بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان و ئێران

هەر شەهیدێک بۆ ئێمە دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی شۆرش لە پێناو بۆنیاتنانی ژیانێکی ئازاد دا

 ‎رژێمی ئێران سەرەڕای هەموو گۆشارە نێوخۆیی و دەرەكیەکان، بەردەوامە لەسیاسەتی چەواشەكاری و فریودان و دەیەوێت بەمشێوە تەمەنی دەسەڵاتدارییەتی خۆی درێژە پێ بدات. لەلایەك هەوڵ دەدات بە رێگەی زەبر و سەركۆت و گرتن و كۆشتنی بەئەنقەست و زیندانی كردن هەموو دەنگە ناڕازییەکانی كۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی گەلان و پێكهاتەکانی کۆمەڵگا چاوترسێن و پاكتاو بكات. لەلایەكی تر، رژێم بەشێوەیەكی دوور لەهەموو پێوان و پرەنسیپەمرۆڤی، ئەخلاقی و ویژدانییەکان هەوڵدەدات دەنگی جەماوەری ناڕازی و ویست و داواكاریەكانی گەل بە هێز و دەوڵەتانی دەرەكی ببەستێتەوە و بەو شێوەیەش رەوایەتی بە گۆشار و سیاسەتی نامرۆڤانەی خۆی بدات. ئەمە لەكاتێكدایە هەمان دەسەڵاتداری، بۆ خۆی ئامادەیە هەموو سازشێك بۆ هێزە دەرەکییەکان بكات تەنیا بەو مەرجەی کە لایەنی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر بەسەركۆتكردنی كۆمەڵگا بێدەنگ بن. رژێم بە هۆکاری بێچارەبوون و دەستەوەستان لەئاستی بەجێهێنانی داواكاری و خواستەكانی كۆمەڵگەدا پەنا بۆ هەموو پیلانێكی چەپەڵ دەبات، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئەم دەسەڵاتە بەگشتی رەوایەتی خۆی لەنێو كۆمەڵگەی گشتیی ئێراندا لەدەستداوە و بۆ لەسەرپێ مانەوەی دەیەوێت بەهێزی سەربازی و دام و دەزگا سەرکوتکارەکانی هەموو دەنگە ناڕازییەکان كپ بكات، بەتایبەتی هەوڵدەدات زیندانیانی سیاسی و لە ناو ئەوانیش دا ژنان و گەنجان لەژێر گۆشار و ئەشكەنجەی رۆحی و رەوانی و جەستەیی و بنەماڵەدا تەسلیم بکات و هاوکات لەگەڵئەمە دا لە بەرامبەر هێزە ڕزگاریخوازەکاندا بەو پەڕی توندوتیژی هەڵسوکەوت دەکا.

‎چەند رۆژ پێش و بەدیاریكراوی لە ڕۆژی ٧ خەزەڵوەری ١٤٠٣ بەرامبەر بە ٢٨ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لەسەر رێگای پیرانشار – مەهاباد هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعات بەهاوكاری سوپای پاسداران و بەكرێگیراوانی هەرێمەكە هەڤاڵمان “مەولان رۆستەمی” ناسراو بە هەڤاڵ “شۆڕش قەڵات”یان بەشێوەیەكی نامەردانە داویانە بەر دەسترێژی گوللە و شەهیدیان کردووە و پاشان بۆ شاردنەوەی كردەوە نامرۆییەکەیان سناریۆیەكیان داتاشیوە كە گۆایە هێزەكانیان گروپێك کە لەسنورەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە دزەیان كردوەتە ئێرانەوە بێ كاریگەر كردوە.

‎پێش هەر شتێك بزوتنەوەكەمان پارتی ژیانی ئازادئ کوردستان (پژاک) هەموو ئەو زانیارییە چەواشەكاری و هەڵبەستراوانەی رژێمی ئێران رەتدەكاتەوە و رژێمی پەت و سێدارە بەتوندی شەرمەزار و ریسوا دەكات و لەهەمانكاتدا، بەرای گشتی گەلەكەمان و كەس و كار و بنەماڵە و وڵاتپارێزان و رای گشتی جەماوەر و كۆمەڵگەی ئێرانی رایدەگەینین كە هەڤاڵمان “شۆڕش قەڵات” ڕۆڵەی هەرێم و گوند و بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرە و لەساڵی ٢٠١٥ەوە پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتیمانەوە كردوە و بەدرێژایی ئەم ماوەیە لەنێو خۆی وڵات سەرقاڵی كاری مەدەنی و رێکخستنی و ووشیاركردنەوەی جەماوەر بووە و لەم ڕێگایە تا تا ئاستی بوون بە ئەندامی مەجلسی پارتیمان پەرە بە خەباتی خۆی داوە، تا دوایی باوەڕی بە تێكۆشانی مەدەنیانە لەنێو بەرەكانی جەماوەردا بووە و لەم پێناوەدا ماندوونەناسانە کار و خەباتی کردووە. بەپێچەوانەی هەموو ئەو چەواشەكارییانەی رژێم؛ هەڤاڵمان “شۆڕش قەڵات” كەسایەتیەكی وڵاتپارێز و نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێرێکی کۆلندەر بووە و لەپێناو بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەكانی گەلەكەی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی گەلان چی لەدەستی هاتبا دەیكرد و لەو رێگەدا دریغی نەدەكرد و هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك لەبەردەم خەبات و تێكۆشان  و كاری رێكخستنی گەل و كۆمەڵگە نەدەبوو بەئاستەنگ بۆی و ئاستەنگی نەدەناسی.

