هەڤاڵ زنار دۆغا «هێمن حەسەن‌پوور»

شاری مەهاباد هێمای خۆڕاگرییە لە بەرامبەر زوڵم و زۆرداری و دەسەڵاتداری؛ شارێک کە لە یەکێک لە قۆناغە چارەنووس سازەکانی مێژوودا، بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، پەڕەیەکی زێڕینی لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا تۆمار کرد. مەهاباد، وەک یاد و بیرەوەریی قازی محەممەد و هاوڕێکانی، هەمیشە سەرچاوەی ئیلهام بۆ خەبات و خۆڕاگری بووە؛ شارێک کە ناو و مێژووی بە خۆڕاگری و بوێریی خەباتگێڕانی مەیدانی چوارچراوە پەیوەندییەکی نەبڕاوەی هەیە.

هەڤاڵ هێمن حەسەن‌پوور، بە ناوی سازمانی «زنار دۆغا»، لە ژینگەیەکی مێژوویی و بەو پاشخانەی خەباتگێڕییەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان کرد. ئەو لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئینکار، لەناوبردن و هێرشەکانی داگیرکەراندا سەری دانەنواند. هەرگیز لە بەها ڕەسەنەکانی خۆی دوور نەکەوتەوە و هەمیشە پابەندی کولتوور، نەریت و ڕەوشتی گەلەکەی بوو. لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ چیرۆکەکانی خۆڕاگری و خەباتی ئازادیخوازان ئاشنا بوو و هەرگیز هێرش و سیاسەتە داگیرکەرانەکانی دژی گەلەکەی لە بیر نەکردەوە. بەو هۆشیاری و ڕۆحییەتە گەورە بوو و پێگەیشت و هەمیشە لە گەڕاندا بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی ژێردەستی و گەیشتن بە ئازادی.

هەڤاڵ زنار لە تێگەیشتن و توانای فێربوونی خێرادا ئاستێکی بەرزی هەبوو. سەرەڕای هەلومەرجی نایەکسان، خوێندنی درێژە پێ دا و لە بواری ئابووریدا لە زانکۆ دەرچوو. هەمیشە هەوڵی دەدا خۆی و ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا گەورە بووە، بە قووڵی بناسێت. درێژەدان بە ژیان لە چوارچێوەی ڕژێمی حاکمدا بۆی قبووڵ نەکراو بوو. بە خوێندنەوە و بەدواداچوونی نزیکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بیر و ئەندێشەکانی ڕێبەر ئاپۆ، ئەم ڕێبازەی وەک ئاسۆیەک بۆ ڕزگاریی گەلی کورد و گەیشتن بە ئازادی و مرۆڤایەتی دەبینی. لەو سەردەمەدا کە داعش سێبەری مردن و وێرانیی بەسەر ناوچەکەدا بڵاو کردبووەوە و هێرشی دەکردە سەر شەنگال و کۆبانی، هەڤاڵ زنار بە ئیرادەیەکی پتەو لە بەرامبەر ئەم هێزە دواڕەوتووەدا ڕاوەستا و لە ساڵی ٢٠١٤دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی گریلا کرد.

ئەو لە ناوچە پارێزراوەکانی میدیا و لە دامێنی زاگرۆس، پەروەردەی بنەڕەتیی گریلایی تێپەڕاند و چووە ناو دەریای پڕشەپۆلی خەباتی ئاپۆییەوە. هەڤاڵ زنار بە تێگەیشتن و ئیرادەیەکی پتەو هەنگاوی ناو ڕیزەکانی گریلا نا و هەوڵی دەدا بە قووڵبوونەوە لە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەم جیهانبینییە لە کەسایەتی و ژیانی خۆیدا جێگیر بکات. لە ماوەیەکی کورتدا، بە متانەت، ڕۆحییەتی هەڤاڵایەتیی فیدایی خۆی، شوێنێکی تایبەتی لە دڵی هەڤاڵانی خۆیدا بەدەست هێنا و لەگەڵ ئەواندا، پتەوی و پێداگریی خەباتگێڕێکی ئاپۆیی لە ڕێگای مرۆڤایەتی و ئازادیی گەلی کورددا نیشان دا.

هەڤاڵ زنار بۆ ڕزگاربوون لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سیستەم لەسەر کەسایەتیی مرۆڤ، ڕووی کردە خۆشیکردنەوە و لێپرسینەوەیەکی قووڵ لەگەڵ خۆی. ئەو کە بە ئیرادەیەکی گەورە و داخوازییەکی بەرز هاتبووە مەیدانی خەبات، بە پەیوەستبوونی بە «هێزی تایبەت» (Hêzên Taybet)، قووڵکردنەوە لە ڕەوشتی فیدایی و پەرەپێدانی کەسایەتیی خەباتگێڕیی خۆی کردە ئامانج. هەموو بوونی خۆی تەرخان کردبوو بۆ خەبات و داهاتووی ئازادی گەلەکەی و بوو بە یەکێک لەو هەڤاڵانەی کە بە پشتبەستن بە فەلسەفەی ئاپۆیی، لە ڕیزەکانی خەباتدا خۆی لە نوێوە دروست کردەوە. ئەو لە هەر ساتێکی ژیاندا کردار و کەسایەتیی خۆی دەخستە بەردەم پرسیار و هەمیشە لە گەڕاندا بوو بۆ ئەوەی چۆن بتوانێت بە توانایەکی زیاتر و هۆشیارییەکی قووڵتر بەشداری لە خەباتدا بکات.

ئەم هەوڵ و تکۆشانە وایان کرد کە هەڤاڵ زنار تایبەتمەندی کەسایەتیی بەهێز لە خۆیدا ئاوا بکات. لە هێڵی میلیتانیی ئاپۆییدا گەیشتە ئاستێکی بەرز لە خەبات و بەرپرسیارێتیدا. لە خۆڕاگریی مێژوویی گریلاکان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەشدار بوو و ڕۆڵێکی کاریگەری لە واردکردنی لێدانە قورسەکان بە پیکەری هێزە داگیرکەرەکاندا هەبوو. بە بەکارهێنانی تاکتیکەکانی گریلا مۆدێرن، لە بەرامبەر برەوی تەکنۆلۆژیی دوژمندا خۆڕاگری کرد و نیشانی دا کە ئیرادە، داهێنان و توانای خەباتی گریلا دەتوانێت هەموو حیساب و پلانە سەربازییەکانی دوژمن پووچەڵ بکاتەوە. هەڤاڵ زەنار تووڕەیی و بێزاریی قووڵی خۆی لە سیاسەتە داگیرکەرانەکان بە هەموو توانای خۆی لە مەیدانی خەباتدا دەردەبڕی.

ئەوەی ڕەوشتی ژیانی فیدایی لە کەسایەتیی خۆیدا جێگیر کردبوو، بە ئیرادەیەکی پتەو توانی هەم لە مەیدانی خەبات و هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئەرکەکانی بە شێوەیەکی شایستە بەجێ بگەیەنێت. ڕۆحییەتی پڕشەوق، دڵسۆزی و ڕاستگۆیی ئەو لە هەر ژینگەیەکدا کە ئامادە دەبوو، خۆشەویستی و ڕێزی هەڤاڵانی بۆ دروست دەکرد. هەڤاڵ زنار بۆ پاککردنەوەی خاکی کوردستان لە داگیرکەران و خۆشکردنی ڕێگا بۆ ئەوەی گەلەکەی بە ئیرادەی خۆی داهاتوویەکی ئازاد بونیاد بنێت، هەموو توانا و بوونی خۆی بێ دواخستن خستە خزمەت خەباتەوە. ئەو بە ژیانێکی خۆنەویستانە، هەڤاڵایەتییەکی بەهێز و پابەندییەکی قووڵ بە یاد و ئارمانجەکانی شەهیدان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڤاڵانی دانا.

بەم بۆنەیەوە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پابەندیمان بە درێژەدان بە ڕێگای خەباتی هەڤاڵمان، شەهیدبوونی هەڤاڵ هێمن حەسەن‌پوور بە ناوی سازمانی «زنار دۆغا» لە بنەماڵەی بەڕێزی حەسەن‌پوور، خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد، گەلی خەباتگێڕی کوردستان و هەموو ئازادیخوازان سەرەخۆشی دەکەین و یاد و بیرەوەریی ئەم هەڤاڵە بەڕێزە بە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین.

ناوی ڕێکخستنی: زنار دۆغا

ناو و پاشناو: هێمن حەسەن‌پوور

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٢، مەهاباد

ناوی دایک: کەلسووم

ناوی باوک: عومەر

مێژوو و شوێنی بەشداربوون : ٢٠١٤، قەندیل

بابەتی پەیوەندیدار