بێستون موختاری
سەرکەوتنی شەڕڤانانی ئۆستورەیی وڵاتی میزۆپۆتامیا لە چیا سەربەرزەکانی زاگرۆس-تۆرۆس لە بەرامبەر داگیرکەرانی دەوڵەتگەرای ئاشوری و ڕێکخستنی کۆمۆنەکانی گەلان، بە فەلسەفەی ئاگر و ڕوناکی، ڕۆژێکی نوێی خولقاند بە نێوی نەورۆز. ئەوە بوو بە هۆکارێک کە لەو سەردەمە تا ڕۆژی ئێستا بە ڕێگا و ڕێبازی “ئایینی مێهر”، گەلی ئازادیخواز، لە دوای سەرکەوتنەکانیان ئاگر دابگرسێنن و جەژن بەڕێوه ببەن.
گەرمای ئاگر، دڵەکان گەرم دەکات، چونکە برێسکەی ئاگر بەرەو ژوور ئەچێت، واتای ژین و ژیان و جۆش و خرۆش لەناو مرۆڤدا زیندوو دەکات. بۆیە ئاگر نمادی پاکییە و تەواوی پیسییەکان لەناو دەبات و دەیسوتێنێت. هاوکات لەگەڵ ئاگری نەورۆز، ئاگری ناوخۆی مرۆڤەکانیش گوڕ ئەگرێت و ڕۆحی مرۆڤ ڕوون دەبێتەوە. نەورۆز بوو بە هێزێک کە شاخە وشکەکانی دار و ژینگە لەناو ببات و نەونەمامەکان ببن بە کراسێکی نوێ بۆ کاڵبەدی هەبوون و سەمفوونی گوڕانی ژینگە، هاوکات لەگەڵ گۆڕانی مرۆڤ و بەرخۆدان، لەنێو گەرمای ئاگر ساز بکرێت.
لە مێژووی نەورۆزدا ئەم وشە تەنیا واژەیەک بۆ نووسین یان کاتی هەڵپەرکێ و سەیران نەبووە، بەڵکوو نیشاندەری سەرکەوتن، یەکێتی و یەکگرتنی گەلانە لە تێکۆشان دژ بە داگیرکەری و زەخت و گوشار. نەورۆز شوڕش و تێکۆشانێکی دیرۆکی و لێوانلێوە لە دژایەتی دەوڵەت و ماشێنی بێڕەحمی داگیرکەرانی ئاشۆوری و یەکێتیەكە کە بە دەسپێشخەری ماددەکان و هاوڕا بوونی گەلەکانیتر پێشکەوت و بوو بە هۆی سەرکەوتنی مەزن لە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا. فەلسەفەی نەورۆز بۆ گەلی کورد، بەرخۆدان، ڕوناکی و ئازادیخوازیییە، چونکە هەر لە سەرەتاوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ نەورۆز وەکوو یەکەم ڕۆژی ساڵ و سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی سرووشت و دابارین لە ئاسمانەوە بۆ زەوی و هاوکات سەرکەوتنی ژێردەستان بە پێشەنگایەتی کاوەی ئاسنگەر بەسەر ستەمی زوحاکە خوێنمژەکاندا ئەم رۆژەیان بە هەڵکردنی ئاگر و ئاهەنگی تایبەت پیرۆز کردووە. ئەم جەژنە هەر لە سەردەمی مادەکانەوە تا بە ئەمڕۆ وەک جەژنێکی تایبەتی کوردان پشت بە پشت تا ئەمڕۆ هاتووە. لەگەڵ هاتنی ئەم ڕۆژە و دەسپێکی وەرزی بەهار بهفری چیا و پێدەشتان دهتوێنهوه، خونچه دهپشکوێ، سروشت دهڕازێتهوه و هیوا له دڵی مرۆڤەکاندا گهشه دهکا. به هاتنی نهورۆز پێویستە ئێمەش بە کاریگەری سروشت خهم و خهفهت و ناخۆشییهکانی ساڵانی پێشوو بسڕینهوه و بەرگی کەسک و سووری شادی و خۆشی بەدڵماندا بپۆشین و بۆ گهیشتن به داهاتوویهکی ڕووناک گهشبین ببین.
نەتەوەی کورد و نهورۆز ئاوهڵدووانهن، گەلی کورد هیوای بە داهاتوو گەشتر دەبێ ئاسۆی ڕوانینی فراوانتر دەبێتەوە. نهورۆز نیشانهی پێوهند و ههستی هاوبهشیی نهتهوهی ئێمهیه. ئەم پێوەند و هەستە به نێو ههزاران ڕووداوی مێژووییدا تێپهڕیوه و ڕێگەیەکی پڕ لە کەند و لەندی بڕیوە و گهیشتۆته ئەمڕۆ و بۆته لاپهڕهیهکی پرشنگدار له کولتووری نهتهوایهتییمان. ئەمڕۆژە لەلایەن چەندین نەتەوە لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو گەلی کورد، فارس، تاجیک، ئەفغان، بەلوچ و ئازەرییەکان بە هەڵکردنی ئاگر و ڕێوڕەسمی جۆراجۆری تایبەت بە خۆیان وەکوو جەژنێک پیرۆز دەکرێت. لەم سەدساڵەی دوواییدا لەنێو کوردان نەورۆز تەنها وەکوو بۆنەیەک پیرۆز دەکرا و تاکوو دەچوو هێماکەی کە لەسەر بەرخۆدانی و ژیانەوەی ڕۆحی کاوە ئاسا کە بەرەنگاری داگیرکەران و ستەمکارانی کوردستان ببێتەوە لە نەورۆزدا کەم ڕەنگ دەبووەوە. هەر بۆیە گەلی فارس بە تایبەتی و گەلانی دیکەش نەورۆزیان وەکوو جەژنێکی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیان ناو لێدەکرد و لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتیدا هەوڵیانداوە کە وەکوو ڕێوڕەسمێکی نەتەوەیی بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن. بەڵام دوای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” نەورۆز بۆ کوردان لە بۆنەیەکی نەتەوەییەوە گۆڕدرا بۆ جەژنی بەرخۆدان و ڕاپەڕین، وایلێهات لە کوردستان بە ملیۆنان کورد لە یەک گۆڕەپان کۆببنەوە و لەجیهاندا دەنگبداتەوە. پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بە بەشداری ملیۆنیی کوردان، وایکرد کە هەوڵ و بانگەشەی وڵاتان و گەلانی دیکە بۆئەوەی نەورۆز بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن کاڵ بووەوە و زۆرتر توانرا ڕای جیهان و نێودەوڵەتی بۆ ئەم جەژنە بەشكۆیەی گەلی کورد ڕابکێشێت و دوابەدوای ئەمە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەست و چوارەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لە ١٠ی مانگی پێنجی ٢٠١٠، جەژنی نەورۆزی وەکوو جەژنێکی فەرمی لە جیهاندا ناسی و لە بەندی ٤٩ی کارەکانیدا جەژنی نەورۆزی وەکوو جەژنی گەلی کورد و چەند نەتەوەیەکی دیکە ناسیوە.
لە ڕۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٨٢دا یەکێک لە دامەزرێنەران و کادیرە پێشەنگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە باکووری کوردستان بە ناوی مەزڵووم دۆغان لە زیندانی ئامەد، بەرامبەر بە ئەوەی کە ڕێگەی پێ نەدرا ئاگری نەورۆز بكاتەوە.
بۆ ئەوەی ئاگری سەرکەوتنی کوردان نەکوژێتەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و شەهید بوو، لە دوای ئەم ڕووداوە نازناوی”کاوەی سەردەمی” پێبەخشرا. لەسەر هەمان ڕێباز ساڵی ١٩٩٨یش کادرێکی دیکەی پەکەکە بە ناوی سەما یوجە لە ڕۆژی نەورۆزدا لە دژی ستەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئاگربەردان لە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی لە ناو زیندانەکانی تورکیا گەشاندەوە و شەهید بوو.
نەورۆزی ڕاپەڕین، بەرخۆدان و پیرۆزکردنی ئەم جەژنە بە شێوەی جەماوەری تەنها بە باکووری کوردستانەوە سنووردار نەما و بە خێراییەکی زۆر لە پارچەکانی دیکەش بە ئیلهام وەرگرتن لە شکۆی نەورۆزی ئامەد لە لایەن کوردانەوە پیرۆز دەکرێت. لە پاش نەورۆزی ئامەد بە شێوەیەکی جەماوەری و بە بەشداری سەدان هەزار کەس هەموو ساڵێک لە قەندیل لە باشووری کوردستان نەورۆز بە شکۆ پیرۆز دەکرێت. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە دوای شۆڕشی ئاپۆئیستی ڕۆژئاواوە بە شێوەی جەماوەری لە شارەکانی ڕۆژئاوا بە ئاهەنگی تایبەت ئەم بۆنە پیرۆز دەکرێت. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە ئیلهام وەرگرتن لە نەورۆزی ئامەد و قەندیل لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی جەماوەری و ناوەندی لە شارەکانی کرماشان، سنە، ناوچەی داڵاهۆ، لەکستان، مەریوان، سەردەشت، بانە، ئیلام، ئورمیە، هەورامان و چەند شوێنکی دیکە پیرۆزکردنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
پێویستە ئەمساڵیش گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز لە نەورۆزدا داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەرئاپــــۆ و خۆبوونی خۆی لە سەرجەم کۆڵان و شەقامەکاندا بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان نیشان بدات. ئەبێ گەلانی وڵاتپارێز بە جۆش و خرۆشێک کە لە پەیامە تازەکان و پڕ لە هێزەکانی ڕێبەر ئاپـــــۆ دەگرن بە ڕۆحێک ئاشتی و دێمۆکراسی کە ڕێبەرەکەیان دەخوازێت و بە گوتنەوەی بژی ڕێبەر ئاپــــۆ، برژێنە سەر شەقامەکان و نەورۆز لە ساڵانی ڕابردوو، بەشکۆتر پیرۆز بکەن؛ چونکە بە هەڵگیرسانی ئاگری نەورۆزەوە، ئاگری ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی دڵی گەلانی ئازادیخوازیش سەرلەنوێ هەڵدەگیرسێت و گەش دەبێت.
لە دوایی وتارەکەیش وێرای پیرۆزبایی نەورۆزی ۲۷۲٥ لە ڕێبەر ئاپــــۆ، هەموو گەلانی ئازادیخواز و گەلانێک کە نەورۆز جەژن دەگرن، بەتایبەت گەلی کورد لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، لە گەریلاکانی سەرچیا ئازادەکانی وڵات، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و مرۆڤایەتی، لە هەموو مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز، خۆڕاگر، ئاشتیخواز، شکۆدار و بەرەنگار پیرۆزبایی ئەکەین و ئەڵێین:
نەورۆزی ئەمساڵی کوردان نەورۆزی ئازادی، ئاشتی و بەرخۆدانە و مەشغەڵی ئازادی بەرز و گەش دەمانبات بەرەو یەکگرتنی گەلان.