هەڤاڵ ئەشرەف بە ناسناو میلاد عوسمانی مەمکانی، لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. بەهۆی وڵاتپارێزیی بنەماڵەکەیەوە، بە ئەخلاق و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی پەروەردە کرا و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا پابەندی ڕەگ و ڕیشە و ڕەسەنایەتیی خۆی مایەوە. سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی نکۆڵیکردنی دەوڵەت، ئەو هەرگیز دەسبەرداری وڵاتپارێزی نەبوو و توانی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی بپارێزێت. هەڤاڵ ئەشرەف هەر لە منداڵییەوە گەریلاکانی لە نزیکەوە بینیبوو و خەونی بە گەریلابوونەوە دەبینی. ئەو بە سەرسامییەوە دەیڕوانییە گەریلاکان و بە بیستنی چیرۆکی قارەمانێتییەکانیان، هەمیشە لە ئاواتی ئەو ڕۆژەدا بوو کە خۆیشی تێکەڵ بە ڕیزەکانی گەریلا بێت.
ئەو کە ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی ڕەنجدەر بوو، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە پێی نایە مەیدانی کار و تێکۆشان و بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی، لە چەندین بواری جیاوازدا کاری کرد. هەڤاڵ ئەشرەف لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە یارمەتیی بنەماڵەکەی دەدا و هەمیشە باسی لە خۆشەویستی و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ خاک و نیشتمانی کوردستان دەکرد. کەسایەتیی پێگەیشتوو و کۆڵنەدەری وایکردبوو لە ناو دەوروبەرەکەیدا زۆر خۆشەویست و جێگەی ڕێز بێت.
لە سەردەمی خوێندندا، وەک گەنجێکی کورد هەوڵی دەدا ناوەڕۆکی سیستەمی دەسەڵاتدار بناسێت و ڕووبەڕووی دژبەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە دەبووەوە؛ هەر ئەمەش وایکرد خۆشەویستیی بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازیی ئێمە زیاتر بێت. ئەو لە نزیکەوە چاودێریی بەرخۆدانی داستانیی گەریلا لە کوردستان و تێکۆشانی بێوچانی دژی چەتەکانی داعش دەکرد. هەڤاڵ ئەشرەف لە کاتی سەربازیی زۆرەملێ لە ئەرتەشی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دا، ئەو ستەم و ئەشکەنجە و سەرکوتکارییەی لە دژی گەلەکەمان پەیڕەو دەکرا لە نزیکەوە هەست پێکرد و ئەم ئەزموونانە بەرەو تێڕامان و لێگەڕینێکی قووڵیان برد. ئەو هەرگیز قبووڵی نەکرد ببێتە گەنجێکی خاوەن کەسایەتیی کۆیلە کە پێ لەسەر بەهاکانی خۆی دابنێت و تەسلیمی خواستەکانی دوژمن بێت.
ئەو ستەمانەی بەهۆی کوردبوونەوە چەشتبووی لەبیر نەکرد و گەیشتە ئەو بڕوایەی کە کاتی وەستانەوە لە دژی سیاسەتە لەناوبەرەکانی دوژمن لەسەر گەلی کورد هاتووە. وەک گەنجێکی کورد هۆشیار بوو لەوەی کە دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەرامبەر بە گەلەکەی جێبەجێ بکات. هەڤاڵ ئەشرەف گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە تاکە ڕێگەی وەڵامدانەوەی هێرشە نامرۆڤانەکان بۆ سەر ڕێبەرێتی، گەل و تێکۆشانی ئازادی، بەشداریکردنە لە ڕیزەکانی گەریلادا؛ هەر بۆیە ڕووی لە چیاکانی کوردستان کرد.
