هیوا ئەحمەد
سەرچاوە: گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ – ژمارە ٢٦
هەڤاڵ”گوڵستان فەقێ”، ناسراو بە”گوڵستان كۆچەر” لەدایكبووی ساڵی ١٩٨٢ز و لەهەرێمی كۆچەرات لەشارۆچكەی دێركی رۆژئاوای كوردستان لەبنەماڵەیەكی وڵاتپارێز و نیشتمانپەوەر لەدایكبووە. لەبنەماڵەكەیاندا دوو كوڕمام و دوو كچ مامی لەریزەكانی گەریلادا شەهید و بەلایەنی كەمەوە بەدەیان كەس لەبنەمالەكەی لەنێو تێكۆشانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی كوردستاندا جێ دەگرن.
هەڤاڵ گوڵستان لە ساڵی ١٩٩٩ و لەكاتی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەبەرامبەر بەرێبەر ئاپۆ، بڕیاری بەشداربوون بۆ نێو ریزەكانی گەریلا دەدات و هاوشان لەگەڵ پۆلێك لەژنان و هاوڕێیان و كوڕانی هەرێمەكەیان بەشداری ریزەكانی گەریلاكانی ئازادی كوردستان دەبن. سەرەتای كاروخەباتی رێكخستنی هەڤاڵ گوڵستان لەرۆژئاوای كوردستان و لەنێو خەباتی كۆمەڵایەتی و ژنان و چاند دا دەبێت و پاشان دەچێتە هەرێمەكانی بادینان، موسڵ، بەغداد و كەركوك و ساڵی ٢٠٠٧ و لەگەرمەی تێكۆشانی رێكخستنی و بەگەلبوونی پەژاك دێتە نێو خەباتی پەژاك”پارتی ژیانی ئازادی كوردستان” و لەوێوەشەوە بەئامانجی بەرێكخستن كردنی كۆمەڵگە و ژنان و گەنجانی رۆژهەڵات و پێكهاتەكانی تری ئێران لەبەهاری ساڵی ٢٠٠٨ دەچێتە هەرێمی “كەلەڕەش، ماكۆ، سەلماس، خۆی، ورمێ و ئەسەندەرە” و لەهەمان ساڵ و لەئەنجامی كەمینی هێزە سەركوتكارەكانی رژێمی داگیركەری ئێران لەبەرواری ٢١\٥\٢٠٠٨ لەهەرێمی سۆما لەگەڵ پێنج هەڤاڵ و هاوسەنگەری دەگەنە پلەی بەرزی شەهادەت.
رۆح و هەستی وڵاتپارێزی و كوردپەروەری گەلەكەمان لەرۆژئاوای كوردستان و لەهەرێمی كۆچەراتی جەزیرە بەدرێژایی دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوە داگیركەرەكانی سەر كوردستان لەئاستێكی بەرزدا خۆی پاراستووە و لەزۆربەی شۆڕش و لەنێو سەرهەڵدان و راپەڕینە كوردیەكان رۆڵی پێشەنگایەتیان گێڕاوە. هەڤاڵ گوڵستانیش لەنێو چاندێكی وەها لەدایكبووە. ئەو هەستە وڵاتپارێزی و نیشتیمانپەروەرییە مەزنەی گەلی كورد لەهەرێمی كۆچەرات وا دەكات ژمارەیەكی بەرچاو لەخەڵكی ناوچەكە بەشداری ریزەكانی گەریلا و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان ببن و لەپێشكەوتن و گەشەسەندن و گەورەبوونی هەیكەلی رێكخستنی دا خاوەن رۆڵ و كاریگەری مەزن بن و دەبنە سەرچاوەی وزەبەخشین و بڵاوبوونەوەی شۆڕش. لەلایەكی تر، چوونی رێبەر ئاپۆ بۆ رۆژئاوای كوردستان و مانەوەی لەو بەشەی كوردستان، گەلی رۆژئاوا بەگەورە و بچووك، پیر و منداڵ، ژن و پیاو و گەنجەوە بەشدارییەكی كارایان لەخەبات دا بەدوادا هات. كاریگەری راستەوخۆی رێبەر ئاپۆ لەتێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژئاوای كوردستان و شوێن پەنجەی لەئاستێكدایە كە رۆژئاوای كوردستان لە نیوسەدەی خەباتی پەكەكەدا رۆڵی كارایان گێڕاوە. هەڤاڵ گوڵستان دێرك یەك لەو ژنە تێكۆشەر و گەنجانەی ئەو هەرێمەیە كە راستەوخۆ بەنزیكبوونی رێبەر ئاپۆ بۆ گەل و نرخە ماددی و مەعنەویەكانی بەكاریگەر دەبێت. ئەمەش هاندەرێكی ترە لەناسینی رێبەر ئاپۆ بۆ هەڤاڵ گوڵستان. رێز و خۆشەویستی رێبەر ئاپۆ بۆ گەل وا دەكات، كوردان بەتێكڕا ئامێز بۆ رێبەر ئاپۆ بكەنەوە و گەورە و بچووك عاشقی بینین و مانەوە و بینینی خولەكانی پەروەردە لەلای رێبەر ئاپۆ و جێگرتن لە خەباتی رێكخستنی گەل دەبن و وەهاش دەستە دەستە بۆ بینینی رێبەرایەتی بەشداری خولەكانی پەروەردە دەبن و ئەمەش دەنگدانەوەیەكی مەزن لەنێو ئاپۆڕای گەلدا درووست دەکات.
