بابەتی بڵاوکراوەی ئارام جەنگاوەر لە گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤدا

بە هاتنی ٢ی ڕێبەندانی ئەوساڵ، ٧٧ ساڵ بەسەر یەکەم کۆماری کوردستان دا تێدەپەڕێ. بێگومان ڕووداوێک کە دوای ٧٧ ساڵ یادەوەرییەکەی هیوابەخشە، ڕۆژی لە دایک بوونی جێژنە و کۆتایی هاتنی مرۆڤ خەمبار دەکات گرنگی ئەوەی هەیە بەردەوام لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و بەدەیان و سەدان پەڕتووک و مەقالەی لەسەر بنووسرێ و هەزاران لاپەڕەی پێ پڕبکرێتەوە.

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ بۆ ئەوەی بتوانین ڕووداوە مێژووییەکان بە دروستی هەڵبسەنگێنین و سوود لە ئەزمونەکانیان وەرگرین، پێویستە کات و شوێنی ڕووداوەکە لە هەموو لێکدانەوەکاندا ڕەچاو بکرێت.

ئەو هەڵسەنگاندنانەی سەر کۆماری کوردستانیش نایەتە واتای ئەوەیکە ئەگەر ئێمە لەوێ بووبایەین و بەو زهنییەتەی ئەو سەردەم هەمان هەڵەمان دووپات نەدەکردەوە. بەڵکوو هەڵسەنگاندن لە جیاتی خەتابارکردن، ڕوون کردنەوەی ڕێگەی داهاتوویە.

چی وادەکات لە نێوان دەیان سەرهەڵدانی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا (کە بەداخەوە هەموویان شکستیان هێناوە)، یادەوەری کۆماری کوردستان لەمەهاباد، هەست بزوێن و هیوابەخش بێت. گەر ڕوویەکی سەدەی بیستەم بۆ کورد قڕکردن، تاڵان و کۆچبەری و داگیرکراوییە، بەڵام هاوتەریبی ئەوەش پڕاوپڕە لە قارەمانێتی، شەهادەت، خۆڕاگری لە پێناو ئازادی دا و پێداگری لەسەرمافی ژیان.

دوانەی لێکدانەبڕاوی بەرخۆدان و سەرکەوتن، بۆچی لەناو ئەو سەدەیەدا زیاتر لە هەرجارێک خۆیان بەسەر کورددا سەپاند. بەرخۆدان و سەرکەوتن دوانەیەکی سرنجڕاکێشن. گەر بەرخۆدان بکرێت سەرکەوتن بێ گومان مسۆگەر دەبێت. بەواتایەکی دیکە سەرکەوتن بۆ کورد بێ بەرخۆدان بوونی نییە و خەیاڵە. هەرئەوەش بووە بە ڕەمزی مانەوەی کورد لە بەرداشی کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی بیستەمدا.

هاوکات کورد و چیا وەک دوو هاوڕێی لێکدانەبڕاو وان کە بەیێکەوە بە دنیا ناسراون و ڕۆژانە بە گوێماندا دەچرپێنن: کورد گەر چیای نەبێ، بوونی نابێ. هیچ شکێک لەوەدا نییە چیا ڕەمز و قەڵای بەرخۆدان و مانەوەی کوردە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و کۆتایی نییە. زۆرن ئەو گەلانەی وەک کورد چیایان هەیە و بگرە دارستانەکانیان چڕ وپڕتر و بەبەرەکەتتریشن بەڵام یا شوێنەواریان لەمێژوودا نەماوە، یانیش وەک کۆیلەی سەرمایەداری و بەبێ ناسنامەی ڕاستەقینەیان دەژین و بەدوورن لە پرەنسیپەکانی ئازادی مرۆڤ.

لەمێژووی چەند هەزار ساڵەی کوردیشدا کەم نین ئەو قەڵا و چیایانەی دوای تۆمارکردنی گەلێک قاڕەمانێتی لە ئەنجامدا بە چۆکدا داهاتوون. ئەوەی کوردی لەسەر پێ هێشتۆتەوە، جیا لە چیاکان، بەرخۆدان بۆ خۆیەتی. کە توانیت تاوەکوو کۆتایی بەدڵێکی پڕ لە هیواوە هەنگاوەکانت بەرەو سەرکەوتن بنێی و قایم و توند و تۆڵی بکەی بێگومان چیا وەک قەڵای ئەو هیوایە دەبێتە پارێزەرت و سەرکەوتنیش تۆماردەکەی.

