ئامەد شاهۆ، ئەندامی مەجلێسی پژاک
سەرچاوە: گۆڤاری ئالتەرناتیڤ – ژمارەی ٣١
رژێم دەیەوێت دینامیکی سەرەکی کۆمەڵگە تەفروتونا بکات
سیاسەتی لەسێدارەدان رۆژ لەدوای رۆژ لەهەڵکشاندایە و رێژەی لەسێدارەدانەکان تا دەڕوات زیادتر دەکەن. واتا بە بەرپابوونی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» تا بە ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە لەدژی پێشەنگەکانی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» تۆختر و فراوانتر بووەتەوەو بە پێی سیاسەتەکانی رژێم دیارە زیاتریش ببێتەوە. ئەو کردەوانەش سەلمێنەری ئەوەیە کە رژێم هیچ هەوڵدانی بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەکراوەکانی ناو کۆمەڵگە نییە. رژێم بە سەپاندن و بە چڕکردنەوەی سزای لەسێدارەدان دەیەوێت چەند ئامانجی بنەڕەتی بپێکێت:
یەکەم؛ رژێم دەیەوێت دینامیکی سەرەکی کۆمەڵگە تەفروتونا بکات.
دووهەم؛ کۆمەڵگە لەناوەڕۆکی خۆی بە لاڕێدا ببات.
سێهەم؛ کۆمەڵگە تیرۆریزە بکات.
چوارەم؛ کۆمەڵگە چاوترسێن و لە کەسانی پێشەنگ، ئازا، بوێر و تێکۆشەر دابماڵێت.
پێنجەم؛ رەوایەتی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن، گەندەڵ و داڕماوی خۆی بدات و خۆی بە قارەمانی ناوبەتاڵی زیهنی مرۆڤەکان وێنا بکات.
بۆیە رژێم دەیەوێت ئەو کەس و هێزانەی کە ئەمڕۆ بوونەتە نرخ و بەهای کۆمەڵگە کە تایبەت لەپێناو زیادکردن و بونیادنانی هەبوونەکەی ناو تێکۆشاندان، بە رێ و رێبازی دڕندانە لەناویان ببات. رژێم بەو سیاسەتە جەنگێکی مەترسیداری لەدژی گەلان بە تایبەت گەلی کورد و ژنان راگەیاندووە کە ئەوەش رژێم بەرەو لێواری مەرگ پەلکێش دەکات. چون ئامانجی رژێم لە پەیڕەوکردنی سزای لەسێدارەدان پاشگەزبوونەوەی گەلان لەخولیای ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و کۆتایی هێنان بە فەلسەفەی «ژن ژیان ئازادی»یە. واتا پەلکێش کردنیان بۆ ناو تۆڕەکانی دەسەڵاتە. ئەوەش سەپاندنی کۆیلایەتی رەها بە سەر کۆمەڵگەیە. لەبار بردنی هیواکانی ژیانی ئازاد و بەختەوەر لەناو کۆمەڵگە و زەینی تاکەکاندایە. بێگومان بەرخودان و تێکۆشانی گەلان هەرگیز رێگە نادات کە ئەو مەرام و ئامانجە چەپەڵانەی رژێم بێنەدی.
داخۆ رژێم دەتوانێت بە تەنافی سێدارەدان شۆڕشێک لەسێدارە بدات کە درووشمەکەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە؟! واتا شۆڕشێک کە بڵێسەکەی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت، رژێم چەندێک دەتوانێت لەگوڕ و تینی ئەو ئاگرە بڵێسەدارەی ناو کۆمەڵگە پارێزراو بێت؟ یان بەو ئامانجە چەپەڵانەی رژێم کە لەزەینیدا خولیا دەکات گوایا بە لەسێدارەدان دێنە دی؟ یان پەتی سێدارە دەتوانێت کۆتایی بە کاروانی پێشەنگ و تێکۆشەرانی ناو رووباری ژیاری دیموکراتیک بهێنێت؟! ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە لەمڕۆدا رووبەڕووی رژێمێک بووەتەوە کە نازناوی رژێمی لەسێدارەی گرتووە. هەڵبەت خۆڕاگری و تێکۆشانی نەبەزانە و بێ وێنەی ئەو رۆڵە قارەمانانەی کە لەرابردوو تا بە ئەمڕۆ لەبەرامبەر سیاسەتی لەسێدارەدان ئەنجامیان داوە، وڵامێکی پڕ بە پێستی ئەو بابەتەیە کە هەرگیز رژێم ناگەیەنێتە لێواری ئارامی و سەرکەوتن.
