیل هەڵکۆڵی.

وێڕای ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهید موسلیم ئەدوایی بە ناوی ڕێکخستنیی (کاوە هەورامان)، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەدوایی، خەڵکی وڵاتپارێزی هەورامان و گەلی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین.

این تصویر دارای صفت خالی alt است؛ نام پروندهٔ آن kawa_hewraman_muslim_edweyh_.jpg است

ناوی ڕێکخستنی: کاوە هەورامان

ناو و پاشناو: موسلیم ئەدوایی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٩ / سڵێن-مەریوان

ناوی دایک: فاتمە

ناوی باوک: عەبدولکەریم

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١١ / قەندیل

این تصویر دارای صفت خالی alt است؛ نام پروندهٔ آن image-17.png است

بابەتی پەیوەندیدار