بە بۆنەی شەهادەتی ئەم ڕۆڵە بلیمەتەی گەلەکەمان و ئەندامی مەجلسی پارتیمان سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و ڕۆلەکانی و هەمووهۆگرانی ئەو دەکەین و پەیمانی خۆمان بە ڕێگای ئەو کە رێبازی ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایییە دووپات دەکەینەوە.

‎هەڤاڵ شۆڕش كەسایەتیەكی تا دوا رادە دڵنزم و کۆمەڵایەتی بوو. لەگەڵ ئەوەی كە ژیانی هاوبەشی پێكهێنا بوو، بەڵام ئەوەی نەكردبووە رێگر لەبەردەم تێكۆشان و خەباتی ئازادیخوازانەی و هەمیشە لەهەڵوێست و گووتەكانیدا جەختی دەكردەوە كە ژیانی هاوبەش و دیموكراتیانە، تەنیا بەخەبات و تێكۆشان و خۆشەویستی وڵات پێكدێت و بۆنیاد دەنرێت، ئەگەر نا ئەو ژیانە تێكەڵ بەخیانەت و رادەستبوون دەبێت.

‎هەڤاڵ شۆڕش قەڵات؛ بەرەنج و ماندووبوونی خۆی دەناسرا و کەسایەتیێکی رەنجدەر و تێكۆشەر بوو. پەیوەست بوو بەگەل و وڵات و رزگاری نیشتیمان و پێكەوەژیانی گەلانەوە و لەهەموو گۆڕەپانێكی خەبات دا بەبێ دوودڵی ئامادە دەبوو و هەموو هێزی خۆی دەخستە گەڕ لەپێناو سەرخستنی ئامانجەكانی شۆڕش و رزگاری گەلەكەیدا. بەسادەگی دەژیا و پەیوەندیێکی پتەو و دانەبڕاوی لەگەل بنكە جەماوەریەكان و هەڤاڵانی دا دادەنا و لەسەر بنەمای هەڤاڵیەتی و پرەنسیپە ئەخلاقییەکان هەڵسوكەوتی دەكرد.

‎خەباتی مەدەنی و جەماوەەری سەرەتاییترین مافی گەلانە كە هەموو دنیا دانی پێدا ناوە. بەڵام رژێمی ئێران بەپێداگری لەسەر سیاسەتی نادیموکراتی و نامرۆییانەی خۆی بەدرێژایی ئەم چل و چەند ساڵە نیشانی داوە، هیچ پێوان و پێوەرێكی ئینسانی، ئەخلاقی، چاندی و سیاسی گەلان بەڕەوا نازانێت و نایبینێت. دەبێت رای گشتی گەلەكەمان و كۆمەڵگەی کورد و هەموو کۆمەڵگاکانی ئێران بزانن کە هەموو بانگەشەکانی ڕژیم بۆ گۆڕانکاری ناڕاستن و بەدەر لەهەڵخەڵەتاندن و فریودانی رای گشتی شتێكی ئەوتوو نییە و دەبینین کە کوشتن و گرتن و سێدارە و ڕێبازی هاوچەشن هەر بەردەوامن.

‎جارێكی تر لەسەر ناوی بزوتنەوەكەمان”پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک) بەڵێن بە بنەماڵە و ڕۆلەکان و کەس و کاری شەهید شۆڕش و گەلەكەمان و هەموو ئازادیخوازان دەدەین كە شەهید بوونی شەهید”شۆڕش قەڵات” و شەهیدانی تری رێگای ئازادی لەتێكۆشان ساردمان ناكاتەوە و بەپێچەوانەوە بۆ گەیشتن بەئامانج و ئاواتەكانی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و پێكەوەژیانی ئازادانە و دیموکراسییانەی گەلان بە گۆڕ و تینێكی زیاترەوە برەو بەخەبات و تێكۆشانی خۆمان دەدەین. داوامان لە خەلکی وڵاتپارێزیشمان ئەوەیە کە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید شۆڕش و سەرجەم شەهیدانی خۆیان و بۆ پابەندبوونیان بە ئەوان ڕێگای بنیادنانی ژیانێکی ئازاد و تێکۆشەرانە بکەن بەر ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی خۆیان و لە پێناو گەیشتن بەو ئاستە لە هەموو ئان و ساتێکدا کەسایەتی خۆیان لە سەر بنەمای ئازادیخوازانە پەروەردە بکەن. بەمشێوە دەتوانین ببین بە لایقی هەڤاڵەتی لە گەل هەڤاڵ شۆڕش و هەمێشە بە زیندوویی بیانهێڵینەوە. لە پەنا سۆزی تۆڵە ستاندنی کە دەدەین، ئەمە تۆڵەیی راستەقینەیەکە دەتوانین لە دۆنیایی نامرۆڤی و چەواشەکارانە وەرگرین. شەهیدان بە ڕیبازی خۆیانەوە زیندوون، شەهید شۆڕش نامرێت و شەهیدان خاوەن راستەقینەی ئەم خاكەن.

بمرێ بێدادی و خیانەت

ئازادی و ژیانی ئازاد بەدی دێ!

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان -PJAK 

یەکشەممە ١٣ خەزەڵوەری ١٤٠٣

٠٣-١١-٢٠٢٤

ناسنامەی شەهید:

‎ناسناو: شۆڕش قەڵات

‎ناو و پاشناو: مەولان رۆستەمی

‎ناوی دایک: زەهرا

‎ناوی باوک: حۆسێن

‎لە داییکبوون: ١٩٧٩ گۆندی سیسەری سەردەشت

‎پەیوەستبوون بە رێزەکانی شۆڕش: ٢٠١٥

‎شەهادەت: ٧ خەزەڵوەری ١٤٠٣

‎٢٨ ئۆکتۆبری ٢٠٢٤