دەنیز دەریا
سەرچاوە: ئاڵتەرناتیڤ – ژمارە ٢٦
گرتووخانە سیاسەتی هاوبەشی هەموو سیستەمە داگیركەرەكان، بەئامانجی تەسفیەكردن و لەناوبردنی كەسایەتی ئازادیخوازە. هێزە داگیركەرەكان كەسانی ئازادیخواز و چالاكوان و لێگەڕین وانانی ئازادی بۆ خۆیان بە مەترسی دەبینن. بۆیە داگیركەران بەشێوەیەكی هەری چەپەڵ پەلاماری ئەو كەسانە دەدەن و هەوڵدەدەن بەو رێبازە ئەو كەسایەتیانە تەسفیە و بێ كاریگەر بكەن. رژێمی داگیركەر و قڕكەری ئێران یەك لەو رژێمانەی پەت و سێدارەیە. سیاسەتی قڕكردن و پیلانگێڕیی سیاسەتی مێژوویی رژێمی ئێرانە كە بەلای هەموو كەسەوە ئاشكرایە. ئەندازیار و مامۆستای هەری سیاسەتی ئەشكەنجە و زیندانن. لەئێستاش دا بەشێوەیەكی هەری چەپەڵ و نائەخلاقانە هێرش و گوشار دەخەنە سەر زیندانیانی سیاسی. بە رێگەی ئەشكەنجە و گۆشارهێنان، دەیانەوێت ترس و تەسلیمیەت بەسەر زیندانیاندا بسەپێنن و بەو شێوەیەش دەسەڵاتداریەتی خۆ نیشاندەن و بپارێزن. بەزەخت و گوشاری سەر زیندانیان هەوڵدەدەن بەڵگەی پەشیمانبوونەوەی ئەوەی کە دەست لەدۆزی رەوای ئازادی بەردەدەن بڵاو بکەنەوە و بەو رێ و رێبازە دژە مرۆڤییە هەوڵدەدەن هیوا و باوەڕی گەلان، ژنان و گەنجان بۆ ئازادی تێكبشكێنن.
چەكی مەزنی رژێمی داگیركەری ئێران ئەشكەنجەدانی كەسایەتی پێشەنگە
رژێمی داگیركەری ئێران بەتایبەتی لەیەكگرتوویی ژنان زۆر دەترسێت، بۆیە تێكۆشانی ژنانی ئازادیخواز بۆخۆی وەك هەڕەشەی هەری مەزن دەبینێت. زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و زۆر لەو ژنە زیندانیكراوانە، پێشەنگان و بەرخۆدانڤانانی دۆز و هێڵی ئازادین. ئەو ژنانە باوەڕیان بە ژیانی ئازادە و لەپێناو ئەو ژیانە تێدەكۆشن. رژێمی پەت و سێدارە ماوەی شانزدە ساڵە بەشێوەی نامرۆڤانە و دوور لەهەموو پێوانێكی مرۆڤیی بەرێگەی شەڕی تایبەت، ئەشكەنجە و توندی و گوشار دەیەوێت بەڵگەی پەشیمانبوونەوە بە زەینەب جەلالیان واژۆ بكات. لەبەر ئەوەی پەشیمانبوونەوە و داگیركەری داسەپاوی رژێم قەبوڵ ناكات، بەگشتی لەمافە بنەڕەتیەكانی بەندكراوێك بێ بەشی دەكەن. لە بینینی پارێزەران و بنەماڵەكەی بێ بەشە، لەرووی جەستەیی و رۆحیەوە ئەشكەنجەی دەكەن و بەرێ و رێبازی نایاسایی راگوێزی شوێنی جیاواز دەكرێت و لەوانە تێكەڵ بەو نەخۆشانەكراوە كە نەخۆشی كۆرۆنایان گرتووە و لەهەلومەرجی هەری زەحمەتی زیندان تووشی نەخۆشی كۆرۆنا بوو. دوابەدوای تووش بوون بەنەخۆشی كۆرۆنا، نەخۆشی هەناسەتەنگی”ئاسم” پێشكەوت و تووشی چەندین نەخۆشی جیاوازتر بوو و لەمافی دەرمان و چوونە دوكتۆریش بێ بەش كراوە.
رژێمی داگیركەری ئێران لەماوەی ئەو شانزدە ساڵە لەزیندانێكەوە بۆ زیندانێكی تر دەیگوازێتەوە. ئامانجی رژێم بێ كاریگەركردنی تێكۆشان و شكاندنی ئیرادەی زەینەب جەلالیانە لەسەر زیندانیانی تر و دەیەوێت بەو رێگەیە كاریگەری ئەو كەم بكاتەوە و لەكەسایەتی ئەودا بێ ئیرادەبوون و بێ هێزی پێشبخات و بەو شێوەیەش تێكۆشان لاواز بكەن و بەو رێگەیە رەوایەتی بەداگیركەری بدەن.
زیندان گۆڕەپانی شەڕ و تێكۆشانە
هەزاران ساڵە هێزە دەسەڵاتدارەكان لەناوبردن و بێ ناسنامە هێشتنەوەی ژنانیان كردۆتە ئامانجی خۆیان و بەوشێوەیەش هەموو چاند و گەل و باوەڕیەكان دەكرێنە ئامانج. رژێمی داگیركەری ئێران ئامانجی سەرەكی لەناوبردن و تەسفیەكردنی ژنانی پێشەنگ و شۆڕشگێڕە. چونكە لەئەنجامی بەرخۆدان و تێكۆشانی ژنان كۆمەڵگە لەو ترسەی كە بەهەزاران ساڵە داگیركەر چاندبووی، رزگار كراوە. رژێمی داگیركەر هەوڵ دەدات بەرێگەی زیندان ترس و دڵەڕاوكێ بڵاوبكاتەوە، بەڵام بەپێشەنگایەتی ژنان زیندانەكان بوون بەگۆڕەپان و سەنگەری بەرخۆدان و تێكۆشان. بەهەزاران كەس لەو سەنگەرەدان و لەبەرامبەر بەداگیركەری ئێران لەنێو شەڕ و بەرخۆدانیەكی مەزن دان.
خاوەنداریكردن لەمێژووی ژنی ئازاد
كۆمەڵگە لەلایەن زهنیەتی پیاوسالارەوە دەورە دراوە و هیچ حیسابێك بۆ تێكۆشانی ژنان ناكرێت. بەبەردەوامی تێكۆشانی ژنان لەپیاواندا گۆڕانكاری گەورەی هێناوەتە ئاراوە. ئەمڕۆكەش ژنان وەك سەنگەری ژیان دەبیندرێن و لەرێگەی تێكۆشانەوە ئیلهام و جەسارەت دەبەخشنەوە. بێگومان ئەو دەستكەوتانە بەقوربانی هەری گەورە بەدەستخراون. زەینەب جەلالیان لەسەر پاشخانی مێژوویی تێكۆشانی هەزاران ساڵەی ژنان بەردەوامە و خۆی لەسەر ئەو راستیانە بونیاد ناوە. ئەمڕۆكەش بەتێكۆشانی خۆی خاوەنداری لەمێژووی ژنان دەكات. رژێمی داگیركەری ئێران ئەمە باش دەبینێت و هەوڵدەدات بەهەموو رێ و رێبازێك لەكەسایەتی زەینەب جەلالیان دا ئیرادەی هەموو ژنانی ئازادیخواز بشكێنێت و تێكۆشان بێ واتا بكات. هەرچەندە بەشێوەیەكی هەری وەحشیانەش بێت، بەڵام زەینەب جەلالیان لەتێكۆشانی خۆی دا پێداگری لەسەر تێكۆشانی ئازادی دەکات.
لەكەسایەتی ژنی ئازاد دا كۆمەڵگە و ژیانی ئازاد دەكەنە ئامانج
رژێمی ئێران، خۆی بە رژێمی كۆمارخواز پێناسە دەكات. زەینەب جەلالیان لەو كاتانەی دا کە ئەشکەنجە دەکرێت بەوانە دەڵێت:”مەگەر خوایەكی ئێوە نییە؟… دەستدرێژی دەكەنە سەر مرۆڤێكی بێ تاوان و بەشێوەیەكی هەری نامرۆڤانە ئەشكەنجەی دەكەن؟”. ئەشكەنجەكەرانیش وەها وەڵام دەدەنەوە؛ ئێمە ئێستا لەقاتی سەرەوە تۆ ئەشكەنجە دەكەین كە تۆمان بردە قاتی خوارەوە لەوێدا خوا نییە، دەتوانین لەوێدا تۆ بەئاسانی ئەشكەنجە بكەین و خوداوەندیش دەنگی تۆ نابیستێت. ئەم بابەتە ئەوە نیشان دەدات كە چەندە رژێمێكی دژە ـ ئیسلام و ئەخلاقە.
