هەڤاڵ هاوڕێ کەمانگەر بە ناوی ڕێکخستنیی (سالم مورادی)، لە شاری مەریوان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. لە کەناری دەریاچەی زرێبار و هاوشانی چیرۆکی فەیلەقووس و دەروێش گەورە بوو؛ چیرۆکێک کە گوزارشت لە کۆمەڵگەیەک دەکات لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریدا سەر دانانەوێنێت. زرێبار لە سەردەمی هاوچەرخدا لەگەڵ فوئاد مستەفا سوڵتانی و کۆچی مێژووییی مەریوان، بووە هێمای خەباتی مەدەنی لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی. هەروەها مەریوان شاری قانعی شاعیری چینی چەوساوەی کۆمەڵگەیە. لە وەها کەشێکدا ڕۆڵەیەک پێ گەیشت و هەنگاوی نایە نێو ڕێگەی تێکۆشانی ئازادیخوازیی گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئاپۆیی. ئەو لە بنەماڵەیەکدا لەدایک بوو کە ئاوێتەی بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردستان ببوون و ئەم بەهایانەیان وەکوو میراتێکی بەنرخ بۆ ڕۆڵەکانیان گواستەوە.
شەهید هاوڕێ هەر لە سەرەتاوە، وەکوو زۆربەی گەنجان، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان ڕووی لە بازاڕی کار کرد و شانبەشانی باوکی کاری دەکرد. لەم ڕێگەیەوە کەسایەتییەکی زەحمەتکێش، ڕاستگۆ و فیداکاری لێ دروست بوو و هەر ئەمەش وای کرد لەنێو دۆستان و دەوروبەریدا ببێتە کەسایەتییەکی خۆشەویست.
هەڤاڵ هاوڕێ، وەکوو هەر گەنجێکی کورد کە لە کوردستاندا دەژی، بەرانبەر بە داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان و تێکۆشانی گەلەکەمان بەهەڵوێست بوو. ئەو لە ساڵی ٢٠١٠، لە کاتی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر کرا و سێ ڕۆژ لە گرتووخانەدا مایەوە. ئەو گوشار و ئەشکەنجانەی لەو ماوەیەدا کرانە سەری، بوونە دەرفەتێک تاکوو ڕووخساری ڕاستەقینەی ڕژێم لە نزیکترەوە بناسێت.
دارستانەکانی مەریوان هەر لە سەرەتاوە ببوونە شوێنی سەنگەربەندیی گەریلا. خەڵکی وڵاتپارێزی مەریوان پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا هەبوو و هەر ئەمەش نهێنیی سەرکەوتنی هێزەکانی گەریلا بوو لەم ناوچەیەدا. ساڵی ٢٠١٢ هەڤاڵ هاوڕێ ئاشنای گەریلا دەبێت و لە ساڵی ٢٠١٣دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە دەکات. خولی پەروەردەی گەریلای لە هەمان ساڵدا بە کۆتا گەیاند. دوای تەواوکردنی پەروەردە، لەسەر پێشنیاری خۆی داوای کرد ڕەوانەی گۆڕەپانەکانی چالاکی بکرێت. ئەو لەژێر کاریگەریی ژیانی گەریلایی و هەڤاڵێتیی ئاپۆییدا، هەمیشە لە هەوڵی پێشخستنی خۆیدا بوو. وەکوو سەرجەم گەنجانی وڵاتپارێزی کورد، بەرانبەر بە دۆخی گەلی کورد کە لەژێر گوشاری هێزە داگیرکەرەکاندا ڕووبەڕووی ستەمی نەتەوەیی ببووەوە، هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد؛ هەر لەسەر ئەم بنەمایەش هەوڵی دەدا لە تێکۆشانی ئازادیخوازیی گەلی کورددا، هاوشانی هەڤاڵانی دیکە، ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت.
ساڵی ٢٠١٥ بە مەبەستی پێشخستنی خۆی لە بواری تاکتیکی گەریلای مۆدێرن، ڕووی لە ئەکادیمیای پسپۆڕیی شەهید محەممەد گۆیی کرد. ئەو دەیویست لە بواری سەربازییەوە بگاتە ئاستێکی بەرز، لە دژوارترین قۆناغەکانی شەڕدا بەرپرسیارێتیی کارا لە ئەستۆ بگرێت و بە فراوانکردنی ڕۆژبەڕۆژی تێکۆشانەکەی، وەڵامێکی بەهێز بە ڕاستینەی شەڕ بداتەوە. بەتایبەت کاتێک داعش هێرشە قڕکەر و دژەمرۆیییەکانی خۆی بۆ سەر گەلی ئێزدیمان لە شنگال دەست پێ کرد، تووڕەییەکی قووڵ سەرتاپای بوونی داگرت. ئەو بە پێداگرییەوە داوای کرد ڕەوانەی هەرێمی شنگال بکرێت تاکوو لە بەرخۆدانی ئەفسانەییی ئەوێدا ڕۆڵ ببینێت. لە ساڵی ٢٠١٥دا چووە شنگال و لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرخۆدانی مێژووییی گەلی ئێزدیمان لە دژی داعش سەنگەری گرت و بە بەشداریی کارای لە چەندین چالاکیدا، گورزی قورسی لێ وەشاندن. فیداکاریی بێوێنە، بوێری، لەسەرخۆیی و ڕۆحیەی شەڕڤانیی ئەو لە کاتی شەڕدا، بووە جێگەی ڕێزێکی قووڵی هەموو ئەو هەڤاڵانەی کە لە تەنیشتیانەوە تێکۆشانی دەکرد.
دوای ئەوەی ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان و بەرپرسیارێتیی مێژووییی خۆی لە شنگال بە سەرکەوتوویی بەجێ گەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. ماوەیەک لە هەرێمی گارێ خەباتی کرد و دواتر لەسەر پێشنیار و پێداگریی خۆی، ڕووی لە گۆڕەپانەکانی شەڕ و چالاکی کردەوە. هەر لەو ساڵەدا چووە هەرێمی زاپ و پەیوەندیی بە بەرخۆدانی ئەفسانەیی و بێوچانی ئەوێوە کرد. ئەو دەیویست ئەو ئەزموونە سەربازییە بەنرخانەی لە شنگال بەدەستی هێنابوون، لە جوگرافیای سەختی زاپدا بخاتە گەڕ و گورزی قورس لە سوپای داگیرکەری تورکیا بوەشێنێت. بە هەوڵدانی شۆڕشگێڕانە، کەسایەتیی ڕاستگۆ، سەمیمی و فیداکاری و بەشداریی بەجۆش و کارای لە هەموو گۆڕەپانەکاندا، لە هەر کە ئامادە بوایە، پێگەیەکی هەمیشەیی لە دڵی هەڤاڵانیدا تۆمار دەکرد.
یاد و بیرەوەریی شەهادەتی هەڤاڵ هاوڕێ لەنێو هەڤاڵان و هاوسەنگەرانیدا، هەمیشە هێمای بەرخۆدان، خۆڕاگری و فیداکاریی ئێمەیە. بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشیی شەهادەتی هەڤاڵ هاوڕێ کەمانگەر (سالم مورادی) لە بنەماڵەی مورادی، سەرجەم خەڵکی وڵاتپارێزی مەریوان، گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: هاوڕێ کەمانگەر
ناو و پاشناو: ساڵم مورادی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٢ / مەریوان
ناوی دایک: والیدە
ناوی باوک: سابیر
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٤ / مەریوان