گەر نەتوانی هیوا بەسەرکەوتن، بە زیندوویی و گەشاوەیی ڕاگری، ئەوجار بەسەدان نەخۆشی دیکە لە ناودڵی ڕاپەڕیواندا سەرهەڵدەدات و ئەنجامەکەی دەبێتە تێکڕمان و شکست. ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە کە “هیوا لەسەرکەوتن بەنرخترە”.

کۆماری کوردستان کە لە ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٥ کوردی (١٣٢٤ک.هە/ ١٩٤٥ز) لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد بە سەرۆک کۆماری نەمر پێشەوا قازی محەمەد ڕاگەیێندرا. چۆن هاتە دنیا، چی کرد و بۆچی تێکبرا؟

هەر لە یەکەم شەوانی تاریکی بونیادنرانی دەوڵەت تاوەکوو ئەمڕۆ هیچ نەتەوە و ئەتنیکێک لە لایەن دەوڵەتەوە بە ڕێژەی کورد تووشی نەهامەتی و کۆچبەری و قڕان و ژینۆساید نەبۆتەوە. دەوڵەتێک کە لەسەر زێدەبەرهەم و ڕەنجی زاگڕۆسیەکان بونیادنرا و پاشان وەک سەرەتانێک بە هەموو دنیادا بڵاو بوویەوە و جیهانگیربوو. بەڵام کوردێک کە خاوەندارێتی ئەو هەموو زەنگینی و بەرهەم و ڕەنجی بەرهەمهێنانەی کرد و تاوەکوو ئەوڕۆکەش هەموو ئەو پیرۆزیانەی پاراستووە بەردەوام بەرەوڕووی تاڵان بۆتەوە و لەهەر بەرگریکردنێکیشدا بەرامبەر ئەو هێرشانەوە کراوە، جوانترین و بەنرخترین ڕۆڵەکانی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە. جوغرافیای کوردستان بووەتە لانکی مرۆڤایەتی، بۆنابێ مافی خۆبەڕیوەبردن و دیاری کردنی داهاتوو و شێوە ژیانی خۆی هەبێ. گەلانی ئەو جوغرافیایە تاوەکوو کەی دەبێ چاوەڕوانی چارەنووس بکەن و تەسلیمی قەزا و قەدەر بن.

دوابەدوای تێکچوونی ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی و پاشان عوسمانی، کورد بەدەرفەتی زانی مافە زەوت کراوەکانی بخاتەوە دەست خۆی و خاکی وڵاتەکەی لە ژێرچەکمە و پۆتینی داگیرکەران دەرکات و پاکی کاتەوە (جێی ئاماژەیە بەدرێژایی تەمەنی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتیش کورد بەردەوام بووە لە بەرگری کردن لە خاک و نیشتمانی). بەداخەوە بە هۆی پارچە بوونی دەیان ساڵەی کورد و دەستێوەردانی داگیرکەران لە سەرهەڵدانەکان بە ڕێگەی خیانەت و خیانەتکارانەوە، سەرجەم سەرهەڵدانەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم دوای بەدەست خستنی هەندێ سەرکەوتنی کاتی، تووشی نسکۆ و شکست هاتوون و ئەنجامی هەموویان هەر لە سەرهەڵدانی سمکۆی شکاکەوە تاوەکوو شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران و سەیدڕەزای دێرسیمی، سەرهەڵدانی ئاگری، سەرهەڵدانی سەردار ئەسعەدی بەختیاری هەمووی ئەوانەش کە ناویان لێرە ناهێنرێت بەداخەوە، بەقڕکردنی جەستەیی کورد و کۆچبەرکردنی بەمەبەستی ژینۆساید کردن و بن بڕکردنی کورد کۆتاییان هات. داگیرکەران بەوەشەوە نەوەستان و هێرشی ناسنامە و کولتوری کوردیشیان کرد تاوەکوو شوێنەوارێک لە کورد نەمێنێ و ئەوەی مایەوەش وەک کۆیلەی ئەوان بێ.

