لێدوانی فەرماندەیی (یەرەکە) بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی

بۆ رای گشتی و وڵاتپارێزانی کوردستان

لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕێکی قورس و هەمەلایەنە لە گۆڕێ دایە، کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و لێزانینی کەسایەتیێک وەک هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی کە زیاتر لە نیوسەدەی ژیانی پڕ بەنرخی خۆی تەرخانی شۆڕشی ئازادی کوردستان کردبوو، بێ گومان لە هاوکێشە سیاسی و دیپلۆماتیکەکاندا قورساییێکی تایبەتی بۆمان دەڕەخساند. بەڵام زۆر بەداخەوە تێکۆشەر، شۆڕشگێڕ، سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەری هێژا و دڵسۆزی گەلەکەمان هەڤاڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی لە رێگای شۆڕشی ئازادی و دێموکراتیکی کوردستاندا لە ڕێکەوتی18/03//2025 کۆچی دوایی کرد.

سەرەتا سەرەخۆشیمان ئاراستەی رێبەر ئاپۆ و هەموو گەلەکەمان بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو هەڤاڵانمان دەکەین. بەڵێن دەدەین هەتا وەدیهاتنی خەیاڵ و ئامانجەکانی بۆ کوردستانێکی ئازاد و دێموکراتیک تێکۆشانمان بەردەوام بکەین.

هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی بە درێژایی تەمەنی خەباتی بێ وچان و بێ راوەستان لە رێگای ئازادی کوردستان دا بەرێوەبرد و بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە هەرە ناسراوەکانی رۆژهەڵات و کوردستان بە گشتی. ئەو کەسایەتیەی کە لە کاتی دەسەڵاتداری شای ئێران دەستی بە تێکۆشان کرد و بەشداری ناو ریزەکانی تێکۆشانی شکۆمەندانەی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بەردەوام بوو. دوای ئەوەی کە تەڤگەری ئاپۆیی ناسی هەتا ئەمرۆ وەک شۆڕشگێڕی تامەزرۆی ئازادی لە بەرەی هەرە پێشەوەی سەنگەری ئازادی و دێموکراسی کوردستان دا پێشەنگانە خەباتی بەرێوە برد و بوو بە نموونەی تێکۆشەری و گیانفەدایی بوون.

ئێمە وەکوو یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی بونیادنانی (ی رک)وە هەتا ئەمڕۆ بە رێنمایی هەڤاڵ حاجی توانیمان گەلێک دەسکەوتی بە نرخ بەدەست بخەین. بە تایبەت ئەزموون و لێهاتوویی و ناسینی رۆژهەڵات لە هەر هەڵ و مەرجێکدا بۆ هەموو هەڤاڵانمان سەرچاوەی هێز و مۆرال بوو.

بۆ بەرز راگرتنی یادەوەریەکانی شۆڕشگێری بێ وێنەی کوردستان، هەتا بەدیهاتنی خەیاڵ و ئامانجی هەڤاڵ حاجی پەرە بە تێکۆشانمان دەدەین و جارێکی تر پەیمانمان لە گەڵ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و دێموکراسی کوردستان دووپات دەکەینەوە.

یادی هەر بەرز بێت و رۆحی شاد

شەهید نامرن.

١٩.٠٣.٢٠٢٥

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە)