ژمارەی 33هەمینی گۆڤاری ئاڵتەرناتیو لەساڵی چواردەیەم، خولی سێیەم ئۆرگانی فەرمی پەژاک چاپ و بڵاوكرایەوە. لەم ژمارەیەی گۆڤاری ئاڵتەرناتیودا شرۆڤە و هەڵسەنگاندن بۆ روداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ناوچەكەدا رودەدەن و بەتایبەتی دوای شەڕ و ئاگربەستی لوبنان و حەماس و گۆڕانكاریەكانی سوریا و دۆخی ئێران لەم نێوەندەدا چی بەسەردێت راوەستەی لەسەر كراوە و  باس لەوە دەكات كە؛ ئەو گۆڕانكاریانەی لەم ماوەیەدا هاتوونەتە ئاراوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێران دەبێت و ئەگەر رژێمی ئێران دەست بەگۆڕانكاریەكی ریشەیی و دیموكراتیك نەكات، ئەوا دەكەوێتە بەر شەپۆلی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و بگرە ئەو ئەزموونانەی لە سوریا و فەلەستین هاتوونەتە ئاراوە لەئێرانیش دووبارە ببنەوە.

ئاڵتەرناتیڤ هاوكات جەختی لەسەر بەرخۆدانی زیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەتی رۆڵی ژنان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كردووە و ئەو بەربەستانەی لەئەنجامی سیاسەتی داگیركەری و زۆرەملێیانەی رژێمە یەك لەدوای یەكەكان دا بەسەر رەگەزی ژندا هێناویانە و لەو پێناوەدا جەخت لەسەر بەرێكخستن بوونی تایبەتی ژنان دەكرێتەوە و باس لەوە دەكرێت كە شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنە و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبێت خاوەنداریەتی لێبكات.

گۆڤاری ئاڵتەرناتیو  ئەم ژمارەیەی خۆی پێشكەشی بەرخۆدانی زیندانیان لەزیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەتی بەرخۆدانی بێ وێنەی ژنان و خۆڕاگریان دەكات.

خوێنەرانی هێژا و خۆشەویست دەتوانن بۆ وەرگرتنی فایلی نوێی ژمارەی 33 گۆڤاری ئاڵتەرناتیو سەردانی ماڵپەڕی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان “پەژاك”  PJAK.NET بكەن.