لە ١٢ی مارسی ٢٠٠٤ هێزەکانی رەژیمی بەعسی سوریا لە هێرشێکی بەرفرواندا دەیان هاووڵاتی کوردیان لە شاری قامیشلو شەهید کرد. گەلی رۆژئاوای کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە خۆراگری لە بەرامبەر سیاسەتی کۆمەڵکوژی رژێمی داگیرکەری بەعسی سوریا هەیە. ئەم بەرخۆدانیە ریشەی لە باوەڕی و کولتوری نەتەوییەت و نیشتمان پەروەری گەلەکەمان لەم بەشەدا هەیە. هەر ئەم کولتورەشە کە بۆتە هۆکاری بەشداری بەرفراوانی گەلی ئەم بەشەی وڵاتەکەمان لە تێکۆشانی ئازادیخوازی هەموو بەشەکانی تری کوردستان.

گەلی رۆژئاوای کوردستان بەرخۆدانی قامیشلو، بەرخۆدانی لە تێکۆشانی ئازادیخوازی بەشەکانی تری کوردستان بە یەک ڕوانگە تەماشا کردووە و تێکەڵ بە یەکیان کردووە. کولتوری بەرخۆدانی تێکۆشان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی ئەمرۆکە لە رۆژئاوای کوردستان بۆتە هۆکاری خولقاندنی ستاتویەکی ئازاد و دیموکراتیک لە ئەم بەشە لە وڵاتەکەمان. زێهنییەتی شۆونیسمی داگیرکەر، ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلی رۆژئاوای کوردستانی بۆ تەحەمول ناکرێت و لە ئەم چوارچێوەیەدایە کە هەم رژێمی بەعسی سوریا و هەم کەسانێک لە ژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆن و هەر وەها دەوڵەتانی تری داگیرکەری کوردستان هێرشی هاوکات بۆ سەر گەل و ستاتۆی دیمۆکراتیکی ئەم بەشە بە رێوە دەبەن. گەلی رۆژئاوای کوردستان لە بەرخۆدانی لە بەرامبە ئەم هێرشانەدا نۆنەرایەتی داخوازی سەرجەم گەلی کورد بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکات و رۆڵێکی گرینگ و ئەساسی لە چارەنوس و داهاتووی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستی سەدەی ٢١ دا دەبینێت.

بە بەرز راگرتنی یاد و بیرەوەری شەهیدانی کۆمەڵکوژی ١٢ی مارسی قامیشلو پێزانینی خۆمان بۆ هەموو رەنج و تێکۆشانی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر داگیرکەری و رۆڵی بە کاریگەریان لە تێکۆشانی ئازادیخوازی هەموو بەشەکانی کوردستان دەردەبڕین، بەم پێیە وەکو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی قامیشلۆ دا پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆمان لە تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلی رۆژئاوای کوردستان و ستاتۆی دیموکراتیکی ئەم بەشە کە لە ژێر بەرێوەبەراتی دەستەی باڵا و پاراستنی یەکینەکانی پاراستنی گەل دایە، جارێکی تر ڕادەگەیەنین.

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
12.03.2013