لێدوان بۆ ڕای گشتی

وەک دەزانرێ  شەڕ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لووتکەدایە و هەم گۆڕانکارییە دەرەکیەکان و هەم گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هێناوەتە ئاستێکی مێژوویی و ئیدی بە شێوەی سەدەی ڕابردوو نە گەلانی هەرێمەکە و نە دەوڵەتە زلهێز و نە دەوڵەتە لاوازەکان ناتوانن وەک ساڵانی ڕابردوو یان تەنانەت وەک چەند مانگی لەمەوپێش بەردەوام بکەن. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە سایەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کە گوزارشت لە پێکەوە ژیانی گەلان دەکات؛ بۆ ئەوەی کە سەد ساڵی تر لە نکۆڵی و پاکتاوکاری و زوڵم و زۆری هێزە هەرێمییەکان ڕزگاریان ببێت لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دان تا ئەم جارە بتوانن بە مافی هەرە ڕەوا و ئینسانی خۆیان بگەیەن.

دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورکیا کە سەد ساڵە بێ بڕانەوە داکۆکی لەسەر بنەبڕ کردنی گەلی کورد دەکات، دەیهەوێت ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی شەڕی ناوچەکە وەکو هەل بقۆزێتەوە و پیلانی نەگریسی خۆی جێبەجێ بکات. بەڵام تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵە هەموو نەخشە و پیلانێکی ئەوانی هەڵوەشاندۆتەوە و ئیدی هاتوونەتە ئەو ئاستەی کە بە زمانی خۆیان هەرچەندە ڕووکەشی بێت دان بەوەدا بنێن کە تاقانە ڕێگای چارەسەری ئەم کێشە مێژووییە؛ ڕێبەر ئاپۆیە و برایەتی گەلانە. دەوڵەتەکەی ئەردۆغان کە هیچ بەرژەوەندییەک لە ژیانێکی ئاشتییانە بەدەست ناهێنێت بە ناچار هەم باسی ئاشتی دەکات و هەم لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان یەک هەنگاو لە کۆمەڵکوژی و زەرەر و زیان بە گەلی ئێمە پاشگەز نەبۆتەوە.

لە درێژەی پیلانە داگیرکەری و قڕکەرییەکانی دا بەردەوام گوندنشینانی ئەو هەرێمانە بە ئامانج دەگرێت تا ناچاری کۆچ کردن و بەجێهێشتنی ماڵ و سامانیان بکات. بەم شێوازە دەیهەوێت ئەو هەرێمانە بکات بە چۆڵەوانی تا بتوانێ ئەوەی کە پێی دەکرێ دوور لە چاوی هەمووان پێکی بێنێت.

ئەم دەوڵەتە داگیرکەرە بە هاوکاری هێڵی خیانەت بەردەوام ئەو شوێنانەی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لێی دەمێننەوە بە ئامانج دەگرێت. لە ڕێکەوتی ٦ی شوبات بەرامبەر لەگەڵ ١٨ی ڕێبەندانی ئەمساڵ کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆ سوپای داگیرکەری تورکیە بە فڕۆکەی شەڕکەر ٢ جار هەرێمی ئاسۆسی بۆردومان کرد. وێرای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە، رایدەگەینین کە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هیچ زەرەر و زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)

٠٧-٠٢-٢٠٢٥