ئارگەش ئاڵاسوور

ساڵەکانی ٧٠ی هەتاوی تەم و مژێک گەلی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا داپۆشاندبوو، کوچە و کۆڵانەکان، شەقامەکان و بگرە ناو ماڵەکان، خەمێک دایگرتبون. هەڵمەتی خۆڕاگرانەی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان دوای ٥٠ ساڵ تێکۆشان لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی و ١٠ ساڵیش لەگەڵ سیستەمی ویلایەتی فەقێ سەرکەوتنی بەدەست نەهێنابوو و لە زۆربەی ماڵەکان وێنەی شەهیدێک هەڵواسرابوو و لە ژێر وێنەکان هەر دایک و بابەکان بوون کە فرمێسک دە چاویان دا قەتیس مابوو. لەو سەردەمەدا لەبەر بێ پلانی و سەرلێشێواوی حیزبەکان و رێخستنەکانی ئەو سەردەمەی رۆژهەڵات تێکۆشانی قارەمانانەی گەلی کورد بێ ئەنجام ماو دوژمن هارتر لە هەمیشە هاتەوە سەر خاکی وڵاتەکەمان. دەڵێن شۆڕش لە کوێ بن بکەوێ، ئەوا لەوێ فاشیزم سەرهەڵدەدات و رۆژهەڵاتی وڵاتیش لەو سەردەمەدا روبەڕووی هارترین دەسەڵاتی فاشیستی بۆوە و کوچە و کوڵانەکان و شەقامەکانی رۆژهەڵاتیان کرد بە بنکەی بەسیج و پاسداران و گەل بە هەموو هێزی سەرکوتکاری فیزیکی و ئایدۆلۆژیای دوژمن گەمارۆ درا. خەمۆکیەک وڵاتی داگیرکردبوو و بگرە ئەوە منداڵە ژیکەڵەکانیشی گرتبۆوە و وەك بڵێی ئەوانیش دەیانزانی بارودۆخێک کە هەیە هەڵەیەکی تێدایە، منداڵەکان لە وشەی دەوڵەت و پاسدار دەترسان و ئەو وشانە لە وشەی “شەوە”ش سامناکتر بوون. هیچ نەبێ منداڵان دەیانزانی کە دەوڵەت و پاسدار بە زمانێک دەدوێن کە زمانی ئەو کوچە و کۆڵانانە نیە و کاتێک پاسدارێکی داگیرکەریان دەدیت نامۆییەکی قووڵیان هەست پێ دەکرد کە بە هیچ پڕ نەدەبۆوە. لەو سەردەمادا کە ئیدی گەل هیوای نەمابوو و تاریکی زاڵ ببو و لە ساڵی ٧٧دا خەبەرێك بڵاو بۆوە کە رێبەری گەلی کورد “عەبدوڵا ئۆجەلان” بە پیلانگێڕیەکی ناونەتەوەیی گیراوەو رادەستی رژێمی داگیرکەری تورکیایان کردووە، هەر کە ئەو خەبەرە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بۆوە، ئیدی کوچە و کۆڵانەکان و شەقامەکان و بگرە هەموو ماڵەکان خرۆشان و شار و دێ و جادە بە جادە بوونە یەک و گەلی کورد هاوشانی خوشک و براکانیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەستانە سەر پێ و هەڵوێستی خۆی؛ ئاگرین‌ئاسا نیشانی دوژمنانی کوردستان دا. لە رژێمی داگیرکەری ئێران، هەتا دەوڵەتی سەرکوتکەری ئامریکا و هەموو پیلانگێڕان حەپەسان کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن ئاوا لە رێبەر ئاپۆ بە خاوەن دەرکەوت و لە حالێک دا گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان رێبەر ئاپۆ و بزاڤی ئاپۆییان راستەوخۆ نەدەناسی، بەڵام لە راستی دا داگیرکەران کۆمەڵناسی و دەروونناسی کۆمەڵگای کوردستان ناناسن و نازانن ئەگەر سەد سنووری دەستکردی دیکەش لەناوبەری گەلی کورد دا بەجێ بکەن، ئەوە گەلی کورد بە هەزاران ساڵە لەو وڵاتە دەژی و هەر بەرد و دار و شاخ و چۆمێک بیرەوەری ئەو گەلە بە رۆژانە دەگێڕنەوەو دایکە-سروشتی نیشتمان بێ ناوبەر مێژووی ئەو گەلە رادەستی نەوەی نوێ دەکات. بە گرتنی رێبەر ئاپۆ رۆژێکی رەش و ناخۆش دەناو مێژووی پڕ لە ئازاری گەلەکەمان دا تۆمار کرا، بەڵام گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جارێکی دیكە دەرفەتی ئەوەی دیتەوە کە رێبەری خۆی بناسێ و لەو رێبەرەی بە خاوەن دەرکەوێت و زیندان و دوری فیزیکی بۆخۆی نەکردە ئاستەنگ و تامەزرۆی ناسین و بەدواداچوونی ئەو رێبەرەی بۆخۆی کرد بە بنەمای هەستانەوەو زیندوو کردنەوەی تێکۆشان. هەر بۆیە رۆژانە پۆل بە پۆل ژنان و جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەی شاخەکانی کوردستانیان دەگرتە بەر و لە ناو ریزەکانی گەریلای ئاپۆیی دا جێگەیان گرت. دوای ٥ ساڵ و لە ساڵی ٨٣ هەتاویدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەسەر بناغەی سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات، دژ بە پیلانگێڕی سەر رێبەر ئاپۆ دامەزرا و هیوایەکی نوێی تێکۆشان چەقەرەی داوەو پەژاک رۆژ بە رۆژ بەرفرەتر بۆوە و گەریلای پەژاکیش بوون بە رەمزی سەرکەوتن و ئیرادەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

هەر لە ساڵەکانی ٧٠ و ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە شارە جوان و تێکۆشەرەکەی مەهاباد لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز کە بە ساڵان بۆ ئازادی کوردستان ئارەق و خوێنیان رشتبوو، کۆرپەیەک هاتە دونیا، کاک کاوە و دایە كەژاڵ کوڕێکیان بوو کە ناویان نا بارزان و هەر لە دەسپێکی منداڵیەوە بە چاندی کوردی گەورەیان کرد و هەمیشە سروودی ئەی رەقیبیان لە بن گوێ‌دا دەخوێند. بارزان هەر کە کەمێک فامی کردەوە زانی کە رۆلەیەکی کوردەو رژێمی داگیرکەری ئێران دوژمنێتی و بۆیە لە هەر کوێ دەبوو و بۆنی داگیرکەری بۆ دەهات هەڵوێستی تیژی بارزان دەردەکەوت. بارزان هەر زوو و لە دەسپێکی جەوانی خۆیدا لە لێگەڕین دابوو تا بزانێت بۆ ئەو نیشتمانە زامدار و داگیرکراوە دەبێ چی بکات. هێزێکی تایبەتی هەبوو و بە تەمەنی کەمی خۆی دەیتوانی بە جۆرێک لەسەر کوردستان قسە بکات کە کاریگەری لەسەر هاورێیانی دابنێت، زۆر شەو هاوڕێیانی بە رێخستن دەکرد و ئیسپرەیەکی رەنگی هەڵدەگرت و دەچوو لەسەر دیوارێکی شار دروشمی بە باڵای کوردستان و بۆ نەمانی دوژمنان دەنووسی. لەناو مەکتەبدا هیچ خۆشی لەو منداڵانە نەدەهات کە منداڵی جاشان بوون و راشکاوانە پالپشتی‌یان لە داگیرکەران دەکرد، هەر بۆیە جاشەکان لە بارزان دەترسان. بارزان ئیدی هەر دەهات و دو هەستی ناکۆکی دە ناو دڵی دا گەورەو گەورەتر دەبۆوە، لە لایەک خۆشەویستی و عەشقی بۆ کوردستان رۆژ بە رۆژ پەرەی دەستاند و لە لایەکیش رق و کینێکی بێ وێنەی لە دوژمنان و داگیرکەران هەبوو و لە هەر هەل و مەرجێک دا دەیهەویست کە تۆڵەیان لێ بگرێتەوە. هەر لەو سەردەمەدا کە پەژاک رۆژ بە رۆژ زیاتر دەچووە ناو دڵی گەلی کورد و رێبازی نوێی شۆڕش و تێکۆشانی ئازادی لەناو رۆژهەڵات دا بڵاو دەکردەوە و رۆحی جەوانی پەژاک، بارزانی بەلای خۆیدا کشاند و هەر زوو بارزان خۆی وەکوو لایەنگرێکی پەژاک ناساند و دەستی بە خەباتی شاراوە دەناو شاردا کرد، بارزان بە تەمەنی کەمی خۆیەوە بەڵام بە هەستێکی زۆر مەزن کاریگەری لەسەر جەوانان دادەنا و خاوەن هەڵوێست بوونی بارزان بۆ هاوڕێیانی ببو بە پشت و پەنایەک. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا کەوتە ناو زیندانی داگیرکەرانی رژێمی ئێران و لە زیندانیش دا دوژمن وایدەزانی کە بارزان منداڵێکەو گەرم داهاتووە و ویستیان بە شەڕی تایبەت و شەڕی رۆحی؛ بارزان لە هەڵوێستەکانی دوور بخەنەوە کەچی بە پێچەوانەوە بارزان نەک کۆڵی نەدا بەڵکوو هەڵوێستی بارزانی جەوان ئەوەندە بە کاریگەر بوو کە زیندانیەکانی دیکەش لە بارزان بەکاریگەر بوون، دوای ماوەیەک بارزان لە زیندان هاتە دەر و تێکۆشانی زۆر جددی‌تر بەردەوام کرد. لەو ساڵانەدا بارزان لەگەڵ جەوانانی وڵاتپارێزی مەهاباد زیاتر ئاشنا بوو و لەگەڵ یەکێک لە پێشەنگانی ئەو سەردەمە حوسەین کامکار ناسراو بە شەهید ئارگەش شۆڕش بوون بە هاوڕێی نزیکی یەک و خەباتی ناو شاریان بەیەکەوە بەرەو پێش دەبرد، هەر لەسەر ئەو هاوڕێیەتیەوە لە رۆژی ١٦ سەرماوەزی ١٣٩٥ بارزان و حوسەین بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون. ئیدی بارزان لەسەر بنەمای ئەو رق و کینەی کە لە داگیرکەران هەیبوو ناوی خۆی نا تۆڵهەڵدان و پاشناوی خۆشی کرد بە قەندیل تا بە داگیرکەران ئەو پەیامە بدات قەندیل تۆڵەی خۆی لە هەموو داگیرکەران دەکاتەوە. زۆر زوو لەگەڵ ژیانی گەریلا بوو بە یەک و تۆلهەڵدان دەناو هەڤاڵانی دا وەک کەسێکی رەنجدەر و تێکۆشەر دەناسرێت، کە ماندوو نەناسانە بۆ ئازادی فیزیکی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد ئارەق دەڕێژێت و هەمیشە خەریکی بەرێخستن کردن و خۆپەروەردەکردن و پەروەردەکردنی جەوانان دەبێت، دەبێتە ئەندامی کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان (KCR) و وەک جەوانێکی پێشەنگ لە زۆریەک لە هەرێمەکانی رۆژهەلاتی کوردستان خەباتی شۆڕشگێرانەی پێش خست و فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی رێبەر ئاپۆی لە ناو گەل و بە تایبەتی جەوانان دا بڵاو دەکردەوە، هەر زوو بوو بە کادرێکی بە ئەزمون و بەتوانا