گه‌ریلاکانی هەپەژەچواره‌مین ساڵیادی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»یان بەرز ڕاگرت

بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»وە، لەلایەن گەریلاکانی هەپەژە (هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، مەراسیمێکی سەربازی بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ئازادی و تەواوی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە بەڕێوەچوو. گەریلاکان لە بەردەم پۆستەری ژینا ئەمینی ٢٢ مۆمیان؛ وەک هێمایەک بۆ تەمەنی ٢٢ ساڵی ژینا کاتێک کە لەلایەن پۆلیسی «ئەخلاق»ەوە قەتڵکرا، داگیرساند. پاشان گەریلاکان بە مەشخەڵ دروشمی «ژن ژیان ئازادی»یان نووسی.

مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی گیانبەختکردووانی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» و تەواوی شەهیدانی ئازادی دەستی پێکرد. دواتر ڕۆژین فەسیح، ئەندامی فەرمانداری هەپەژە، سەبارەت بە گرنگی و واتای سەرهەڵدانەکە، خۆپاراستن و خۆڕێکخستنی ژنان وتارێکی پێشکەش کرد.

ڕۆژین فەسیح لە دەستپێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لە کەسایەتی ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسووڵیدا، یاد و ناوی هەموو شەهیدان و گیانبەختکردووانی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» بە منەتەوە بەرز ڕادەگرن و سەرەخۆشیشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم شۆڕشە بووەتە میراتێک بۆ تەواوی ژنانی جیهان و هەر ژنێک لە هەر کوێیەک بێت پێویستە خۆی ڕێکبخات؛ چونکە تەنها بە خۆڕێکخستن دەکرێت پارێزگاری لەو بەهایانە بکرێت کە بنیات نراون. هەروەها گوتی: “لە چوارچێوەی ئەم سەرهەڵدانەدا گەلێک گەنج شەهید کران کە هەموویان بە بیر دێنینەوە. سڵاو دەنێرین بۆ ژنانی تێکۆشەر و بەتایبەتی زیندانیانی سیاسیی ژن وەک زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کە بە هێز و ئیرادەیەکی ئازادەوە لە بەرامبەر سیستەمی ڕژێمی ئێراندا خۆڕاگری دەکەن و پەیمانی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان دەدەین”.

ڕۆژین فەسیح سەرنجی ڕاکێشا سەر واتای ئەو سەرهەڵدانەی کە بە پێشەنگایەتی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و ڕایگەیاند کە شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» هەمیشە وەک ئەستێرەیەک لە ئاسماندا دەگەشێتەوە. ئەم شۆڕشە زیندوە و تێکۆشانەکەی تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” شۆڕشێکی کاتی نییە و ڕەمزێکیش نییە کە تەنها لە ساڵیادەکانیدا پیرۆز بکرێت، بەڵکو ئەم سەرهەڵدانە لەوە گەورەترە. ئەو هەمیشە دەرفەت بە گەلان دەدات کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بخولقێنن. دروشمی “ژن ژیان ئازادی” فەلسەفەی ژیان، فەلسەفەی دیموکراسی و فەلسەفەی گەلی ئازادیخوازە کە هەموو نەتەوەکان دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە و پێناسە بکەن. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئەمڕۆ، مەشخەڵی شۆڕشی ژن هەمیشە گەش و زیندوو بووە و تێکۆشان لە بەرامبەر زۆرداری، زوڵم، بێدادپەروەری و قڕکردندا بەردەوام دەبێت”. ڕۆژین فەسیح قسەکانی بەم وتانە کۆتایی پێهێنا: «لە کۆتاییدا، لەسەر بنەمای دروشمی “پێکەوە بە یەک دەنگ، ژن ژیان ئازادی”، پێویستە دەستکەوت و کۆمەڵگە بپارێزین و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بنیات بنێین. ئێمە وەک هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  هەپەژە جارێکی تر سڵاو لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” دەکەین و دەڵێین: “بژێ ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدان نامرن”.

دەتوانن بۆ بینینی ویدیۆکە سەردانی کانالی ژێر بکەن
https://t.me/PjakMediaCenter/801

بابەتی پەیوەندیدار