هەڤاڵ ئەشرەف لە ساڵی ٢٠١٨ (١٣٩٧ی هەتاوی) لە ڕێگەی شاری بانەوە پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد و خولی پەروەردەی شەڕڤانانی نوێی لە هەرێمی قەندیل تەواو کرد. ژیانی کۆمیناڵی گەریلا، پەیوەندیی هەڤاڵێتی و شکۆی چیاکان، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دانا. سادەیی و قووڵیی پەیوەندیی نێوان هەڤاڵان وایکرد شانازی بەوە بکات کە گەیشتووەتە ئەو جێگەیەی ساڵانێک ئاواتی بۆ دەخواست. لە ماوەی خولەکانی پەروەردەدا، هەوڵی دا لە ڕووی فکرییەوە قووڵتر پارتەکەمان بناسێت. هەڤاڵ ئەشرەف بە خوێندنەوەی بۆچوون و شیکردنەوەکانی ڕێبەرێتی لەسەر کەسایەتی، ئامانجی خۆی لەسەر بنەمای سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی کەسایەتیی خۆی بەپێی تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکان دیاری کرد.
دوای ئەوەیکە خولی پەروەردەی بە سەرکەوتوویی تەواوکرد، هەڤاڵ ئەشرەف بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و ئامانجێکی مەزنەوە، بە هەموو هێزی خۆیەوە بەشداری تێکۆشان بوو. دوای دەستبەکاربوونی لە بواری کرداریدا لە هەرێمی قەندیل، لە ماوەیەکی کورتدا ئەزموونێکی زۆری بەدەست هێنا. بەشداریی چالاکانە و پڕ لە جۆش و خرۆشی لە کارەکاندا وایکرد ببێتە شەڕڤانێکی نموونەیی بۆ هەڤاڵەکانی. هەڤاڵ ئەشرەف کە دەیویست لە بوارە سەربازییەکاندا شارەزایی پەیدا بکات، بە هەوڵدان و وردبوونەوەی بەردەوام بووە گەریلایەکی کارامە. هەڤاڵ ئەشرەف هەمیشە بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم هەنگاوی دەنا. ئەو خولیایەکی زۆری بۆ تاکتیکەکانی گەریلای سەردەم هەبوو و هەمیشە ئەم تامەزرۆییەی لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا بەش دەکرد؛ چونکە بەباشی دەیزانی تاکە ڕێگە بۆ وەشاندنی گورزی قورس لە دوژمن، بوون بە گەریلایەکی پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی تەڤگەر و گەلەکەمان دەستی پێکردبوو کە بە ڕەنج و تێکۆشانی بێوێنەی ڕێبەرێتی و شەهیدانمان بەدی هاتوون، هەڤاڵ ئەشرەف دەیویست لە بەرخۆدانی داستانیی گەریلادا ڕۆڵی هەبێت. هەر بۆیە پێشنیاری کرد بچێتە ئەو گۆڕەپانانە کە تێیاید شەڕقورسە. ئەو هەر لە سەرەتای ژیانی گەریلاییەوە، بە بەشداریی بەجۆش و پێگەیشتوویی خۆی لە ژیان و ڕێکخستندا، سەرنجی هەموو هەڤاڵانی ڕاکێشا و بووە پێشەنگێکی نموونەیی. هەڤاڵ ئەشرەف تەنانەت لە دژوارترین هەلومەرجەکانیشدا لە پێوەرەکانی تێکۆشانی هێڵی ئاپۆیی لانەدا و بە خۆڕاگری و ئیرادەی خۆی، تێکۆشانێکی بێ دوودڵیی بەڕێوە برد.
هەڤاڵ ئەشرەف لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٢ (١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١) لە ئەنجامی هێرشی دوژمندا لە هەرێمی قەندیل گەیشتە کاروانی شەهیدان و بە کەسایەتیی بەرز و باوەڕی پتەوی بە سەرکەوتن، شوێنپەنجەیەکی لەیادنەچووی لە مێژووی تێکۆشانماندا بەجێ هێشت. یاد و بیرەوەریی هەڤاڵ ئەشرەف و لە کەسایەتیی ئەودا، هەموو شەهیدانمان بە ڕێز و پێزانینەوە بەرز ڕادەگرین و جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لە کوردستانی ئازاددا یادیان بە زیندوویی ڕابگرین. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی هەڤاڵ ئەشرەف و دواتریش لە تەواوی گەلی وڵاتپارێزی ڕۆژهەڵات و کوردستان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ئەشرەف چیاگەر
ناو و پاشناو: میلاد عوسمانی مەمکانی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١١ی دێسەمبەری ١٩٩٤ / ورمێ
ناوی دایک: زولەیخا
ناوی باوک: عیسا
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١٨ی شوباتی ٢٠١٨ / قەندیل




