فواد بریتان هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان”كۆدار”، لەدیداری هەفتانەی بەرنامەی هێڵی سێ كە لەتەلەفزیۆنی” ئارین تیڤیدا، دوێنێ شەو بڵاوكرایەوە گۆشەگیری سەر رێبەر ئۆجالان و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركی ـ ئێرانی بۆ بەسەر گەریلاكانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان و هەڵوێستە دووفاقیەكانی زڵهێزە جیهانی و ناتۆ و هاوكات شۆرشێ سێ مانگەی گەلانی ئێران هەڵسەنگاند.
هاوسەرۆكی كۆدار لەسەر گۆشەگیری سەر رێبەر ئۆجالان دەڵێت؛ رێبەر ئاپۆ لەلایەن ناتۆ و هێزەكانی ناتۆ و ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بەدیلگیراوە و ئەو هێزانە دەیانەوێت لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆدا، ئیرادەی كوردی ئازاد و خاوەن ناسنامە تێكبشكێنن و كوردێكی دەستەمۆ و بێ ئیرادە بۆنیاد بنن، بۆیەش دەبێت رای گشتی گەلەكەمان زۆر هۆشیار بێت و لەبەرامبەر بەرەوش و تەندرۆستی و ئازادی رێبەر ئاپۆ چی لەدەستی دێ، دەریغی نەكات و كە باس لەرێبەر ئاپۆ و ئیمرالیش دەكەین؛ مەبەستمان ئیرادەیەك و نوێنەرایەتی ئیرادە و ناسنامەیەكی ئازادە و گەلەكەشمان لەرۆژهەڵات بەكردەوە و پراكتیكی خۆی سەلماندوویەتی كە پەیوەستە بەرێبەر ئاپۆوە، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ئاستی پەیوەست بوون و خاوەنداریەتییە لەهزر و بیروبۆچوونی رێبەر ئاپۆ. بۆ ئەم قۆناخەش دەبێت هەوڵی سەرخستنی ئەو شۆڕشە بدەن و بەوشێوەیەش ئاستی تێكۆشان و خاوەنداریەتیان بگەیننە لووتكە.
بریتان؛ لەسەر نزیكبوونەوە و ئەرك و بەرپرسیاریەتی و چاوەڕوانیەكان لە كۆمیتەی بەرگرتن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆنسەی ئەوروپاش دەڵێت؛ ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتیانە، تەنیا وەكو كارتێكن بەدەست ئەو هێزانەوە و هیچ پەیوەست بەماف و ئازادی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە نین و سیاسین.
لەبەشێكی تری دیدارەكەی فواد بریتان هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان”كۆدار”، تیشكدەخاتە سەر هێرشەكانی ئەرتەشی تورك لەدژی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و لەنێویاندا، گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان”پەژاك و یەرەكە” و دەڵێت؛ داگیركەران لەدژی هەبوون و ئیرادە و لەنێوبردنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان پلانی هاوبەش بەرێوە دەبەن. ئەرتەشی داگیركەری تورك ماوەی هەشت مانگە ئەو هێرشیانە، هاوشانی گۆشارەكانی سەر رێبەر ئاپۆ لەزیندانی ئیمرالی، پەلاماری ئاڤاشین و زاپ و مەتینا و هەرێمەكانی پاراستنی مێدیا و رۆژئاوا و باشوری كوردستان دەدات و ئێستاكەش بەپلانی داگیركەری ئیرانی ـ توركی پەلاماری هێزەكانی رزگاری رۆژهەڵاتی كوردستان”پەژاك و یەرەكە”دەدات.
بریتان پێوایە كە ئەو هێرشانە لەلایەن ناتۆ و هێزەكانی سەر بەناتۆوە رێكدەخرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەكو پێشتر دنیای دوو جەمسەری كۆتایی هاتووە، هێزە هەژەمۆنخوازە جیهانی و دەوڵەت ـ نەتەوە ستاتۆپارێزەكان سەرەرای هەندێ ناكۆكیان، بەڵام لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستانن. لەكاتێكدا گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان”پەژاك و یەرەكە”، هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی دژ بەداگیركەری دەوڵەتی ئێرانن كە چی بەهۆی دووروویی و سیاسەتی دووفاقی ناتۆوە، لەلایەن دەوڵەتی توركەوە دەكرێنە ئامانج.
هاوسەرۆكی كۆدار ئەوەش دەڵێت؛ ئامانج هێرشەكان بۆ سەر گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ پەڵكێشكردن و تەسلیمیت وەرگرتنی هێڵی ئازادیخوازی پەژاكە بۆ سەر هێڵی بارزانی، ئەوەش لەلایەن ناتۆ و ئەمریكا و ئیسرائیلەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
لەبەرامبەر بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتیەكان و راگەیاندن و دام و دەزگا نێودەوڵەتیەكان لەدژی هێرشەكانی سەر گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان؛ هاوسەرۆكی كۆدار”فواد بریتان”دەڵێت؛ ئەمڕۆ ئەو هێزانە لەكوێن كە دەیانەوێت پشتیوانی لە گۆڕانكاریەكان و رووخانی رژێم لەئێران بكەن و بانگەشەیەكی وەهایان دەكەن. ئەوەتا رۆژانە پەلاماری گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدرێت، كەچی ئەو هێزانە فزەیان پێوە نایەت؛ و دەبێت گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئەو راستیە باش بزانن كە هێزە نێودەوڵەتیەكان هیچ پەلانێكیان بۆ رووخان و گۆڕانكاری و دەستەبەركردنی ماف و ئازادیەكانی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەئەجیندایاندا نییە، بەڵكۆ تەنیا دەیانەوێت رژێمی ئێران تەسلیم وەربگرن، ئەوەتا هەڵوێستەكانیان سەیر بكەن، بەدەر لەبەیاننامە و شەرمەزار كردن چییان كردوە لەبەرامبەر بەو رژێمە؛ بۆیەش دەبێت گەلەكەمان و ئازادیخوازانی ئێران لەبەرامبەر بەپەلاماری سەر گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە تاكە هێزە ئەمڕۆ بەشێوەی كردە هاوشانی ئەوان پشتیوانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی دەكەن، خاوەن هەڵوێست بن.