 لەوەها بارودۆخێکدا کە بەهۆی شەڕی جیهانی دووەم باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو بە لێکدانەوەی هەل و مەرجی ڕەخساو و کەش و هەوای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک گەنجی بوێری کورد لە شاری مەهاباد کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ناسراو بە ” ژ.ک” (ژێکاف) و پاشان حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان دامەزراند. لەژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت کە سەرجەم باکووری ئێران و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستبوو بن سێبەری خۆیەوە و بەو بۆشاییە سیاسی و نیزامییەی لەو بەشەی بن دەسەڵاتی داگیرکاری ئێران دروست ببوو، کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجانی دوانەی، لە دوو شاری گرینگی تەورێز و مەهاباد لەدایک بوون. ئەو کورد و ئازەریانەی لە تاران ددان بە هەبوونیان دانەدەنرا و هەوڵی توانەوەیان لە پڕۆژەی نوێ و ساختەی ئێرانچێتی (پان ئێرانیست) دا دەدرا، سیستەمی سەربەخۆی خۆیان دامەزراند. بەڵام بەهەندێ هۆکار لەدوای کەمتر لە ساڵێک بە دەرکەوتنی ئەڕتەشی سوور لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەڕانەوەی ئەڕتەشی داگیرکاری پاشایەتی ئێرانی بۆ شاری تەورێز، ئەو گەلە قاڕەمانەی هاوتەریبی کورد و گەلانی دیکەی ئێران ببوو بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شۆڕشی مەشڕوتەی لەسەردەمی دەسەڵاتی قاجار لە ئێران، خوێنی بە تاوانی ئازادیخوازی حەڵاڵ کرا و وەک دەگێڕنەوە دەسەڵاتی شۆوێن و ڕەگەزپەرستی پاشایەتی پەهلەوی تاران حەمامی خوێنی لە تەورێز دروست کرد و بەو هیوایەی لە کوردستانیش هەمان کارەسات دروست بکات، ڕووی کردە شاری مەهاباد.

مەهابادێک کە جبەخانەی تەواوی هەبوو، کۆمارێک کە چرای دواڕۆژی کورد بوو، لە جیاتی خۆڕاگری و بەرخۆدان تەسلیمی داگیربوویەوە. بەڵام سەرۆک کۆماری کوردستان وەک “پیشەوەری” سەرۆک کۆماری ئازەربایجان هەڵنەهات و بەو شەرتەی گەلەکەی پارێزراو بن خۆی تەسلیمی دەوڵەتی تاران کردەوە. و سەرئەنجام لە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٦٤٦کوردی (١٣٢٥ک.هە/١٩٤٦ز) کۆماری کورد کۆتایی هات و لە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٦٤٧کوردی(١٣٢٦ک.هە/١٩٤٧ز) پێشەوا قازی محەمەد (سەرۆک کۆماری کوردستان)، محەمەد حوسێن سەیفی قازی ( وەزیری جەنگی کۆماری کوردستان و ئامۆزای پێشەوا )، ئەبولقاسم قازی ناسراو بە سەدری قازی (نوێنەری مەهاباد بۆ دوو خول لە شوڕامی میللی ئێران و برای بچووکتری پێشەوا) لەسێدارە دران و شەهیدکران.

ئێستاش دوای ٧٧ ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو یادەوەرییەدا، پرسیاری نەوەی نوێی کورد ئەوەیە کە بۆچی کۆمار و سەرۆکەکەی بڕیاری بەرگری کردن و خۆڕاگریان نەدا؟ ئەو هێزانەی پشتیوانی دروستبوونی کۆماریان کرد بۆچی دەستبەرداری بوون و بەجێیان هێشت؟ ئەڕتەشی کۆمار و پێشمەرگە لە ڕۆژانی دوایی کۆماردا چیان بەسەرهات؟ ژەنەراڵە بەناو ودەنگەکەی کۆماری کوردستان کە تاوەکوو ئێستاش بە هەڵبەستنی دەیان چیرۆکی نەبوو وەک قاڕەمان بە گەلی دەناسێنن بۆچی هەڵهات و پشتی لە کۆمار و پێشەواکەی کرد؟ ئەگەر خەڵکی مەهاباد و هێزی پێشمەرگە بڕیاری خۆڕاگریان دابا ئایا کۆمار ڕزگاری دەبوو؟ کۆماری کوردستان ئەزموونە یان دەسکەوتە بۆ کورد؟ کێ میراتگری کۆمارە و ئەوڕۆ خاوەندارێتی لە نرخەکانی کۆمار دەکات؟ و بە دەیان پرسیار کە هەر کامەیان دەکرێ ببنە پرسی سەرەکی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی. بەڵام هەوڵ دەدەین بە کورتی و بە ڕوونی وڵامی هەندێکیان بدەینەوە.

لە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە پێی بەڵگەکان و ئەو جۆرەی شایتحاڵان باسیان کردووە، قازی محەمەد و بەرپرسانی دیکەی کۆمار لە مزگەوتی عەباس ئاغا لە چوارڕای ئازادی لە شاری مەهاباد گەلیان بۆ ڕاوێژ کۆکردەوە و وێڕای ڕوون کردنەوەی بارودۆخەکە، پێشهاتەکانیان بۆ خەڵک خستە ڕوو تاوەکوو خەڵک یارمەتیدەری کۆماربن لە بڕیاردان و پێکهێنانی بڕیار. لەئەنجامدا ئەو بارودۆخی عەرزی واقع لە ڕۆژانی دوایی تەمەنی کۆماردا وایکرد کە وێڕای ئەوەی زۆر کەسایەتی و بەشێک لە گەل داوای خۆڕاگری و بەرگریان دەکرد بەڵام پێشەوا بڕیاری گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی تارانی دا و دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی پاشایەتی لە دەشتی میاندواو، کە لەڕاستیدا جەلادانی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێران بوون ؛ پێشەوا قازی محەمەد بە مەرجی پاراستنی ئارامی هەرێمەکە و پارێزراوبوونی گەل لە هێرش و تاڵان و کوشتنی ئەڕتەشی ئێران، خۆی تەسلیمی ئەڕتەشی ئێران کردەوە. ڕۆژانی دواتر دەرکەوت کە هەر وەک هەمیشە، داگیرکەرانی کوردستان هەلپەرەستانە هەنگاویان نا، سەرۆک کۆماریان دەستبەسەر و دادگایی کرد، شاریان گرتەوە و هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دامەزراوەکانی کۆماریان هەڵوەشاندەوە و کۆماری کوردستانیان تێکبرد. پاشان لە ١٠ی خاکە لێوەی ٢٦٤٧ی کوردی (١٣٢٦ ک.هە/١٩٤٧ز) لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد نەمر پێشەوا قازی محەمەد و دوو لە هاوڕێیانی لە سێدارەدا و شەهیدی کردن. بەوەش نەوەستان و کەوتنە ڕاوەدوونانی ئەوانەی تەسلیم نەبوون و بەرگریان کرد و زۆربەیان دوای شەڕێکی قاڕەمانانە دەستبەسەر و پاشان شەهید کران.

دەڵێن ئەنجامی شەڕ بەر لەشەڕ دیاردەبێت و ئەوە زۆر دروستە. چارەنووسی کۆماریش بەر لە ڕێکەوتی تەواوبوونی تەمەنی (٢٤ی سەرماوەزی ٢٦٤٦کوردی) دیارببوو و پێشەوا قازیش لەسەر بنەمای ئەو زانستە وەها بڕیارێکی دەرکرد.

بەڵام هەندێ سەبەبی سەرەکی کە پێویستە دەرسیان لێوەرگرین و بیانکەینە ئەڵقەی گوێ بەو جۆرەیە کە لەدرێژەدا باسیان دەکەین: ناکرێ مافی گەلێک بە سیاسەتی هەلپەرستانە و بەرژەوەندی خوازانەی زلهێزان و دەوڵەتان گرێبدرێ. قەت بە پشت بەستن بە هێزی دەرەوە ئازادی بەدی نایەت.کاتی بوون و کورتخایەن بوونی سۆڤیەت و مانەوەی ئەو جوور هێزانە دەبوایە بەرپرسانی کۆماری خستبایە فکری ئەوە کە هەموو هێلکەکانیان نەخەنە سەوەتەیەکەوە و بەجۆرێک سیاسەتیان کردبا کە تەدبیری ڕۆژانی دوای پاشەکشەی ئەوانیان گرتبا.

کورد وەک نەتەوەیەکە کە لەماوەی سەدان ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە لایەن ئێمپڕاتۆرییەکانی سەفەوی و عوسمانی تووشی داگیرکاری و قڕان هاتووە. بۆیە ماقوڵ دەبوو کە کاری سەرەکییان لەوەها دەرفەتێک دا خۆتەیارکردن و ڕاهێنانی لەشکری بووبایە و بەوجۆرە ئامادەکاری ڕۆژانی تەنگانەیان کردبا. دەزانین کە دروست بوونی هێزی پێشمەرگە و ئەڕتەشی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە بووە بەڵام، بەلاواز مانەوە و دەرنەخستنی لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران و سەرۆک عەشیرەتەکان و هەروەها جێنەگرتنی ئەو ئیشە لە ڕیزبەندی کارە بەپەلەکانی کۆمار وایکرد کە تەنیا وەک ملیشیایەک بمێننەوە.

جێگرتنی هەموو ئەو کەسانەی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕوویان کردبوو ڕۆژهەڵات بۆ نمونە، هێزەکانی بنەماڵەی مەلامستەفا بارزانی وەک خاڵێکی بەهێز، لەسەرەتاکانی دروست بوونی کۆماردا گڕ و تینێکی دیکەی بەخشییە کۆمار، بەڵام هەلپەرەستی و تێکەڵاوی ژێربەژێر و بەپێچەوانەی سیاسەتی کۆمار لەگەڵ دەوڵەتی فەشەل هێناوی ناوەندی ئێران، وایکرد کە لە ڕاستیدا هێزی پێشمەرگە وەک پێوسیت ڕۆڵی خۆی نەبینێ. مەلا مستەفا بارزانی کە پێگە و پلەی ژەنەراڵی لە کۆماردا پێدرابوو، بەداخەوە وەک دەرکەوت نەتەنیا قەت بڕیاری بەرگری لە گەل و خاکی کوردستان نەداوە بەڵکوو، بەردەوام وەک داردەستی زلهێزان و داگیرکەرانی کوردستان رۆڵی بەلاڕێدابردن و بێ کاریگەر کردنی سەرهەڵدان و سەرۆکانی سەرهەڵدێری گێڕاوە و تاوەکوو ئێستاش ئەو سیاسەتە چەوتە نەگۆڕەی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق بەرامبەر هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت حەڕەکەتی ئاپۆیی بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەوەی مەلا مستەفا دەرحەقی کۆماری کوردستان کردی.

لەسەر ئەوەی پێشەوا قازی محەمەد بۆخۆی بە مەلا مستەفای گوتبێ بڕۆن و خۆتان دەرباس بکەن و ئاڵای کۆماری کوردستانی بە ئەمانەت پێشکەش کردبێ! لە ڕاستیدا هیچ ڕووداوێکی خەیاڵی وەها لەمێژوودا ڕووی نەداوە و لە ئەگەری دیداریش دا لە نێوان نەمر پێشەوا و مەلا مستەفا قەت گوتن و ڕاسپاردنێکی وەها نەبووە و ئەوە بەتەواوی دروستکراوی خەیاڵی ئەو کەسانەیە کە لە بەلاڕێدابردنی مێژوو نان دەخۆن و جێگە و پێگەی ئەمڕۆیان لە سەر بونیادی ئەو بابەتە هەڵبەستراوانە دامەزراوە. جیاوازی ئاڵای کۆماری کوردستان و ئاڵای ئێستای حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستانیش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