لەزیندانی ئامەد بەبەرخۆدانی هەمەلایەنە سیاسیەتی وەحشیانەی دەوڵەتی توركی داگیركەری مایەپووچ كرا. لەئێرانیش بەهەمانشێوە بەپێشەنگایەتی ژنانی تێكۆشەر سیاسەتی رژێمی داگیركەری ئێران پووچەڵكرایەوە. ژنانی پێشەنگ بەویست و بانگەوازی گەلان و ژنانی ئازادیخواز، تێكۆشانی خۆیان بەگوڕتر و بەهێزتر دەكەن و لەكۆمەڵگەدا پەرەی پێ دەدەن. رژێمی داگیركەری ئێران كاریگەری ژنان بەسەر هەموو كۆمەڵگەوە دەبینێت، لەبەر ئەوەش هەوڵدەدات لەكەسایەتی ئەو مرۆڤە پێشەنگ و ئازادیخوازانەدا، سنورەكانی ئازادی بەرتەسك بكاتەوە و بێ رەوشتی، بێ كەلتوری و بێ هەڵوێستی و بێ مافی رەوا بكات. رژێمی داگیركەری ئێران زیندان وەك كارتێكی گوشار لەبەرامبەر بەژنان و گەنجان بەكاردێنێ. گەلان و ژنانی ئێرانی بەشێوەیەكی ئایدۆلۆژی لەنێو زیندانەكان و دەرەوە لەبەرامبەر بە سیاسەتە چەپەڵەكانی رژێم تێدەكۆشن.
رژێمی ئێران رەوایەتی خۆی لەدەست داوە
هاوكات ژن لەبەرامبەر یاساكانی رژێم وەک زەخت و گوشار و زۆرداری دەوەستنەوە و تێكۆشان دەكەن. هەموو یاساكانی رژێمی ئێران لەسەر بنەمای بێ كاریگەركردن و لەناوبردنی ناسنامەی ژنانە. ئەو یاسایانەی کە دەریدەچوێنن لەبەرامبەر بە ژیانی راستەقینەی ژنان و گەلانە. لەبەرامبەری سەپاندنی یاسا ژنان تێكۆشان دەكەن و لەسایەی ئەم تێكۆشانە لەمڕۆدا كۆمەڵگە ئەو یاسایانەی خستووەتە بەر لێپرسینەوە و حیساب خواستن و ئەو یاسایانەی سەپاون لەبەرامبەریان وەستاوەتەوە و لەلایەن كۆمەڵگەوە پەسەند ناكرێن و بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا ئەوەی پێش دەكەوێت ئەوەیە كە؛ گەلان و ژنان لەئێران ئەو رژێمەیان ناوێت و لەبەرامبەر بەرژێمی دەسەڵاتدار و دژە مرۆڤی ژیانێكی ئازادیان هەڵبژاردوە و بۆ ئەو ژیانە تێكۆشان دەكەن.