ئەو راگەیاندن و تریبۆنانەی بۆ بەرۆژەڤكردنی هێرشەكانی رژێمی ئێران بۆ سەر ژمارەیەك لەحیزبەكانی رۆژهەڵات، هات و هاواریان گوێ دنیای كەڕ كرد، ئێستاكە ئەو راگەیاندن و هێزە نێودەوڵەتیانە، نایانەوێت بەوشەیەكیش باس لەهێرشی سەر پەژاك و گەریلاكانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن؛ چونكە نایانەوێت باس لەهێڵی ئازادیخوازی و نەتەوەیی ـ دیموكراتیك لەئێران بكەن. ئێدی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان جیاوازی نێوان هێڵی ئازادیخوازی و بەكرێگیراویەتی”نەتەوەپەرەستی و نەتەوەی دیموكراتیك”بە باشی تێدەگەن.
لەبەشێكی تری دیداری بەرنامەكە، بریتان تیشكدەخاتە سەر شۆڕشی ژن”ژن، ژیان، ئازادی” و تێكۆشانی گەلانی ئێران و سیاسەتی تۆقاندن و گرتن و ئەشكەنجە و زیندانیكردن و گرتنە بەری لەسێدارەدانی تێكۆشەرانی شۆڕش لەلایەن رژێمی داگیركەر و فاشیستی ئێرانەوە و ئەو هەڵوێست و كردەوانەی رژێمی داگیركەر و فاشیستی ئێران شەرمەزار دەكات و دەڵێت؛ راستە چەخماخەی شۆڕشەكە لەلایەن گەلی كوردەوە لێدرا، بەڵام پریشكی شۆڕشەكە هەموو گەلانی ئێرانی گرتەوە و ئەوەتا سێ مانگە، گەلانی ئێران بەتێكرا، ئاڵای شۆڕشیان بەرز كردۆتەوە و بەدڵ و گیان و گیان لەسەردەست لەنێو تێكۆشان و بەرخۆدان دان، بۆیەش لەسەر ناوی كۆدار ئەو بەرخۆدان و خۆڕاگری و تێكۆشانەی گەلان بۆ ئازادی جارێكیتر بەرز و پیرۆز دەنرخێنین و سڵاویان ئاراستە دەكەین.
فواد بریتان ئەوەش دەڵێت؛ سیاسەت بەرێوەبردنی كۆمەڵگە بەدەستی خۆدی كۆمەڵگەیە، ئەوە روانگەی بزوتنەوەی ئاپۆییە لەسیاسەت. كۆمەڵگەش ئەمڕۆكە ئەو كارە دەكات و ئەو گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتیانە لەهەناوی خۆیەوە دەدركێنێت. كاتێك دایكێك هاوشانی منداڵەكەی دەكەونە سەرشەقامەكان و لەبەرخۆدانیدان، كاتێك گەنجێك دەردەكەوێت و دەڵێت، ئەوا من رۆیشتم، رەنگە ئێدی نەگەڕێمەوە و دەچم بۆ شۆڕش و گەنجێك لەوەڵامی دایكیدا دەڵێت، دەچم لەشۆڕش دەگەڕم، ئەوانە گۆڕانكاریەكی هزری و فەرهەنگین. شۆڕشێكی كەسایەتین، شۆڕشێكی زیهنی و ئیرادە و زیهنیە و كەسیش ناتوانێت گەل لەشۆڕش پاشگەز كاتەوە. ئەوەش لەم دوو سێ مانگەدا رووی نەداوە، ئەو هەڵوێستانە، خاوەن پاشخانێكی مێژوویی و شاراوەیە كە لەكەسێتی كورددا و مێژووەكەیدا شاراوەیە.
ئا/ هیوا ئەحمەد
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
* گۆشەگیریەكی قورس لەسەر رێبەر ئۆجالان لەزیندانی ئیمرالی بەرێوە دەچێت؛ ئامانجی ئەو گۆشەگیرییە چییە و رۆڵی هێزە نێودەوڵەتیەكان و دام و دەزگاكانیان لەو گۆشەگیریەی سەر رێبەر ئۆجالان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ـ سەرەتا سڵاو و رێزم بۆ ئێوەی خۆشەویست و بەرێز و بینەرانی كاناڵی ئارین تیڤی و هاوكات سڵاو و رێزم هەیە بۆ بنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان و هەروەها سڵاو و رێزمان بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەگۆڕەپانی خەباتن؛ چە ئەوانەی لەسەر شاخە سەربەرزەكانی كوردستان و گەریلا قارەمان و فیدایەكانی كوردستان و لەبەرامبەر بە رژێمی فاشیستی تورك خاوەن لەدەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەركەون و هەروەها سڵاوم بۆ گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا هەیە كە ئەمڕۆكانە ماوەی سێ مانگە لەنێو شۆڕشی ژندان، لەم ماوەیەدا قۆربانیەكی زۆر گران و بەدەیان لاو و ژنی كورد لەپێناو دەستەبەركردنی ماف و ئازادی گەلەكەیان گیانیان بەختكردوە، لەپێشدا لەبەرامبەر بەقامەتی بەرزی شەهیدان سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین. و سەبوری بۆ بنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان دەخوازین و بەو هیوایەین بتوانین خاوەنداری لەرێ و رێبازی شەهیدان دەركەوین.
لەئێستادا رۆژەڤی سەرەكی جیهانی و رای گشتی كوردستانی رەوش و بارودۆخی رێبەر ئاپۆیە. ئەو سیاسەتە گۆشەگیرییە قورسەی لەسەر رێبەر ئاپۆ بۆ ماوەی بیست و سێ ساڵە لەسەر بەرێوە دەچێت. لەرۆژەڤی گەلی كورد، رۆژەڤی مرۆڤە ئازادیخوازەكان و لەرۆژەڤی ئەو مرۆڤانەیە كە لەپێناو ئازادی و مافی مرۆڤدا تێكۆشان دەكەن، دایە. دوای زەخت و گۆشارێكی ئیجار زۆری گەلەكەمان لەهەرچوار بەشی كوردستان و لەسەر ئاستی دەرەوە لەسەر كۆمیتەی بەرگرتن لەئەشكەنجە، ناچار كران سەردانی ئیمرالی بكەن، و زانیاری لەسەر رەوش و بارودۆخی رێبەر ئاپۆ وەربگرن؛ و هاوكات بۆ ئەوەی را و بیرۆبۆچوونی رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو بارودۆخەی مرۆڤایەتی و گەلەكەمانی تێدا تێپەر دەبێت بزانن؛ لەهەوڵ و تێكۆشانێكی بێ وچاندان. ئەو چالاكی و ناڕەزایەتیانە هەندێ زەخت و گۆشاری لەسەر هەندێ دامەزراوەی نێودەوڵەتی لەوانەش، كۆمیتەی بەرگرتن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆنسەی یەكێتی ئەوروپاش پێكهات. و بۆ ئەوەی سەردانی ئیمرالی بكات و لێكۆڵینەوە لەو بارودۆخەی لەئیمرالی دەرباز دەبێت و رای گشتی شەقامی كوردی و رای جیهان و ئازادیخوازانی لێئاگادار بكەنەوە.
سی پی تی داوای ئەوەی بڵاوی كردەوە كە سەردانی دوورگەی ئیمرالیان كردوە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ گیراوانی ئیمرالی كردوە كەچی لەسەر سەردانەكەی و ناوەرۆكی چاوپێكەوتنی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و ئەو چەند هەڤاڵەی زیندانی تری ئەوێ هیچ شتێكیان بڵاو نەكردەوە. و تەنیا كاتێك پەیوەندیەكانی هەدەپە لەئەوروپا سەردانی سی پی تیان كردبوو و گوتبوون راستە سەردانمان كردوون و بەڵام مافی بڵاوكردنەوەی زانیاریانیمان وەكو دامەزراوەی سی پی تی نیە.
ئەو ئەو بیانۆشیان وەكو ئەوەی كە یاسایەكی سی پی تیە كە دەتوانن سەردان بكەن، بەڵام مەجبور نین كە راپۆرت و زانیاری بڵاو بكەنەوە. دوای ماوەیەك جارێكی تر سی پی تی لێدوانیدا و ووتی؛ راستە چووینەتە ئیمرالی، بەڵام چاومان بەزیندانیان نەكەوتووە و پاشانیش ووتیان؛ رێبەر ئاپۆ خۆی دیداری رەتكردۆتەوە و خۆی نەیویستووە؛ دیداری هەبێت. ئەمەش لەنێو شەقامی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەكان و ئازادیخوازان و دامەزراوە كوردیەكان لەهەرچوار لای كوردستان و دەرەوەی وڵات رووبەرووی كاردانەوە و ناڕەزایەتی بوویەتەوە؛ چونكە ئەو بارودۆخە و نادیاریەی رەوشی رێبەر ئاپۆ و زیندانی دیكە لەزیندانی ئیمرالی گەلی كوردی تووشی شڵەژان و دڵگرانی كرد؛ چونكە بەگشتی نازانرێت لەوێدا چە سیاسەت و رەوشێك بەرێوە دەچێت و هەر ئەوەش وای كرد كە گەل و ئەو هەڵوێستەی سی پی تیان وەكو ئەرێ كردنی سیاسەتی گۆشەگیری و قڕكردنی گەلی كورد لەكەسایەتی ئیمرالی و رێبەر ئاپۆ بەناو كرد و ووتیان؛ سی پی تی دامەزراوەیەكی سرەف سیاسیە و هیچ پەیوەست بەمافی مرۆڤ و ئازادی مرۆڤایەتی و گەلانەوە نییە و بووەتە پارچەیەك لە سیاسەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك و هێزە نێودەوڵەتیەكان.
ئێدی بۆ هەر كەس و لایەن و هێزێك دیارە كە كاتێك ئێمەی كورد و ئازادیخوازان باس لەرێبەر ئاپۆ دەكەین؛ ئەوە دەزانن كە رێبەر ئاپۆ چە واتا و پێناسەیەكی بۆیان هەیە. ئەو تێكۆشانەی رێبەر ئاپۆ لەئیمرالی و ئەو خۆڕاگریەی لەوێدا بەرێوەی دەبات؛ تایبەتی بۆ گەلی كورد؛ واتایەكی چۆنی هەیە. بەڵام لێدوانی ئەو دام و دەزگا نێودەوڵەتیانە لەلووتكەی بێ ئەخلاقی و بێ بەرپرسیاریەتی و گەمەكردن بەئیرادەی گەلی كوردە و نزیكبوونەوەیەكی وەهایان هەیە. و ئەوەش مایەی قەبوڵكردن نییە و ئەمڕۆش ئێدی بەشێوەیەكی ئاشكرا نیشانی دا كە ئەو رێكخراو و دامەزراوە نێودەوتیانە كەلەدوای شەڕی جیهانی دووەمەوە دامەزراوە؛ لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك ئەركی و بەرپرسیاریەتیشیان راپەڕاندوە كە چی لەبەرامبەر بەكورد و مافەكانی گەلی كورد و رێبەرەكەی سیاسەتێكی كۆمەڵكۆژكارانە پەیڕەو دەكەن و گوێ بەداواكاری و دەنگی كوردان نادەن. ئەو ناوەندانە لەئێستادا وەكو ناوەندێكی بێ كەڵك و مافیایی ماونەتەوە و تەنیا ئامرازێكن بۆ سەركۆتكردنی گەلان و ئازادیخوازان و لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و زلهێزەكانەوە بەكاردەبردرێن. و بەدەر لەخزمەتكردنی ئەو دەوڵەتانە هیچ خزمەتیان بۆ گەلان نییە و تەنیا لەئاستی لێدوان و بەیاننامەدا دەمێننەوە. ئەو دامەزراوانە لەئێستادا دەبێت جارێكی تر پێداچوونەوە بە هەیكەلە و ئەرك و بەرپرسیاریەتی خۆیان بخشێننەوە و ببنەوە خاوەن چالاكی و لەخزمەتی كۆمەڵگەدا خۆیان رێكبخەنەوە.
بابەتی ئیمرالی كە ئێمە باسی لێوە دەكەین؛ تەنیا بابەتێك نییە كە پەیوەست بێت بەگیراوێكی سیاسییەوە. لێرەدا ئێمە باس لەبەندبوونی ئیرادەیەك دەكەین، باس لەوە دەكەین كە سیاسەتێكی دژە كورد لەسەر ئاستی دەوڵەتانی داگیركەری هەرێمی و جیهانی لەسەر گەلی كورد و لەكەسایەتی ئیمرالی و رێبەر ئاپۆ دەیانەوێت پەرەی پێ بدەن و بەرێوەی دەبەن. و ئەوەش دەزانین كە ئیمرالی تەنیا لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی توركیادا نیین و تەنیا لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بەرێوە ناچێت. كاتێك رێبەر ئاپۆش بەدیلگیرا، بەتوركیا گوتراوە كە ئێوە تەنیا گاردیانن و ئەویش زیندانیەكە لەدەستی ئێوەدایە. ئەو هێزانەشی كە ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییان بەرێوە برد؛ ئەمڕۆكە بەرپرسیاری سەرەكین لەو بارودۆخەی لەئیمرالی بەرێوە دەچێت، نەتەنیا دەوڵەتی توركیایە. واتا ئەوەی ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆی دەستگیركردوە، ناتۆ و هێزی ناتۆیە. ئەمریكا و ئەوروپا و ئیسرایلن. ئەوانەن كە ئەمرۆ هەر شێوە سیاسەتی ئەشكەنجە و گۆشەگیری و كردەوەیەكی دەرەوە مرۆیی لەئیمرالی و لەسەر رێبەر ئۆجەلان بەرێوە دەبەن. و دەیانەوێت تا ئەو كاتەی نەگەنە ئامانجیان بەردەوامی بەو سیاسەتەیان بدەن. بۆیەش لازمە گەلەكەمان ئەو راستیە بزانێت كە كاتێك ئێمە باس لەئیمرالی دەكەن، باس لەپیلانگێڕی و مۆعامرەیەكی گەورەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر بەگەلی كورد و ناسنامە و شۆناسی گەلی كوردستان دەكەین. رێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ خاوەن پرۆژەیەكی ئازادیخوازییە كە نەتەنیا بۆ گەلی كورد؛ بەڵكۆ بۆ هەموو ئازادیخوازان، خاوەن هێزی چارەسەرییە و لەو پارێزنامانەی بۆ دادگاكانی مافی مرۆڤی ئەوروپا و یەكێتی ئەوروپا و یونانی نووسیووە، ئەو راستیانەی سەلماندوە. ئەو هێزانەش كە پیلانگێڕییەكە بەرێوە دەبەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بێ ئیرادە و بێ ناسنامە بكەن و كوردێكی دەستەمۆ و گرێدراو بەخۆیانەوە بۆنیاد بنن، دەبێت ئەو ئیرادە سەربەخۆیەی كە رێبەر ئاپۆ لەئیمرالی نوێنەرایەتیدەكات تێكبشكێنن و تەسلیمی وەربگرن. ئامانجی سەرەكی ئەو هێزە پیلانگێڕانەش ئەوەیەو دەیانەوێت لەبێدەنگیدا بەسەپاندنی ئەو گۆشەگیری و گۆشارانەش ئەنجام وەربگرن، هەر بۆیەش دەبێت گەلەكەمان باش بزانن كە رەوش و ئەو قۆناخەی تێدا دەرباز دەبین، قۆناخێكی زۆر مەترسیدارە. بۆیەش ئەو هەوڵدان و چالاكی و ناڕەزایەتیانەی گەلی كورد و ئازادیخوازان دەربازی قۆناخێكی نوێ لەتێكۆشان دەبێت. و پێویستە گەلەكەمان و ئازادیخوازان بەهەڵوێست و چالاكیەكانیان گۆشار بخەنە سەر ئەو هێزانە تا بەهەڵوێستەكانیاندا بچنەوە.
* گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەبەرامبەر بەگۆشەگیری سەر رێبەر ئۆجەلان دەبێت هەڵوێستێكی چۆن بنوێنن و خاوەنداریەتیەكی چۆن پێویستە لەبەرامبەر بە شكاندنی ئەو سیاسەتەی لەئێمرالی پیادە دەكرێت؟
ـ گەلەكەمان بەبێ وەستان هەمیشە لەراپەڕین و ناڕەزایەتی و چالاكیدان، و دەیەوێت بەشێوازێك لەشێوازە دیموكراسیانەكان خاوەنداریەتی لەرێبەر ئاپۆ بكات. و دەیانەوێت دەنگی خۆیان بگەیەننە ئەو ناوەندە جیهانیانەی رۆڵیان هەیە لەدەستگیركردن و بەرێوەبردنی سیاسەتی گۆشار و ئەشكەنجە و زیندانیكردنی رێبەر ئاپۆ لەئیمرالی. لەسەر ئاستی ئەوروپا گەلەكەمان لەزۆرینەی ناوەندەكانی بڕیار، پەرلەمان، سەندیكا، و دامەزراوە مەدەنی و مرۆڤییەكان، سیمینار و چالاكی هۆنەری و جەماوەری رێكدەخەن. دۆزی كورد، ئەمڕِۆ دۆزێكی جیهانیە و تێكۆشانەكەشی، تێكۆشانێكی جیهانییە، نەتەنیا لەئەوروپا لە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقاو ئەمریكای لاتین لەبەرامبەر بەتەندرۆستی و بارودۆخی رێبەر ئاپۆ، خاوەن هەڵوێست. رێبەر ئاپۆش، تەنیا رێبەرێكی كوردان نییە؛ رێبەرێكی جیهانیە، بەبیروهزری سنورەكانی تێپەڕاندوە. ئێدی تەنیا بەپارچەیەك و نەتەوەیی و جۆگرافیایەكی دیاریكراوەوە سنوردار نەماوە، ئەمڕۆ بەتێكۆشان و هەڵوێست و بیرۆكانەی خۆی، رێگا و رێبازێك بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی كە كۆمەڵگەی مرۆڤیی پێوە دەناڵێنێت، بۆیەش خاوەنداریەتی كردن لەرێبەر ئاپۆ، خاوەنداریەتیەكی ئەخلاقییە و تەنیا بەگەلی كوردەوە سنوردار ناكرێت، بەڵكۆ هەموو گەلانی دنیا و ئازادیخوازان هەڵوێستێكی خاوەنداریانە نیشان دەدەن. رێبەر ئاپۆ لێرەدا تێزێك پێشكەش دەكات، ئەوش هەژەمۆنی مۆدیرنیەتی دیموكراتیكە. تێزی روانینی نەتەوەی دیموكراتیك پێشكەشدەكات. كە چۆن گەلانی چەوساوە و مافخوار و هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە، خاوەن ئیرادە و بەهێز و یەكدەست بن هەم لەبەرامبەر بەهێزە سەردەستە هەرێمیە دەوڵەتپارێزەكان و هەمیش لەبەرامبەر بەهەژەمۆنخوازی و دەسەڵاتداری هێزەكانی گڵۆباڵی جیهانی بكەن. ئەمرۆ لەچین و پاكستان و ئاسیای دوور هەڵوێست نیشان دەدرێت.
لەنێو كۆمەڵگەی گەلەكەشمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك باس لە رێبەر ئاپۆ دەكرێت، بەروونی دیارە كە هەڵوێست و بۆچوونەكانی رێبەرایەتی بەشێوەیەكی كردەیی دەبینرێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێكۆشانی دەیان ساڵەی رێبەر ئاپۆ كە شەو و رۆژ بۆی تێكۆشاوە. كردەیی كردنی ئەو بیروهزرەی بزوتنەوەیی ئاپۆییە كە توانی توویەك لەكوردستان بڕوێنێت كە بەئیرادەی ژن و خاوەنداریەتی ژن پێشدەكەوێت.
لەقۆناخێكی وەهادا هەر كەس باس لەوە دەكەن كە ئاخۆ ئەو فەلسەفەی ژن، ژیان ئازادییە لەكوێوە هات. رێبەر ئاپۆ بەو تێز و فەلسەفە و هزرییەی بۆنیادی ناوە، بووەتە ناوەندێكی هزری و فەلسەفی، بووەتە مەكتەبێك. و پێویستە وەكو مەكتەب كەڵكی لێوەربگیردرێت.
رێبەر ئۆجالان لەسەرەتای بەدیلگرتنەكەشی باسی لەهەڤاڵێتی كەم كرد و ووتی؛ ئەگەر هەڤاڵیەتی نیوە و نێوچڵ نەبووبا، رەنگە بەدیل نەگیرابام، بۆیەش دەبێت هەڤاڵتیەكی راست و درۆست لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا پێكبهێنین.
بۆیەش ئەرك و بەرپرسیاریەتی گەورە دەخاتە سەر شانی رۆشنبیران، ئاكادیمیسین و هۆنەرمەندان. دەبێت لەسەر ئاستی ئێران ئەو خاوەنداریەتیە بكەن. هەر رێگە و رێبازێك بگیردرێنە بەر. بەواژۆ كۆكردنەوە داوای ئازادی بكەن، داواكاری ئەوە بۆ ئەو ناوەندانە بەرز بكەنەوە و رایبگەیەنن كە دەمانەوێت لەگەڵ ئۆجەلان كۆببینەوە و بیروبۆچۆنی ئەم قۆناخە و رۆژەڤانەی لەسەر رۆژەڤی ئێران و هەرێمەكە دەرباز دەبن گۆێ بگرین و بیروبۆچۆنەكانی بزانین. مامۆستایانی ئاینی دەبێت ئەو گۆشەگیرییەی لەبەرامبەر بەرێبەر ئۆجەلان خاوەن هەڵوێست نیشانبدەن. لەمێژووی ئیسلامیەتیشدا ئێمە تەنیا لەبەرامبەر بەكەسایەتیە پاك و خاوەن كەسایەتیە بەهێزەكان هەڵسوكەوتی وەها روویانداوە. بنەماڵەی شەهیدان و دەستگیركراوان بەهەمانشێوە ئەرك و بەرپرسیاریەتیان ئەنجام بدەن. كۆبوونەوە و سیمینار لەزانكۆ و لەنێوماڵان رێكخەن. بۆچوونەكانی ئۆجەلان لەسەر ژن و باوەر و ژینگە بۆ چارەسەری قەیرانی نەتەوەكان لەرۆژهەڵاتی ناوین و ئیران و رۆژهەڵاتی كوردستان بخەنە بەر باس و گفتوگۆوەوە. ئەوە كۆمەڵێك ئەرك و كارە و لەمانگەكانی پێشدا كە بەرەو پانزدەی شوبات دەچین. دەبێت ساڵی داهاتوو بكەینە ساڵی داهاتوو بكەینە ساڵی ئازادی رێبەر ئاپۆ.
* دەوڵەتی داگیركەری تورك ماوەی هەشت مانگە هێرشە داگیركەریەكانی لە هەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینادا چڕكردۆتەوە و هەوڵێكی داگیركەری نوێ دەدات و ماوەی دوو هەفتەیە جارێكی تر لەپێش چاوی هەموو زلهێزە جیهانیەكان پەلاماری راستەوخۆی رۆژئاوای كوردستان دەدات و لەگەڵ ئەوەشدا هاوشانی دەوڵەتی داگیركەری ئێران هێرشی گەریلاكانی پەژاك و یەرەكە”گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان”دەكات؛ دەوڵەتی تورك لەگەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چیی دەخوازێت، لەكاتێكدا دەوڵەتی تورك ئەندامێكی ناتۆیە؟
ـ ئەو هێرشانەی لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و گەریلاكانی ئازادی وئاپۆیی پێكدێن لەچوارچێوەی كۆنسپت و بڕیارێكی هاوبەشی تەسفیەكردن و لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی لەلایەن ئەو هێزانەوە پێكدێت. سەیری كەن، گەلی كورد لەهەرچوارلای كوردستان بڕیاری ئازادی خۆیانداوە و دەیان لەژێر دەسەڵاتی ئەو رژێمە داگیركەرانە ژیان نەكەن. ئەوەش تەنیا بڕیاری گەلی كورد نییە، بڕیارێكە كە پشت بەچاندێكی زاگرۆسی بەستووە. نە داگیركەری سەفەویی و نەش داگیركەری عوسمانیەكانیان قەبووڵ نییە و ژێردەستەیی پەسەند ناكەن.
رێبەر ئاپۆش رایگەیاند كە گەلی كورد لەنێو پەنجەی قڕكردنی چاندیدان، بۆیەش پاكتاوكردنی گەلی كورد بەدرێژایی مرۆڤایەتی و مێژوو پێشەنگایەتی بۆ گەلانی دنیایان كردوە و ئەم هۆكارەش دەبێتە هۆی لەنێوبردنی هیواكانی ئازادی و مرۆڤایەتیەوە. كورد پێشەنگایەتی بۆ چەندین شۆڕشی مرۆڤایەتی؛ لەشۆڕشی گوندنشینی و بەخێوكردن و زمان و ئەدەبیات و هۆنەر و كشت و كاڵ و پێكەوەژیانی كردوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهەموو شێوەیەك هێرشی دەكرێتە سەر، دەبێت جیهان لەبەرامبەر بەوە ناعەدالەتی و نامافیە خاوەن هەڵوێست بن.
گەلی كورد بەدرێژایی مێژوو، لەبەرامبەر بەو ناعەدالەتی و بێ مافیە بەرخۆدانی دەكات. جیهان قەرزداری گەلی كوردن. بەبڵاوكردنەوەی فەرهەنگ و چاندی خۆراگری خۆی هەمووی گەلانی جیهانی خستووەتە ژێر بەرپرسیاریەتیەوە. مرۆڤایەتی هەبوونی خۆی لەسەر خاكی كوردستان ریشەی ڕۆاندوە. هەر چەشنە دەستكەوتێك لەسەر ئەو خاكە، دەبێتە دەستكەوت بۆ هەموو مرۆڤایەتیش جارێكی تر دەبێتە دەسكەوت. ئەمرۆش هێزێك لەسەر ئەو خاكە جارێكی تر كە سەر بەبزوتنەوەی ئاپۆیین ئەو بەرخۆدانیە بەردەوامی پێ دەدەن. بۆیەش دەیانەوێت هێڵێ بەرخۆدانی كوردی ئازاد لەكەسایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان”پەكەكە”دا تەسفیەی بكەن، ئەوەش ئامانجێكی هاوبەشی داگیركەرانە.
ئەوە هەشت مانگە، گەریلاكانی ئازادی كوردستان”هەپەگە و یەژئا ستار” لەبەرخۆدانیەكی بێ وێنەدان. بەئاخاوتن ناتوانی مافی ئەو بەرخۆدانە بدەی. بەهەموو چەكی قەدەغەكراوە رووبەرووی گەریلاكانی ئازادی دەبنەوە و پەلاماری گەریلا دەدەن. بەشەو و رۆژ بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان و فرۆكەی شەڕكەر و تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی ناتۆ و چەكی كیمیایی هێرشی گەریلا دەكەن. بەوشەیەكیش رای گشتی جیهانی باسی لێوە ناكەن و پەرەدەپۆشی دەكەن. سانۆرسی دەكەن و وەكو ئەوەی شتێك لەئارادا نییە. بەڵام رۆڵە نەبەرد و نەبەزەكانی كورد تەنیا بەكڵاشینكۆف و بۆمبە لەبەرامبەر بەو هەموو چەك و جبەخانە و ژمارە زۆرەی ئەرتەش و جەندەرمە و چەتەی دەوڵەتی داگیركەری تورك وەستانەوە، ئەمە قارەمانیەتیەكە لەدنیادا بێ وێنەیە.
با دنیا باش بزانن، ئەو تەكنەلۆجیایەی شەڕ لەبەرامبەر بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان بەكاریدەهێنن، سەدا یەكی لەشەڕی ئۆكرانیا بەكار ناهێندرێت. بەڵام هەموو هێزی دنیا گوایا ئۆكرانیا دەپارێزن بوونەتە زۆڕناژەن و هات و هاوار دەكەن، كەچی لەئاستی قڕكردنی گەریلا و گەلی كورد، لەئاستی كۆمەڵكۆژكردنی رۆڵە رەنجدەر و زەحمەتكێش و جۆانترین و شایستەترین رۆڵەكانی گەلی كورددا بێدەنگن. دەبێت ئەو بەرخۆدانە بەشێوەیەكی داستان واری خاوەنداریەتی لێبكرێت. دەوڵەتی داگیركەری تورك لەچەند مانگی داهاتوودا بەرەو هەڵبژاردنێك دەڕوات و هەناسەكانی كۆتایی دەكێشێت. بۆیەش ئەگەر نەتوانێت بزوتنەوەی ئاپۆیی لەنێونەبات، ناتوانێت لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت. بۆیەش ئەم چەند مانگەی پێش ئێمە بۆ گەلی كورد و بزوتنەوەیی ئاپۆیی و گەریلاكانی ئازادی چارەنووسسازە. بۆیەش هەموو هێزە نێودەوڵەتیەكان ئەو رێگەیان بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك خۆش كردوە بەهەر شێوەیەك دەبێت، ئەو بزوتنەوەی لەریشەوە هەڵتەكێنە، جا ئێدی چی بەكاردەهێنی، قەیدی ناكات، لەلای ئەو هێزانە تەنیا بەرژەوەندییە ماددییەكان ئەساسە. مرۆڤ و مرۆڤایەتی نرخێكی بۆیان نییە. بۆیەش هێرشەكانیان لەم ماوەیەدا چڕ و پڕتریش بكەن و بەهەرشێوەیەك هەوڵبدەن هەندێ دەستكەوت بەدەستبخەن. گەریلاكانیش تا ئەم ساتەش سەلماندوویانە كە گەورەترین تەكنیك، مرۆڤ بۆ خۆیەتی. مرۆڤ لەهەر تەكنیەكێك بەهێزترە. چەندەش تەكنیك بەهێز هەبێت، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز و مەزنتر هەبێت، دەتوانی ئەو تەكنیەكەش تێكبشكێنی. بەرخۆدانی گەریلاكانیش سەلماندوویەتی كە بەهیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە لەتێكۆشان و بەرخۆدان پەسەند ناكات و بگرە بەچالاكی و هەڵوێستەكانیان گەورەترین زەبر لەداگیركەر دەوەشێنن و تا كۆتایی هێنان بەداگیركەری بڕیاری بەرەودان بەبەرخۆدان و خۆڕاگریان نواندوە و دەنوێنن، ئەمەش بۆ هەموو گەلی كورد و ئازادیخوازان مایەی شانازی و سەربڵندیە.
لەم قۆناخە دەبێت هەر كەس لەخۆی پرسیار بكات، گەریلا ئەو بارەی لەسەرشانیەتی بەزیادەوە پێكهێناوە، ئاخۆ من چیم كردوە و دەبێت چی بكەم. ئەوەش پرسیارێكە و هەر تاكێكی كورد دەبێت لەخۆی بكات.
ئێستاكە لەجیهاندا ئێدی سیاسەت لەسەر دوو جەمسەری پەیڕەو ناكرێت. ئەو شێوازە نزیكبوونەوە لەسیاسەتكردن ماوەیەكە كۆتایی پێهاتووە. ئێدی رۆژهەڵات و رۆژئاوابون یا خود چەپ و راست بوونی نییە. ئەمڕۆ ئێدی جەمسەربەندی زۆر و هێزی زۆر بەبەرژەوەندی هاوبەش و ناكۆكی جیاواز سەریان هەڵداوە. لەلایەكەوە سەیر دەكەی كە لەهەر ئان و ساتێك دا ئەو هێزانە رووبەرووی یەكد ببنەوە و لەلایەكی دیكە لەئاستێكی نزمدا بۆ یەكی سازش دەكەن و لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەش و مانەوەی هەژەمۆنخوازی یەكدیدا بۆ یەكدی تەنازۆل دەكەن. و لەپەیوەندی ئابوری و سەربازی و ئیستخباراتی و پەرپێدانی تەكنەلۆجیای سەربازیدان و لەدژی نەتەوە و گەلانن. ئەوەی كە ئێوەش باسی لێوە دەكەن لەژێر ئەو راستیانەدا شاراوەیە.
چەندە هێزەكان، دەوڵەت نەتەوەكان لەدژی یەكدی بن، بەڵام كاتێك بابەتەكە دەبێتە بزوتنەوەی ئازادی گەلی كوردستان و گەلی كورد لەنێواندا بێ، ئەوا ئەو هێزانە رێكدەكەون و لەدژی بوونی ئەو هێزە و ئەو گەلە دەبنەوە. سەیر بكەن ئەمڕۆ لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان شۆڕشێك لەئارادایە، لەبەرامبەر ئەوەش ناتۆ، ئەمریكا و ئەوروپا و ناكۆكی هەیە. و لەدژی ئێران بەشێوازێك لەشێوازەكان بەلێدوان و گۆایا لەدژی رژێمن. بەڵام لەو لاشەوە هێزێك كە بەساڵانە لەبەرامبەر بەسیاسەتی پاكتاوكاری و كۆمەڵكۆژی گەلێك”گەلی كورد” لەئێراندا لەبەرامبەر بەرژێمی فاشیستی و داگیركەری ئێران بەرخۆدان دەكات، خۆڕاگری دەنوێنن و خاوەنداریەتی لەگەڵ دەكەن، گەل پەروەردە و رێنوێنی دەدەنە گەل، بزوتنەوەی ئاپۆیی و گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان”پەژاك و یەرەكە و كۆدارە” كە لەبواری سیاسەتی دیموكراتیك و چارەسەری كێشە و قەیرانەكانی ئێران خاوەن پرۆژە و بەرنامەی چارەسەرییە بۆ پێكەوەژیان و دیموكراسی لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و لەچوارچێوەی بەرێكخستكردنی كۆمەڵگە و هێنانە لای یەكدی هێزەكاندا خەبات و تێكۆشان دەكەین، ئەو هێزەین كە ئەمڕۆكە یەكێكین لەو هێزانەی كە راستەوخۆ لایەنگری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادین، ئەوا گەریلاكانی پەژاك و یەرەكە و پەژاك و كۆدار و یەپەژن و كەجەرەن. هێزێكین لەگەرما و سەرما و بەرێ و رێبازی جیاواز لەخەمی پەروەردەكردنی گەلەكەمانین و لەنێو برەودان بەتێكۆشانی ئازادیخوازانەین، كەچی لەلایەن ئەندامێكی ناتۆ”توركیا”، دەكرێنە ئامانج.
سەیر بكەن، ئێران لەرۆژانی رابردوو بەچەند مۆشك و فرۆكەی بێ فرۆكەوانی خۆكۆژ لەچەند بارەگایەكی ژمارەیەك لەهێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی دا، بووە رۆژەڤێكی جیهانی، بەڵام هەر لەئاستیەكی مەزنتر و رۆژانە بەهاوبەشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئێران لەگەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدرێت، كەسێكیش باسێكی لێوە نەكرد و دەنگێكی لێیانەوە نەبیسترا. چونكە لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە كە باسی بزوتنەوەیی ئاپۆیی بكەن. نایانەوێت باس لەئیرادەی ئاپۆیی لەرۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت. باس لە هێزێكی وەك پەژاك بكرێت كە ئەمڕۆكە لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان سیاسەتێكی تایبەت پێشدەخات. قسە و پرۆژە و پلانەكانی لەداهاتووی ئێراندا دەبنە رۆژەڤ و بەكاریگەرن. ئەمڕۆ ئەو فەلسەفەی پەژاكی لەسەردامەزراوە و خۆی بۆنیاد ناوە لەشەقامەكانی تاران و مەشهەد و ورمێ و تەورێز و ئیلام و كرماشان و هەموو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان شۆڕشێكی هەڵگیرساندوە. بۆیەش نایانەوێت بەوشەیەكیش باس لەو هێرشانەی سەر پەژاك و گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت. بۆیەش هاوپەیمانیەكی هاوبەشیان دامەزراندوە كە پێویستە بزوتنەوەی ئازادیخوازی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانیش سەركۆت بكرێت. بەمەرجێك پەژاك بكەوێتە بەرەیەك كە ئەوڕۆكانێ لەگەڵ ئەوروپا، ئەمریكا و ناتۆدان. واتا دەیانەوێت دەستبەرداری سەربەخۆبوونی خۆی بێت. پەژاك و كۆداری ئەمڕۆ خاوەن هێڵی سێیەمە لەسیاسەت و هەڵسوكەوتی خۆیەتی و ناكەوێتە خزمەتی هیچ هێزێك لەدژی لایەنێكی دیكە، لەگەڵ هەر كەس و لایەنێكدا دەبێت كە بەرژەوەندی گەلی كورد و ئازادیخوازان بپارێزێت. بۆیە ئەو هێزانە دەیانەوێت بەو هێرشانە لاوازی بكەن، ناچاری خۆبەدەستەوەدان و دەیانەوێت ناچار بەوابەستەبوونی بكەن. ئەگەریش بەكردەوە ئەوە نەكرا، ئەوا لەبوارەكانی دیبلۆماسی، پەیوەندی، راگەیاندنیدا و هێرشكردنە سەریان بایكۆت و سانۆریان بخرێتە سەر و باسیان لێوە نەكرێت. و بەو شێوەیەش دەبنە بەشێك لەو هێرشانە لەدژی پەژاك و كۆدار و گەریلاكانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامی دەدەن و لەئارادایە ئەوەیە و دەبێت گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئەوە باش خوێندنەوە بۆ ئەو رووداوانە بكات. ئەگەر ئەمڕۆ كۆمەڵێك راگەیان و راگەیاندنكاری جیهانی هەن و بەشەو رۆژ باسی هەندێ هێز و لایەن دەكەن و سەكۆ و تریبۆن و تیڤی و رادیۆ و رۆژنامە و ماڵپەڕ و تۆڕە راگەیاندنیەكانیان دەخەنە سەر پشت، و لەو لاشەوە هێزێك لەنێو بەرخۆدانیدا و تێكۆشاندایە و گەلەكەشمان باش ئەوە دەبینێ و گوێ لێیەتی؛ لەدامەزراندنیەوە پەژاك تا ئەم چركەساتە بێ وچان لەنێو تێكۆشاندایە. لەشار و شاخ و گوندەكاندا بەهەر شێوازێك لەبەرخۆدانی خۆیدا بۆشایەتی درۆست نەكردوە و راناوەستێت. تەنانەت هەندێ لەسەركردەكان كاتێك باس لەسەرچاوەی درۆشمی ژن، ژیان، ئازادیان لێدەكرێت، بەترس و لەرزەوە باسی لێوەدەكەن و ئینكاری دەكەن كە سەرچاوەكەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و رێبەر ئاپۆیە، بۆیەش دەیانەوێت بەچەشنە بووە بزوتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان سانسۆر و پەرەپۆشی بكەن.
سەرەرای ئەوەش كە بەشێوەی سەربازی پەلاماری هێزەكانی گەریلای رۆژهەڵات دەدەن، لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵێك جەنگی رەوانی و دەروونیان بەرێگەی هەندێ راگەیاندنی بەكرێگیراو پرۆپاگەندەی چەواشەكارانە بڵاو دەكەنەوە و دەیانەوێت رای گشتی گەلەكەمان بەلارێدا ببەن و درۆ و دەلەسە بڵاو دەكەنەوە و دەیانەوێت بەتاوانبارنیشاندانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان، هاوبەش بۆ خۆیان بدۆزنەوە. لەراگەیاندنەكاندا پێشبڕكێیانە و وەكو ئەوەی كە گوایا دەیانەوێت لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە شۆڕش بكەن. لەو باوەڕەداین كە گەلەكەمان زیاتر لەو هێزە چەواشەكار و دووروو و فتنەچی و ئاژاوەگێڕانە بەئاگاتر و زاناترن كە چەواشە بكرێن.