هەڤاڵ گوڵستان لەكەشێكی وەها بەشداری ریزەكانی رێكخستی گەل و گەریلا دەبێت. لەئاوێتەبوون و نزیكبوون و نرخ دانی رێبەرایەتی بە گەل و نرخەكانی و بەرێكخستنبوون؛ بڕیارداری خۆی بۆ نێو ریزی گەریلا دەدات. لەراستیدا هەڤاڵ گوڵستان، بەرهەمی بەیەكگەیشتنی رێبەر ئاپۆ، گەل و بەرێكخستنبوون و بونیادنان و تێكۆشانی ئازادیخوازی نەتەوەیی و ژن بوو. هەڤاڵ گوڵستان بەكردەوە نزیكبوونی رێبەر ئاپۆ بۆ گەل دەبینێ و ئەو رێز و خۆشەویستیەی رێبەر ئاپۆ بە گەل و چین و توێژە جیاوازەكانی نێوكۆمەڵگەی دەدا، وا دەكات زیاتر بەرەو نێوشۆڕش هەنگاو هەڵگرێت.
لەلایەكی تر شەهادەتی كەس و كار و گەنجان و ژنانی هەرێمەكەیان لەنێو بزوتنەوەی مافخوازانەی گەریلادا و خاوەنداریەتی گەل لەتەرمی شەهیدان و بەرزكردنەوەی ئاڵای بەرخۆدان و وێنەی شەهیدان و یاد و بیرهێنانەوەیان و بەنموونە و سەرچاوەی وزەبەخشی لەخەباتدا، وەك هێزێكی مەعنەوی، هەستی تۆڵە و هەڵگرتنی چەكی شەهیدان زیاتر هەستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و هەڵگرتنی ئەركی نیشتیمانی خستە بەردەم هەڤاڵ گوڵستان بۆ ئەوەی ئەو پەیمان و بەڵێنانەی بەشەهیدانی دابوو، جێبەجێیان بكات. بۆیەش رۆژبەرۆژ ئەو هەست و جۆش و هەیەجانەی لەكەسایەتی خۆیدا بەرجەستەتر دەكرد.
هەڤاڵ گوڵستان ئیدی دەزانێت كە كاتی ئەوەیە وتەكان و كردەوەكانی بكاتە یەك و لەچوارچێوەی هەڵوێستێكی مەزنتر و بەكاریگەرتر و بەرێكخستن تر بیگەیەنێتە ئاستی چالاكی و وەها بەشداری لەخەباتی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بكات. لەئەنجامدا بەو هەستە بەرێكخستن كراوانەی لەكەسایەتی خۆیدا بونیادی نابوو، بەشداری ریزەكانی گەریلا دەبێت. وەك رێبەر ئاپۆش دەڵێت:”شۆڕشگێڕ كەسایەتیەكی بەرێكخستن كراوە كە بەشێوەیەكی زانستی خۆی و ژیانی دەگەیەنێتە ئاستی چالاكی” ئەمە بەو واتایە دێت كە ووتە و كرداری شۆڕشگێڕ یەكبگرنەوە و لەنێوهاوئاهەنگیەكدا بن و ئەو بانگەشانەی پێی باوەڕە بیگەیەنێتە ئاستی چالاكی. چالاكی شۆڕشگێڕێك ئەو رۆح و باوەڕی و ئیرادەیەیە كە بەرێكخستن كراوە، هەر ئەمەیە كە رۆحی دیموكراسی بوونی كۆمەڵگەیەك پێشدەخات، رۆح دووبارە بەبەر كۆمەڵگەدا دەكاتەوە.
