ئامەد شاهۆ

بە نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار جارێکی دیکە نەمام و گوڵ و گوڵزارەکان خونچەی تازەیان دەرکرد. دار و دارستانەکان سەمای ئازادی دەگێڕن. مرۆڤەکان چۆپی ئاشتی و پێكەوەیی دەشەکێننەوە. باڵندەکانیش بە دەنگ و رەنگێکی دڵڕفێن چریکەی ئازادی دەچڕن. چڕینێک کە خونچەی ئازادی لەناو جیهانی تاریکی دەردەکات. ئەو چڕینە خونچەی ناو گاشەبەردەکانی نیشتمان کە بێ ئاو، بێ خاک و هەوا کرا بوو، دەمکراوەی دەکات. خونچەی ژاکاوە و سیساوە دەگەشێنێتەوە. هیوای رواندنەوە و چرۆکردنەوەی پێدەبەخشێت؛ بەڵام ئەمجارەیان خونچەی دەمکراوەی نیشتمان زووتر لەجاران بەرگی بێ شەرمی دەقرتێنێت. زیهنیەتە بەستەڵەک کراو و چەقبەستووەکان دەتوێنێتەوە. داری بێ بەرهەم چرۆدار دەکات. هەوری نەزۆک بارانی دەکات. جادەی چۆڵ و بێ ئامانج ئاوەدان دەکات. بێ هیوا و بێ ئامانجەکان، هیوادار و ئامانجدار دەکات. چەک و چۆڵەکان بە فەلسەفەی ئاشتی بێ دەنگ دەکات. زمانی کاوەکانی هاوچەرخ جێگرەوەی زوحاکەکانی سەردەم دەکات. زمانی ئاشتی بە سەر زمانی شەڕ و توندوتیژی سەروەر دەکات.

لەو پێناوەدا لەناو کۆت و بەند و قەفەسی ئاسنین مانیفستۆیەک چرۆ دەردەکات. بە مانیفستۆی سەدە بە ناودەنگ دەبێت. ناوبانگییەک کە خەرمانێک لەئاسۆ بەرهەم دێنێت. ئەو ئاسۆیەش ئاڵای سوور، زەرد و سەوز لەسەر هەر گاشەبەردێک و بەر دەرکی هەر ماڵێک دەشەکێنێتەوە و دەبێتە چەخماخەی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز. ئاسۆی ئاشتی، مەڵبەندی نیشتمان بە سفرەی بەهاری نەورۆز دەخەمڵێنێت. چرۆکانی نیشتمان دەمکراوە دەکات و باخچەی نیشتمان خونچە باران دەکات. ئەوەش کەشێکی وا دەخوڵقێنێت کە لەمنداڵێکەوە بگرە تا بە ساڵاچوویەک پەیوەستی باخچەی رازاوەی نەورۆز ببێت. ئاگری نەورۆز و رازانەوەی جەژن و شایی نەورۆز بە رۆحیە و رێچکەی مەزڵوومەکان، زەکیەکان و رەخشانەکان هەڵدەکات. واتە نەورۆزێک درێژەی دەبێت کە دابڕاو لەفەلسەفەی کاوەکانی هاوچەرخ، واتە ئەو ئەستێرە درەوشاوانەی ئاسمانی ئاوی کوردستان نابێت.

لەسەروبەندی پیرۆزباییەکانی نەورۆز ئاشتی و دیموکراسی لەژێر سایەی جەنگاوەرانی ئازادی، جارێکی دیکە لەسەر زێدی خۆی خونچە دەکات. بە بارانی رەحمەت و پڕبەرەکەت ورشەدار دەبێت. ئەو بانگەوازییە روخساری نەورۆز بریسکەدار دەکات. خونچەی ئاشتی و ئازادی لەنەورۆز دەردەکات. ئەوەش ئەو خونچەیە کە بۆنی بەهاری ئازادی لێدەبارێت. بۆنێک کە تاک و کۆمەڵگەی مەست و شەیدای جوانی و ئاوازە ناودارەکەی خۆی کردووە. لەناخی هۆگرانی خۆیدا تامەزرۆییەکی بێ کۆتای هەڵقرچاندووە. هۆگرانی گیرۆدەی پەرێشانی و دێوانەی جوانیە دڵڕفێنیەکانی خۆی کردووە. بۆیە هەر کەس بە رازاندنەوەیەکی بێ وێنەی بەهاری، شەیدابوون و ئاشقی خۆی دیاری نەورۆز و نەورۆزانەکەی ئەمساڵی دەکات. بۆ پێشوازی و گەرەنتی سەرکەوتن هاوشێوەی نەورۆز جل و بەرگی بووکێنی ئازادی دەپۆشن. بەو رێبازە لەپێناو بە یەکگەیشتنەوەیەکی دیکە و دەستپێکردنەوەی ساڵێک و ژیانێکی نوێ و ئاشتییەکی ماییندە شادی دەگێڕن.

هەڵبەت خونچەیەک کە هیوای ژاکاوەیی و دامرکاندنی لەرووباری ژیان و خۆری وڵات بێ بەری کرابوو، بە بانگەوازی ئاشتی درەوشایەوە. واتە ئاشتی بووە ئەو کوانوویەی کە ئاگری نەورۆزی بڵێسەدارتر کرد. جۆش و خرۆشی ئازادی پڕ شەپۆل کرد. خونچەی نەورۆزی نە هەر ساڵ، هەر مانگ، بەڵکو هەر رۆژ، هەر کاتژمێر و خولەکێک خۆی نوێ دەکاتەوە. بۆیە گول و گوڵزار و نەمامەکانی وڵات ئەمجارەش لە چاوەڕوانی دەرکەوتنی هەتاوی ئازادی بوون. هەتاوێک کە لەپشت هەورە ڕەش و مێڵەئاسنینەکانەوە خۆی کڕومات داوە، تا شنەبای ئازادی لە لێوار و داوێنی چیا سەرکەشەکانەوە گوڕاندنی بەرز دەبێتەوە. ئەو گرماندنەش روخساری ناحەز، تاریک و تنووک و بوومەلێڵی زوڵم و زۆری وەلاوە دەنێت و روخساری جوان،گەرم و گوڕی تیشکی خۆری ئازادی بە نمایش دەدات. نمایش و دەرکەوتن لەناو بەرگێک مایەی جوانی و هیوابەخشییە. خونچەدەرکردنی هزری ئازادی و ئاشتییە.

لەدەرکەوتنی وێنە و دیمەنێکی زەندەقیان چووە

دوای ١٣ ساڵ وێنەیەک بە واژۆی ئاشتی بەرەو مەڵبەندی هەڵۆ بەرزەفڕەکان باڵدەگرێت. وێنە و بانگەوازییەک کە بووە نەورۆزانەی هۆگرانی. هەڵبەت ئەو وێنەیە لە ئاوێنەی زەینەکاندا وەک هیوای بەهاری لەناو قاپێکی رەنگین درەوشایەوە. ئەو قاپەش بووە گڵۆپی رووناککەرەوەی زەین، هەست و رۆحی مرۆڤەکان. بووە کانگەی بەخشینەوەی وزە و هیوای ژیانەوە. بووە ئاوێنەی حەقیقەتێک کە روخسار و هیوا ون بووەکانی تێدا دۆزرایەوە. بووە رۆنکایی پەیوەستبوون بە پیرۆزباییەکانی نەورۆز. ئەو بانگ و وێنەیە رەمزی تابلۆی ئاشتییە کە لەسەر گاشەبەردەکانی ئیمڕاڵی هەڵکەندرابوو و بۆ خاوەندارێتی لەم هونەرە، لەهەر گۆشەیەکی ئەم سەرزەوینە نەخشی ئاشتی لەسەر هەڵدەکەندرێت. هەڵبەت جوانترین نیگارکێشانی ئەم وڵاتە ئاهەنگی نەورۆز بە نەخش و نیگاری ئاشتی و دیموکراسی دەڕازێننەوە و بە دروشمی بەرخۆدان و ئازادی دەیخەمڵێننەوە.

لەدوورگەیەکی دوورەوە بە بانگەوازییەک، نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی، بە بەرگی ئاشتی دەڕازێتەوە. بەو بانگەوازییە نەورۆز و ئاشتی دەبنە دووانەیەک کە ئاگری ئازادی گەشاوە دەکەن. واتە رووناکی و وزە و هیوا بە جەستەی نیشتمان دەبەخشن. فەریادی ئاشتی رۆژی نوێ و کۆمەڵگەی نوێ بە بەرگی دیموکراسی دەپۆشن. ئەوەش لووتکەی جوانی و خەمڵاندنی بیرۆکەی نەورۆزە. واتە بانگێکە کە نەورۆز دەکاتە نەورۆزی سەدە. نەورۆزی ژیانەوە. نەورۆزی ئازادی. نەورۆزی برایەتی و خوشکایەتی گەلان. نەورۆزی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد. نەورۆزی ژن ژیان ئازادی و نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

لەسەروبەندی نەورۆزی بەرخۆدان و ئازادی، روخسارێک لەو دیوی ژیانەوە گەشایەوە کە مزگێنی دەری نەورۆزی ژیانەوە و ئاشتییە. واتا نەورۆزێک کە هەست و ویژدانە شەختەکراوەکان دەتوێنێتەوە. مێشکە بەستەڵەک کراوەکان تێکدەشکێنێت و رووباری ئاشتی ئاراستەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات. ئەم نەورۆزە وێنەی سەنگینی، جوانی و گرانی مرۆڤێکی بە خۆیەوە دی کە جوانی نەورۆزی جوانتر و رازاوەتر کرد. هەڵبەت وێنەیەک کە بە دەیان وێنە و نەخش و نیگاری دیکەی جوانی لەسەکۆی نەورۆز دەشەکێنێتەوە. ژیانی ئازاد لەداوێنی زنجیرە چیای زاگرۆس پڕ بایەخ و رازاوەتر کرد. بە پیت و وشە زێڕینەکانی جادەی ئازادی رووناک و پڕرێبوارتر دەکات. سفرەی نەورۆزی بە بەرهەم و دەستکەوتی سەردەم رەنگاڵەتر و شادمانتر دەکات. لەهەمانکاتدا رێگری لەنکوڵی کردنی راستینەی کورد و قەدەغەکردنی ئازادی و هزر و رامان کرد.

لەم قۆناخەدا نەورۆز بۆ گەلی کورد و گەلانی نەورۆزی بە واتای مزگێنی نوێ، رۆژی نوێ، هزر، فەلسەفە و ئیستراتیژی نوێی ژیان و تێکۆشانە. بە واتای یەکڕیزی، پێکەوە ژیان، رابوون و هەستانەوەیە. چون نەورۆز هەڵگری پەیام و فەلسەفەی ژیانی نوێ و خۆڕاگری سەردەمیانەیە. واتە کاوەکانی هاوچەرخ لەبەرەبەری نەورۆزدا بانگەوازی ژیان و ئیستراتیژییەکی نوێی تێکۆشانیان کرد. جوانترین واتا و مانای پڕ بە پێستی نەورۆزیان بە دیاری هێنا. ئەمجارەیان کراسی بووکێنی ئازادی لەئیمڕاڵییەوە دیاری نەورۆز کرا. خەڵاتێک کە لەپێناو پاراستنیدا گەلێک قوربانی بۆ دراوە. زیاتر لەنیو سەدە تێکۆشانی بۆ کراوە. دان بە خۆداگرتنی زیاتر لە ٢٦ ساڵ زیندانی تاکەکەسی بۆ دراوە. ئەو هزر و فەلسەفەیە، رۆحیە و خۆڕاگرییە خەڵاتی ئاشتی، شاباشی نەورۆز و هۆگرانی نەورۆز کرد. دیاری گەلی کورد و گەلانی ئازارچێشتوو و زوڵم لێکراو و گەلانی نەورۆز کرد. بەو دیارییە راپەڕینێک لەدژی زوحاکەکانی هاوچەرخ بەرپا بوو. بە راپەڕینی بەرخۆدان و ئازادی ناوی دەرکرد. بەو راپەڕینەی مێشکی ئەو زوحاکەی کە رۆژانە گەنجانی کورد و رۆڵەکانی ئەم سەرزەوینەی بە کوشتدا دەدات، بە چەکی ئاشتی لەیەک جیا دەکاتەوە.

واتا خەبات و تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی لەزەمینەی توندوتییژییەوە بۆ زەمینی سیاسی و یاسایی دەگۆڕێت. بۆیە بە هاتنی نەورۆز، رۆژێکی نوێ و سەردەمێکی نوێی تێکۆشانی سیاسی و حقوقی گەلانی نەورۆز بەرەو لووتکەی ئاشتی دەستپێدەکات. نەورۆز چەخماخەی هەڵکردن و ئەرێ کردنی ئەم ماراتۆنە نوێیەی تێکۆشانە. واتە لێرەدا ئەرکی هەر کورد و تاکێکی ئەم نیشتمانەیە کە بەشداری لەگەشانەوەی ئاهەنگی نەورۆز بکات. بەو بەشدارییە خاوەندارێتی لەشووناس و هەبوون و ئازادیەکانی خۆی دەکات. چون نەورۆز گۆڕەپانی ئازادی کوردانە. بۆیە خاوەندارێتی لەو گۆڕەپانە ئەرکێکی ویژدانی، ئەخلاقی و مرۆییە.

بەو شێوەیە نەورۆزی ئەمساڵ دەکرێتە سەکۆی ئاشتی و دیموکراسی. سەکۆی گەلی کورد و پەکەکە و رێبەر ئاپۆ. سەکۆی شەهیدان و گەلانی ئازارچێشتوو. سەکۆی گیراوانی سیاسی. تایبەت سەکۆی پەخشان، وریشە، زەینەب و شەریفەکانە. سەکۆیەکە کە پێکەوە ژیانی گەلانی تێدا پتەو، قایم و تاجدار دەکرێت. سەکۆیەکە کە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی تێدا دەدرەوشێتەوە. سەکۆیەکە کە پەیمانی کەرامەت، شەرەف، جوامێری و ئازادی تێدا دەبەسترێت. بەڵێنی یەکبوون لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی شۆرشی تێدا دووپات دەکرێتەوە. سەکۆی ئاوێتەبوون لەگەڵ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.

لە ٩ی رەشەممە ـ ٢٧ی شوباتەوە گەلی کورد لەهەر گۆشەیەکی جیهان و تایبەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو هزرەوە ژیان دەکات کە پەیامی نەورۆز بە شوێنی مەبەست بگەیەنێت. چون نەورۆز گۆڕەپانی پشتیوانی و خاوەندارێتی لە بانگەوازی بەرخۆدان و ئاشتییە. بۆیە گەلی کورد لەهەر جێگەیەکدا ئاوێتەی بانگەوازییەک دەبێت کە نەورۆزی گەشاوە دەکات. واتە بە درووشم و فەلسەفەی ئاشتیانە لەهەر جێگەیەکدا مەراسیم و بۆنەکانی نەورۆز بەرز و پیرۆز رادەگرێت و ئاگری سەرکەوتن گەشاوە دەکات.

مەیدانی نەورۆز، مەیدانی شکۆ و نەبەزی ئەو کەسانەیە کە بە فەلسەفەی بەرخۆدان ژیانە، گڵۆپی ئاشتی رووناک دەکەن و بە بڕوا و باوەڕی و زەینی کراوەیان دەرگای دیموکراسی بەرەو کۆمەڵگە ئاوەڵا دەکەن. بەو کرانەوەش سەردەمی ژیانی ئازاد و قۆناخی ئاشتی لەئامێز دەگرن. واتە نەورۆز بە واتەی پڕبە پێستی خۆی جارێکی دیکە دەڕازێنرێتەوە. بە فەلسەفەی ژیانی ئازاد تاجدار دەکرێت. بە بانگەوازی ئاشتی پەیمانی پێکەوە ژیانی گەلانی تێدا قایمتر و بەفراوانتر دەکرێت. فەلسەفەی ئاشتی و دیموکراسی رەنگاڵەتر دەبن. واتە هیچ لەرەنگ و بۆی نەورۆز کرچ و کاڵ نابێتەوە. هیچ لەرێگەی پڕرێبواری شۆڕش، ناڕوون و دانامرکێت. بەڵکو بریقە و تیشکی ئەو بانگەوازییە، مەشغەڵی ئاگری نەورۆز گەشاوەتر دەکات و زیاتر لەجاران رەنگ و بۆنی نەتەوەیی، ویست و داخوازی ئازادی و پرۆژەی چارەسەری و لێدانی شەپۆلی خەبات و تێکۆشان لەپێناو بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک گەرم و گوڕتر و بەهێزتر دەبێت.