پەیامی سەرەخۆشی کومیتەی چاند و هونەری بێستون
بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەندان مامۆستا جەمیل هەورامی و جەمشید عەندەلیبی سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردووان، هونەرمەندان و هەموو گەلانی کوردستان دەکەین.
بەداخەوە ئەو ڕۆژانە کۆمەڵگەی هونەرمەندانی کوردستان تووشی چەند خەسارێکی گەورە بوو. کۆچی دوایی مامۆستا جەمیل ئەحمەدی ناسراو بە جەمیل هەورامی خەڵکی شارۆچکەی نەوسوودی سەر بە پاوەی کرماشان و هەروەها جەمشید عەندەلیبی خەڵکی شاری سنە هەموو گەلی کورد و هونەرمەند و هونەردۆستانی خەمبار کرد.
هەورامان وەک زانکۆی هونەر و زمانی کوردی لە کۆنەوە مەکۆی هونەرمەندان بووە و وێڕای هەموو هێرشە قڕکارییەکانی داگیرکەرانی کوردستان، بە سەدان هونەرمەندی وەک مامۆستا جەمیل هەورامی پێشکەشی هونەر و زمانی کوردی کردووە. زاراوەی هەورامی و هونەر و کولتووری هەورامان وەک کانیاوێکی بەجۆش، بەردەوام بووەتە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ هونەرمەندان و هونەر دۆستانی کورد. کەسانی بەنرخ وەکو مامۆستا جەمیل هەورامی بوونە بەشێکی شوناسی ئەم زاراوەیە.
مامۆستا جەمشید عەندەلیبی، ژەنیارێکی بە ئەزموونی ئامێری نەی بوو کە بێ ئەوەی پەروەردەیەکی تایبەت بۆ ژەنینی ئەو ئامێرە ببینێ، تەنیا بە هەوڵی خۆی فێری ئەو هونەرە ببو و بوو بە ئەستێرەیەکی گەشاوەی ئاسمانی هونەری کوردی. کۆچی دووایی ئەو خەسارێکی گەورە بوو بۆ فەرهەنگی کوردی.
بە دڵنیاییەوە ئەو خۆشەویستانە بە هونەریان هەتاهەتایە لەناو دڵی هەورامان، سنە و کرماشان ، هەموو کوردستان دا بە ڕێزەوە یادیان دەکرێتەوە. ئەوان لە هەمان کاتدا بوون بە بەشێک لە میراتی مرۆڤایەتی. یادیان بەرز و ڕووحیان شاد بێ.
ئێمەش وەکو کۆمیتەی چاند و هونەری بێستون هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی ئەو هەنەرمەندە کۆچکردووانە و هەموو هوونەرمەندان و خەڵکی هوونەردۆستی هەورامان، کرماشان و سنە و هەموو کوردستان ڕادەگەێینین. با بەڵینمان ئەوە بێ کە بە ژیان کردن لە سەر نەریت و چاند و فەرهەنگی خۆمان یادی ئەو کەسە بەنرخانەمان زیندوو ڕابگرین. ئەمە دروستترین ڕێگایە بۆ بەردەوامی ڕێگەیان.
کومیتەی چاند و هونەری بێستون
١٦/١٢/٢٧٢٣ کوردی