بوونی گەل سەرچاوەی سەرەكی تێكۆشانی ئازادی تێكۆشەرێكە
یەك لەتایبەتمەندییە بەهێزەكانی هەڤاڵ گوڵستان، باوەڕبوونی بەهێزی بوو بەهزر و فەلسەفە و ژیانی رێبەر ئاپۆ. باوەڕی خاڵی بنەڕەتی كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕە. كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕ، كەسایەتیەكی باوەڕمەندە. كەسایەتیەكە هاوشێوەی مرۆڤە دیندارەكان چركە ساتێك لەڕاز و نیاز بۆ مەعشوقەكەی غافڵ نابێت. بەعەشقێكی ناكۆتاوە بەرەو پیری هزرەكەوە دەچێ و هاوشێوەی ئاوێنەیەك كەسایەتی خۆی تێدا دەبینێتەوە. رێبەر ئاپۆ ئەو ئاوێنە روون و خاوێن و بێگەردە بوو كە هەڤاڵ گوڵستان خۆی تێدا بینیبوویەوە.
هەڤاڵ گوڵستان كۆچەر راستە بەتەمەن گەنج بوو. بەڵام زیرەك و چاوكراوە و بەجەسارەت بوو. هەرنزیكبوونەوەیەك كە زیان بەڕیزەكانی شۆڕش و هەڤاڵێتی و ژیانی رێكخستنی بدابا و ببووبا بە مایەی لاوازخستنی ریزەكانی ژیانی گەریلایەتی، دەبووە خاوەن هەڵوێست و بەو ئیمان و باوەڕە پتەوەی كە لەرێبەر ئاپۆوە وەریگرتبوو، وەكو گڕی ئاگر تینی لێ هەڵدەستا و لەدژی دەوەستایەوە. رێگەی نەدەدا چەمكی هەڵپەرست و قۆستنەوەی دەرفەتە رێكخستنیەكان لەبەرژەوەندی تاكەكەسی دا بەكاربێن و بەكەیفی خۆیان بژین. ئەگەر ژیانێك هەبێت، یان بەئازادی دەبوو بڕازێندرێتەوە، یانیش باهەرنەبێت، چونكە ژیانێكی وەها، ژیانێكی تەسلیم بووە. ئەمە ئەو فەلسەفەیە بوو هەڤاڵ گوڵستان باوەڕی پێ هێنابوو. ئەم وتەی رێبەر ئاپۆ هەمیشە لەسەر زمان و بن زمانی هەڤاڵ گوڵستان بوو و ژیانێكی بەدەرلەوەش، ژیانێكی خیانەتكارانە و تەسلیمبوو بەداگیركەران و نەیارانی گەل و شۆڕش و شەهیدانە.
هەڤاڵ گوڵستان؛ بەو پەروەردانەی لەتەمەنی بچووكی دا لەلای رێبەر ئاپۆ بینی بووی، خاوەن دەركێكی قووڵ لە هزر و ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی ژنی ئازاد و خاوەن هەستی بەهێز لەناسینی هەڤاڵێتی بوو. لەیەكەم نزیكبوونەوەدا دەركی بەوە دەكرد كە ئەو كەسەی لەبەرامبەریەتی بەكام پێوان و چەمك دەجولێتەوە و پێوانەكانی رەد و قەبوڵی لەژیاندا پشت بەكام لایەنی هزری دەبەستێت. گەیشتبووە ئاستێك لەزانایی كە شێوەگرتنی كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕی لەنزیكبوونەوە بۆ گەل و شەهیدان هەڵدەسەنگاند و بەو شێوەیەش واتای ژیانی هەڤاڵانە و خۆشەویستی هەڤاڵێتی و گەلیشی لەكەسایەتی خۆیدا بەژیانی دەكرد.
یەكێك لەپێشەنگانی فەلسەفەی ئازادی ژنی ئازاد بوو و بەو هەست و تێگەیشتن و جەسارەت و خۆنەویستیە لەهەڤاڵانی پێشەنگی بزوتنەوەی ئاپۆیی وەریگرتبوو. جۆش و خرۆش و ماتەوزەیەكی بێ ئەندازەی لەناخ و وجودی خۆیدا خولقاندبوو.
