ژمارەی 28مینی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ، زمان حاڵی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پەژاک) چاپ و بڵاوكرایەوە.
ژمارە بیست و هەشتەم لەساڵی چواردەهەم، خولی سێیەم؛ گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ تایبەت كراوە حەوتەمین كۆنگرەی پەژاك.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەساڵی 2004ەوە دامەزراوە و حەوت كۆنگرەی بەستووە. كۆنگرەی حەوتەمی پەژاك لەڕۆژانی حەوت و هەشت و نۆی نیسانی 2024ی زاینی بەرابەر بە”19-20-21ی فەروەردینی ساڵی 1403ی هەتاوی”، بەڕێوە برد و لەسەر ئەو ئەساسە ئاڵتەرناتیڤ ئەم ژمارەیەی خۆی تایبەت كرد بەڕۆژەڤە سەرەكیەكانی كۆنگرەی حەوتەمی پەژاك.
بەشێك لەناوەڕۆكی ئاڵتەرناتیڤ بەئەنجامنامەی كۆنگرە و ریپۆرتاژی هاوسەرۆكانی هەڵبژێردراوی پێشوو و نوێ و بەشێكی تری ناوەڕۆكی خۆی بەڕیپۆرتاژ لەگەڵ ئەندامانی بەشداربووی كۆنگرە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی پەژاك تەرخان كردوە.
لە وتارەکاندا بەزۆرینە سەرنج دراوەتە سەر تێپەڕاندنی ئەو قەیران و كائووسەی هەموو سیستەمی جیهانی گرتووەتەوە و لەوانەش دۆخی ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردستان بەگشتی و هەڵمەتی بەجیهانی بوونی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی كورد و هاوكات جەختكردنەوە لەسەر هێڵی نەتەوەی دیموكراتیك وەك تاكە رێی چارەسەری پرسە نەتەوەیەكان و دامەزراندنی كۆنفدراڵیزمی دیموكراتیك وەك رێی دەربازبوون لەقەیرانی سیستەم. هەروەها لەبەشێكی تری ناوەڕۆكی ئاڵتەرناتیڤدا جەخت لەسەر پێشەنگایەتی زیاتر لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا كراوەتەوە و پەژاک بە پارتی ژنان و گەنجان لەقەڵەم دراوە و لەوچوارچێوەیەدا تیشک خراوەتە سەر رۆڵ و بەرپرسیاری گەنجان و ژنان لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا.
لەبەشیكی تری گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤدا ئەلبۆمێك لەوێنەكانی كۆنگرەی حەوتەمی پەژاك جێ دەگرن.
هەڤاڵان، دۆستان، لایەنگران و وڵاتپارێزان و هۆگرانی هزر و ئەدەبی سیاسی و رێكخستن بۆ بەدەستخستنی ژمارە بیست و هەشتەمینی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ دەتوانن بە فایلی پیدیئێفی گۆڤار دانلۆد بكەن.