دەبێت ئەو هێزانەش باش بزانن كە كەس ناتوانێت، ئێمە چاوترسن بكات. خاوەن ئیرادەی سەربەخۆی خۆمانین. تێكۆشانی خۆمان دەكەین. لەكەسیش ناترسین، خاوەن گۆفتمانێكی تایبەت بەخۆمانین، گەلەكەشمان دەبێت ترسی لەوە نەبێت و پاراستنی دەستكەوتەكانی و خاوەنداری لەبزوتنەوەی ئاپۆیی و گەریلاكانی خۆی بكات.
* ماوەی سێ مانگە گەلانی ئێران دەستیان بەشۆڕشێك كردوە؛ بۆ بەردەوامی ئەو شۆڕشە پێویستە چی بكرێت و هەڵسەنگاندنی لەئێستادا بۆ شۆڕشەكەش چییە؟
ـ سێ مانگ بەسەر ئەو شۆڕشەی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستیان داوەتێ، تێپەڕ دەبێت. شۆڕشەكە راستە لەرۆژهەڵاتی سەریهەڵدا، بەڵام ئێدی بڵاوی گشتی ئێران بووە و لەئێرانیشەوە بڵاوی گشتی جیهان بوو و لەسەر ئاستی جیهان پشتیوانی لێوە دەكرێت. بۆیەش سڵاوی خۆمان لەگەلەكەمان و هەموو گەلانی نێو ئێران، بەلووچ و ئازەری و … هتد و هەموو ئازادایخوازان لەئێران دەكەین. كاتێك باس لەشۆڕشێك دەكەین بەزۆری لەلایەن سەربازیەوە دێتە بەرچاو. بەڵام ئەوە تەنیا رووخانێكە. بەڵام كاتێك لەشۆڕشێك دەكەین، باس لەگۆڕانكاریەكی ریشەیی لەبواری هزری و فەلسەفیی و شێوەی ژیان و هەڵسوكەوت دەكەین. شۆڕش شێوەیەك نوێیە لەتێڕوانین بۆ دنیا. كاتێك باوكێك دەردەكەوێت و دەڵێت ئەوەی دەكرێت بەپێشەنگایەتی ژن پێكدێت و دەبێت هەر مرۆڤێكی جۆانمێر و قارەمان و زۆر بوێر، ئێدی دەبێت بەپێوانەی ژن بپێوردرێت، ئەوە گۆڕانكارێكی گەوهەرییە لەكەسایەتی تاكدا. ئەمەش شتێكی ئاسایی نییە. شۆڕشێكی فەلسەفیی و هزرییە. ئێدی ئەو كۆمەڵگەیە ژن بەبچووك سەیر ناكات. ئێدی وەكو تەواوكەری پیاویش نا؛ بەڵكۆ وەكو خۆدی سەرچاوەی ژیان و ئازادی سەیر دەكات. و لەكەسایەتی ژندا لێگەرین بۆ كەسێتی خۆی دەكات. لەكەسایەتی ژندا فەرهەنگ و ناسنامەیەك زیندوو دەبێتەوە. بۆیەش دەڵێم، گۆڕانكاریەكی زیهنییە. ئەو شۆڕشەی ئێستا لەرۆژهەڵات و ئێران بەرێوە دەچێت، لایەنی كۆمەڵایەتی و ئایدئۆلۆژی و هزریی زۆر لەلایەنی سیاسی لەپێشترە. زۆر كەس دەیانەوێت لایەنی سیاسی بدەنە پێش، ئەوە هەڵەیە. هەندێ كەس و لایەن دەیانەوێت بەهات و هاوار، بەراگەیاندن و بەهەڵكردنی ئاڵا و بەخشینەوە پارە گۆایە بەرووخانی رژێمێك و هێنانە سەركاری رژێمێكی تر شۆڕش پێكدێت یا خود شۆڕش دەكەن، لەهەڵەدان و دەیانەوێت بەو شێوەیە لایەنی سیاسی شۆڕشەكە بدەنە پێش و هەوڵی ئیستغلالكردنی شۆڕشی گەلان دەدەن.
سیاسەت بەرێوەبردنی كۆمەڵگە بەدەستی خۆدی كۆمەڵگەیە، ئەوە روانگەی بزوتنەوەی ئاپۆییە لەسیاسەت. كۆمەڵگەش ئەمرۆكە ئەو كارە دەكات و ئەو گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتیانە لەهەناوی خۆیەوە دەدركێنێت. كاتێك دایكێك هاوشانی منداڵەكەی دەكەونە سەرشەقامەكان و لەبەرخۆدانیدان، كاتێك گەنجێك دەردەكەوێت و دەڵێت، ئەوا من رۆیشتم، رەنگە ئێدی نەگەڕێمەوە و دەچم بۆ شۆڕش و گەنجێك لەوەڵامی دایكیدا دەڵێت، دەچم لەشۆڕش دەگەڕم، ئەوانە گۆڕانكاریەكی هزری و فەرهەنگین. شۆڕشێكی كەسایەتین، شۆڕشێكی زیهنی و ئیرادە و زیهنیە و كەسیش ناتوانێت گەل پاشگەز كاتەوە. ئەوەش لەم دوو سێ مانگەدا رووی نەداوە، ئەوە خاوەن پاشخانێكی مێژوویی و شاراوەیە كە لەكەسێتی كورددا شاراوەیە.
وەكو ئەوەی رژێم بیری لێدەكاتەوە، دەیەوێـت بەگرتن و زیندانی و لەسێدارەدان ئەو شۆڕشە سەركۆت بكات و كۆمەڵگە بێدەنگ بكات، كۆمەڵگە بێدەنگ نابێت. بۆیەش دەبێت راستینەی ئەو شۆڕشە ببینین.
خاوەندەركەوتنی گەلان جۆانترین رەنگی ئەو شۆڕشەیە. دەبێت ئەو پێكەوەژیانەی گەلان بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت. رێزگرتنی گەلان لەیەكدی بناخەی یەكتر قەبوڵكردن و یەكدی بەهێزكردن و شۆڕش بەهێزكردنە؛ كاتێك وەها چاو لەشۆڕش بكەین، دەبینین كە شۆڕش بەو یەكگرتوویی و هاوشانی و هاوبیرییە سەردەكەوێت.