زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پژاک بەشداری بەرنامەی هێڵی ٣ بوو و گوتی: سیاسەتی دێمۆکراتیک کاری گەلانە و ئێستا لە کۆڵانەکان دا بەڕێوە دەچێت. هەموو ئەو مافانەی کە گەلان داوای دەکەن ڕەوایە و تەنیا مادی نییە بەڵکوو ئیدئۆلۆژیک، سیاسی و حقۆقیە. هێرش لە دژی ژن، هێرشە لە دژی کۆمەڵگایە.
زیلان ڤەژین سەرهەڵدانەکانی گەل لە ٣ ئێسفەندی ساڵی ١٣٧٧ی بە بیرهێنایەوە و ئەم بۆنەیە وەها شرۆڤە کرد: لە سەرەتا دا سەرهەڵدانی گەل بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ بە پێشەنگایەتی شاری سنە و شەهیدانی ٣ ئێسفەند کە شەهیدی شۆڕشن بە بیر دێنینەوە. ئەم هەڵمەتەی گەل لە ئەساس دا حەملەیەک بوو بۆ بێکاریگەر کردنی گاوی یەکمی پیلانگێڕی ناونەتەوی. گەلی ئێمە و هەموو گەلانی ئازادیخواز هەتا ئەمڕۆش بە تێکۆشین و بەشدار بونیان لە کەمپێنی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و دەرخستنی پ.ک.ک لە لیستی تێرۆر ئەو هەنگاوەی ٣ ئێسفەند بەردەوام دەکەن. خاوەنداری کردنی گەلان لە رێبەر ئاپۆ و پ.ک.ک بە هۆی فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە کە بۆ هەموو گەلان چاوکانی چارەسەری و هیوایە. رۆژی ٣ ئێسفەند خاوەنداری کردنی گەل لە ئیرادەی خۆیانە و ئێمە پیروزی دەکەین.
هاوسەرۆکی پژاک باردۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەی هەڵسەنگاند و وەهای گوت: دەوڵەت-نەتەوە هەرێمیەکان و دەوڵەتە زل هێزەکان پێکەوە هەوڵی ئەوەیان دا کە بە دیل گرتنی رێبەر ئاپۆ شەری جیهانی سێیەم دەست پێ بکەن. کاری سەرەکەی هەموو ئەم دەوڵەتانە ئەوەیە کە ئالۆزی و قەیران درووست بکەن بۆ ئەوەی بتوانن هەموو بەها و دەوڵەمەندییەکانی گەلان و هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین داگیر بکەن. شەر و پێکدادانەکانی سوریە، عێراق، لیبیا و وڵاتەکانی دیکە بە ناوەندی کوردستان هەموو لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوەدەچێت. ئەو دەوڵەتانە چەندەش ناکۆکییان هەبێ بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان پێکەوە کۆکن و لە ناو یک پیلان دان. خۆیان قەیران ئاوا دەکەن و چارەسەریش بە دڵی خۆیان پێشکەش دەکەن. لە ناوچە دوژمنی هەرە سەرەکەی گەلان و دێمۆکراسی تورکیایە کە بە یارمەتی خەتی خەیانت یان پ.د.ک، لە دژی سەقامگیری خۆڕێوەبەری کوردان لە رۆژئاوای کوردستان و سوریە شەڕ بەڕێوە دەبەن. هەدەف ئەوەیە کە بە ئاوا کردنی دەوڵەت نەتەوێکی بچووک بۆ کوردان هەموو دەستکەوتەکانیان لە دەست بستێنن کە مۆدێلیان پ.د.ک یە. لەم بابەتەدا هەرە گرینگ کاردانەوەی گەلە. بە چاو لێکردن لە حاڵی عێراق، تورکیە، سوریە و ئەفغانستان هەرکەس دەبێ بەو قەناعەتە بگات کە هێزی دەرەوە قەت ناتوانن ببن بە وەڵام و چارەسەری کێشەکان و تەنیا قەیرانەکان ئاوا دەکەن و قووڵی دەکەنەوە.
زیلان ڤەژین بۆ سیاسەتی کورد لە کوردستان و ناوچەکە وەها هەڵسەنگاندن دەکات: لە ناوچە دا دو خەت هەیە کە لە ناو شەڕ دان. خەتی پ.د.ک، خەتی خەیانەتە کە پیلانی شەڕی جیهانی سێیەم پێک دێنێت و لە دژی گەلانە و خەتی پ.ک.ک خەتی گەلە کە سیاسەتی دێمۆکراتیک پەیڕەو دەکات و پارێزوانی دەستکەوتەکانی تێکۆشانی گەلی کوردە. دانیشتنی مەسرور و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خولووسی ئاکار وەزیری پاراستنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەنیا لە سەر بنەمای پارچە کردن و لە ناو بردنی خەتی ئازادییە. ئەم کەسانە تەمسیلیەتی سیاسەتی ئینگلیس دەکەن کە بە ساڵانە لە سەر ناوچەکە بە رێوە دەچێت. لەم قۆناغە دا ئەرکی هەر کەسێک ئەوەیە کە لە دژی ئەم خەتە هەڵوێست و تێکۆشین بکات.
هاوسەرۆکی پژاک سەبارەت بە سیاسەتی ئێران و تێکۆشانی گەلان وەها دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە ناو قەیرانێک دایە و بە دەستی خۆی، خۆی لە ناو دەبات. وەزیزی دەرەوەی ئێران ڕۆژانە لە گەڕ دایە بۆ ئەوەی کێشە و تەنگاوی ناوخۆ لە دەرەوە چارەسەر بکات بەڵام ئەمە شکڵییە و نابێ بە چارەسەری. سیاسەتی ئێران لە ئاستی مەنتقەدا یەکێکە لە سیاسەتە هەرە خراپەکان کە دەرئەنجامەکانی دیارە. سیایسەتی دێمۆکراتیک هی خۆدی گەلانە و لە کۆڵان و شەقامەکان دا ئێستا بەرێوە دەچێت. سەرهەڵدانی گەل تەنیا بۆ مەعاش یان خواردن و دەرفەتی مادی نییە بەڵکوو بۆ ژیانە و هەموو مافە سیاسی و کولتوورییەکانیانە. پێویستە کاتێک مامۆستا هەڵدەستێ بە نارەزایەتی، کرێکاران و چینەکانی تر هاوکاری بن.
زیلان ڤەژین سەبارەت بە تێکۆشانی ژنان وەها هەڵسەنگاندن دەکات: لە دژی ژنان تەنیا هێرشیکی جەستەیی نییە بەڵکوو زێهنییەتێکە کە دەیهەوی ژن و ژیان پارچە بکات. تێکۆشانی گەلان لە ئێران دا بە هۆی تێکۆشانی ژنان ئەوەندە بە هێز و گرسەیی بووە. هەر هێرشێک کە لە سەر ژن دەکرێت، هێرشێکە کە دژی کۆمەڵگا دەکرێت. ئەوەی کە ژیان دەپارێزێت ژنە هەر بۆیە ئەم سیاسەتانەی دەوڵەت لە دژی ژنان، هێرشێکی ئیدئۆلۆژیک و کولتووریە لە هەمان کات دا هەڵوێستی ژنانیش هەڵویستێکی ئیدئۆلۆژیکە و جێگای پیرۆز کردنە. ژنان لە ساتەوەختی ئازادی خۆیان دان و دەبێ ئەم هەلو مەرجەی ئێستایان بگوازنەوە بۆ بە دی هێنانی ئازادی خۆیان و ئازادی کۆمەڵگا.