ئامەد شاهۆ
لەم وتارەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر گرنگی بەستنی حەفتەمین کۆنگرەی پەژاک و لەچەند دەلاقەیەکەوە تیشک بخەمە سەر چەند بابەتێککی گرنگ و سەرەکی کۆنگرەکە.
پەژاک بە بنەماگرتنی سەرجەم ویست و داخوازی رەوای گەلان و پێویستی سەردەم، کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی جیدی ئەنجام داوە کە بۆ گەلانی ئازادیخواز و گەلی کورد مژدەبەخشە. بەو پێیە پەژاک لەکۆنگرەی حەوتەمینی خۆیدا بەرنامە و پلاننامەی مێژوویی داڕشتووە و لەسەر کۆمەڵێک خاڵ بڕیاری مێژوویی وەرگرتووە کە گڵۆپی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی رووناکتر دەکاتەوە و بەستێنی تێکۆشان لەمەڕ گەهێشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی بۆ گەلان خۆشتر دەکات. چون لەکاتێکدا شەڕی جیهانی سێهەم لەئاستێکی بڵند دایە و ناوچەکە لەناو ئاڵنگاری و گۆڕانکاری گەورەدا دەژی. ئەو شەڕە مەڵوێرانکەرە، قەیران و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکات، لەبەر ئەوەش دەرفەتی چارەسەری ئاشتیانە و دیمۆکراتیک لەناوچەکە لەناو دەبات. بە تایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ قڕکردنی گەلی کورد لەم سەردەمە چارەنووس سازەدا لەناو جموجۆڵێکی مەزندایە. واتا پەژاکیش لەناو ئەو ئاڵوگۆڕی و پێشکەوتنانەدا، حەفتەمین کۆنگرەی خۆی بەست. لەبەر ئەوەی هەلومەرجی بەستنی کۆنگرە زۆر حەیاتی، واتادار و گرنگە. چونکە ئەو کۆنگرەش وڵامێکی جەرگبڕە لەبەرامبەر پیلان و کۆنسێپتی نوێ داگیرکەرانی کوردستان و هاوکات مژدەبەخشی داهاتوویەکی روون دەبێت بۆ گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران.
بەو پێیە یەکەم؛
حەوتەمین کۆنگرەی پەژاک لەهەلومەرجێکی مێژوویی و هەستیار و چارەنووس سازدا بەڕێوە چوو. واتا لەقۆناخێکدا کە رژێمی ئێران لەسیاسەتە داپڵۆسێنەرانەکانی تووشی شکستێکی گەورە بوویەوە و بەو هەڵبژاردن جارێکی دیکە رژێم رەوایەتی ئایدئۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی لەناو گەل لەدەستدا. هاوکات لەبەر سیاسەتی شەڕانگێزانەی رووبەڕووی هەڕەشە و گوڕەشە، پشێوی و ئاڵۆزی قووڵ بووەتەوە، کە هەم دەرفەتی تێکۆشان بۆ گەلان خۆش دەکات و هەمیش ئەگەری هەڕەشە بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەل زیاتر دەکات. هاوکات رژێم لەبەر شەپۆلی بە خرۆشی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەناڵێنێت. چون ئیدی هەر بۆنە و تێکۆشانێک لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی دەخەمڵێنرێت. بۆیە لێگەڕینی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد بۆ ژیان و سیستەمێکی نوێ رێوەبەری تا دەڕوات بەرجەستەتر و تۆختر دەبێتەوە و گەل بە دوای پێشەنگ و سیستەمی دیمۆکراتیکی خۆیدا دەگەڕێت. هەرچەند رژێم بۆ بەلاڕێدابردنی ئەو راستیانە دەیەوێت بە هاش و هوش، هەڵخڕان، قسەو قسەڵۆک و درۆ و دەلەسە خۆی زەبەلاح و بە توانا نیشان بدات و دیمەنێکی وا دەنوێنێت کە کۆتایی بە سەرجەم گرفت و تەنگەژەکانی ناوخۆ هێناوەو جارێکی تر هەژمۆنی خۆی بەسەر گەل و کۆمەڵگا سەپاندووەتەوە!. بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پیلانانەی رژێم، بەستنی کۆنگرەی پەژاک مەشخەڵی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بڵێسەدارتر کرد و سەردەمێکی نوێ بە دوای خۆی دێنێت کە سەرکەوتنی ئازادی مسۆگەر دەکات. بۆیە ئەم کۆنگرە ئەو حەقیقەتەیە کە لەهەناوی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا مزگێنی بەهاری ئازادی دەدات.
دووهەم؛
لەکاتێکدا رژێمی داگیرکەری ئێران بۆ دامرکاندنی مەشخەڵ و بڵێسەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ترافیکێکی قووڵی دیپلۆماسی بەڕێوە برد و لەگەڵ ئەو هێزانەی کە دهۆڵی دژایەتی لەگەڵ رژێمیان لێدەدا، بەڵام پشتیان لەبەرژەوەندی گەلانی ناوخۆی ئێران هەڵکرد و لەپێناو قازانج – سەرمایە لەگەڵ رژێم رێکەوتن و رژێمیش ئەوەی کردە دەرفەتێکی زێڕین بۆ سەرکوت و داپڵۆساندنی گەلانی راپەڕیو و ئازادیخواز. بۆیە چەکدارانی رژێم بێ باکانە هێرش و پەلاماریان دایە سەر خەڵک و بۆ لاوازکردنی دەنگی شەقام هەرجۆرە تەرفەندێکیان بە کارهێنا. لەلایەکی دیکەشەوە زەخت و گوشاریان لەسەر هێزە دژبەرەکانی ئێرانی و کورد زیاتر کرد و تایبەت هێز و پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بێ چەک کرد کە کەس توانای خۆرێکخستن کردن و هێزی پێشەنگایەتی کردنی گەلی نەمێنێت. رژێم بەو دیمەنە ویستی کە گەل بێ هیوا و بێ پێشەنگ بکات. بەڵام بەستنی ئەم کۆنگرەیە جارێکی دیکە لەناو گەردەلوولی زوڵم و بێدادی رژێمدا، دەبێتە چەخماخەی هەڵگرساندنەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و پەژاک وەک پارتێکی کۆڵنەدەر، نەبەز، خۆڕاگر و پێشەنگ تەم و مژی بێ هیوایی و باوەڕی دەڕوێنێتەوە و سەردەمێکی نوێ لەپێناو چارەسەری پرسی کورد و دیمۆکراتیزە کردنی ئێران لەگەڵ خۆی دێنێت کە رۆژ لەدوای رۆژ سەرکەوتن و مژدەی نوێ بۆ گەل و کۆمەڵگا تۆمار دەکات.
سێهەم؛
رژێم بەو نەرمشە قارەمانانەی کە بۆ هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان نواندی، توانی تا ئاستێک لەسەر پرسی کورد لەگەڵ ئەو هێزانە مامەڵە بکات و بەو پێیە بابەتی بێ چەک کردن و بێکاریگەرکردنی پارت و هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆخ بکات کە بژاردەی ژیان و تێکۆشان بۆ گەلان لەبار بەرێت. بەڵام لەو ئان و ساتەدا کە پیلانێک لەدژی هێزە دژبەرەکانی رژێم بەڕێوە دەچوو، ئەوانەی کە خۆیان بە دژبەر و ئۆپۆزسیۆنی رژێم لەقەڵەم دەدا، ماق وڕ و بێدەنگ مان. بۆیە ئەوەش دەرفەتی بۆ رژێم رەخساند کە بە زەبری چەک و هەڕەشە و گوڕەشە بەشێک لەمەرامە چەپەلەکانی لەدژی گەل بە سیاسەتی لەسێدارەدان و گرتن بە دی بهێنێت و بەو پێیە ویستی کە بە هەوری رەش و تاری، گەلی کورد لەخۆرەتاوی ئازادی بێ بەش بکات. بۆیە رژێم بەو گەمەیە جارێکی دیکە ویستی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری بە سەر گەلی کورددا بسەپێنێت و رۆچنی هیوای گەلی کورد دابمرکێنێت. بەڵام ئەم کۆنگرەیە جارێکی دیکە شووناس و حەقیقەتی گەلی کوردی درەوشاندەوە کە رژێم هەرگیز ناتوانێت ئیرادە، باوەڕی، شووناس و وزەیان لەناو بەرێت. چون پەژاک بەم کۆنگرەیە جارێکی تر پەیامی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و دیمۆکراتیزەکردنی ئێران دەدات و بەرپەرچی هەر جۆرە سیاسەتی نکۆڵی کاری و پاکتاوکاری گەل و کۆمەڵگا دەداتەوە و دەبێتە پارتی پاراستنی مافە رەواکانی گەل و پارتی بونیادنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک.
چوارەم؛
کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک لەکات و ساتێکدا بەڕێوە چووە کە نەیارانی کورد بۆ لەباربردنی دەستکەوتی ئازادیخوازی گەلی کورد لەهەر چوار لای کوردستان لەناو ترافیکی قووڵی دیپلۆماسیدان و گەلەکۆمەیەکی نوێ لەدژی گەلی کورد لەئارادایە. واتا دەوڵەتی فاشیستی تورک بە فیتی ناتۆ، ئەمریکا و ئەوروپا دەیەوێت تەڤگەری هیوا، نەورۆز، بەرخودان و تێکۆشانی گەلی کورد نەزۆک بکەن و بەو پێیە دەیانەوێت کە رژێمی داگیرکەری ئێرانیش پەلکێشی ئەو گەلەکۆمەیە بکەن و بەو شێوەیە لەقازانجی خۆیاندا ئینسیاتیڤی شەڕ بگرنەدەست و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. بێگومان ئامانج لەو گەلەکۆمەیەش تێکشکاندنی هیوا، هێزی پێشەنگ و شۆڕشگێڕی گەلی کوردە کە خولیای بوون. بەڵام ئەم کۆنگرە گورزێکی دیکەی جەرگبڕە بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە پاکتاوکاری گەلی کورد لەمێشکیاندایە. چون ئەم کۆنگرە بووە هێزی خۆرێکخستن کردن و ئامادەبوون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چەمکی بە هێزکردنی بەرخودان و تێکۆشان گورزی تێکشکاندنی ئەو کۆنسێپتەیە. واتا پەژاک بەم کۆنگرەیە راشکاوانە ئەوە رادەگەیەنێت کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گەل ئامادەیە و بەو ئاڵوگۆڕانەی کە ئەنجامی داوە بازنەی داگیرکەری و شەڕی تایبەت پووچەڵ دەکاتەوە.
پێنجەم؛
کۆنگرە بڕیاری ئەوەی دا کە بە هەموو هێزیەوە بەشداری لە کەمپینی “ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد” دا بکات. چون ئەو کەمپینە ئەمڕۆ بووەتە کەمپینێکی جیهانی و ئیدی پرسی کورد بووەتە پرسێکی نێونەتەوەیی. واتا بەشداری کردن لەو کەمپینە بە واتای بەشداری کردن لەشەڕی دژ بە سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنە کە کۆنسێپتی قڕکردن و پاکتاوکاری گەلی کوردە. بۆیە کۆنگرە بە تێکڕای دەنگ بڕیاری لەسەر ئەوە دا کە لەپێناو هەڵوەشانەوەی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمڕاڵی و بۆ کۆتایی هێنان بە دیل گرتنی رێبەر ئاپۆ زیاتر خۆی بە رێکخستن دەکات و بە گەورەکردنی رێکخستنی گەل، بەهێزتر بەشداری لەکەمپینی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کوردا بکات. هاوکات پەژاک ئازادی رێبەر ئاپۆ بە ئازادی گەلی کورد لەقەڵەم دەدات و چارەسەری پرسی کوردیش پەیوەست بە ئازادبووونی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەبینێ. بۆیە هەڵسەنگاندن لەسەر ئەوە کرا کە گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەندێک لەگەڵ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ ئاشنا و قووڵ ببنەوە، ئەوەندە بەربەست لەبەردەم رژێمی قڕکردنی ئێران درووست دەبێت و هێز و مۆدێڵی چارەسەری باڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا دەکێشێت و گەل دەتوانن ببنە هێزی چارەسەری و ناوەندی تێکۆشانی دیمۆکراتیک لەناوچەکەدا. تایبەت کۆنگرە لەکاتێکدا بەستراوە کە قۆناخی دووهەمی ئەو کەمپینە لەئاستی جیهان و کوردستان دەستیپێکردووە. واتا هێز، تین و شەپۆلی بەخوڕ و خرۆشی ئەو کەمپینە باڵی بە سەر کۆنگرەدا کێشاوەو بەو بەرپرسیارییەوە کۆنگرە بڕیاری داوە کە بە ئەرکی مێژوویی خۆی لەبەرامبەر رێبەر ئاپۆ راپەڕێت و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەکاتە سەرەکیترین بابەتی تێکۆشانی خۆی.
شەشەم؛
کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک بە دروشمی “بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی كوردستان ئازاد دەكەین و نەتەوەی دیموكراتیك بۆنیاد دەنێن” بەڕێوە چوو. واتا کۆنگرە لەکاتێکدا کە مەشخەڵی شۆڕش لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵکراوە، پروسکەی ئەو شۆڕشە لەکۆنگرەی پەژاک گەشێندرایەوە. بۆیە کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک بووە کۆنگرەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی. چون گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەئێستادا گۆڕەپانی شۆڕشە. بۆیە کۆنگرەش بە گەرمایی فەلسەفە و راستی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەڕێوە چووە. واتا پێداگری لەسەر ئەوە کرا کە پەژاک بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی تێکۆشانی رەوای خۆی لەپێناو ئازادی کوردستان بەردەوام دەکات و بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە و پرسە کەڵەکەکراوەکانی ناوخۆی ئێران و دیمۆکراتیزە کردنی ئێران نەتەوەی دیمۆکراتیک بونیاد دەنێت. بۆیە پەژاک بە هەموو هێزیەوە خاوەندارێتی لەنرخ و بەهاکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکات و سەبارەت بەو بابەتە کەم و کورتیەکانی خۆی خستەڕوو کە تایبەت لەخستنەڕووی فەلسەفە، ئایدئۆلۆژی و سیاسەتی درووشمی ژن ژیان ئازادیدا وڵامی پرسەکانی کۆمەڵگای نەدایەوە و بە پێی پێویست گەلی لەگەڵ پاشخانی پشت ئەو درووشمە و خاوەن راستەقینەکەی ئاشنا نەکرد. بۆیە بە هەند وەرگرتن لە هەڵسەنگاندنەکانی کۆنگرەدا لەقۆناخەکانی داهاتوودا هەوڵ دەدرێت کە ئەو لاوازییە دەرباز بکرێت.
حەفتەم؛
کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک لەسەر ئەو پێناسەی رێبەر ئاپۆ کە بۆ پەژاک کردوویەتی خۆی نوێ کردوەتەوە. واتا رێبەر ئاپۆ دەڵێت: “جەنگ و تێکۆشانی پەژاک هاوشێوەی ئەو ئاگرەیە کە هەمیشە لەداوێن و چیا سەرکەشەکانی زاگرۆس بڵێسەدارتر دەبێ و بۆ گەلی هەرێمەکە، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پڕشنگدار و گەرمابەخش تر دەبێ”. بۆیە پەژاک بە گەرمایی پیرۆزباییەکانی ٨ی ئادار، نەورۆزی ٢٧٢٤ی کوردی و ٤ی نیسان ئاڵای خۆڕاگری و تێکۆشانی بەو فەلسەفەیە گەشاندەوە. ئەو هەڵوێست و تێکۆشانەی پەژاکیش بێگومان لەزەین و باوەڕی گەلاندا پڕشنگدار، هیوابەخش و وزەبەخش دەبێت. چون لە کاتێکدا رژێم بێ چەک کردنی هێز و لایەنە کوردیەکان و پەرتەوازەبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەخاتە رۆژەڤ و ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێ، ترس و تۆقاندنی لەناو گەلدا درووست کردوە. کۆمەڵگای پەرتەوازە کردووە. لەناو ئەو کەشە سارد و سەختەدا پەژاک بڕیاری پتەوکردنی تێکۆشان دەدات و بۆ داهاتووی گەلانی ئێران و گەلی کورد لێگەڕینی بەدوای چارەسەری دا هەیە. بۆیە ئەم کۆنگرە ئاڵای چارەسەری بە پڕۆژەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیمۆکراتیک و بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک شەکاندەوە کە مشت و مڕێکی جیدی بۆ چارەسەری پرسی کورد و گەلانی ئێران بە دوای خۆی دێنێت.
هەشتەم؛
کۆنکرەی حەوتەمی پەژاک هاوکات بووە کۆنگرەی ژنان و گەنجان. چون لەم کۆنگرەدا هەرە زێدە لەسەر رۆڵ و بەرپرسیارێتی ژنان و جوانان راوەستە کرا. چون لەم چوارساڵەی رابردوو گەنجان و ژنان ئامانجی سەرەکی پیلانەکانی رژێم بوون. لەبەر ئەوەی جوانان و ژنان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی رۆڵی پێشەنگایەتیان گێڕا، رووبەڕووی هەرەسی زوڵم و زۆرداری، سەرکوت و داپڵۆساندن بوونەوە. بەڵام گەنجان و ژنان شەقامیان کردە گۆڕەپانی تێکۆشان و بەرخودان و بەرپەرچی سیاسەتەکانی رژێمیان دایەوە. بۆیە پەژاک هەڵوێستی ژنان، گەنجان و بە گشتی گەلی کوردی لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی و دوا بەدوای ئەوەش لە پیرۆزباییەکانی ٨ی ئادار و ئاهەنگی نەورۆز بە گرنگ و مێژوویی لەقەڵەم دا و ئەوەشی بە درێژەدەری فەلسەفەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە ناو کرد. چون لەم پیرۆزباییانەدا جوان و ژن مۆرکی خۆیان لەتێکۆشانی سەردەم دا. واتا ژنان و جوانان جارێکی دیکە پێشەنگایەتی سەردەمێکیان بە ئەستۆ گرت کە دانسقە و چارەنووسساز بوو. بۆیە پەژاک بە برەودان بە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیمۆکراتیک و بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک خاوەندارێتی لەشووناس و ئیرادەی ژنان، جوانان و سەرجەم گەلانی ناوخۆی ئێران دەکات.
نۆهەم؛
لەم کۆنگرەیەدا تیشک خرایە سەر یەکێتی، یەکڕیزی و پێکەوە ژیانی گەلان. تایبەت فەلسەفەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەوەی بەسەر هەر هێز و لایەنێکدا سەپاند کە بە بنەما گرتنی ئەو بابەتانە دەتوانێت لەگەڵ رەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا یەکانگیر ببن. چون شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بووە هەوێنی یەکێتی، یەکڕیزی و پێکەوە ژیانی گەلان کە ژن و جوان پێشەنگایەتی ئەم راستیە مێژووییەیان کرد و کێ بەدەر لەم رەوتە بێت لەناو حەقیقەت و فەلسەفەی شۆڕشدا رێگا پێدراو نابێت. بۆیە پەژاک جارێکی دیکە پێداگری لەسەر پێکهێنانی “بەرەی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران” و “یەکڕیزی و یەکێتی نێو ماڵی کورد” کردەوە. چون شۆڕشی ژن ژیان ئازادی زەروریەتی پێکهێنانی ئەو بەرەیە خستەڕوو. هەر چەند پەژاک لەو پێناوەدا هەوڵی بەرینی داوە، بەس هەوڵەکانی تێرکەر نەبوون. لەبەر نەبوونی ئەو بەرەیە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نەیتوانیوە ئامانجەکانی مسۆگەر بکات. بۆیە پەژاک بەو پێیە پێداگری لەسەر ئەوە کردوە کە پانتایی خەبات و تێکۆشانی چ لەناوچە کوردنشینەکان و سەرتاسەری ئێران زیاتر بکات و ببێتە منبەری ئازادی بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز و دیمۆکراتیخواز. واتا پەژاک سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای شەڕی سەردەم پەرە پێ دەدات و لە چوارچێوەی سیاسەتی دیمۆکراتیکدا کرانەوەی دیپلۆماتیک و هاوپەیمانی ئیستراتیژی لەگەڵ گەلانی ئازادیخواز بۆ پێکهێنانی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلان پێشدەخات. بۆ ئەوەش ئامادەبوونی خۆی راگەیاند کە لەگەڵ هەموو رێکخستن، رێکخراوەی مەدەنی، هێزە ئازادیخواز و دیمۆکراتیخوازەکان، مافناس، چالاکانی مەدەنی، چالاکانی ژن، سەرۆک خێل و عەشیرە، باوەڕمەندانی ناو کۆمەڵگا، جوانان، کرێکار، مامۆستا و … هتد کە بڕوایان بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە ئامادەیە کار و تێکۆشانی هاوبەش لەپێناو دامەزراندنی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلان بکات.
دەیەم؛
لەکۆنگرەدا تیشک خرایە سەر هێڵی خیانەت لەکوردستان کە ئەمڕۆ بنەماڵەی بارزانی سەرچۆپیەکەی دەگێڕن. چون سیاسەتی ئەو بنەماڵەیە دەرگا بۆ سیاسەتی قڕکردنی کوردان زیاتر خۆش دەکات و ئەو دەرفەتە زێڕینەی کە بۆ گەلی کورد رەخساوە لەبار دەبرێت و تا دەچێت دەبێتە هەڕەشە و گوڕەشە بۆ سەر دەستەکەوتەکانی گەلی کورد لەهەموو لایەکی کوردستان. بۆیە کۆنگرە بە تێکڕای دەنگ هێڵی خیانەتی مەحکووم کرد و لەکۆنگرەدا بڕیاری دا بۆ ریسوا کردنی ئەو هێڵە لەسەر بنەمای یەکێتی نەتەوەیی کورد تێکۆشانی بەهێزتر دەکات. تایبەت ئەو رەوتەی کە دەیەوێت زیهنیەتی خیانەت و بە کرێگیراوی لەرۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بکاتەوە، پەژاک بەڕەنگاری دەبێت و بۆ ئەوەش هەوڵی هوشیارکردنەوەی گەل لەسەر راستیەکان دەدات و رێگا نادات کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەنگاوێک بەرەو دواوە پاشەکشە بکات و بە هزر و سیاسەتی ناسیۆنالیستی و بەکرێگیراوی و داگیرکەری بە لاڕێدا ببرێت.
یازدەهەم؛
لەم کۆنگرەدا بە چڕی لەسەر فەلسەفەی پاراستنی رەوا قسە کرا و پەژاک بە بنەماگرتنی هێڵی پاراستنی رەوا، پاراستن لەماف و هەبوونی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز دەکات. واتا بە باوەڕی لەسەر تیۆری گوڵ کە هەر گولێک پاراستن لەهەبوونی خۆی دەکات. بە ئاشنا کردنی گەل لەسەر ئەو فەلسەفەیە شووناسی نەتەوەیی زیندوو دەکاتەوە و ئەو گۆڕەپانانەی کە رژێم بە شەڕی تایبەت و هێزە داپڵۆسێنەرەکانی پەلاماری سەر ئیرادەی گەل دەدات پووچەڵ دەکاتەوە. واتا پەژاک بە بنەماگرتنی شەڕی سەردەم خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکات و لەو پێناوەشدا بە پەروەردە کردن، کولتوور و فەلسەفەی پاراستنی رەوا لەناو گەلدا برەو پێ دەدات. بۆیە لەسەر بنەمای هێڵی پاراستنی رەوا خۆی بە بەرپرسیاری پاراستنی سەرجەم نرخەکانی نەتەوەی دیمۆکراتیک دەبینێ و لەو پێناوەدا گەل هوشیار و رێکخستن دەکات و تێگەهێشتن لەسەر فەلسەفەی خۆپاراستن پێشدەخات. هاوکات لەسەر بنەمای پێویستیەکانی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد و گەورەبوونی ئەرتەشی گەریلا لەپێناو بە هێزکردنی هێڵی پاراستنی رەوا بانگەوازی لەگەنجان و ژنان و ئازادیخوازەکانی ناوخۆی ئێران کرد کە بۆ لاواز کردنی پێگەی دەسەڵات و بەرگری لەهەبوون و ئیرادەی گەل، بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن.
بە گشتی لەکۆنگرەدا گەلێک بابەتی دیکە قسەوباسیان لەسەر کرا. واتا لەسەر هەر بابەتێک پلاننامەی نوێ داڕێژران و بڕیاری نوێ وەرگیران. تایبەت لەسەر کار و خەباتی راگەیاندن و پڕۆپاگاندە، چاند و هونەر، پەروەردە، ژینگە پارێزی، باوەڕیەکان، کار و خەباتی بنەماڵەی شەهیدان، کار و خەباتی زیندان، کارو خەباتی پەیوەندیەکان، خەباتی هەندەران و … هتد قسەو باس کرا و بە تێر و تەسەلی هەڵسەنگێندران. ئاماژە بە کەم و کوڕیەکانی هەر یەک لەو خەباتانە کراو و بۆ دەرباز بوون لەو کەم و کورتیانە رەخنەدان درا. بۆیە لەلایەکی دیکەوە دەکرێ کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک بە کۆنگرەی گۆڕانکاری، نوێبوونەوە و رەخنەو رەخنەدان بە ناو بکرێ کە لەسەر ئەو فەلسەفەیە پەژاک خۆی نوێ دەکاتەوە و بەو رۆحیەوە سەردەمێکی نوێی تێکۆشان دەستپێدەکات. بێگومان سەرجەم دۆست، لایەنگر، ئەندام و کادیرانی پەژاک بەو هێز و باوەڕیەوە بۆ سەرخستنی سەرجەم بڕیارەکانی کۆنگرە بە تەرز، تەمپۆ و ئوسلوبی ئاپۆیی بەشداری قۆناخی نوێی تێکۆشان دەبن. بۆ ئەوەی هەر کەس بتوانێت بە رۆڵی پێشەنگایەتی خۆی رابێت، سەرەتا پێویستە کەسایەتی خۆی سەر لەنوێ بونیاد بنێتەوە و بە پێداگری لەسەر پارتیبوون، تێکۆشانی هزری و ئایدئۆلۆژی بە بنەما بگرێت. بەو هەستەوە هەر کەس بە ئەرک و بەرپرسیاری رۆشنبیری، ئەخلاقی، سیاسی و ویژدانی خۆی رادەپەڕێت و فەلسەفە و پارادیگمای پەژاک لەهەر قوژبنێکی ژیاندا دەدرەوشێنێتەوە و سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.