وریشە مورادی و هەڤاڵانی گیرۆدەی رژێمێکی هار و دڕندە بوون
وریشە مورادی ناسراو بە هەڤاڵ جوانا سنە لەرێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەبازگەی سنە ـ کامیاران دەستگیر و دواتر بە «تۆمەتی ئەندامێتی لەگرووپە دژبەرەکان» – «بەغی» تۆمەتبار دەکرێت. هەڵبەت تۆمەتێک کە لەلایەن وریشە مورادی رەد دەکرێتەوەو بە تۆمەتێکی گاڵتەجاڕی رژێم و بێ بنەما دەیچوێنێت. چون ئەو بە هێزی هزر و رامانێک رژێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە سەرسام و حەپەساوی دەکات. واتا ئەو لەبەر تاوانی «ژن بوون، کورد بوون و لێگەڕین بە دوای ژیانی ئازاد»دا ئەو تۆمەتەی بەسەر دا سەپێنراوە، بۆیە لەدژی ئەو تاوانە ناڕەوایە سەربزێو دەبێت و دەکەوێتە ناو لێگەڕین بەدوای پووچەڵکردنەوە و بێ واتا کردنی بڕیاری هۆڤانەی رژێمی سێدارەیە.
پرسیار و گومانەکان زیاتر لەسەر ئەوە تۆخ دەبنەوە کە داخۆ رژێم بۆچی کەسایەتی نیشتمان پەروەر، دڵسۆز، شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز لەسەر سەکۆی کۆمەڵگای پێ هەرس ناکرێت؟ بۆچی ئەوەندە بە شێوەی دڕندانە پەلامار بۆ گرتن، رفاندن و ئەشکەنجەکردن و سووکایەتی بە ژنە تێکۆشەرێک وەک وریشە مورادی دەکات؟ بۆچی رژێم لەکاتێکدا لەبەرامبەر خۆڕاگری بێ وێنەی ژنان بێ چارە دەمێنێ، تەوژمی لەسێدارەدان لەدژیان وەگەڕدەخات؟
چرکەساتەکانی دەستگیرکردنی کەسێک کە کورد و ژن بێت، ئەویش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بخەینە زەینی خۆ و ساتێک بیری لێ بکەینەوە کە چەندێک تۆقێنەر، ترسناک و مەرگەساتە. رژێم هەر لەسەرەتای دەستگیر کردنیەوە دەیەوێت ئیرادە و باوەڕی و جەسارەتی تێکبشکێنێت تا دەسەڵاتداری و هەژمۆنی خۆی لەکەسایەتی هەڤاڵ جوانادا بە سەر شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» و کۆمەڵگە بسەپێنێت. ئەگەر ئەوە ترس و تۆقاندن نەبێت، بۆچی ئەوەندە لەبەرامبەر مرۆڤێک دەکەوێتە ناو فێڵ و تەڵەکە و کەڵک لەو رێکارە نامرۆییانە وەردەگرێت؟ چەکدارەکانی رژێم لەدژی هەڤاڵ جوانا داخۆ چ رێبازێک مابێ کە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کەڵکیان لێ وەرنەگرتبێ کە ناچار دەبن لەکۆتاییدا بە بڕیاری لەسێدارەدان دەنگی ئازادی و هیوای ژیانەوەی ژن و گەلان دابمرکێنن.
ئیرادەی هەڤال جوانا بە ئەندازەی چیای قەندیل پۆڵایین، بەرز و شکۆدارە
ئەگەر ئیرادەیەک رووبەڕووی ئەو هەموو ڕێ و رێبازی ئەشکەنجە بووبێتەوە و هەموو چەکەکانی دەستی ئەشکەنجەگەرانی رژێمی بێ کاریگەر و بێ رۆڵ کردبێ، تەنیا بژاردەی هاربوون لەبەردەم بەرپرسانی رژێم دەمێنێ. بۆیە وریشە مورادی و تەواوی هەڤاڵانی ئەمڕۆ گیرۆدەی رژێمێکی هار و دڕندە بوون. بە چاوخشاندنێک دەمەوێت دڵۆپێک لەتاوانەکانی رژێم لەدژی گیراوانی سیاسی و تایبەت وریشە مورادی بخەمەڕوو کە کام ویژدان، ئاین، باوەڕی و ئەخلاق پەسەندی دەکات. هەڤاڵ جوانا هەر لەسەرەتای دەستگیرکردنیەوە رووبەڕووی دەستڕێژی گوللە، شکاندنی شیشەی سەیارە بە سەریا، پەلاماری هۆڤانە، دەستدرێژی کردن، پەلامار، لێدان و توندوتیژی دەبێتەوە. ئەوە زنجیرەی یەکەمی تاوانەکانی رژێمە کە گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا بە دی دەکرێت و لەو لاشەوە لافی مافی مرۆڤ لێدەدات. لەدووهەمین حەڵقەی تاوانەکانی رژێم لەدژی وریشە مورادی لەناو گرتووخانەکانی مەرگدا، گوێبیست و شاهیدی ئەوە دەبین کە رووبەڕووی زەخت و گوشارێکی یەکجار زۆر و هەڵخڕان، ئەشکەنجەی سپی، سیناریۆسازی دژبەری یەک و فریودەرانە، هەڕەشەی تیرۆری کەسایەتی، سووکایەتی، وەرگرتنی دانپیانانی بە زۆرە ملێ، قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەل پارێزەر و بنەماڵەکەی، هێرش و پەلامارکردنە سەری و شەڕی تایبەت و شەڕی دەروونی لەسەر پەیڕەو کراوە کە ئەوانەش کردەوەی دوور لەپێوەرەکانی مافی مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتیەکانە.
سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەی کە هەڤاڵ وریشە گیرودەیەتی رژێم هیچ هەوڵێکی چارەسەری بۆ دۆخی تەندروستی نەداوە و لەم ساڵ و سێ مانگەدا لەبەر سەر ئێشەی زۆر، خوێنڕێزی بەردەوام، زیادبوونی ئێشی مل و پشت لەسەرەتاییترین مافەکانی بێ بەش کراوە، تەنانەت دوابەدوای مانگرتنی ٢٠ رۆژەشی هیچ پشکنینێکی بۆ نەکراوە. ئەوەش تاڵترین یادەوەریەکانی رۆژەکانی ناو زیندانی تاکەکەسی وریشەیە کە ویژدان و هەستەکانی مرۆڤ دەهەژێنێت.
بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئیرادەیەک لەبەرامبەری رژێمدایە کە بە ئەندازەی چیای قەندیل پۆڵایین، بەرز و شکۆدارە کە بە هیچ جۆرە چەک، فێڵ و تەڵەکە و ڕێ و رێبازی شەڕی دەروونی تێکناچێت. بۆیە «وریشە مورادی» لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی وەک؛ «زەینەب جەلالیان»، «شاکر باقی»، حاتەم ئۆزدەمیر»، «ئیدریس فەقیهی»، «شەریفە محەمەدی»، «پەخشان عەزیزی» و هاوسەنگەرانی دیکەی ناو زیندان خاوەن ئیرادەی بەرز و پۆڵایینە. یەکگرتنەوەی رۆح و هەستی بەشی زۆر لە گیراوە سیاسیەکان لەناو بەندیخانەکاندا، چیایەکی خۆڕاگری لەدژی رژێم بەرپا کردووە کە هیوای تێکۆشان و گەهێشتن بە لووتکەی ئازادی تابان کردووەو شەپۆلی بەشداری جەماوەری لەکەمپەینی «نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازادی و دیموکراتیک» زیاد کردووە.
هەڤاڵ جوانا سەرچۆپی سەمای ئازادی دەگێڕێت
ئەو هەڵوێستە ئازایانەی دیکەی وریشە مورادی کە رژێمی حەپەساندووە، ئەوەیە کە وریشە جیا لەوەی کە بیر لەژیان و دۆخی دژوار و نالەباری خۆی بکاتەوە، لەبەرامبەر بڕیاری نادادپەروەرانەی سزای لەسێدارەدان لەدژی گیراوانی دیکەی ژن دەوەستێتەوە. تایبەت بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر «شەریفە محەمەدی» و «پەخشان عەزیزی» بەشداری لەدووهەمین دانیشتنی دادگای خۆی ناکات و دادگاکانی رژێم بە شوێنی نادادی لەقەڵەم دەدات و بە فەرمییان ناناسێت و وەک ژنێکی شۆڕشگێڕی کورد بەرگری لەهەبوون، کوولتوور و شووناسی نەتەوەکەی دەکات. واتا لەپێناو بونیادنانی هەبوونی خۆی و نەتەوەکەی لەناو تێکۆشاندایە. چون ئەو بە روونی هەستی بەوە کردبوو کە ژنان ئێش و ئازاری هاوبەشیان هەیە. بۆیە بەو هەڵوێستەی نیشانی دا کە رێگای رزگاربوون لەو برین و زامانە هاوبەشی و هاومەبەستی و خەباتی هاوبەشە کە لەناو زینداندا سەرچۆپی سەمای ئازادی دەگێڕێت.
ئەم هەڵوێستە بێگومان هەڵوێستی ژنی ئازادە کە رژێم ناتوانێت خۆی لێ قوتار بکات. چون شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیوەو بە فەلسەفە و پارادیگمایەک خەمڵێندراوە. بۆیە نکۆڵی کردن لەو راستییە لەلایەن رژێمەوە، بە واتای نکۆڵی کردن لەهەبوونی ئیرادە و باوەڕیەکانی کۆمەڵگایە کە ئەوەش قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران قووڵتر دەکاتەوە. چون هەڵوێستی وریشەو هەڤاڵانی ناو زیندان بەردەوامی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»یە کە نابێ رژێم لێ هەراسان بێ. چون دەربڕینی ناڕەزایەتی و یاخیگەری لەدژی یاسای سەرکوت و چەوساندنەوە مافی رەوای هەر هەبوونێکە. ئەوە بە سەر رژێم فەرز دەبێت چاوێک لە کردەوەکانی خۆی بکات و لەکرداری ناشایست و چەپەڵی خۆی تووشی ماق وڕمان بێت و سەرجەم گیراوانی سیاسی لەزیندانەکان بە بێ شەرت و مەرج ئازاد بکات و کۆتایی بە سزای دژە مرۆیی لەسێدارەدان بهێنێت. ئەگەر رژێم لەسیاسەتی سێدارەدان و ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی پێداگری بکات، ئەوا بە واتای دژایەتی کردنی فەلسەفەی «ژن ژیان ئازادی»یە کە دەرفەت بۆ شەڕێکی ماڵوێرانکەر خۆش دەکات. باوەڕ دەکەم کە ئیدی هەموو گۆڕەپانێک ئاڵای فەلسەفەی «ژن ژیان ئازادی» تێدا بەرز ببێتەوە و زنجیری خۆڕاگری و تێکۆشان لەدژی رژێم پتەوتر و گشتگیرتر ببێت. وێنەی بەرچاوی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ «وریشە مورادی»، «شەریفە محەمەدی» و «پەخشان عەزیزی» و «زەینەب جەلالیان» بوونەتە ئەو هێزەی کە بۆ خۆیان ژیان ناکەن، بەڵکوو بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگە دەژین. بۆیە رژێم بە لەسێدارەدانیان دەیەوێت لەکەسایەتی ئەو ژنە تێکۆشەرانەدا کۆمەڵگە و ژنانی ئازادیخواز لەسێدارە بدات.
وریشە مورادی وەک عاشقێک هەمیشە رووی لەخۆری ئازادییە
هەڤاڵ جوانا لەهەنگاوێکی دیکەی تێکۆشانی ناو زیندان کە زۆر رادیکاڵ و بوێرانە بوو لە رێکەوتی ١٩ی رەزبەری ١٤٠٣، دەستی بە مانگرتن لەخواردن گرت و تا ٢٠ رۆژ لەمانگرتنەکەی بەردەوام بوو و دەرئەنجام لەسەر داوای کەژار و چالاکانی ژن کۆتایی بەو هەڵوێستە شکۆدارەی هێناوە. سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجە و رێبازە چەپەڵانەی لەلایەن بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەکانی رژێم لەدژی گیراوەتەبەر، ئیرادەی نەبەز و پۆڵایینی لەگرتووخانەدا پتەوتر بووە. چون بەو هەڵوێست و فەلسەفە ژیانیەی ئەو وتەی رێبەر ئاپۆ کە دەڵێت: «چۆن گوڵەبەرۆژە هەمیشە وەک عاشقێک رووی لەخۆرە، پێویستە ژنیش ئاوەها بەردەوام رووی لەئازادی بێت»، گرتوەتەبەر. واتا هیچ لەمپەڕێک نەیتوانیەوە رووی لەئازادی بگۆڕێت و وەک عاشقێک هەمیشە رووی لەخۆری ئازادییە.
سەرەڕای ئەوە جارێکی دیکە جەلادەکانی رژێم لە رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدانیان بە سەر وریشە مورادی دا سەپاند کە ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان ـ کەژارە. بە ساڵانە لەپێناو دەستەبەر کردنی مافی رەوای ژنان لەدژی زیهنیەتی پیاوسالاری لەناو تێکۆشانێکی بێ وچاندایەو بەو پەڕی بوێری و خرۆشەوە لەپشت مێڵەکانی زیندانیش ئاڵای تێکۆشان و خەباتی ئازادیخوازانەی ژن دەشەکێنێتەوە. وریشە ئەو تێکۆشەرە ژنەیە کە هەر لەقۆناخی خوێندنی دواناوەندی و چوونە ناو زانکۆیەوە، لەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوەی خوێندکاری بۆ ژنان، منداڵان، مێرمنداڵان، تووشبووان بە ماددەی هۆشبەر، وەرزش دۆستان کار و خەباتی ئازادیخوازی ئەنجام داوەو هەر یەک لەو خەباتانە پاڵپشتیەکی بەهێزتر بۆ بەردەوام بوونی رێگای تێکۆشان لەدژی زیهنیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری بووە. هەر چەند لەقۆناخی پێش بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانی کەژار راهێنەری وەرزش بووە. وەک ژنێک هەمیشە لەگەڵ کێشە و گرفتی گەنجان، ژنان و کۆمەڵگە بە ئاگا بووە و لەنزیکەوە ئێش و ئازاری گەلەکەی هەست پێکردووەو هەوڵی داوە رۆڵی پێشەنگایەتی لەکۆی ئەو ناوەندانە بە ئەستۆ بگرێت. ئەوەش هانی داوە کە شەیدای خەبات و تێکۆشان لەپێناو هوشیارکردنەوە و رێکخستن کردنی گەلانی ئازادیخواز بێت. بۆیە لەناو ریزەکانی کەژاریش دەبێتە ژنێکی پێشەنگ و کەسێکی شارەزا لەچارەسەری کێشەی ژنان و کۆمەڵگە و لەبواری هزر و رامانەوە خۆی دەگەیەنێتە ئاستێک کە ئەمڕۆ لەناو زیندانەکانی رژێمدا لەگەڵ دڕندەترین زەحاکەکانی سەردەم زۆرانبازی هزری و سیاسی بکات و لەبەرامبەر داگیرکەری و زۆڵم و زۆری سەر نەوی نەکات و هێرشە هزریەکانی رژێم وەک بانگەشەی پووچ و بێ بنەما و ناوبەتاڵ ناوزەد دەکات. لەو پێناوەدا بە جەسارەتێکی سەردەمیانەوە گەورەترین چالاکی فەلسەفی، هزری و سیاسی لەدژی رژێم ئەنجام دەدات و بە دەرکردنی چەند نامەیەک رێگای چۆن بژین بۆ ئەویندارانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە.
تێکۆشانی هەڤاڵ جوانا، تێکۆشانی خۆشەویستی بە ئینسانیەت، ئازادی و جوانییە
وریشە مورادی کۆی لێپرسینەوەکەنی رژێم وەک ئەوەی کە بە گوێیدا شت بخوێنن و فێری دووپات کردنەوەی رستە داتاشراوەکانی هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای دەکەن لێکیدەداتەوە. بۆیە ئەو نە بە ئەشکەنجە و قسەو قسەڵۆک و لێپرسینەوەکان بە کاریگەر دەبێ و بە پێچەوانەوە پەیامێک بەرز دەکاتەوە کە دەڵێت: «ئێمە لەهەر کوێیەک بین بابەتێکی هاوبەشمان هەیە، ئەویش ئینسانیەت، ئازادی و جوانییە».
واتا وریشە مورادی لەنامەکانی خۆیدا راشکاوانە پابەندی خۆی دەربڕیوەو دەڵێت: «تا کۆتایی هێنان بە هەر جۆرە زوڵم و زۆری لەدژی ژنان، لەکوردستانەوە تا بەلوچستان و لەئێرانەوە تا ئەفغانستان بۆ گەهێشتن بە ئامانجەکانی «ژن ژیان ئازادی» درێژە بە تێکۆشانی خۆ دەدەم». ئەوەش هەڵقوڵاوی فەڵسەفەی «ژن ژیان ئازادی»یە کە عەشق و خۆشەویستی بۆ تێکۆشانی تێدا بەرجەستە بووەتەوە کە ئەمڕۆ لەسەرتاسەری جیهان بڵاو بووەتەوەو تا دەڕوات ژنان بە شێوەیەکی یەکگرتووانە لەپێناو بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک لەناو تێکۆشاندان. ئەو هەڵوێستە لەراستیدا تێکۆشانی هەڤاڵ جوانایە، چالاکیەکانی لەپێناو خۆشەویستی بە ئینسانیەت، ئازادی و جوانییە. واتا بوونە بە ژیلەمۆی شۆڕش. بۆیە رێبەر ئاپۆ دەڵێت: «شۆڕش چالاکی ئەو کەسەیە کە جوانی دەئافرێنێت». لێرەدا چالاکیەکانی وریشە مورادی جوانی دەئافرێنێت و جوانبوونیش خودی ئازادییە. چالاکیەکانی لایەنگری ژیان و ئازادییە. هۆگری و خۆشەویستی گەشە پێدەدات. ئومێد و باوەڕیەکان بە تینتر دەکات. هەست و سۆزەکانی بۆ نیشتمان و شۆڕش دەردەبڕێت. بۆیە لەهەر قوژبنێکی جیهانەوە خاوەندارێتی لێدەکرێت و هەر کەس دەیەوێت لەناو شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» تاجی عەشق، خۆڕاگری و سەرکەوتن لەسەر بنێت و بە فراوان بوونی حەڵقەی خۆڕاگری و تێکۆشان کەمپەینی «نا بۆ سێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد و دیموکراتیک» بەهێزتر بکەن.
ئەو فەلسەفە ژیانی و هەبوونەی کە ئەمڕۆ لەکەسایەتی هەڤاڵ جوانا سنە دەدرەوشێتەوە، لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی رژێم یەکناخوێنێت و گەشەدانی ئەو فەلسەفەش کە لە شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»دا بەرجەستە بووە، پایەکانی رژێمی هەڵتەکاندوە. بۆیە رژێم بە سەپاندنی سیاسەتی لەسێدارەدان بە سەر پێشەنگەکانی ئەو شۆڕشەدا دەیەوێت تەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆی درێژ بکاتەوە. لەبەر ئەوە لەکاتێکی زۆر هەستیار و مێژوویدا پەنا دەباتە بەر چەسپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەڤاڵ جوانا سنەدا. بۆیە بە جێگای ئەوەی بەرپرسانی رژێم وڵات بەرەو فاشیزم و دیکتاتۆری خلۆر دەکەنەوە، بە ئازادکردنی گیراوانی سیاسی و راگرتنی سزای لەسێدارەدان دەرگای دیمۆکراسی و دادپەروەری ناوخۆی وڵات ئاوەڵا بکەن. چون هەر لەسێدارەدانێک ئاگری شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» گەشاوەتر دەکات و بژاردەکانی تێکۆشانی ئەو شۆڕشەش رادیکاڵتر و بە گوڕتر دەکات.
تا ئێرە هەڤاڵ جوانا هاوشانی پەخشان، شەریفە و زەینەب جەلالیان و هاوڕێیانی دیکەیان تاجی عەشق و سەرکەوتن لەشۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»یان لەسەر ناوە و لەم قۆناخە بەدواوە ئەرک و بەرپرسیارێتی زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە کە دەنگی ئازادی لەگوێماندا لۆرە لۆر (زمزمە) دەکات، بە بەشداری لەکەمپەینی «نا بۆ سێدارەدان بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد و دیموکراتیک» بەڕەنگاری سیاسەتی دژە مرۆیی لەسێدارەدان ببینەوە تا ناو شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» تاجی عەشق و سەرکەوتن و سەربەرزی لەسەر بنێن، چون تاجی عەشق و سەرکەوتن ئەو تاجەیە کە هەرگیز لەسێدارە نادرێت. ئەوەش زامنی سەرکەوتنە.