ئامەد شاهۆ
رژێم رەوایەتی خۆی لەناو گەلانی ئێران لەدەست داوە
رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەمەودای 40 ساڵ دەسەڵاتداری لەسەر جۆگرافیای بە پیت و بەرەكەتی گەلانی ئاریانی، جیا لەبۆنیادنانی رێكخراو و دەزگاكانی دەوڵەتی و بڵاوكردنەوەی دیاردەی لۆمپەنیزم، تێكشكاندنی ئیرادەو باوەڕی، سڕینەوەی شووناس، تواندنەوەی مەزهەب و زمانەكان، تێكدانی شیرازەی تاك و كۆمەڵگا و پەلكێش كردنی گەماڕۆی ئابووری و پەرە پێدانی تیرۆر كردەوەیەكی مرۆڤانەی لێ سەوز نەبووە. چۆن رژێمی سەركوت، ترس و تۆقاندن لەپێناو رەوایەت بەخشین بە هەبوونی دەسەڵاتداری تاك لایەنەی خۆی، لەدوای 22ی رەشەممەی 1357ی هەتاوی بۆ فەتح كردنی حافیزەی مرۆڤەكان و تەسلیم گرتنیان، مەكینەی ئەشكەنجە و ئاشی هاڕینی شۆڕشگێڕەكان و كەسانی ناڕازی رژێم وەگەڕ دەخات. بۆ ئەوەی كولتووری خۆڕاگری و تێكۆشانی دیمۆكراتیكی گەلان لەسنووری ئێراندا لەخشتە ببات، لەژێر بەرچەسپەكانی؛ كۆفر، عاملی بێگانە، محارب و دژە شۆڕش دەزگاو بۆنیادەكانی كۆمەڵگای دیمۆكراتیك تێكدەشكێنن و جێگرەوەشیان ناوەندەكانی شەڕی تایبەت دادەمەزرێنن. گەلانی ئێران لەپێناو پاراستنی هەبوون و بەردەوامی ژیانیان لەكۆمەڵگای میلیتاریستی دا، ناڕەزایەتی مەدەنی وەك؛ چەكی پاراستنی رەوا لەبەرامبەر هێرشی هەمە لایەنەی چەكدارانی رژێم بەكار هێناوە. چەندێك ناڕەزایەتی مەدەنی بەربڵاو و گشتگیرتر ببێت، رژێم مەشروعیەتی خۆی لەناو گەلانی ئێران لەدەست دەدات و بە خرۆشانی شەقام كاربەدەستان توانای سەپاندنی دەسەڵات و هۆنەری قانیع كردنی گەلانی راپەڕیو و ناڕازییان لەدەست دەدەن.
دەربڕینی ناڕەزایەتی مەدەنی بەو میتۆد و فۆڕمانەی كە ئێستا لەسەرجەم پارێزگا و شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەئارادایە، رەوایەت و شكۆی رژێمی كۆماری ئیسلامی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. گەلانی ئازادیخواز بە كاراكردنی چەكی پاراستنی رەوا بەرەیەكی نوێ تێكۆشانیان دامەزراندووەو هەر قۆناغێك پێكهاتەیەك بە چەكێكی تازەوە (فۆڕمی چالاكی) سەنگەرەكانی تێكۆشان بەهێزتر دەكەن و ئەوەش ئەگەرێكی مەزنی لێدەكەوێتەوە كە بە بەكارهێنانی ئەو چەكە لەلایەن سەرجەم هاوڵاتیانەوە، رژێمی ئێران لە هەر ئان و ساتێكدا لەناو بوومەلەرزەیەكی بەهێزی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئاودیو بكرێت.
رژێم لەپێناو مانەوەی لەدەسەڵات زریانی دژە دیمۆكراسی بەرپا كردووە
گەلانی ئێران بە تایبەت گەلی كورد لەقۆناخی جیاجیادا لەبەرامبەر هێرشەكانی رژێم بۆ سەر نرخ و كولتووری دیمۆكراتیك یان، بە چالاكی مەدەنیانە وەڵامیان داوەتەوە. چۆن چاڵاكی زمانی دیمۆكراسییە. چاڵاكی مەدەنیانە چەندێك لەئێران بەرفراوان بووبێت، هەژاندێكی لەپێكهاتەی دەسەڵات دروست كردووە. بۆیە زمانی دیمۆكراسی لەئێران چەندێك پەرە بسێنێت، ئەوەندە ریشەی دەوڵەت ـ دەسەڵات لاواز دەكات. رژێم لەپێناو پاراستن و مانەوەی بە زۆرە ملێ زریانی دژە دیمۆكراسی بەرپا كردووە، واتا بە لاشخۆر و مەكینەكانی ئەشكەنجەو لەسێدارەدان هەوڵی داوە زمانی دیمۆكراسی كپ و بێدەنگ بكات. هەر چەند سیاسەتی سەركوت كارانە كارا كرابن، لەبەرامبەریدا چەرخەی دیمۆكراسی لەسەرجەم حۆجرەكانی كۆمەڵگا كارا كراون و بەربەست و ئاستەنگیان لەرەوتی چەرخەی دەسەڵات دروست كردووە. لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی لەپڕۆسەیەكی درێژخایەندا سەرجەم دەرفەتەكانی ژیانی مرۆڤ و كۆمەڵگایان بە هۆنەری قەیران و گەندەڵی ئیفلیج كردووە، شەپۆلی دیمۆكراسی سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە. واتا كولتووری دیمۆكراسی وەك چەكی پاراستنی كۆمەڵگا كارا كراوە. بۆیە چاڵاكانی مەدەنی و خۆپیشاندەران داهێنەرانی حەقیقی ئازادی، دیمۆكراسی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەداهاتووی ئێرانن.
لەبەر ئەوەی گەلانی ئازادیخوازی ئێران ئاشنای كولتووری خۆڕاگری و دیمۆكراسین و نامۆی كولتووری دەسەڵات ـ هێزن، هەرگیز لەبەرامبەر زۆڵم و زۆری و چەوساندنەوە سەریان دانەنواندووە. بە تایبەت لەم ساڵەی دواییدا رژێم بە فرت و فێڵ و بەڵێنی بێبنەما و شكستە یەك لەدوا یەكەكانی لەناوچەكەدا ویستوویەتی درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی لەسەر كۆمەڵگایەكی لاواز و بە ژن كراو بدات. بەڵام گەلان سنوورێكیان بۆ دەستدرێژیەكانی رژێم بۆ سەر گەل و كۆمەڵگا دانا و بە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر كۆی تابۆكانی رژێم، فازێكی نوێ بەرخۆدان و تێكۆشانیان هێناوەتە ئاراوە كە ئەوەش پێناسە كردنی كۆمەڵگایەكی نوێ یە كە بە هەڵكرنی گلۆپی ئازادی و دیمۆكراسی لەناو تۆنێلی تاریكی رژێم درگای گەهێشتن بە حەقیقەت ئاوەڵا دەكات. رژێم هەر چەند هەوڵی دابێت، سیاسەتە چەپەڵەكانی پەردەپۆش بكات و وێنای بەهەشت لەمێشكەكان رابخات، نەیتوانیوە بڵێسەی ئاگری ئازادی دابمركێنێت و تیشكەكانی ئەو ئاگرە، لەمێژووی هاوچەرخی گەلانی ئێران، كاوەكانی هاوچەرخی خۆڵقاندووە.
گەنجان و ژنان بە پێشەنگایەتیان پەرە بە كولتووری دیمۆكراسی دەدەن
گەنجان و ژنان لەماراتۆنی تێكۆشانی ئازادی لەئێران لەپێشەوەی سەنگەرەكانی دیمۆكراسی جێ دەگرن. چۆن گەنجان و ژنان زیاتر لەهەر پێكهاتەیەكی تر كراونەتە ئامانجی شەڕی تایبەت و پاكتاوكاری ناوەندەكانی سەر بە ئیتلاعات و سۆپای پاسداران. بۆ تۆڵە سەندنەوەی مێژوویی یان بوونەتە بڵێسەی ئازادی كە چزە لە كاربەدەستانی رژێم هەستێنن. ژنان و گەنجان بە بەشداری و پێشەنگایەتی یان لەناڕەزایەتیە مەدەنیەكان بەرەی گەل ـ دیمۆكراسی یان لەبەرامبەر بەرەی دەوڵەت ـ دەسەڵات بەهێز كرد و كێڵگەیەك كە تا بە ئەمڕۆ رژێم بە پێ بەرژەوەندی خۆی كەڵكی لێ وەردەگرت، بە شەكانەوەی چۆپی ئازادی و دیمۆكراسی لەو كێڵگەدا، وزەیەكی