گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ، ئازاد چلچەمە —
بەسەرهاتی ژیانی هەركەسێك تێكەڵاوێكە لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەو كەسە، هەروەها بۆ كۆمەڵگایەكیش بەهەمان شێوەیە و دەكرێ بێژین كە رەوتی ژیانی كۆمەڵگا و شەخس لەگەڵ هەڵبژاردنەكانیان لە پێوەندییەكی دیالێكتیك دان. یان دەكرێ بوترێت كە هەڵبژاردنەكان ئاراستە دەدەن بە رەوت و رێگای كۆمەڵگا. هەر هەڵبژاردنێك لە راستی خۆیدا بڕیارێكی بنەڕەتیە كە وەردەگیرێ و خۆی لەگەل خۆیدا زەمینەخۆشەكەرە بۆ هەر جۆرە تاقیكردنەوە و هەڵبژاردنی دیكە لە داهاتوودا. لەوانەیە كە هەتا ئێستاكەش بۆمان گرینگ نەبووبێ و قەت وەك بابەتێكی ژیانی سەیرمان نەكردبێ. من پێموایە كە لەتەك رووداوەكان و دیاردەكان بە دوو شێوە مامەڵەمان كردووە. یان هەمیشە وتوومانە كە قسمەتە و رازی دەبم بە بەشەكەم. كە روانگەیەكی قەزا و قەدەرگەرایانەیە و لەتەك خۆیدا كێشە دروست دەكا. یانیش بە بێتێبینی و تەنیا بۆ بەرژەوەندی بەرتەسك و لاواز لە چەند حاڵەت و دیاردە یەكیانمان هەڵبژاردووە. هەروەها ئەوەی كە چاوەڕوان بووین كە یەكێكی دیكە بەجێی ئێمە هەڵبژێرێ.
دەبێ كە بەلای زۆر كەسەوە یەگجار ئاسایی بێ، قەت خەفەتی بۆ نەخوا و مراقی بۆ هەڵبژاردن نەبێ. بەڵام كە لە لاپەڕەكانی ژیانی خۆمان دەڕوانین، پڕە لە خۆزگە و بریا و بەردەوام وشەی سەرزارمان ئەوەیە كە “خۆزگە دەستی شكاوم وام نەكردبایە”، یان بە فلان رێگا و فیسار شوێندا چووبایەم. پێموایە كە دەستی بەتاڵی خۆزگە تەنیا دەتوانێ ئەژنۆ لەباوەش بگرێ. گەڵێك مژار و بابەت هەن كە لە هەڵبژاردندا كاریگەرن و تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەیە كە دەكرێ بەئەنجام بگەین. ئایا ئێمە خۆمان هەڵدەبژێرین یان بۆمان هەڵدەبژێرن؟ چەند جاران دەرفەتی هەڵبژاردنمان هەیە؟ ئیرادەی مرۆڤ لە هەڵبژاردندا خاوەن چ گرینگییەكە؟ هەر هەڵبژاردنێك لە داهاتووی خۆمان و كۆمەڵگاكەمان و نەتەوەكەماندا چەندە خاوەن كاریگەرییە؟ چەندە توانیومانە كە لە هەلومەرجی دژواردا هەڵبژاردنی راست بكەین؟ یانیش چەندە ئامادەیەن بۆ ئەگەری هەر هەڵبژاردنێك؟ ئەوانە و بە سەدان پرسی دیكە لەوبارەیەوە، دەكرێ لە خۆمان و دەوروبەرێكانمان بپرسین و وڵامەكانیان بێنینە لای یەك. بێشك وەڵامەكان ئاستی زانستی، دەروونی، بەرپرسیارێتی، ئامادەیی و بەئیرادە بوون نیشان دەدا.
نەفسی بابەتی هەڵبژاردن، پرۆسەیەكی بەرفراوانە لە هەر بوارێكدا بێ. گەلێك فاكتەری تێدایە كە كاریگەری دادەنێن لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا. مەسەلەكە كاتی و دەم كورت نیە. كاتێك باس لە هەڵبژاردن دەكەین مەبەستمان لە هەموو بوارەكانی ژیانیە و تەنیا وەك رێفراندۆم باسی ناكەین. چون رێفراندۆم بۆخۆی سەمەرەی پرۆسەیەكە و هەتا گەیشتن بە ئاستی رێفڕاندۆم گەلێك هەڵبژاردنی جودا هاتوونەتە پێش و بەستێنیان دروست كردووە بۆ دیاردەیەكی بەو جۆرە. بۆیەش رێفراندۆم رواڵەتی پرۆسەیەكی ئاشكرا و شاراوە، بە درێژایی تەمەنی هەڵبژاردنە.
بەتایبەت هەبوونی رێبازی بە پێز و پاراو یارمەتیدەرە. هەروەها دەبێ كە رابردوو، ئێستاكە و داهاتوومانی تێدا ببینین. چون وەكی گوترا دەرفەت كەمە و هەڵبژاردن زۆر. هەڵبژاردنەكانیش بەیەكەوە لە پێوەندیدان. لە دونیای ئەوڕۆدا مەودای نێوان رووداوەكان كەمتر بۆتەوە و خێراتر و تیژتر تێدەپەڕن. كەوابوو دەبێ ئامادەییمان هەبێ بۆ هەر چەشنە بوویەر و هەڵبژاردنێك. باسمان لە پرۆسەیەك كرد سەبارت بە هەڵبژاردن لەناو ژیاندا، كە پێویستی بە بنچینەیەكی پتەو هەیە و دەبێ كە بنەمای زهنییەتی و فەرهەنگییەكەی بۆ داڕێژرێ. ئەگەر وانەبێ و فەرهەنگی راست و دروستمان بۆ هەڵبژاردن نەبێ، ناچار دەمێنین كە چاوەڕوانی كەسانی دیكە بین كە بۆمان هەڵبژێرن. بەتایبەت دەبێ هەمیشە لەو یاسا ژیانییە ئاگادار بین كە ئەگەر نەتوانین، بۆخۆمان داهاتوومان دیاری بكەین، دەست دیكە زۆرن كە بڕیارمان بۆ وەرگرن.
ئەمجارەیان با هێندێك داكەوینە ناو كۆمەڵگا و لە نزیكترەوە بڕوانینە بابەتەكە. مەبەستم ئەوەیە كە لە ناو بنەماڵەكانەوە دەست پێبكەین. خۆ هیچ نەبێ یەكەم هەنگاوەكانی كۆمەڵایەتی بوون لە ناو بنەماڵەوە هەڵدەگیرێ. بۆیەش خاوەن كاریگەرێكی ئەوتۆیە لە دروست بوونی ئەندێشەیەكی باش بۆ تێگەیشتن و هەڵبژاردن. بەداخەوە یەكەم هەڵە لە ناو بنەماڵەوە دەست پێدەكات. بنەماڵە ئەندامانی فێری سیاسەت ناكات. بۆ وێنە لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، بنەماڵەكان هەمیشە هەوڵدانیانە كە مناڵانیان لە سیاسەت و خەباتی مەدەنی دوور بخەنەوە. بە بڕوای ئەوان چەندە لە سیاسەت دووربێ، بە هەمان ئەندازە لە هێمنی و ئاسایشدا دەژی. هەموومان لێی ئاگادارین كە هەر جۆرە هەنگاونان بەرەو كرداری سیاسی لە لایەن گەورەی بنەماڵەوە سەركۆنە كراوە و پێشی لێگیراوە. بۆیە باسم لەو بابەتە كرد، چونكە بەرینی روانگەی مرۆڤ لە سەرەتادا خاوەن كاریگەری زۆرە لەسەر شێلگیربوونی بڕیارەكانی لە داهاتوودا.
ئەو كارەی كە بنەماڵەكان دەیكەن، لە هاوئاراستەیی لەگەڵ خواستەكانی دەوڵەت دایە. هەم دەوڵەت و هەم بنەماڵە، بەردەوام هۆشیاری دەدەن بۆ ئەوەی كە بەشداری لە كاری سیاسیدا نەكەین. دیار دەبێ كە كۆمەڵگا، لەو بابەتەدا چەندە دەستەمۆی سیاسەتی كۆماری ئیسلامییە. كەوابوو لێرەدا هێڵی ئەساسی دەردەكەوێ. مەبەست ئەوەیە كە لەبنەڕەتدا درگای سیاسەت لەسەر كۆمەڵگا دادەخەین. پاشانیش چاوەڕوانی ئەوەین كە بتوانین لە خەباتی سیاسیدا جێگای خۆمان بگرین و لە داهاتووی سیاسی كۆمەڵگاماندا رۆڵ بگێڕین. لە راستیدا ئەوە لەو روانگەیەوە سەرچاوە دەگرێ كە كاری سیاسی بە ئەركی دەوڵەت و حیزبەكان و گروپەكان دەزانرێ. مەترسیدار ئەوەیە كە بەو فەرهەنگەوە، ئەمجارەیان بێین و بەشداری هەڵبژاردن بین. باسمان لە فەرهەنگی هەڵبژاردن كرد، بۆیەش پێویست دەكات كە بزانین چۆنە و چۆن بەڕێوە دەچێ.
تێگەیشتن لە چۆنێتی هەڵبژاردن پێویستی بە چەند مژاری سەرەكی هەیە. كە دەكرێ ئاماژە بكەین بە هێزی دەرخستن و هەڵێنجاندن( تەشخیس)، ناسینی زەمان و جێگا، ئاگاداری لە ئاكامەكانی هەڵبژاردنی هەر بابەت یان كەسایەتی و زانین و ناسینی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگا. بەر لە هەموویان دەبێ ئاماژە بكەم بە دروست بوونی هێز و توانای دەرخستن و تێگەیشتن. لە راستیدا لاوازی و نەبوونی ئەو هێزە، كێشەیەكی زهنییەتیە و دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە و داڕشتنی بنەمای فكری لە سەرەتای تەمەنەوە. بە تایبەت كە لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا ئازادی یان سەربەستی رادەربڕین و یانیش ئازادی هەڵبژاردن هەبوونیان نیە. بەر لەوەی كە بابەت یان بابەتەكان بخرێنە بەر دەم بۆ هەڵبژاردن، پێویست دەكات كە فەرهەنگێكی راست بۆ ئەو كارە لەناو زهنییەتی تاكەكەس و كۆمەڵگادا جێگیربێ. چون هەتاكوو فێری فەرهەنگی راستی هەڵبژاردان نەبین، مەیدان دیتن و بەشداری كردن لە كاری ئاوەها گرینگدا بێگومان كارێكی هەڵەیە و تووشی خەساری بێگەرانەوەمان دەكا. بەتایبەت كە ئەوڕۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردن، لیوانلێوە لە بابەت و مژار بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر لە تێگەیشتن و وردبینی بەهرەمەند نەبین، ئەگەری هەڵە و خەتا یەكجار زۆر دەبێ.
فەرهەنگێكی بەوجۆرە بە چ شێوازێك دروست دەبێ؟ لەو بڕوایەداین كە بەر لە هەر شتێك دەبێ بێژین ئەوەی كە مرۆڤەكانی ناو كۆمەڵگا بەیەكەوە رادەگرێ و دەبێتە سەبەبی پتەوی بنچینەكانی كۆمەڵایەتی، هەبوونی پێوان و پێوەرەكانی كۆمەڵگاییە. هەر ئەو پێوانانەی كە لە بنەڕەتدا، مرۆڤ لەسەر بنەمای ئەوانە هەڵدەبژێرێ. بۆیەش بۆ هەڵبژاردنێكی راست سەرەتا دەبێ چاوێك بخشێنین بە پێوانەكانمانەوە. ئێمە پێوانەكانمان لەگۆڕی چ هاتوونەتە دابین كردن و یانیش كێ و چۆنی بۆ دابین كردووین. چونكە پێوان لەسەر چ بنەمایەك بێ هەڵبژاردنیش بەهەمان ئاراستەدا دەڕوا. بۆ وێنە دەبێ كە پێوان لە گۆڕی بەرژەوندی دانرابێ، جا بەرژەوەندی گروپ یان دەستە بێ و یانیش دەسەڵات. بەڵام لە راستیدا پێوان دەبێ لە گۆڕی كۆمەڵگا بێ و بۆ بەرژەوەندی ئەو. هەرچەند كە لە رۆژی ئەوڕۆدا بەو جۆرە نیە.
ئەو پرۆسەیەی كە باسمان كرد، لە دانانی پێوەرەكانەوە دەسپێدەكات. هەتا پێوان نەبێ بۆ هەڵبژاردن بەڕاستی نازانین بۆچی و چۆن جیاوازی بخەینە بەینی بابەتەكانەوە. پێوانەكان كە دروست بوون، ئەمجارەیان هێدی هێدی فەرهەنگێك شكڵ دەگرێ، كە دەكرێ بێژین فەرهەنگی هەڵبژاردنە. بەداخەوە ئەمڕۆ زۆر گرینگی نادرێ بەو پێوانانەی كۆمەڵگا و زیاتر پێوانی دەسەڵات بە هەند وەردەگیرێن. پێویست دەكا كە لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەین كە هەڵبژاردن نەریتێكی كۆمەڵگایە و نەك هی دەسەڵات و یا بۆ دەسەڵات.