و توانی باری شۆڕشی ئەو گەلەی کە حاشای لێ دەکرا هەڵبگرێت و ببێتە پێشەنگێک بۆ کوردستان. تۆلهەڵدان قەندیل لە هەر دوو بواری فکری و پراتیکی دا خۆی پێشدەخست و ئەوەی کە فێری دەبوو هەر زوو دەیخستە خزمەتی گەل و شۆڕش. تایبەتمەندیەکانی جوانی دەخۆیدا ئاوا کردبوو و رۆژ بە رۆژ بە‌‌هێزتر دەبوو و تەنیا بە خۆی سنووردار نەدەماو بۆ هەڤاڵانی دەوروبەری خۆی وزە و مۆراڵ بوو. تۆڵهەڵدان رادیکاڵ، بە مۆراڵ، بە ئەخلاق، بە جەسارەت، بە عەشق، بە ئەزموون و فیدایی بوو و لە تێکۆشەریدا سنوورەکانی دەبەزاند و لە کێبڕکێی گەیشتن بە کەسایەتی ئازادی هەمیشە لە ریزی یەکەم دا دەتدیت. تۆڵهەڵدان بوو بە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگای جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان (KCR) و ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە خوێن و ئارەق پێک دێنا. کاتێک کە باسی دوژمنی دەکرد دەبوو بە تۆپەڵە ئاگرێک کە دەیهەویست دەناو دڵی دوژمندا بتۆقێتەوەو و کاتێکیش کە باسی کوردستانی دەکرد ئەوە هەر هەڵبەستەکانی هێمن و سوارە و قانعی لەسەر لێوبوو و هەمیشەش رێباز و رامانە پیرۆزەکەی رێبەر ئاپۆی دەخستە بەر باس و لەناو گەلدا بڵاوی دەكردەوە، ئەگەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا پەرەی ستاند، ئەوە بێ گومان رەنج و فیداکاری تۆڵهەڵدانی هەر لە مەریوانەوە هەتا سەردەشت و مەهابادەوە پێوە دیارە و بگرە دەستی خۆی گەیاند بۆ زانکۆکانی ئێرانیش. گەلی كورد دیسان شۆڕشگێڕێکی مەزن و جەوانێکی خوێن گەرمی لە بۆردومانەکانی رژێمی داگیرکەری تورکیا لە دەستدا، تۆڵهەڵدان ئەوەی باش دەزانی کە بۆ ئازادی کوردستان دەبێ لەگەڵ هەموو داگیرکەرانی کوردستان شەڕ بکەین و کوردستانی وەک وڵاتێکی یەکپارچە دەدیت و ئەو فکرە شکست خواردوەی تێکۆشان تەنیا بۆ بەشێکی کوردستانی بە هەڵەیەکی گەورە و بگرە بە ئاستەنگیەکی ئازادی کوردستان دەدیت و لێکدانەوەی بۆ دەکرد. هەمیشە بە دژی ئەو سیاسەتە خیانەتکارانەی بنەماڵەی بارزانی رادەوەستا و هەڵوێستی رادیکاڵی لەبەرامبەر خیانەت دەنواند و دەشیگوت تا خیانەت دەناو کوردستان دا بنبڕ نەکەین ئەوا زوو ناتوانین لینگی داگیرکەران لە وڵاتەکەمان ببڕینەوە. شەهادەتی هەڤاڵی ئازیز و بەڕێزمان تۆڵهەڵدان قەندیل لە رۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ بۆ ئێمە دەبێتە هەڵوێستێکی رادیکاڵ و دەبێتە رق و کینەکەی ناو دڵی تۆڵهەڵدان بەرامبەر بە داگیرکەران و دەبێتە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان کە خەیاڵی پیرۆزی هاوڕێ و هەڤاڵمان تۆڵهەڵدان قەندیلە. هەر وەک دایکان لە سەرەخۆشیەکەی شەهید تۆڵهەڵدان گوتیان: تۆڵهەڵدان نامرێ و نامرن وا ئەوانەی لە دڵی میللەتدا دەژین.