ئارام كەریم
هاوپەیمانی ئیبراهیمی، هاوپەیمانیەكی ئەمنی ـ ئاسایشی ـ سیاسییە كە لە 15ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020ەوە بەنێوەندگیری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەیەكەم خولی سەرۆكایەتیكردنی ئەمریكا”دۆناڵد ترەمپ” و ژمارەیەك لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل واژۆی لەسەركراوە. ئەم هاوپەیمانیە لەلایەن ئیسرائیل، ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودانەوە دانی پێدانراوە و بەشداریان تێدا كردوە. ئەساسەن ئەو هاوپەیمانیە بەشێوەیەكی فۆرماڵ بەرێككەوتنێك دەگوترێت كە لەنێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی كە پێشتر بەشێوەیەكی فەرمی دانیان بەئیسرائیلدا نەنابوو و بەئامانجی نۆڕماڵیزەكردنی پەیوەندیەكانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەگوترێت. لەئامانجە سەرەكیەكانی ئەم هاوپەیمانییە، بەستنی پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لەنێوان ئیسرائیل و گەشەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكان، تەندروستی و تەكنەلۆژیا و بەرگرییە و لەهەمانكاتدا هەوڵێكە بۆ بەرزكردنەوەی گوایە جۆرێك لەئاشتی و سەقامگیری لەناوچەكەدا.
زۆرێك لەوڵاتان و خەڵكی ناوچەكە لەوانە فەلەستینیەكان ئەم هاوپەیمانییە رەت دەكەنەوە، بەهۆی ئەوەی دڵنیا نیین لەوەی كە ئەم هاوپەیمانییە بتوانێت چارەسەری كێشەكانی فەلەستینییەكان بكات، هەر لەبەر ئەوەش ئەم هاوپەیمانییەیان رەت كردەوە و بەهەموو شێوەیەك دژایەتیان كرد، رەنگە ئەم بیانوەش تەنیا هۆكارێك بێت لەدەیان بڕوبیانووی جیا بۆ رەتكردنەوەی ئەم هاوپەیمانییە. ئەوان ئەم هاوپەیمانییە بەخیانەت بەئامانجەكانی فەلەستین و لاوازكردنی هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی رێگەچارەی دوو دەوڵەتی دەزانن، تەنانەت لەدوای ئەم هاوپەیمانیەوە ناڕەزایەتی بەرفراوان لەناوچە جیاجیاكانی فەلەستینیەكانیش بەڕێوە چوو و هەندێ گرووپی فەلەستینی رۆژی پانزدەی سپتامبەری ٢٠٢٠یان وەك رۆژی تووڕەیی راگەیاند.
رژێمی ئێرانیش هەر لەو كاتەدا ئەم رێكەوتننامەیەی شەرمەزار كرد و وەك هەوڵدانێك لەچوارچێوەی خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بەناوی كرد و تەنانەت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو كاتەدا ئەم رێككەوتنامەیەی بەخیانەت دژ بەفەلەستینیەكان ناوزەد كرد و بەرێكەوتنێك بۆ خۆش خزمەتی بەبەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا ناوی لێنا.
سعودیەی عەرەبستان بەشێوەیەكی فەرمی پشتیوانی لەرێككەوتننامەی ئیبراهیمی نەكرد، بەڵام بەشێوەیەكی نافەرمی پێشوازی لەرێككەوتننامەكە كرد. سعودیە هەر ئەو كاتەش رایگەیاند كە بەدوای ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدایە، بەڵام جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەمە دەبێت بەگوێرەی رێگەچارەی دامەزراندنی دوو دەوڵەتی بۆ فەلەستینیەكان و ئیسرائیل بێت.
ژمارەیەكی تر لەوڵاتانی عەرەبی وەك میسر و ئەردەن كە پێشتر لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتننامەی ئاشتییان واژۆ كردبوو، پێشوازیان لەرێككەوتننامەی ئیبراهیمی كرد و ئەو رێككەوتننامەیان وەك هەنگاوێكی پۆزەتیڤ لەچوارچێوەی ئاشتی و ئاسایش لەناوچەكە بەناو كرد.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەتوانین بڵێین كە رێككەوتننامەی ئیبراهیمی هەنگاوێكە لەچوارچێوەی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەك لەوڵاتانی عەرەبی و ئەم رێككەوتننامەیە دەتوانێت ببێتە زەمینەسازیەك بۆ هاوكارییە ئابوری، ئەمنی، چاندییەكانی نێوان هەر دوولایان.
لە بنەمادا ئەم رێككەوتننامەیە رێگرە لەبوونی هەر گرووپ، یا خود ئەجێندایەكی دژە ئیسرائیلی لەناوچەكەدا و ئەمەش بەواتای بوون و داننان بەئیسرائیلێكی بەهێز و خاوەن هەژموونە لەناوچەكە و سەپاندنی پێگەی بەهێزی ئیسرائیلە وەك وڵاتێكی خاوەن هێز و هەژمون لەچوارچێوەی داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی و رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دا.
ئەمریكا بەڕێگەی رێككەوتننامەی ئیبراهیمی چەند ئامانجێكی پێكا، وەك ئەوەی رێگری بكات لەپێكدادانی سەدان ساڵەی نێوان ئیسرائیل ـ یەهودییەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان و پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش لەوڵاتانی هاوڕاستا لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل لەبەرامبەر بەهەڕەشەكان لەسەر هەردوولایان و بەهێزكردنی پێگەی ژئۆپۆلیتكی ئەمریكا لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و لەهەمانكاتیشدا شكاندن و تێپەڕاندنی ئەو مۆدیلە دەسەڵاتداریەتی و باڵادەستیەی لەئەنجامی هەردوو شەڕی جیهانی یەكەم و دووەمەوە لەناوچەكە لەسەر دەستی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەكەسایەتی ئێران و توركیادا بەسەرناوچەكەدا سەپاوە. ئەوەشی بەڕاكێشانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ناو ستراتیژیەتیەكی بەرفراوان و بەهێز لەجۆری ناتۆی عەرەبی ـ ئیسرائیلی ـ ئەمریكی و دامەزراوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی ملهوڕانەی رژێمی ئێران لەهەرێمەكەدایە.
لەڕاستای رێككەوتننامەی ئیبراهیمی دا گرنگە ئەو گروپ و بزوتنەوە و بزاوتانەی لەسەر دەستی ئێران و توركیا بەتایبەتی و بەهاوكاری وڵاتانی ئەوروپی لەهەرێمەكە بەڕێكخستن كراون تەسفیە و بێ چەك بكرێن، هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و گوندەواری ئەو وڵاتە بەشێك لەو پیلانە بوو بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆی ئیسرائیل و ئەمریكا، چونكە حەماس تەنیا بزوتنەوەیەكی دژە ئیسرائیلی نەبوو، لەهەمانكاتدا بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی بەدەوڵەتی تورك و رژێمی ئێرانەوە، دژ بەژمارەیەك لەوڵاتانی عەرەبی لەوانە ئیسرائیل و میسر و ئەردەن و سعودیەش بوون. هاندانی حەماس بۆ هێرشی سەر ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتی توركەوە و ئیستخباراتی نێودەوڵەتی بەدوو ئامانج پێكهات:
یەكەم رێگری كردن لەپرۆژەی رێڕەوی بازرگانی جیهانی”هیندستان، ئەردەن، ئیسرائیل، یۆنان، ئەوروپا ـ ئەمریكا.
دووەم، راكێشانی رژێمی ئێران لەشەڕی ئیسرائیل ـ ئەمریكا بوو، بەڵام بەكاردانەوەی بەهێزی ئەمریكا و ئیسرائیل هەم حەماس و هەم حیزبۆلڵا و هەم حوسیەكان و سوریا و لوبنانیش وەك بەشێك لەپلانی تەسفیەكردنی ئەو بزاوتە دژە ئیسرائیلی ـ ئەمریكی لەناوچەكە بەرەو تەسفیە و پاكتاوكاری بران و ئێستاش شەڕەكە بەهۆی ململانێكانی ئێران و دەوڵەتی توركەوە گەیشتووەتە بەردەرگای هەردوویان و وەك فارس ووتەنی وشتر لەبەردەرگای هەردوو دەوڵەت و رژێمدا خەوتووە و لەهەر ئان و ساتێكدا رەنگە ئەو شەڕ و ململانێ و ناكۆكییانە لەئێران و توركیا سەرهەڵبدەن و بەهەزاران مرۆڤ ببنە قوربانی ناكۆكییە نێوخۆیەكانی ئەو دوو وڵاتە.
لەپرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دا و بەرێككەوتننامەی ئیبراهیمی رێگە بەمانەوە و بوونی دەسەڵاتی ناوەندگەرا و توندئاژۆ و تۆتالیتار نادرێت، تەنانەت رێگە بەبیری سەلەفیەت و ئیخوانیزمی وشكی دیكتاتۆرانە و تاكڕەوانەش نادا؛ چونكە ئەم مۆدیلانە خۆی لەخۆیدا لەداهاتوودا دەبنە لەمپەر و مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر رێككەوتننامەی ئیبراهیمی و دەبێت لەو چوارچێوەیەشدا هیچ گروپ، تاخم، حیزب كە لەدەرەوەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارین پەسەند نەكرێن و بگرە هاوشێوەی حەماس و حیزبۆڵڵا و حوسیەكان پەلاماریان بدرێت. چونكە سیستەمی سەرمایەداری ئەو مۆدیلانە بەمەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت، تەنانەت هەموو بزاوتە نەتەوەیی و دەوڵەتگەرا و سوسیالیزمی دەوڵەتگەرا و چەپی كلاسیكیش وەك بیریكی دژە ئیسرائیلی لەداهاتووی ناوچەكە دەبینن. دەوڵەت ـ نەتەوەكانی ناوچەكەش بەتایبەتی ئێران و توركیا هەم وەك دەوڵەتێكی بەهێزی نەتەوەیی پەسەند ناكرێن، بەتایبەتی ئەگەر خاوەن چەك و چۆڵی ناوەكی و بەهێز بن یا خود پەیوەندیان بەو بزاوتە دژە ئیسرائیلیەوە بێت، بەتوندترین شێوە رەت دەكرێنەوە و ئەمریكا و ئیسرائیل وەك بزوێنەرانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەوڵی بەرتەسككردنەوە و بچووككردنەوەی ئەو دەوڵەت و رژێمانە بدەن و دەستێوەردانی ئەو دوو دەوڵەتەش بەهێنانە سەردەسەڵاتی جۆلانی لەسوریا و تێكشكاندنی حەماس و حیزبۆڵلا و حوسیەكان مۆداخەلەكردنی هەردوویان خێراتر كردوە. بۆیە چەندە بەپەلە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی سیاسی، بەرێوەبەرایەتی و تێڕوانینیان بۆ چارەسەری كێشە و گرفتە نێوخۆیی و دەرەكیەكانیان نەدەن و هەنگاو بەئاراستەی دیموكراتیزەكردن و گۆڕانكاری بنەڕەتی نەهاوێژن، ئەوا ناتوانن لەدەست ئەو تەوژم و گەردەلوولی ناڕەزایەتی گەلان لەناوچەكە هەڵی كردوە و هەوڵە چاوچنۆكەكانی سیستەمی نوێ جیهانی”مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” رزگاریان بێت.
رێككەوتنی ئیبراهیمی وەك ئەوەی پێناسەی بۆ كراوە، تەنیا وڵاتانی عەرەبی لەخۆ ناگرێت، دیارە دەبێت زۆرینەی وڵاتانی موسڵمانی ناوچەكەش بەتایبەتی ئێران و توركیا بەجۆرێك لەجۆرەكان دانی پێدا بنێنن و پەسەندی بكەن و بەند و خاڵەكانی جێبەجێ بكەن. لێدوانەكەی ترەمپ لەسعودیەی عەرەبستان بۆ سوریا بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئاماژەیەكە بۆ عێراقیش بۆ ئەوەی ئەوانیش بەپەلە لەو رووەوە هەنگاو بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵێنن. كۆبوونەوەی لووتكەی عەرەبی كە لەم دواییە لەبەغدا پێكهات وەك دوایین تیری بەرەی مقاومەی ئێران بەناوكرا، كە ئیدی نەدادی عێراق و نە دادی ئێران دەدات، چونكە هەم قەتەرو هەم سعودییە و ئیمارات وەك پێویست بەشداریان تێدا نەكرد و ئەو لووتكەیە نەیتوانی شتێك چارەسەر بكات، چونكە پێشتر لەلایەن ترەمپ هەم لەسعودیە و قەتەر و ئیمارات و كۆبوونەوەی لەگەڵ حەوت وڵاتی هاوكاری كەنداوی عەرەبی پێكهاتبوو، بۆیە لووتكەی عەرەبی ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە.
لەبەر ئەم هۆكارانەی ئاماژەمان پێكرد، ئەگەر دەوڵەتی تورك و ئێران دەیانەوێت رێگری لەدەستێوەردانی دەرەكی بكەن، دەبێت لەبابەتی داننان بەئیرادە و خواست و بوون و ناسنامەی گەلاندا لەنێوخۆ هەنگاوی بەرچاو بهاوێژن و لەهەمانكاتدا بەدیدێكی بەرفراوانتر و بەرینتر بەدەم دەستپێشخەری رێبەری گەلی كورد”رێبەر ئاپۆ”، بۆ ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیكەوە بنێن و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكەش وەك تاكە دەرفەتی مێژوویی بۆ رزگاربوون لەقەیران و كێشە كەڵەكەبووی سەدان ساڵەیان ببینن.