هەڤاڵ گوڵستان دێرك؛ هێمایەك لە جۆش و مۆڕال
یەكێكی تر لەتایبەتمەندییە سەرەكیەكانی هەڤاڵ گوڵستان، بەجۆش بوون و بەهەیەجان بوونی لەژیانی شۆڕشگێڕی دا بوو. یەكێك لەتایبەتمەندیەكانی كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕ هەر ئەو جۆش و مۆڕاڵەیە لەژیانی شۆڕشگێڕییدا وەك ناسنامەیەك هەڵیگرتووە. هەیەجان و مۆڕاڵە كە لەسەختترین و دژوارترین دۆخەكانی ژیاندا ورە و جەسارەت و هێز بەمرۆڤ دەبەخشێت و قەڵەمبازی نوێ لەژیان دێنێتە ئاراوە. ژیان بەخۆی دۆخێكە لەزیندوویەتی و بەبەركردنی رۆحە بەجەستەدا بۆ لەسەرپێ وەستاندنەوە و خۆڕاگری. هەر ئەو جۆش و مۆڕاڵەی، جۆشی بەدەوروبەر دەبەخشی، رۆحی هەڤاڵێتی بەهێزتر دەكرد و هانی دەدا بۆ ئەوەی بەرووی كێشە رێكخستنیەكان و كەسێتیەكاندا زاڵ بێت. وەك ئاوێك لەرووبارێكدا دەچێت، ناوەستێت و هەردەچێت رووبارەكانی تر لەگەڵیدا كۆدەبنەوە و هاوشێوەی دەریا شەپۆل شەپۆل كۆمەڵگە دەتەنێتەوە. شەهید گوڵستان دێرك سیمبۆلێك لەو هەزاران شۆڕشگێڕەی فەلسەفەی ژنی ئازادە كەلەشەپۆلدان ناوەستێت و هەرچی دەچێت گەورە و بەهێزتر دەبێت.
هەڤاڵ گوڵستان لەكاتێكدا هاتە نێو خەباتی بەرێكخستنی پەژاكەوە كە پەژاك لەدۆخی بەرێكخستن كردنی گەل و خۆناساندنی بەریزەكانی گەل بوو. رژێمی داگیركەری ئێران هەرزوو كەوتە پێگەی دژایەتی كردن و بەپیلانگێڕی و رەشەكوژی كە وەك رێبازی مێژوویی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پەنای بۆ بردوە و رێكخستنبوونی خۆی بونیادناوە لەبەرامبەر بەكادرە پێشەنگەكانی پەژاك وەستایەوە؛ چونكە لەقووڵایی هزری پەژاك تێگەیشتبوو كە پەژاك هاوشێوەی پارتەكانی تر نییە. ئەم پارتە خاوەن فەلسەفەی ئازادی ژنە، خاوەن چەمكێكی راستەقینەی دیموكراسی رادیكاڵە، لۆژیكی ئیكۆلۆژیانەی لەپێشە، بەرێكخستن كردنی گەل كاری لەپێشینەیەتی، گەنجان وەك ئیرادەی وەرچەرخان و گۆڕانكاری دیموكراتی دەبینێت، بونیادنانی ئاكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتیەكان و ئابوری كۆمیناڵ لەچوارچێوەی بونیادنانی كۆپراتیڤ و یەكە بەرێكخستنكراوەكان دەگرێتە دەست. ماڵی ژن وەك شوێنی دیاڵۆگ و چارەسەری پرسەكانی پەیوەست بەژنان و كۆمەڵگە دادەمەزرێنن. پاركی تایبەت بەژنان بونیاد دەنرێت. گرنگی بە زمانی دایكی و پەروەردە دەدرێت. پێشخستنی خەباتی هاوبەشی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەچوارچێوەی یەكگرتن و پێشەنگایەتی كردن بۆ هەموو ژنانی ئێران لەپێش هەموو ئەركە رێكخستنیەكانی خۆیانەوە داناوە. كار بۆ بونیادنانی ئاكادیمیای زانستی ئیلاهیات دەدات. خاوەن زهنیەتێكی جیاواز و تیگەیشتنێكی جیاوازە لە سەیركردن بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان. گەل بەسەرچاوەی شۆڕش سەیر دەكات. ئەمەش روانگەیەكی نوێی رێبەر ئاپۆ بوو بۆ كۆمەڵگە كە پەژاك و شەهیدانێك وەك هەڤاڵ گوڵستان ئاڵاهەڵگرانی ئەو فەلسەفەیە بوون.
شەهید گوڵستان دێرك بەزهنیەتێكی وەها گەورە ببوو وەك دار بەڕوو لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا ریشەی كوتا و بەوەش دەیویست ژنان و گەنجانی رۆژهەڵات و ئێران بگەیەنێتە ئاستێك كە ئەمڕۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێیگەیشتووە. بۆیە رێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ شەهیدان خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتەن.