ئامەد شاهۆ
ئەندامی مەجلیسی پژاک
سەرچاوە: گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ – ژمارە ٢٩
زۆر هێز، لایەن و کەس بەردەوام دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە گوایا بزووتنەوە یا شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” کۆتایی پێهاتووەو ئەستەمە کە شۆڕش یا بزووتنەوەکە سەرهەڵبداتەوە! ئەو بۆچوونە دەکرێت لەچەند دەلاقەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین.
دەلاقەی یەکەم؛ ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە ئەو بۆچوونە لەلایەن ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی رژێم بە شێوەیەکی سرووشتی لەناو كۆمەڵگەدا بڵاو کرابێتەوە، تا رێگری لە بەهێزبوونی شەپۆلەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بگرن. بۆ ئەوەش رژێم هەموو ناوەند و جومگەکانی سەر بە دەسەڵاتی کارا کردووە کە تا راستی بکەنە درۆ و درۆش بکەنە راستی.
دەلاقەی دووهەم؛ ئەو هێز، لایەن و کەسانەی کە بە گەورەبوونی شۆڕش لاواز بوون. واتا هاوتەریبی بەربڵاوبوونی شۆڕش ئاڵوگۆڕیان لەزیهنیەت، رەوتی ژیان و تێکۆشانیان ئەنجام نەداوە. ئەوەش بووە هۆکار مەودایان لەگەڵ حەقیقەتی فەلسەفەی شۆڕش درووست بێت. بۆیە بە فریودان و چەواشەکاری دەیانەوێت خۆیان لەبەرپرسیارێتی بدزنەوە. لەبەر ئەوەی توانای پێشەنگایەتی شۆڕشیان نییە و بەردەوامی شۆڕش؛ لەپێناو لاوازبوونی پێگەی خۆ لەقەڵەم دەدەن، پەنایان بردووەتە بەر بڵاوکردنەوەی قسەوقسەڵۆک و گۆتەگۆتەکانی رژێم و بە رێ و رێبازی جیاوازەوە ئەو بانگەشانە بە گوێی خەڵک دا دەدەن.
دەلاقەی سێهەم؛ ئەو هێز، لایەن و کەسانەی کە لەبەر هەندێک بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رژێم رێکەوتوون، لەچوارچێوەی پیلانی شەڕی تایبەتی رژێم دەجووڵێنەوە. بۆیە بەردەوام بە رێگای مەدیا و دەست و پێوەندەکانی خۆیانەوە بانگەشە بۆ بڕیار و دەنگۆکانی رژێم دەدەن.
دەلاقەی چوارەم؛ زۆر هێز، لایەن و کەسایەت بێ ئەوەی کە پەیوەندییان بەو ناوەندانەوە هەبێ، واتا خۆ بە بێ لایەن لەقەڵەم دەدەن. بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن ئیرادە، باوەڕی، هۆشیاری سیاسی و رامانی سەربەخۆ نیین؛ پیلان، بەرنامە و قسەو قسەڵۆکی ئەو ناوەندانە بە بێ ئاگاداری و ئامانج لەناو كۆمەڵگەدا دەستاودەست دەکەن. لەکاتێکدا ئەوە بۆ خۆی خزمەتی بەرژەوەندیەکانی رژێم دەکات و زیان بە نرخ و بەهاکانی شۆڕش دەگەیەنێت.
