ژمارەی 35هەمینی گۆڤاری ئاڵتەرناتیو لەساڵی چواردەیەم، خولی سێیەم ئۆرگانی فەرمی پەژاک چاپ و بڵاوكرایەوە. لەم ژمارەیەی گۆڤاری ئاڵتەرناتیودا كار و خەباتی یەك ساڵەی پەژاك و دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران و سیاسەتی دووفاقانەی رژێمی ئێران لەمەڕ نزیكبوونەوەی لەگەڵ گەلان و پێكهاتە نێوخۆییەكانی ئێران خراوەتە بەر باس و شرۆڤە و ئانالیزیان لەسەر كراوە و ئاماژە بەوە كراوە دەوڵەتی پزیشكیان هەندێ هەنگاوی تاكتیكی گرتووەتەبەر كە هیچیان وەڵامدەرەی داخوازیە رەواكانی پێكهاتە نەتەوەیی – چاندی – رەگەزیەكان نییە و زیاتر وەك پڕوپاگەندەیەكی چەواشەكارانە و فریودەرانە لە خزمەتی سیاسەتی ناوەندپارێزی و ناوەندگەرایی رژێم بەكاری دەهێنێت و پەیڕەوكردنی ئەم جۆرە لە سیاسەت كردن لە درێژخایەندا كێشە ناوخۆیەكانی ئێران قوڵتر دەكاتەوە.
هەروەها تیشك خراوەتە سەر كلتوری فرەڕەنگی كۆمەڵگەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەوەش وەك دەرەتانێك بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیستەم هەڵسەنگێندراوە و بە ئاماژەدان بە كلتوری هاوبەشی گەلان لە ئێران و ماتەوزەی كەڵەكەبووی كۆمەڵایەتی دەتوانرێت سودی لێ وەربگیردرێت و لە چوارچێوەی پێكەوەژیانی ئازادانە و دیموكراتیانە ئەو ماتەوزەیە بەگەڕبخرێت.
لە بەشێكی تری گۆڤارەكەدا ئاماژە بە زەخت و گوشارەكانی سەر كۆمەڵگە و بەتایبەتی لە سەروبەندی هاتنی سەری ساڵی كوردی 2725 و جەژنی نەورۆز؛ گرتن و دەستەسەركردنی چالاكوانانی مەدەنی و ژنان و گەنجان زۆر زیادی كردووە، كەچی كۆمەڵگە و بەتایبەتی گەلی كورد و گەلانی ئێران ئەو بەربەستانەی رژێمیان تێپەڕاندووە و وەك كلتور و چاندێكی هەزاران ساڵە مەراسیمەكانی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵیان بە بەرخۆدانێكی بەشكۆ و شەكاندنەوەی ئاڵای بەرخۆدان و ئازادی و ئیلهام وەرگرتن لەو هەنگاوەی رێبەر ئاپۆ كە لەسەر ناوی ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك هەڵیهێناوە، بەرز و پیرۆزیان راگرت و نیشانیان دا كە گەلی كورد، گەلێكی زیندووە و پەیوەستە بە چاند و كلتوری هەزاران ساڵەی خۆیەوە و وەك مێژووە پڕ لە شانازیەكەی نیشانیدا كە گەلێكی ئاشتی خوازن و دەیەوێت بەتایبەتمەندیە چاند – كلتوریەكانی خۆییەوە لەگەڵ گەلانی نێو ئێران و هەرێمەكە بە ئازادانە بژی.
هاوكات، رێبەر ئاپۆ و لەدایكبون و بیر و هزر و پارادایمی ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك لە چوارەمین قۆناخی لەدایكبونی رێبەر ئاپۆ وەك شا كلیدی چارەسەری پرسەكان و بەتایبەتی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزەكردنی هەرێمەكە و ئێران تیشكی خراوەتە سەر…
گۆڤاری ئاڵتەرناتیو ئەم ژمارەیەی خۆی پێشكەشی هەڤاڵ و هاوڕێبازی شەهیدمان هەڤاڵ عبدالرحمان حاجی ئەحمەدی و گەلە بەرخۆدێرەكەمان كە بە گیانبازانە نەورۆزی بە شكۆی 2725ی كوردیان بەرز راگرت و لەهەمانكاتدا پێشكەش بە دایكان و ئەو ژنانەی لە چالاكیەكانی 8ی ئاداری ئەمساڵدا دەستبەسەر كراون دەکات.
خوێنەرانی هێژا و خۆشەویست دەتوانن بۆ وەرگرتنی فایلی نوێی ژمارەی 53 گۆڤاری ئاڵتەرناتیو سەردانی ماڵپەڕی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان “پەژاك” PJAK.NET بكەن.