بۆ ڕای گشتی

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ هەتاوی، لە شاری کامێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامی پیلانێکی پێشوەختە و لە کەمینی هێزە ئەمنی و سەرکوتکارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەڤاڵ و ئەندامی حیزبمان (سیروان حەبیبی) بە شێوازێکی زۆر دڕندانە، نامرۆڤانە و پێچەوانەی هەموو پێوەرە نێونەتەوەییەکان دەکەوێتە بەر هێرش، ئەشکەنجە و لێدان و دواتر دەستبەسەر دەکرێت.

لەم پڕۆسە سەرکوتکارییەدا، ناوبراو پاش دەستبەسەرکردنی ڕاستەوخۆ بەرەو شوێنێکی نادیار ڕفێنراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی، شوێنی دەستبەسەرکرانی لەبەردەستدا نییە. لێرەدا جێگەی ئاماژەیە کە هەڤاڵ‌مان سیروان حەبیبی لە کاتی دەستبەسەرکران دا هیچ چەک و کەرەستەیەکی پێ نەبووە و تەنیا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و کاری ڕێکخستنی سەردانی شاری کامێرانی کردبوو.

سەبارەت بە مەترسییە جددییەکان لەسەر باروودۆخی هەڤاڵ‌مان سیروان حەبیبی، بانگ لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ئازادیخوازان، چالاکوانی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و جیهان دەکەین کە بە شێوەیەکی هەستیار، بەپەلە و کاریگەر بەدواداچوون بۆ چارەنووسی بکەن و بەرەنگاری ئەم ڕەفتارانە ببنەوە. هەروەها لە ئەگەری هەر مەترسی، زیانێک یان هەڕەشەیەک بۆ سەر گیانی ‌ئەندامی پارتی‌مان سیروان حەبیبی، ئێمە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین.

٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

بابەتی پەیوەندیدار