سەرەڕای ئەو بابەتانەش رەوتێک لەئارادایە کە دەنگی لەپاڵ دەنگی گەل دایە و قسەی دڵی خەڵک دەکات. واتە پێناسەی پڕ بە پێستی دروشمی “ژن ژیان ئازادی”یە، ئەویش دەستەواژەی بەردەوامی شۆڕشە. ئەو هێڵەش پارتێکی وەک پەژاک لەخۆ دەگرێت، کە بڕوای تەواوی بە بەردەوامی شۆڕش هەیە. چون شۆڕش پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و پابەندی گۆڕینی زیهنیەت و هەستی مرۆڤە. درووشمی “ژن ژیان ئازادی” لەبەر ئەوەی سەرچاوەی فەلسەفەیەکی ژیان و تێکۆشانە، راوەستاندن و کۆتایی هاتنی مەحاڵە. واتا سەرچاوەی ئەو درووشم دەگەڕێتەوە بۆ پارادیگمای كۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژینگەپارێز و ئازادی ژن. ئەوەش جیهانبینییەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتییە، کە سەدەی ٢١ی بە سەدەی ئازادی ژن لەقەڵەم داوە. بۆیە دەتوانێت ببێتە کلیلی چارەسەری بۆ سەرجەم قەیران و کێشە کەڵەکە کراوەکانی مرۆڤایەتی. لەبەر ئەوەی داهێنەری ئەو پارادیگما و فەلسەفەیە رێبەر ئاپۆیە، لەلایەن هێزە هەژمۆنگەرا جیهانی و هەرێمیەکانەوە، ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە لەدوورگەی ئیمڕاڵی لەناو گۆشەگیرییەکی رەهادا رایانگرتووە. سەرەڕای ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لەئارادان، رێبەر ئاپۆ لەبەندیخانەی ئیمڕاڵی بۆ بە جیهانی کردنی فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” لەناو بەرخۆدان و تێکۆشانێکی دانسقەدایە. بۆیە ئەوە بۆ خۆی هیواکانی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەی گەشاندوەتەوە. هاوکات لەبەر ئەوەی پەلەپیتکەی ئەو درووشمە “بەرخۆدان ژیانە“، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت پەلەپیتکەی تووڕەیی شۆڕش کە هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەیە رابگرێت. چون تێکۆشان و بەرخۆدان هەوێنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکە کە بە هێز و ئیرادەی راپەڕیوی گەل مسۆگەر دەبێت. بۆیە ئەو شۆڕشەش کە دەیان شۆڕشی دیکەی (زیهنیەتی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، رێکخستنی، ژن، جوان و … هتد) لەخۆ گرتووە، هەوڵی بونیادنانی كۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیک دەدات.
بە تێگەهێشتن لەو حەقیقەتە ئەستەمە کە بڵێین شۆڕش کۆتایی پێهاتووە. چون بنەڕەتی بەرپابوونی ئەو شۆڕشە لەسەر دەستەواژەی (کوردستان داگیرکراوە) بەرپا بووە و نیو سەدەیە لەو پێناوەدا تێکۆشانێکی نەبەزانە بەڕێوە دەبرێت. شەپۆلی نوێی ئەم شۆڕشە هاوچەرخە لەبەر ئەوەی سەرتاسەری جیهانی تەنیوە، سەلمێنەری زیندوو بوون و کارا بوونی شۆڕشی ژن دەخاتەڕوو. واتە ئەگەر بڵێسەی راپەڕینی گەلان لەقوژبنە جیا جیاکانی جیهان سەیر بکەین، بە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” خەمڵێنراوە. ئەوەش بە پێچەوانەی بیرتەسکی ئەو هێز و لایەنانەیە کە بانگەشەی بە دوور لەڕاستی شۆڕش بەربڵاو دەکەن. چون شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بە شەپۆلی جیا جیا لەگۆشە و کەناری جیهان لەبڵاو بووندایە. واتا بە چەخماخەی شۆڕشی ژن رژێمی داگیرکەری ئێران رووبەڕووی هەڵوێستێک بوویەوە کە هەرگیز چاوەڕوانی نەبوو و تا بە ئەمڕۆ لەبەر لێکەوتەکانی ئەو شۆڕش دەناڵێنێت.
لەچەند گۆشە نیگایەکەوە دەمەوێت ئاماژە بە هێزی بە خوڕ و بە تینی بەردەوامی شۆڕش بکەم کە سەرجەم بانگەشەو و درۆ و دەلەسەکانی ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی رژێم بە درۆ دەخاتەوەو ئەوەش بەرپرسیاری دەخاتە ئەستۆی هەر تاکێک کە لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش بە رۆحێکی سەردەمیانە تێبکۆشێت.
روانینی یەکەم؛
هەڵوێست و خاوەندارێتی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”یە کە دەتوانین بە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی تێکۆشانی گەلانی ئێران، لەپێناو بەردەوامی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لەقەڵەم بدەین. تایبەت چاونەترسی و بوێری بنەماڵەی شەهیدان رۆحیە و وزەی نوێیان بە گەل و كۆمەڵگە بەخشی و ویژدانی كۆمەڵگەیان بە ئاگا هێنا. هاوکات هاواری دایکێک کە تا تۆڵەی رۆڵەکەی لەرژێم وەرنەگرێ، هاندەری هەر گەنج و ژنێکی ناو كۆمەڵگەیە کە بێ دووڕایی و دوودڵی بۆ بەردەوامی شەپۆلی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” پەیوەستی ریزەکانی خەبات ببێت. لەو پێناوەدا یەکهەڵوێستی و یەکگوتاری بنەماڵەی شەهیدان لەمەراسیم و بۆنەکانی خاوەندارێتی لەشەهیدان جێگای بایەخ و پێزانینە. هاوکات بەرز ڕاگرتن و مەراسیمی بە بیرهێنانەوەی شەهیدانی شۆڕش، لەکات و ساتی خۆیدا، گەورەترین گەواهی زیندووبوونی شۆڕش و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی شۆڕشە کە زامنی سەرکەوتنی شۆڕش و پاراستنی نرخ و بەها مرۆییەکان دەبێت.
روانینی دووهەم؛
شەپۆلی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بووە هۆکار کە رژێم بە رواڵەتیش بووبێت، لەهەندێک پۆست و پلەی دەسەڵاتدا ئاڵوگۆڕی جیدی ئەنجام بدات. تایبەت رژێم دەیەوێت بەو روخسارە نوێیەی کابینەی پزشکیان کە گوایا رەنگ و دەنگی ژن و کوردی پێوە دیارە، شەپۆلی تووڕەیی شەقام و مەشخەڵی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” دابمرکێنێت. واتا پەیامی ئەوە دەدات کە دەنگی شۆڕشی ژن بە دەسەڵات گەهێشت و داخوازیەکانیان راوەستەی لەسەر کرا. لەکاتێکدا ئەوە بە پێچەوانەی فەلسەفەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”یە، کە رژێم بە نمایشی دەدات. بەڵام ئەوەش نابێت بەدوور لەدەستکەوتەکانی ئەو شۆڕش لەقەڵەم بدەین. ئەوە شەپۆلێکی چکۆلەی ئەو شۆڕشەیە کە رژێمی تووشی حەپەسان و ماق وڕمان کرد و رژێم بۆ هێور کردنەوەی رای شەقام و بۆ بە لاڕێدابردنی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” ئەو پیلانەی داتاشیوە. بەڵام هەرگیز ئەو پینەو پەڕۆیانەی رژێم ناتوانێت، ئەو ترازانەی لە بنێشەو پایەکانی رژێم و دەسەڵاتدا روویداوە، بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بگەڕێنێتەوە. رژێم هەرچەند بیەوێت بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆی ئاب و تاب و چێژ بەو دیزاینە نوێیەی دەسەڵات ببەخشێت، لەلایەن ئەویندارانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”یەوە بە گەمەیەکی چەپەڵ و هەنگاوێکی فریودەرانە لەقەڵەم دەدرێت. چون لەروانگەی گەلەوە سەرۆک کۆمارێک کە تەنیا رۆڵی بووکەڵەی شانۆبازی (عروسک خیمەشب بازی) لەو گەمە سیاسیەی خامنەیی پێدرابێت، ناتوانێت ئاستی کاردانەوە و رق و تووڕەیی گەل لەبەرامبەر دەسەڵات کەم بکاتەوە و کاریگەری لەسەر رای گەل ئەنجام بدات و گەل لەئامانج و فەلسەفەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بە دوور بخات. بۆیە سەردانی بۆ عێراق و تایبەت هەرێمی کوردستان لەبەرەبەرەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ هێوەرکردنەوەی شەپۆلی تووڕەیی گەلی کورد و بەدەستهێنانی دڵی کورد لەم قۆناخە هەستیارەدایە.
روانینی سێهەم؛
ئەنجامدانی کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک و کۆنگرەی چوارەمی کەژار لەبەهاری ئەمساڵدا بەردەوامی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بووە. ئەو کۆنگرانە بە کۆنگرەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لەقەڵەم دران. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەی حاشاهەڵنەگری بەردەوامی و زیندووبوونی شۆڕشە. چون درووشمی کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک؛ “بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی كوردستان ئازاد دەكەین و نەتەوەی دیموكراتیك بۆنیاد دەنێین” سەلمێنەری بابەتەکەیە. بۆیە تەڤگەری ئازادیخوازی رۆژهەڵات بە مەزن کردنی تێکۆشان و قایمتر کردنی هێڵی خەبات و بەرخۆدانی بڵێسەی شۆڕشی ژن، گەشاوەتر دەکات. هاوکات خۆی بە پێشەنگی ئەو شۆڕش وێنا کردووەو لەپێناو پاراستنی نرخ و بەهاکانی شۆڕش چ ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەوێتە ئەستۆی بە گیانبازییەوە پێشوازی لێدەکات. هەرچەند کە پەژاک لەسەرەتای تەمەنی دامەزراندنیەوە تا بە ئەمڕۆ لەسەر ئەو فەلسەفەیە گەشەی کردووە، خۆی بە خاوەنی راستەقینەی ئەو فەلسەفە دەبینێ و لەناو ریزەکانی تێکۆشاندا هەوڵی بە ژیانی کردنی داوە، کە ئەوەش وەک بەرهەمێکی پڕ پیت و بەرەکەتی رێبەر ئاپۆ و دەستڕەنگینی گەریلاکانی ئازادیخوازی کوردستانە کە لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رەنگی دایەوە. واتا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک، ئەو پارتەیە کە بە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” لەدایکبووەو خۆی بە رێکخستن کردووە و هیواو ئومێدی گەلی لەرۆژهەڵاتی کوردستان گەشاندوەتەوە. بۆیە لەم دوو ساڵەی کۆتاییدا ئەم فەلسەفە بووە چراخانی رووناککەرەوەی زەینی كۆمەڵگەکانی ئێران. جوانیەکانی ئەو فەلسەفەیەش وای کرد کە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” بە جیهانی ببێت. واتا شۆڕشێک کە بە گەردوونی بووبێ، قسەکردن لەسەر دامرکاندنی بۆ رژێم تەنیا خەیاڵێکی خاوە، چون ئیدی ئاڵای ئەو شۆڕشە لەجیهاندا ئەمڕۆ بە کوردی دەشەکێتەوە. بۆیە لێپێچانەوەی رژێم بە نیسبەت ئەو شۆڕش دەبێ بە پێی ئەو حەقیقەتە بێ. چون پێچەوانەکەی بەرپابوونی گەردەلوولێکە کە لەحەساوی رژێمدا نابێت.
روانینی چوارەم؛
بەرخۆدانی بێ هاوتای زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی، نەسیم غوڵامی، گوڵروخ ئیرایی، سپیدە قلیان، نەرگیس محەمەدی و … هتد لەبەندیخانەکانی ئێران لێدانی شەپۆلی نوێی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”یە. هەڵوێستی شکۆدار، دڵڕفێن و ئازا و دلێری ئەو ژنە تێکۆشەر و پێشەنگانەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” مزگێنی بەخشی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەیە کە مایەی سەربەرزی و ئیلهام هێنەری گەلانی ئێرانە. واتا رژێمێک کە لافی دامرکاندن و کۆتایی هێنانی شۆڕشی لێدەدا، بە پێچەوانەوە بڵێسەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لەناو گرتووخانەکانی ئێران لەلووتکەدایە. ئەو فەلسەفەش بەرپرسیارییەکی مێژوویی لە ئەستۆی هەر یەک لەو ژنە تێکۆشەر و پێشەنگانەی داناوە کە بەو هەڵوێستانەیان خاوەندارێتی لەئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆ دەکەن. بۆیە ئەمڕۆ هەر یەک لەو ژنانە وەک ئەستێرەیەکی گەشاوە لە ناو شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” دەدرەوشێنەوە. ئەوەش هیوا و باوەڕی گەلان بە تایبەت ژنان و جوانانی زیندوو کردووەتەوە. لەبەر ئەوەی رژێم لەئاستی بەرخۆدانی و هەڵوێستی ئەو ژنانە بە وەزاڵە هاتووەو بۆ تۆڵەسەندنەوەی بەرپابوونی ئەو شۆڕشە سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا دەسەپێنێت. واتا دەیەوێت لەکەسایەتی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و هاوڕێیانیاندا شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لەسێدارە بدات. لەکاتێکدا هەرگیز لەسێدارەدان ناتوانێت ئاڵای شەکاوەی ئەو شۆڕشە کە لەزیندانەکان هەڵکراوە، دابخات و بە ترس و تۆقاندن ئەو پێشەنگانەی ژن لەشۆڕش و تێکۆشان پاشگەز بکاتەوە. لەو بڕوایەدام هەر هەنگاوێکی مەترسیداری رژێم لەبەرامبەر ئەو ژنە پێشەنگانەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”، ئاگری شۆڕش گەشتر و بە تینتر دەکات و یەکگرتووبوونی ژنان و كۆمەڵگە لەدژی رژێمی داگیرکەری ئێران قایمتر و بەرینتر دەبێ.
روانینی پێنجەم؛
هەڵوێستی پەرستار و کادیرانی دەرمان لەسەرجەم شارەکانی ئێران و خانەنشینان بە گشتی و مامۆستایان لەم دۆخەدا بۆ خۆی شەپۆلێکی نوێ ئەو شۆڕش بووە کە چەرخی شۆڕشیان سووڕاند و تایبەت بە رۆڵ و پێگەی ژن لەو ناڕەزایەتیانەدا سەلمێنرا کە هەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی ئیدی لەجوگرافیای ئێران و ناوچەکە سەرهەڵبدات، مۆرکی ژنی پێوەیە و ژنان پێشەنگایەتی دەکەن. واتا دابڕاو لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” نییە. ئەوەش نیشان دەدات کە دەمامکی دەوڵەت – نەتەوەکان بۆ گەلانی ناوچەکە داماڵڕاوە و گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان كۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بونیاد دەنێن.
روانینی شەشەم؛
هەڵوێستی شکۆداری گەلانی ئێران لەهەڵبژاردنی خولی چواردەهەمی سەرۆک کۆماری و تایبەت هەڵوێستی گەلی کورد دەستکەوتی مێژوویی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”یە. هەڵوێستێک کە مەشروعیەتی رژێمی خستە ژێر پرسیارەوە و لەلایەن گەلەوە رووبەڕووی رەت کردنەوە بوویەوە. چون کەمترین رێژەی بەشداری گەل لەهەڵبژاردنی خولی چواردەهەمی سەرۆک کۆماری لەکوردستان ئاستی بەهێز و زیندووبوون و بەردەوام بوونی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” خستەڕوو. بۆیە گەل بە تێکڕا دەنگی “نا”یان بۆ ئەو رژێمە داپڵۆسێنەرە بەرز کردەوە. چون گەل بەو هەڵوێستە پێی وابوو کە ناوەڕۆکی هەڵبژاردن لەدژی فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی”یە. بۆیە رژێم بە پینەو پەڕۆ و خافڵاندن و چەواشەکاری دەیەوێت ئەو هەڵوێستە شکۆدارە لەیادگەی كۆمەڵگە بسڕێتەوە و ئەو هەڵوێستە بە بابەتی جیاواز لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” پەیوەست بدات.