زەبەلاحی دژە گەل ـ شۆڕش لەكیس دا و بە پێچەوانەوە ئەو وزەی كە رژێم پیلانێكی مەزنی لەسەر داڕشتبوو، دژ بە خوداوەندە ساختەكانی رژێم راپەڕین. رابوونی گەنجان و ژنان زنجیری سام و تابۆ داتاشراوەكانی شامانە هاوچەرخەكانیان تێكشكاند. بە بەشداریان لەچاڵاكیە مەدەنیەكاندا بە دروشمی رادیكاڵ خۆف و ترس یان خستووەتە ناو دڵی كاربەدەستانی رژێم. بە خۆڵقاندنی كاوەكانی هاوچەرخ ناڕەزایەتیەكان گشتگیر كراون و لەژێر كۆنتڕۆڵی كاربەدەستانی رژێم دەركەوتووە. لەبەر ئەوەی گەنجان و ژنان زیاتر لەهەر پێكهاتەیەك لەلایەن كاربەدەستانی رژێمەوە كراونەتە قۆربانی و لەناو مەنگەنەی دەسەڵاتدا هەوڵی تێكشكاندنی ئیرادەو باوەڕی یان دراوە، ئەمڕۆ زیاتر لەهەر پێكهاتەیەك تینووی ئازادی و دیمۆكراسین و لەهەوڵی تۆڵەسەندنەوە لەجەلادان و زۆحاكانی رژێمن و بە پێشەنگایەتی لەخۆپیشاندانەكان، پەرە بە كولتووری دیمۆكراسی دەدەن كە بناخەی دەوڵەت و دەسەڵات سەراوژێر دەكات.
تایبەت بە هاتنە مەیدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی خوێندكاران، دەزگاكانی شۆردنەوەی مێشك و ویژدانی خوێندكاران لەپڕۆسەی شۆڕشدا لەكار دەخرێن و خوێندكاران بە تاكتیكێكی نوێ پێشەنگایەتی ناڕەزایەتیە مەدەنیەكان دەكەن. هەر چەند زمانی دیمۆكراسی خاوەن تاكتیكی دەوڵەمەند بێت، بە واتای دەوڵەمەندی كولتوورییە. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە كە رژێم لەناو چاڵە رەشەكانی تواندنەوە نەیتوانیوە گەنجان و ژنان لەكولتوور داماڵێت. گەنجان و ژنان بە پێشەنگایەتی ناو خۆپیشاندانەكان و ویست و داخوازیەكانیان لەكەسایەتی ئەنجۆمەنی شارەزایان، كولتووری پیرسالاری و پیاوسالاری دادگایی دەكەن و بە بەشدارییان لەگۆڕەپانی سیاسەت دەیانەوێت لەهۆنەری بەڕێوەبەری وڵات خاوەن رۆڵ بن و بەوەش پاراستن لەشووناس و ئیرادەی گەوهەری خۆیان بكەن.
رژێم دەیەوێت گەلان لەچەكی پاراستنی رەوا داماڵێت
نابێت لەژێر كاریگەری هەندێك بەڵەنگۆی میدیای شەڕی تایبەت داخوازی خۆپیشاندەران تەنیا بە مووچە، كار و حیجاب بچووك و قەتیس بكرێت. چۆن داخوازی بنەڕەتی خۆپیشاندەران قووڵتر لەو بابەتانەیە كە ناوەڕۆكی ئازادی تاك و كۆمەڵگا و لەناوچوونی فاشیزمی مەزهەبی رژێمی ئێرانی گرتووەتە ناوخۆی. واتا تا كۆمەڵگایەكی ئازاد لەئێران بۆنیاد نەنرێت، تاكی ئازاد بە دی نایەت. ئەوەش دروشمێكە كە گەلانی ناڕازی ئێران لەپێناو بۆنیادنانی تێكۆشانی بۆ دەكەن. ئەگەر داخوازی خۆپیشاندەران لە سێ گۆشەی كار، مووچەو حیجاب قەتیس بكرێت، لەئەگەری هەوڵێكی فریودەرانەی چارەسەری كاتی ئەو پرسانە لەلایەن كاربەدەستانی رژێمەوە، گەلان لەچەكی پاراستن دادەماڵدرێن و جارێكی تر لەناو زەڵكاوی رق و كینەی كاربەدەستانی رژێم تێكدەشكێنرێن. ئەگەر لەجۆگرافیای بە پیت و بەرەكەتی ئێران كێشەی كاری مرۆڤەكان هەبێت و لەناو سۆپای بێكاراندا سەرگەردان بن و رژێم توانای پێدانی مووچەی كارمەندانی خۆی نەبێت، ئەوا ئەو رژێم لەسرووشتی كۆمەڵگا دابڕیوە. چۆن بێكار كردنی مرۆڤەكان لەجۆگرافیای ئێراندا هۆنەرە. ئەویش دیارە هۆنەری دەسەڵاتە كە بۆ بێئیرادە كردن و تەسلیم گرتنی گەلان بە رژێمەوە داڕێژراوە. بۆیە بڵاو كردنەوەی ئەو سیاسەتانە لەزیهنیەتی رژێمەوە سەرچاوە دەگرێت كە تا گۆڕانگاری لەزیهنیەت و پێكهاتەی ئەو رژێمدا نەیەتە ئاراوە، كۆتایی بە كێشە كۆمەڵایەتی و نەخۆشیە ماڵوێرانكەرەكان نایەت.
