هونەرمەندانی ئێران و ڕۆژهەڵات پێویستە ببنە دەنگ و ڕەنگی گەلەکەیان

ڕژێمی داگیرکەری ئێران، هاوتەریب لەگەڵ ناکارامەیی و دۆڕانی یەک لە دوای یەکی سیاستە خارجییەکانی، لە ئاستی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا قەیران بە دوای قەیرانی بە دوای خۆیدا خولقاندووە و دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە ژیان و گوزەرانی لە گەلانی ئێران تاڵ کردووە، بەو بۆنەشەوە ڕۆژانە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران لە شەقامەکانن و ناڕەزایەتی لە بەرامبەر سیاسەتی برسی کردن، چەوسانەوە و نادادپەروەری دەردەبڕن.ڕژیمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بەجێگەی گوێگرتن لە داواکاری خەڵک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک دەستی بە دەستگیرکردنی چالاکوانان و کەسانی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە و بەو شێوازە لە هەوڵدایە گەلانی ئێران لە داواکارییەکانیان پاشگەز بکاتەوە و درێژە بە سیاستەکانی خۆی بدات.

لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڕەپانی چاند و هونەر وەک سەکۆییەکی ڕاشکاو بووە بۆ خستنە ڕووی ڕاستی دۆخی کۆمەڵگا و سیاستەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێڕان، هەر بەو بۆنەشەوە گۆڕەپانی چاند و هونەر بەردەوام لە بەردەم پەلامارە داپلۆسێنەرەکانی ڕژێمدا بووە و لەو چوارچێوەشدا کەسانی هونەرمەند بەردەوام  یان  ناچارکراون کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە هەندەران بکەن یان بە گرتن و سەپاندنی سزا بەسەریاندا هەوڵیانداوە بێدەنگیان بکەن و ڕەوانەی زیندانیان بکەن.لەو پێناوەشدا ڕژێم لە بەردەم ئەو هونەرمەند و بەرهەمە هونەرییانەی کە خزمەتی بە چاندی ئازادیخوازی، پێکەوەژیان، ئازادی ژن و دادپەروەری کردبێت هەمیشە بووەتە کۆسپ و بە پێچەوانەی ئەو کەس و بەرهەمانە بە بڕەودان بە هونەرێک کە خزمەت بە سیاستی دەسەڵاتداری خۆی بکات هەوڵی داوە درێژە بە سیاستە نەگریسەکانی خۆی بدات.

لە ماوەی ڕابردوودا دوابەدوای ئەوەی کە بۆ پشتیوانی لە چینی برسی و چەوساوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵمەتێک بە ناوی ” چەکەکەت دابنێ” دەستی پێکردووە و داوا لە چەکدارانی ڕژێم دەکرێت کە ڕووبەڕووی گەل نەوەستنەوە، چەکەکانیان دابنێنن و بێنە ڕیزی گەلەوە، بەو بۆنەشەوە کۆمەڵێک هونەرمەندانی دیاری ئێرانی وەکوو ‘مەحەمەد ڕەسووڵۆف’، ‘موستەفا ئال ئەحمەد’ و ” جەعفەر پەناهی” کە بەشدارییان لەو کەمپینەدا کردبوو لە لایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستوەسەر و بێ سەرووشوێن کراون، ماوەی پێش ئەوەش دوو ژنە سینەماکاری دیکەش دەستوەسەر کرابوون، ئەم کردەوانەی ڕژێم هاوتەریب لەگەڵ پێداگریی لەسەر سیاستە شکستخواردووەکانی خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە هونەر گۆڕەپانێکە کە دەتوانێت چۆک بە ڕژێمی داگیرکەری ئێران دابدات و هونەرمەندان هێشتا بە تەواوەتی دەستەمۆی ڕژێمی داگیرکەر نەبوونە و لە خزمەتی گەل و چاندی کۆمەڵگاکەیاندان.

هەر بەو بۆنەشەوە ناوەندی چاندی بیستوون وەها ڕاڤەی ئەم دۆخە دەکات کە ئەمڕۆکە ئەگەر هەر هونەرمەندێک بە هەڵوێست و هونەری خۆی نەتوانێت ببێتە ئاوێنەیەک بۆ دۆخ، دەنگ و رەنگی کۆمەڵگاکەی ئەوا بێگومان ناتوانرێت پێناسەی هونەر بۆ ئەو بەرهەمانە و هونەرمەندیش بۆ ئەو کەسانە بکرێت، هەر بۆیە ئێستاکە لە هەمووان زیاتر ئەرک و بەر پرسیارەتی دەکەوێتە سەر شانی سەرجەم هۆنەرمەندانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ببنە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگاکەی خۆیان و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ڕەسووڵۆف، ئال ئەحمەد و پەناهییەکان و بەو شێوازە ڕژێم ناچاربکەن کە واز لە سیاسەتی برسیکردن، زوڵم و نادادپەروەری بەسەر گەلانی ئێراندا بهێنێت وبەرەو دیموکراسیەت هانی بدەن.

ناوەندی چاندی بیستوون

29-07-2020