لە بڕواری 9.11.2013 بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دوو ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) حەبیبوللا گوڵپەریپور (باهۆز سنە) و رەزا مامەدی و چالاکی سیاسی کورد شیرکۆ مەعارفی، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسێدارەدران، ڕێوو ڕەسمێک لە شاری تورکۆی وڵاتی فینلەند، بە ئامادەکاری کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.
لە ڕێووڕەسمەکدا ئەژمارێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتوی ئەو وڵاتە بەشداریان کردبوو. کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ رێوورەسمەکە بە رێزگرتن لەیادی شەهیدان و گوتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد. لە سەرەتای رێووڕەسمەکەدا گوێ راگیرا بۆ دەنگی شەهید باهۆز سنە و دوایین وتەکانی.
دواتر بەڕێز ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری پەژاک، وتارێکی پێشکێشی ئامادە بوان کرد و ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ کرد و گوتی:
“هەربە ئەو جۆرەی ئێمە وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، پێشتر پێشبینیمان کردبوو، دەوڵەتی نوێ لە ئێران ناخوازێ بە هیچ شێوەیێک دێمۆکڕاسی و چارەسەری کێشەی گەلان بەتایبەت گەلی کورد، پێش بخات، بەڵکو دەیهەوێ بە سیاسەتی نەرمێش لەگەڵ دونیای دەرەوە، تووند و تیژی ناوخۆ سەرپۆش بکات.
ئەوڕۆ ئێران لە دەسکەوتەکان و ئاستی تێکۆشانی گەلی کورد زۆر دەترسێ، لەوەیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دێمۆکراتیکی پێش خستۆ و بووەتە قورسایەک لە هاودەنگی سیاسی سوریاو دەچێت کە پێگەی سیاسی خۆی داسەپێنێ و لە باکوری کوردستان پڕۆسەی ئاشتی بەردەوامە و گەلەکەمان لەوێ بڕیاری داگیرکارانە هەڵدەوەشێنێتەوە، وەک، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دروستکردنی دیوار لەنێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان. هەروەها لەباشووری کوردستان گەلی کورد خاوەن دسکەوتێکە کە بەرهەمی تێکۆشانی گەل و قارەمانیەتی شەهیدانە. کۆماری ئیسلامی ئێران لەو رەوشەی گەلی کورد و گەیشتنی شەپۆلی شۆرشی گەلی کورد بە رۆژهەڵاتی کوردستان دەترسێت. بۆیە سەرکوت و سێدارە پێش دەخات. هەروەها لەو هیوا نوێیەی کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، وەک پێشەنگی شۆڕشی نوێ رۆژهەڵاتی کوردستان، زیندوویکردووەتەوە تووڕەیە، بۆیە ئەندامانی پارتیمان دکاتە ئارمانجی سیاسەتی سێدارەی خۆی.
ئێمە وەک پژاک، ئەوەمان راگەیاندبوو کە ئەمە شەپۆلێکی نوێ لە سەرکوتکاری و سیاسەتی سێدارەی کۆماریەئیسلامییە و پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەش و یەکڕیز هەیە. بە لەسێدارەدانی تێکۆشەری کورد شێرکۆ مەعاریفی و چالاکانی عەرەب کە چەند رۆژ دوای هەڤاڵانی ئێمە لەسێدارەدران، ئەو شیمانەی ئێمەی پشتەڕاست کرایەوە کە نەتەنیا ئەندامانی پارتیمان بەڵکوو هەموو کورد و گەلانیتری ئێران، ئامانجی سەرکوت و سیاسەتی سێدارەی کۆماریەئیسلامین.
بەرلە ساڵی 2011 هاوپەیمانی بەینی ٤ دەوڵەتی داگیرکەر بە تایبەت تورکیا و ئێران دژ بە کورد هەبوو. بەرخۆدانی پەژاک لە شەڕی قەندیل و رووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان تا ڕادەیێک ئەو هاوپەیمانیەی تێکدابوو، ئێستا ئێران دەیهەوێ جارێکی دیکە ئەو هاوپەیمانییە ساز بکاتەوە و بۆئەوەش دەخوازێت تورکیا بۆلای خۆی نزیک بکاتەوە و بڵێت: هەردوکمان لەبەرانبەر گەلی کورد یەک هەڵوێستین.هۆیەکیتری ئەو سێدارەدانانەی دوایی چالاکانی کورد بۆ نزیک کردنەوەی خۆی لە تورکیا بوو. ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە ئێران و تورکیا گرێبەستی توجاری 100 میلیۆن دۆڵاری ئیمزا دەکەن و یەک، دوو ڕۆژ دواتر شۆڕشگێرانی کورد لە سێدارە دەدرێن.
ئەوە شتێکی ئاسایی نییە و بۆئێمە جێگای گومان و ڕەخنەیە، لەکاتێکدا کە ئێران و تورکیا لێک نیزیک دەبنەوە و گرێبەستی وا دەبەستن و لە ئاکامی ئەو لێکنزیکبوونەوە ڕۆڵەی کورد لەسێدارە دەدرێن، بۆ پیرۆز کردنی ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری تورکیا، لایەنە کلاسیکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشداردەبن و وەک شتێکی ئاسایی هەواڵی ئەو بەشداربوونەش لە مێدیاکانیاندا بڵاو دەکەنەوە.”
لەبەردەوامیدا ئەهوەن چیاکۆ، لەسەر کەسایەتی شەهید باهۆز سنە وەک ئەندامی پێشەنگی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، قسەی کرد و دواتر هەڵوێستی گەلی کورد و کاردانەوەکانی لەبەرانبەر سێدارەدانی شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان، هەروەها سەرهەڵدانی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت شارەکانی سەقز و مەریوان ستایش کرد، کە لە هەل و مەرجێکی وەها خەفەقاندا هەڵوێستیان نواندوو و خاوەندارییان لە شەهیدان کرد. پێویستە ئەوە بەردەوام بێت و بەگوڕتر بێت. ئاماژەی بە گرینگ بوونی ىەشداری کوردانی دانیشتووی ئوڕوپا لە چالاکێکان کرد و ستایشی ئامادەبوانی کرد.
ئەهوەن چیاکۆ، لە کۆتایی گوتەکانیدا، گوتی: “وڵامدانەوەی هەرە راست بەشەهیدان بەردەوامی رێ ورێبازیانە” و لەسەر ناوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، پەیمانی پایبەندبوون بە ڕێبازی شەهیدانی دا و زیادەی کرد کە “ئێمە هەموو ئاستەنگیەکان بۆ وەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان تێک دەشکێنین و ئازادی گەلی کورد وەکو تاکە وڵامێک دەبینین بۆ شەهیدان و تا گەیشتن بەو ئامانجەش، پەژاک پێداگرە لەسەر تێکۆشان و خەباتی بەردەوام.”
دوای وتاری ئەهوەن چیاکۆ، کورتە فیلمێک لە سەر شەهیدانی لەسێدارەدراو پێشکێش کرا و لەلایەن ڕێزدار مامۆستا جەعفەر کەریمی، ئەندامی KNK وتارێک پێشکەش کرا.
دواتر هونەرمەند ڕەشید فەیزی نیژاد ئاهەنگی ئەی شەهیدانی پێشکێش کرد و بەڕێزان عبدوڵاحاجی، هونەرمەند سەید کەماڵ حوسێنی، بەڕێز ڕەئوف و عەزیز نهێڵی، هەڵبەست و پەخشانی خۆیان ئاراستەی ئامادەبوان کرد.