زەینەب جەلالیان سیمبۆلی بەرخۆدان و تێكۆشانە
زەینەب جەلالیان لەئێران یەكەمین ژنە كە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و ئەوە ماوەی شانزدە ساڵە لەزیندان دایە. لەبەر ئەوەی زەینەب جەلالیان تێكۆشانی ئازادی و دیمۆكراسی بەرێوە دەبات لەنێوان چواردیواریەك دا بەند كراوە. بەبەرخۆدانی خۆی هەموو كردەوەكانی رژێمی داگیركەری ئێرانی مایەپووچ كردوەتەوە و بۆ هەموو ژنان و گەلان بووەتە سیمبۆلی بەرخۆدان و تێكۆشان. رەنگە زۆر كەس بیانەوێت بزانن سەرچاوەی هێزی زەینەب جەلالیان و ئەو خۆڕاگریەی لەبەرامبەر بە بەكارهێنانی ئەشكەنجەی وەحشیانەی رژێمی ئێران لەكوێوە دێت؟ وەڵامی ئەوەش لەبیروهزری رێبەر ئاپۆوەیە. زەینەب جەلالیان هێزی خۆی لەپارادیگمای رێبەر ئاپۆ كە پشت ئەستورە بە نەتەوەی دیموكراتیك وەردەگرێت. زەینەب جەلالیان هەستی بەوە كرد ئەو ژنەی خۆی لەسەر هزری رێبەر ئاپۆ پەروەردە دەكات، ئازاد دەبێت. تێكۆشانی ژنی تیكۆشەر و بەرخۆدانڤان”ساكینە جانسز” بۆ زەینەب بووەتە ئیلهام و بیانوی تێكۆشان. ژنە شۆڕشگێڕی نەمر ساكینە جانسز لەبەرامبەر بەدەوڵەتی توركی داگیركەر و فاشیست هیچ كاتێك تەسلیمیەت و سەرشۆڕی قەبوڵ نەكرد و لەبەرخۆدانی خۆیدا لە بەرامبەر سیستەمی پیاوسالاری كە بەزهنیەتیەكی پێنج هەزار ساڵە پشت ئەستورە، تێكۆشانی بەرێوە برد و بۆ هەموو ژنانی كورد بووە سیمبۆل. بەسەدان ژنی كورد لەسەر ئەو رێبازەی ساراكان، بوونە ئاڵاهەڵگری ئەو تێكۆشانە.
زەینەب جەلالیانیش وەك ئەو هەزاران ژنە كوردە لەناو شەڕێكی دژواردا لەدایكبووە، یا ئەوەتا لەشەڕدا گیانی بسپاردبا یاخود لەبەرامبەر بەزهنیەتی شەڕكەر و هێرشكار دەستی بەتێكۆشانی ئازادی بكردبا. ئەو رێگەیەی زەینەب جەلالیان هەڵیبژارد، رێگەی ئازادی و وەستانەوە لەدژی كۆیلایەتی و نادادی بوو. ئەو ژیانە ئازادەی هەڵبژارد. بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ژیانە، ئێش و ئازاری هەموو ژنان و گەلانی بەئێش و ئازاری خۆی بینی و ئەوەشی كردە بیانویەك بۆ تیكۆشانی مەزن. شوێنی ئەشكەنجەدانی بەسەرجەستەی ئەو جوانانە بینیوە كە بەرەو پەتی سێدارە دەبران و بەقووڵی هەستی پێ كردوە. هەموو ئەو رووداوانەی ژیاوە كردە بنەما بۆ تیكۆشانێكی بەهێزتر. ئەو رژێمەی دەیەوێت بەئەشكەنجە پەشیمانی بەسەردا بسەپێنێت، زەینەب بە تێكۆشانێكی بەهێزتر وەڵام دەداتەوە. زەینەب جەلالیان بەجەسارەت و قارەمانێتی بۆ هەموو ئەو ژنانەی لەزیندانەكانن بووەتە سیمبۆل. بۆیە ئەركە لەسەر شانی هەموو لایەك كە خاوەنداری لەتێكۆشانی ئەوان بكەن. هەموو بنەماڵەی زیندانیان، بنەماڵەی شەهیدان و كەسایەتی ئازادیخواز، ژنان و گەنجان ئەركیان گەورەكردن و بەهێزكردنی بەرخۆدانە. خاوەنداریكردن لەو زیندانیانەی كە تەسلیمیەت و سەرشۆڕی قەبوڵ ناكەن، خاوەنداریە لەژیان و كۆمەڵگەیەكی ئازاد. بۆ ئەو كەسانەی كە لەپێناو ژیانێكی ئازاددا تێكۆشان دەكەن و هێڵی تێكۆشان دەستنیشان و ئەو كەسانەی لەبەرامبەر بەدوژمنی داگیركەر تەسلیم نابن، خاوەنداریكردن ئەركێكە و تێكۆشان پێویستیەكە. بۆ ژیان و كۆمەڵگەیەكی ئازاد، بۆ دیمۆكراسی و یەكێتی هەموو نەتەوە و گەلان، بۆ ژنان و پیاوانێكی ئازاد خاوەنداری لەتێكۆشان ئەركی هەموو لایەكە.