ساڵێك لە زنجیرە چاڵاكی مەدەنی، خۆپیشاندەران تێپەڕ بوو و لەو ساڵەدا لاپەڕەیەكی نوێ تێكۆشانی گەلان دژ بە كۆماری ئیسلامی هەڵدرایەوە. هەر فۆڕم و میتۆدی ناڕەزایەتی مەدەنی لەو ساڵەدا جێگای رێز و پێزانینە. چۆن شەپۆڵی ناڕەزایەتیەكان تەنگیان بە كۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە. هەر پارێزگا و نەتەوەیەك بە بەرپرسیارییەوە سەرچۆپی ناڕەزایەتی مەدەنیانەیان گێڕاوەو پارچەپارچەش بێت تا بە ئەمڕۆ بەردەوامن. هۆكاری ئەوەی كە ناڕەزایەتی مەدەنی بۆچی تێپەڕی قۆناخی نوێ سەرهەڵدانی سەرتاسەری و هێنانە ئارای شۆڕش نەبووە، سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ناڕەزایەتیەكان لەژێر چەترێكدا كۆنەكراونەتەوە. هاوكات هێزێكی پێشەنگ نەیتوانیوە هاوئاهەنگی و یەكگرتن لەنێوان دەنگی شەقام دروست بكات و لەبەر پەرش و بڵاوی هێزە دژبەرەكانی رژێم، خۆپیشاندانەكان ئەنجامگیر نەبوون. هەروەها لەبەر دەستێوەردانی هێزە دەرەكیەكان و ئاراستە كردنی ئامانجی خۆپیشاندەران لەقازانجی خۆیان دەرفەتی سەركۆت كردنی ناڕەزایەتیە مەدەنیەكانی بۆ چەكدارانی رژێم خۆشتر كردووە.
كاربەدەستانی رژێم هەوڵی نەزۆك كردنی ناڕەزایەتیە مەدەنیەكان دەدەن
لەبەر ئەوەی شەپۆڵی ناڕەزایەتی مەدەنی بەرژەوەندیەكانی كاربەدەستانی رژێمی خستووەتە مەترسییەوە، چ لەئاستی دەرەكی و ناوخۆیی گەڕێكی فریودەرانەیان لەژێر پەردەی چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی ئێران دەستپێكردووە. كاربەدەستانی رژێم بە بانگەشە بریقەدارەكانیان هەوڵی نەزۆك كردنی ناڕەزایەتیە مەدەنیەكان دەدەن. بە خستنە رۆژەڤی ریفۆڕم لەهەندێك دەزگا و پێكهاتەو سیاسەتی دەوڵەت دەیانەوێت ئاگری ناڕەزایەتیەكان دابمركێنن. رژێم بە سیاسەتی ئەهلی كردنی فیل (لەوڵاتانی ئەفریقیا و هیند بۆ ئەهلی كردنی فیل، چاڵێكی گەورە هەڵدەكەنن و فیل دەخەنە ناو چاڵەكەوەو هەر رۆژ كەسێك بە جل و بەرگێكی رەش بە دارێك لە فیلەكە دەدات، تا هەمان كەس دوای ماوەیەك جل و بەرگی سپی لەبەر دەكات و فیلەكە لەناو چاڵەكە رزگار دەكات. تا فیلەكە ئەم كەسە بە رزگاركەری خۆی دەبینێت و بەو شێوەیە دەستەمۆی دەكەن) دەیەوێت هاوڵاتیانی ناڕازیش ئەهلی بكات. بۆیە هەرگیز رژێم لەچوارچێوەی ریفۆڕم ناتوانێت كێشەی گەلان چارەسەر و داخوازیەكانیان بهێنێتە دی. چۆن كێشەكان زۆر بنەڕەتین و سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ زیهنیەت و ئایدیای پەیڕەكراوی سەر كۆمەڵگا. داخوازی گەلان لەگەڵ پڕۆژەی دەوڵەت جیاوازییەكی زۆری هەیە. چۆن داخوازی گەلان بۆنیادنانی كۆمەڵگایەكی دیمۆكراتیكە. بە بۆنیادنانی ئەو كۆمەڵگایە دەیانەوێت پاراستن لەبوونی خۆیان بكەن. واتا كۆمەڵگا چەكی پاراستنی گەلانە. تاكێك بەبێ كۆمەڵگا و سیستەمی رێكخستنی ناتوانێت بژیت. چۆن سەرچاوەی هێز و ئیرادەیانە. تاكێك بە بێكۆمەڵگا و رێكخستن ناتوانێت بەرگری لەبوونی خۆی بكات و نابێتە هێز، بۆیە لەپێناو پاراستنی هەبوونی ئیرادەی خۆی بۆنیادنانی كۆمەڵگا و سیستەمێكی دیمۆكراتیكی كردووەتە ئامانج. ئەو داخوازیانەش دیارە لەچوارچێوەی ریفۆڕم نایەنە دی و بە پێچەوانەوە دژ بەرژەوەندی كاربەدەستانی رژێمە كە تا ئێستا خۆی لێ دزیوەتەوە. هاوكات ئەگەر ریفۆرمێكیش لەئێران ئەنجام بدرێت، ناتوانێت لەبەر شاڵاوی ناڕەزایەتی مەدەنی گەلان درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی بدات. ئەگەری زۆرە ریفۆڕم تەنیا بۆ كەم كردنەوەی زەخت و گۆشاری دەرەكی و فریودانی رای گشتی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و دامركاندنی ئاگری سەرهەڵدانەكان ئەنجام بدرێت.
دیارە رژێم بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵات هەموو دەرفەتەكانی لەقازانجی خۆیدا خستووەتە گەڕ. ئەوەش دەیسەلمێنێت كە رژێم هیچ نیازێكی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكانی گەلانی ئێران نییەو رەشبگیری چاڵاكانی سیاسی، ژینگەپارێزی، كرێكاری و مەدەنی دوایی لەسنە، كامیاران و شارەكانی تری ئێران نموونەی بەرچاوی سیاسەتە پاكتاوكاریەكانی رژێمە كە جارێكی تر بە گرتن، ئەشكەنجە و بەرچەسپ لێدان گەلی كورد و گەلانی ئێران لەچەكی پاراستن دادەماڵن كە ئەوەش لەلایەن كوردان و گەلانی ئازادیخواز مایەی پەسەند كردن نابێت. هاوكات گەڕی سەردانی كاربەدەستانی رژێم بۆ ئێراق و هەرێمی كوردستان و دیداریان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی دەستپێكردنی قۆناخێكی مەترسیدار دژ بە كوردان و هێزە پێشەنگەكانیان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت. رژێم بە توندو تۆڵ كردنی پەیوەندی لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكانی باشوور، دەیەوێت چاوپۆشی لەپرسی كورد لەرۆژهەڵات بكات و دەسەڵاتدارانی باشوور لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی یان دەیانەوێت ببنە شەریكی تاوانێكی مەزنی دژ بە كوردان. بۆ فریودانی رای گشتی لەلایەك پەیوەندی لەگەڵ هێزێكی بەكرێگیراوی كوردی لەهەرێم دادەنێن و لەلایەكی تریشەوە دەیانەوێت لەژێر ناوی تیرۆر نكۆڵی لەئیرادەو بوونی نەتەوەیەك لەناوخۆی ئێران بكەن.
بۆ ئەوەی گەلان بتوانن ناڕەزایەتی مەدەنی، دژ بە رژێمی ئێران تێپەڕی فازی سەرهەڵدانی سەرتاسەری و گواستنەوەی بۆ شۆڕشی دیمۆكراتیك بكەن. پێویستە شەپۆڵی ناڕەزایەتی لەژێر چەترێكدا كۆبكەنەوەو هەیكەل و فۆڕمی بەڕێوەبەری چاڵاكیە مەدەنیەكان لەسەرجەم ناوەندەكانی سەرهەڵدان دابمەزرێنن. هەروەها گۆشارەكانیان بۆ یەكگرتنی هێزە دژبەرەكانی كۆماری ئیسلامی چ لەناوخۆ و دەرەوە زیاتر بكەن.