لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن ئەحمەد تورکەوە بە زمانی کوردی خوێندرایەوە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پەیوەندیە مێژووییەی کە ئەمڕۆ شکاوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، هەرچەندە باوەڕیشمان پشتگوێ نەخەین، دەبێت سەرلەنوێ دەست بە ڕێکخستن بکەین، دەشڵێت: ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، بەڕێکخستنبوونی دیموکراسیی، دامەزراندنی کۆمەڵگایی-ئابووریی و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگا و گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراتیک بەدی دێت.
ئەمڕۆ، لە هۆتێل Elite Worldـی شاری ئەستەنبوول، پەیامی سەدەی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆ (ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان) لەلایەن ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کورد خوێندرایەوە و دەقەکەی بەمشێوازەیە:
“بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
پەکەکە؛ لە سەدەی بیستەمدا، لە تووندترین سەدەی مێژوودا دامەزرا، ئەو زەمینەیەی کە پەکەکە تێیدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانیی بوو، سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنرا و سەردەمی جەنگی سارد بوو لە جیهاندا، لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کورد، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەت قەدەغەکردنی ئازادیی فکری لە ئارادا بوو.
لە ڕووی تیۆریی، بەرنامە، ستراتیژ و تاکتیکەوە، کاریگەری ڕاستینەی سیستەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراوی سەدەکە لەسەر ئەم دەرکەوتنە درووست بووە. لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا، بەهۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکاندنی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و پێشکەوتنی ئازادیی فکریی، بووە هۆی ئەوەی کە پەکەکە لە واتای خۆی ببورێت و خۆی زۆر دووبارە بکاتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەویش وەکو ئەوانی دیکە گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە.
پەیوەندی کورد و تورک؛ لە مێژوویدا زیاتر لە هەزار ساڵە، تورک و کورد بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە هەبوونی خۆیان بدەن و لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە بە پێویستیان زانیوە، کە بە دڵخوازیی بە هاوپەیمانیی بمێننەوە.
لە دوو سەدەی کۆتایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، شکاندنی ئەم هاوپەیمانییەی کردووەتە ئامانجی خۆی، ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەرە، لەگەڵ بنەما چینایەتییەکانیان، خزمەتی ئەم ئامانجەیان بە بنەما گرتووە، ئەم پڕۆسەیە بە پێناسەکردنی یەکڕەنگیی کۆمار خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو پەیوەندیە مێژووییە کە ئەمڕۆ شکاوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتیی و پشتگوێنەخستنی متمانە، سەرلەنوێ دەست بە ڕێکخستن بکەین.
پێویستیی کۆمەڵگای دیموکراتیک دەستلێبەرنەدراوە، پەکەکە لە مێژووی کۆماردا درێژترین و بەرفراوانترین تەڤگەری سەرهەڵدان و توندوتیژییە. لەبەر ئەوەی کە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو، پشتگیری بەدەستهێنا.
دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆنەکان، خۆبەڕێوەبەری ئیداریی، ڕێبازە کەلتوورییەکان، بوون بە دەرئەنجامی نەتەوەپەرستییەکی توند، ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژوویی.
ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، بەڕێکخستنبوونی دیموکراسیی، دامەزراندنی کۆمەڵگای-ئابووریی و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگا و گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراتیک بەدی دێت.
١٠٠ ساڵی دووەمی کۆمار، تەنها کاتێک بە دیموکراسیی ڕەنگڕێژ دەبێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی یەکگرتوویی و مانەوە و بەردەوامییەکی مسۆگەر، لە دیموکراسیی بترازێت هێچ ڕێگایەکی بەرەوپێشچوون و دامەزراندنی سیستەم نییە و بەدی نایەت، هەماهەنگی دیموکراسیی ڕێبازیی بنچینەییە.
پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکیش، بەگوێرەی ئەم ڕاستییانە پێشبخرێت.
ئەو بانگەوازییەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی و ئەو ئیرادەیەی کە سەرۆککۆمار نیشانی دا، نزیکبوونەوە و پەیوەندی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم قۆناغەی هێنایە بەرهەم، منیش لەم قۆناغەدا داوای دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازییەش دەگرمە ئەستۆ.
چۆن هەر کۆمەڵگا و پارتێکی سەردەم، هەبوونی بە فشار و زۆرەملێ کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵخوازییەوە کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گرووپەکان چەک دابنێن، پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، لێرەوە سڵاو بۆ هەمووتان دەنێرم کە بڕواتان بە ژیانی هاوبەش هەیە و گوێ لە بانگەوازییەکەم دەگرن.
٢٥ـی شووباتی ٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجالان”
دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت.
دەسنووسی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ:



