لێدوانی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە):
بۆ ڕای گشتی
دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا دوێنێ شەو لە کاتژمێر22:30 هەتا 23 چوار جار هەرێمەکانی ئاسۆس و پێنجوێنی بە فڕۆکەی شەڕ بوردمان کردووە و فڕۆکەی سیخوڕی بەردەوام بە سەر هەردوو هەرێمەکەدا دەسووڕێتەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانە دا هیچ زەرەر و زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە، بەڵام زەرەرێکی زۆر بەر ڕەز و باخی هاووڵاتیان کەوتووە.
وەک دەزانرێ ئێستاکە جیهان بە گشتی لە نێو شەڕێکی زۆر گران دایە کە وەک شەڕی سێهەمی جیهانی پێناسە دەکرێت، ناوەندی ئەم شەڕە لە کوردستانە و لە ئاستی هەرە بەرز دا لە ئیمرالی و لە هەمبەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانی بێ وێنەی 26ساڵ ئەوەی نیشانی هەموو لایێک دا کە “بەرخۆدان ژیانە” و بە بەرخۆدان ئازادی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.
گۆڕانکاریەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوە ڕادەخەنە پێش چاو کە بارودۆخ لەوەی کە ئێستا هەیە قورستر دەبێت و دەبێ هەموو لایەک بزانن کە ئێمەش وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سات بە سات پێواژۆ ڕەچاو دەکەین و بە گوێرەی گۆڕانکاریەکان هەڵوێستی پێویست نیشان دەدەین.
دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک لە لایەکەوە باسی چارەسەری کێشەی کورد دەکات و لە لایەکی تریشەوە لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ لە پێنجوێنەوە بگرە هەتا ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال بە دەیان و سەدان جار کوێرانە بوردمانێکی چڕی کردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتە فاشیستە لە نێو دڵەڕاوکێی لەناوچوون دایە و مانەوە لە دەرەوەی بازنەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی ئێستاکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان وەک ڕاستیێکی حاشا هەڵنەگر بەڕۆکی گرتووە و بە مەزاد کردنی دەوڵەمەندیەکانی جوگرافیای تورکیا دەیهەوێت خۆی لەم قەیرانە ڕزگار بکات.
بەڵام وەک ڕێبەر ئاپۆ بە دەیان جار دەستنیشانی کردووە، تەنیا ڕێگای چارەسەری ئەم بابەتە چارەسەری دیموکراتیکە و لە کۆتاییدا هەر دەبێ بێنە سەر ئەوەی کە ڕێبەرایەتیمان دیاری کردووە و ئەگەر وا نەبێ لە کەسایەتی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا دا هەموو داگیرکەرانی کوردستان مەحکوومن بە لە ناو چوون.
فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
24_10_2024