بێگومان هەڵبژاردن تایبەتە بە كۆمەڵگا و بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگایە. لە بواری مێژووییدا ئاگادارین كە كۆمەڵگاكان بە وەرگرتنی ڕای ئەندامانیان و بەشداركردنیان لە داڕشتنی ژیانی داهاتوویاندا هەنگاوی دیمۆكراتیانەیان هەڵگرتووە. بەڵام ئەمڕۆكە هەمان نەریت كە بەرهەمی كۆمەڵگایە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات بەكاردەهێندرێ. بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵبژاردن وەك ئامێرێكی هەڵفریواندنی خەڵك بەكارهێنراوە. چینی سەردەست لەو رێگایەوە رەوایی وەدەست هێناوە و تەنانەت هەر لەو رێبازەوە هەوڵدانێتی بۆ چەوساندنەوەی زیاتری كۆمەڵگا. كێشەی روایی بایەتێكی سەرەكییە. ئەوەش لە لاوازی پێوانە سەرچاوە دەگرێ. لەبەر ئەوەش، هەم بۆ ئەو كەسەی كە هەڵدەبژێرێ و هەم بۆ كەسێك كە هەڵدەبژێردرێ، هەبوونی پرەنسیپی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی پێویستییەكە.
مەسەلەیەكی دیكەی كە دەكەوێتە ناو ئەم بابەتەوە و پێویست دەبێت كە شرۆڤەی بكەین، مەسەلەی ئیرادەیە. بەتەنیا بەشداری كردن لە هەڵبژاردندا نابێـتە موخاتەب گرتنی ئیرادەی گەل. چون گەلێك جار و لە گەلێك شوێن كە بەڕیوەبەری هەڵبژاردن چینی دەسەڵات بێ، گەل بە خواستی خۆی بەشداری هەڵبژاردن نابێ و ئەگەریش ببێت لە ئاكامدا وەك ئامێرێك بەكاردێ، تا ئەوان بگەن بە ئامانجیان. بەتایبەت ئەگەر لە وڵاتێكدا بژی كە دامودەزگای مەدەنی لە ئاستی نەبووندا بێ و گەل بەهۆی نەبوونی رێكخستنی تایبەت بە خۆی هێزی حیساب خواستنی لە ئاستی هەری ژێر دابێ. بێگۆمان ئەوەی كە ئیرادەی گەل مسۆگەر دەكا و دەبێتە سەبەبی ئەوەی كە ئەو ئیرادەیە رۆژ لەدوای رۆژ هەنگاوی مەزنتر هەڵگرێ، بردنە ژوورەوەی ئاستی لێپرسین و حیساب خواستنەوەیە. حیساب خواستن لەو كەسانەی كە هەڵدەبژێردرێن و ئەرك و بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆیان.
ئەوڕۆ لەسەر ناوی دیمۆكراسی و رێفڕاندۆم گەورەترین پێشێلكارییەكانی ماف و شوناس پێكدێن. جاری وا هەیە كە بە یەكجار هەڵبژاردن، مافی راستەقینەی خۆت، بۆ بەشداری كردن لە سازدانی كۆمەڵگا و وەدەست هێنانی ئازادی لەدەست دەدەی. لە زۆر وڵات پاش هەڵبژاردن، ئەركی گەل تەنێ لە ئاستی تەماشاوان یان رەخنەگردا دەمێنێتەوە. بە تایبەت ئەگەر كە پاوانخوازی لە ئاستی ژووردا هەبێ.
وڵاتانی دیكتاتۆرلێدراوی وەك ئێران هەمیشە هەڵبژاردنیان وەك ئامێرێكی وەدەست هێنانی رەوایی بۆ خۆیان زانیوە و بەدوور لە پرەنسیپەكانی هەڵبژاردن دەستیان كردووە بە سازدانی شانۆیەك كە بڕەوی لەسەر پەردەی هیچ شانۆیەكی جیهان نەماوە و هێشتاش پێداگری دەكرێ لەسەر هێندی دەماگۆژی و هەڵفریواندن. هێشتاش نوێنەری هەڵبژێردراوی ناوەندی دەسەڵات دەیهەوێ كە لە دەنگی خەڵكی پەڕاوێزنشین سندوقی خۆی پڕ بكات. ئەمڕۆكەش دەبینین كە بۆ كێشانە سەر سندوقی دەنگدان پیلان و بەرنامەی ئابووری پێشكەش دەكرێن وەك ئەوەی كە بڵێی سەرەتای دامەزراندنی سیستەمێكە و خەڵك لە رابردووی ئاگادار نین.
شكێك لەوەدا نیە كە گەلی كورد لە بواری تێگەیشتن لە پرەنسیپ و پێوانەكانی دیمۆكراسیدا خاوەن ئاستێكی بەرزە. كۆماری ئیسلامی ئیران لەو ماوەی تەمەنی سی و چەند ساڵەیدا خواستوویەتی بە تەشەنەدان و پەرەپێدانی فەرهەنگێكی چەواشەكراوی هەڵبژاردن، گەل لە پێوانەكانی دوور بخاتەوە. بۆ وێنە دەمی هەڵبژاردنی وەك كاتێكی پێاسەكردن و خۆش رابواردن نیشان داوە و لە نەریتی خۆی دووری خستۆتەوە. لەو رێگایەوە دەیهەوێ كە مەسەلەی هەڵبژاردن وەك گاڵتەجارێك نیشان بدات و هێزی نوستووی جوانانی پێ بەتاڵ بكاتەوە. لەو ماوەی سی و چەند ساڵەدا تەنێ یەك لایەن بەشداری هەڵبژاردن بووە، ئەویش لایەنی دەسەڵاتە. ئەو ڵایەنەی كە حیساب ناداتە هیچ كەسێك و تەنها ئیرادەی گەلان بنپێ دەكا. بەتایبەت بەكار هێنانی مەسەلەی ئابووری لە دەمی هەڵبژاردنەكاندا وەك وتارێكی هەمیشەیی، لەبەر چاوە ئەوە لە حاڵێكدایە كە لێقەوماوی و نالەباری وەزعی ئابووری خەڵكی لە رۆژهەڵاتی كوردستان شتێك نیە كە لە ئاكامی سیاسەتێكی دەرەكیدا هاتبێتە ئاراوە. بەڵكوو سەمەرەی سیاسەتی خودی كۆماری ئیسلامییە كە بەردەوامی دەكا. بە ساڵانە كە لەسەر ناوی نەبوونی ئەمنییەت، كەش و هەوایەكی وەدی هێناوە و لەبن سێبەری ئەودا سەرعەرد و بن عەردی كوردستان بە تاڵان دەبا.
ئێمە وەك كورد و گەلانی زاگرۆس نشین، بە درێژایی مێژوومان خاوەن پێكهاتەیكی دیمۆكراتیك بووین و خاوەن فەرهەنگی كۆنی هەڵبژاردنی وەك “ژیرومەرێ”ین. پێویست دەكا كە بۆ سڕینەوەی دژە فەرهەنگی هەڵبژاردنی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران خەباتێكی بەربلاو بەڕێوە بچێ. نابێ كە بە چاوێكی ساكار سەیری ئەو مەسەلەیە بكەین. مەسەلەكە بابەتێكی كۆمەڵایەتیە و نابێ بە شێوەیەكی تاكەكەسی لێی بڕوانین. ئەو مژارەش تەنیا یەك لایەنە نیە و پێوێستی هەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی كە دووچار بووە، هەنگاوی كرداری هەڵگرێت. ناكرێ كە بە شێوەیەكی هەتا هەتایی لەسەر هەمان رەوت بەردەوام بكات.
جێگیربوونی فەرهەنگی نادیمۆكراتیكی بەو جۆرە لەناو كۆمەڵگادا، درەنگ یان زوو دەبێتە وەدیهێنەری كۆسپی گەورە و قەیرانی هەیی چەند بەرامبەر دەكا. پێشینەی مێژوویی لە بواری بەڕێوەبەری دیمۆكراتیكی كۆمەڵگادا، یارمەتیدەرە بۆ هەنگاونانەوە لەو بوارەدا. سەرگرتن و لەمپەر سازكردن لە هەمبەری بەیەكەوە ژیانی گەلانی ئێران گەلێك زەحمەتترە لە دانانی گەڵاڵەیەكی چارەسەری بۆ ژیانێكی دیمۆكراتیك و ئازاد.