بۆ: بەڕیز دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق
بروسکەی پیرۆزبایی
ماوەیەکی درێژە خەڵکی عێراق لە نەبوونی حکومەتێک کە بتوانێت خزمەتکاری خەڵک بێت و ئەرکەکانی خۆی پێکبێنێت زەرەمەند بووە. بە هەڵبژاردنی ئێوەی بەڕێز بۆ سەرۆک کۆماری، چارەسەریەک بۆ ململانە سیاسیەکان، کە دەرگای بۆ ئاڵۆزی و بێ هیوایی گەلانی عێراق کردبۆوە دۆزرایەوە. پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراق بەرهەمی ساڵها تێکۆشان و خەباتی گەلەکەمانە کە ڕەوانشاد مام جەلال، ئەو پێگەیەی بۆ کورد مسۆگەر کرد . ئەو پۆستە کە لە دەورانی داگیرکاری ڕژێمی بەعسدا ببوو بە هێمایەک بۆ مەرگ و نەمان، لە دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمەو بە هاتنە سەرحوکمی کەسایەتیەک وەک مام جەلال، بوو بە هێمای لێکتێگەیشتن و پێکەوە ژیان. ئێمە هیواخوازین کە ئێوەی بەڕێزیش درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە بن.
بەڕێز دکتۆر لەتیف ڕەشید، هەبوونی ئێوەی بەڕێز دەتوانێت هێمای ئاشتی و سەقامگیری و یەکێتی بێت و لە دژایەتی داگیرکاری پێشەنگ بن. بە پێی کارامەییتان چاوەڕوانی لە ئێوەی بەڕێز دەکردرێت کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەرچواربەشی کوردستان بە گشتی و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ بدەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا وەک ئاگادارن مام جەلال هەڵمەتێکی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەستپێکردبوو کە بەداخەوە بە کۆچی ناوادەی، دەستپێشخەریەکە نیوەچڵ مایەوە. هیوامان وایە ئێوە وەک کەسایەتیەکی ئازادیخواز کە ساڵانێک لە پێناو ئازادی و ئاشتیدا تێکۆشانتان کردوە بتوانن لەسەردەمێکی وەها مێژووییدا، رۆڵێکی بەرچاوتان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان هەبێت.
بەوهیوایەی کە بوونی ئێوە بە سەرۆک کۆمار ببێتە هەوێنی ئاوەدانی و خۆشی بۆ گەلانی عێراق و ناوچەکە، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕیز دەکەین و لە بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد بۆ گەلانی عێراق و هەرێم سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
١٧/١٠/ ٢٠٢٢