بۆیە دانانی مەسعود پزشکیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لەلایەن عەلی خامنەیی دابڕاو لەدەستکەوتەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” نییە. چون لێکەوتەکانی ئەو شۆڕش، رژێمی ناچار بە گۆڕانکاری کرد. واتا بۆ هێوەرکردنەوەی گەل و ئاشتەوایی لەگەل دەسەڵات کەسێکی وەک مەسعود پزشکیان یان کردە سەرۆک کۆمار. بەو رۆڵەی خامنەیی بە مەسعوود پزشکیانی سپاردووە، بۆ وێنە بە کوردی قسە بکات، لەکابینەکەی دا پۆست بە ژنان بدات و چەند پۆستێک بە کورد بدات و هەر رۆژ لافی لایەنگری گەل لێبدات، ناتوانێت رەوایەتی بۆ رژێمێکی شڵەژاو بگەڕێنێتەوە.هەڵبەت رژێم بەو پیلانە دەیەوێت دەست بخاتە سەر خاڵە هەستیارەکانی كۆمەڵگە و بە بانگەشەی ناوبەتاڵ روانگەی گەل لەبەرامبەر دەسەڵات بگۆڕێت. بۆیە رژێم لەیەکەم هەنگاودا هەوڵی دا بە مۆرەی وەک پزشکیان گەل پەلکێشی سەرسندوقەکانی دەنگدان بکات. بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن سەلماندی کە گەل دەستی خامنەیی بە باشی خوێندوەتەوە. هاوکات سەرجەم قسەو لێدوانەکانی پزشکیان لەساتی هاتنە سەر دەسەڵاتیەوە تا بە ئەمڕۆ ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ناوبراو تەنیا بووکەڵەیەکی شانۆبازییە کە لەلایەن خامنەییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەوە وای کردووە کە شەپۆلەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” پەردە لەسەر راستیەکانی رژێم هەڵدەنەوە و شۆڕش لەراستای خۆی بەردەوام بێت. تەنانەت هێز و توانای شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” وای کردووە کە رژێم بە کوردی بێنێتە قسە و سەرۆک کۆمارەکەی بۆ دڵڕفێنی گەلی کورد لەکوێ تەنگەتاو دەبێ، بە کوردی بدوێت. واتا شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” رژێمی ناچاری قسە کردن بە کوردی و بیرکردنەوە بە کوردی کرد. ئەوەش گەورەترین دەستکەوتی ئەو شۆڕشەیە کە لەمێژووی هاوچەرخی ئێران تۆمار کرا. هەرچەند ئەو بابەتەش دابڕاو لە فرت و فێڵی رژێم نییە، بەڵام هەر ئەوەی کە پزشکیان لەبەر هێز و راستی شۆڕش ناتوانێت نکۆڵی لەراستی خۆی بکات، بۆ خۆی دەستکەوتێکی گەورەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”ە. لەو بڕوایەدام تەوژمەکانی ئەو شۆڕش لەقۆناخەکانی داهاتوودا ئەوەندە بەهێز و قایم دەبێ کە رژێم ناچار بە هەڵنانی هەنگاوی جیاوازتر و چاوەڕوان نەکراوتردا بنێت.
بێگومان بۆ سەلمێنەری ئەوەی کە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” هێشتا بەردەوام و زیندووە، جیا لەو چەند خاڵە بە دەیان خاڵی دیکە دەکرێ ریز بکرێت، بەس ئەو چەند خاڵە بۆ سەلماندنی بابەتەکە بەس دەبینم. بۆیە لەو بڕوایەدام شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” ئیدی فەلسەفەی ژیانی مرۆڤایەتییە کە هەڵهاتن لێی نامومکینە. واتا دابڕان لەو فەلسەفە چ بۆ تاک، كۆمەڵگە، هێز و لایەنێک بێت بە واتای مەرگ و نەمانە. بۆیە وەستانەوە و بەڕەنگاربوونەوە لەبەرامبەر شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”، بە واتای راگەیاندنی شەڕ لەدژی كۆمەڵگە و مرۆڤایەتییە. لەبەر ئەوەی كۆمەڵگە و مرۆڤایەتیش بێگومان ناچاری بەرخۆدانێکی هەمیشەیی دەبن و شەپۆلەکانی ئەو شۆڕش رۆژ لەدوای رۆژ لە گۆشە و کەنارەکانی كۆمەڵگە توندتر و فراوانتر دەبنەوە.