گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە شێوەیەکی جەماوەری و شکۆمەندانە، جەژنی نەورۆزی ئەمساڵیان پیرۆز کرد. پیرۆزباییەکانی نەورۆزی ئەمساڵ هەڵگری پەیامی مێژوویی لە پێناو بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادیخوازی و هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی گەلی کورد بوو. پەیامی ئاشتیخوازانە و راگەیاندنی قۆناخێکی نوێ لە تێکۆشان لە لایەن رێبەر ئاپۆوە، جۆش و خرۆشێکی مێژوویی بە پیرۆزباییەکانی ئەمساڵی نەورۆز لە باکووری کوردستان بەخشی. لە رۆژئاوای کوردستان گەلی کورد لە پێناو پتەوکردنی تێکۆشان و سەقامگیر کردنی ستاتۆی خۆی، پەیامی یەکێتی و خۆڕاگری راگەیاند. هاوکات لە باشووری وڵات، گەلی کورد پشتگیری خۆی بۆ تێکۆشانی بەشەکانی تری کوردستان دەربڕی و یەکێتی و یەکدەنگی خۆی بەرزکردەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای ئەوەیکە رژێمی ئێران سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی میلیتاریزە و پیرۆزباییەکانی نەورۆزی لە گەلی کورد قەدەخە کردبوو، بەڵام گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی جەماوەری نەورۆزی ئەمساڵیان پیرۆز کرد. هەڵوێستی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر سیاسەتی قەدەخەکاری و سەرکوتکاری رژێمی ئێران، هەڵوێستێکی هەتا دوایی پیرۆز و یەکدەنگە لەگەڵ روحی خۆڕاگری نەورۆز.

هاوکات پەیامی رێبەر ئاپۆ کە لە نەورۆزی بەشکۆی ئامەد راگەیەندرا، قۆناخێکی نوێی لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کوردی دەستنیشانکرد. هەر بۆیە پەیامی چارەسەری پرسی کورد کە ئاڕاستەی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست کرابوو، خاوەن کاریگەری بەرفراوان لەسەر خەبات لە هەموو بەشەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیە. ئەم پڕۆسە چارەسەریە، تەنها بە تورکیەوە سنووردار نابێت و پەیوەستە بە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. لێرەدا ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پشتگیری خۆمان لەم قۆناخە دەردەبڕین.

وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، چالاکیەکانی پیرۆزبایی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی سڵاو دەکەین. هاوکات هیوادارین لە ئاستێکی بەرفراوانتردا و لەسەرجەم گۆڕەپانەکانی تێکۆشان و لە هەموو ساتەکانی ژیاندا، هەڵوێستی هاوشێوە لە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن بەردەوام بکرێت.

لەسەر ئەو بنەمایە بانگ لە گەلەکەمان دەکەین کە بە درێژایی ساڵی نوێ و لە قۆناخی داهاتوودا، لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی، یەکێتی خۆیان پتەوتر بکەن و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیان بگەیێننە لوتکە.

لە کۆتاییدا جارێکی تر هاتنی ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆز و بەرخۆدان لە سەرجەم گەلەکەمان پیرۆزبایی دەکەین.

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک
22.03.2013