هێزی پێشمەرگەی کۆمار لە دوایین ڕۆژەکانی دا بۆ بەرگریان لەکۆمار نەکرد و چیان بەسەرهات؟ هێزی پێشمەرگە و ئەڕتەشی کوردستان پێکهاتبوو لە گەنجانی خۆبەخشی شارەکانی هەرێمی ورمێ و موکریان، سوار و چەکدارانی عەشیرەتەکانی ناسراوی ئەو سەردەمە بەشداریان لە دامەزراندنی کۆماردا کردبوو، چەکدارانی بنەماڵەی مەلامستەفا بارزانی کە بە هۆی کەشی نالەباری سیاسی لە باشووری کوردستان پەڕێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوون. وەک باس کرا زۆرینەی سەرۆک عەشیرەکان و کەسی مەلامستەفای بارزانیش چەند مانگێک بەرلەکۆتایی هاتنی تەمەنی کۆماری کوردستان پشتیان لە پێشەوا و یارانی کرد و ژێربەژێر ببونەوە خوڵامی تاران و سەرجەم هێزەکانیان لە ڕۆژانی دوایی کۆماردا کشاندەوە و جبەخانەی کۆماریشیان بە تاڵان بردبوو. لە کاتێکدا ئەوانە لە ڕۆژانی ئاساییدا تەنگیان بە گەنجانی خۆبەخشی ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە هەڵچنیبوو و ئەوەش وایکرد کە ئەو گەنجانە بێ هیوابن و خۆ لە کۆمار و بەرگری کردن لێی بەدوور بگرن. و لە ڕاستیدا لە کۆتا ڕۆژەکانی ئەو کۆمارە جگە لەو گەنجانە کەس نەمابوو تاوەکوو بەرگری بکات.

تاوکوو سەرهەڵدانی ئاپۆچیەکان لە ساڵی ١٩٧٤ زایینی، بەو حیزبانەی دوای کۆماری کوردستانیشەوە (چەپ و ڕاست)، لەناوکۆمەڵگەی کورد ولەهەر چواربەشی کوردستان سەرۆکی سەرهەڵدانەکان بەردەوام سەرۆک عەشیرەت، ئاغا، شێخ و دەرەبەگی ناڕازی و هەڵگەڕاوە لە دەسەڵاتی ناوەندی بوون و منداڵی هەژار و ڕەش و ڕووتی کۆمەڵگەش وەک سووتەمەنی سەرهەڵدان بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکان هەبێ و هیچ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان پێ ڕەوا بدیترێ تەنیا وەک سەرباز تەسلیمی ئەمری ئەوان بوون. دیتنی وەها تابڵۆیەک لە لایەن خەڵکی سەردەمی کۆماردا هاوتەریب بوو لەگەڵ نوێ بوونەوەی هزر و ئەندیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران و ئەوەش وای لە خەڵک کرد کە نەتوانن بەشدارییەکی چالاکیان لە کۆمار و بونیادنانیدا هەبێ و هاوکات خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی بزانن. خەڵکێک کە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان پۆل پۆل بەرەوە باوەشی کۆمارچوون بە دیتنی دیوەخانی کۆماری کوردستان کە پڕاوپڕبوو لە ئاغا و سەرۆک عەشیرەت بێگومان هەستی ئازادی و گرێدراوی ئەوەش هێزی بەرگریان لاواز بوو و بڕیاری بەرگریان نەدا.

زیهنییەتی پیاوسالاری و رەگەزگەرایی بەرپرسانی حکومەت وەک ئەوەی ئەو سەردەم لە هەموو جیهان و ناوچەکەش باوبوو یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی تێکچوونی کۆماربوو(لەوبابەتەدا کەسایەتی نەمر پێشەوا جیاواز بوو و بەپێی سەردەمی خۆی را رادەیەک مافی ژنانی رەچاو گرتووە). لەسەرەتای ڕاگەیاندنی کۆمارەوە بە دروست کردنی ڕێکخراوی ژنان بە سەرپەرشتی خاتوون مینا قازی (هاوژینی پێشەوا قازی محەمەد) و هەوڵدانیان بۆ گۆڕینی زیهنییەتی پیاوسالاری کۆمەڵگە و هەروەها هەوڵدان بۆ پەروەردەکردنی ژنان و جێگرتنی ژنان لە مەیدانەکانی تێکۆشانی سیاسی و نیزامیدا، لە گەورەترین دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان دێتە ئەژمار. هەنگاوێک کە کۆمار وەک ڕەوتێکی نوێ و پێشکەوتنخواز لە هەموو سەرهەڵدانەکانی بەر لەخۆی جیادەکاتەوە. بەڵام بەداخەوە ئامادە نەبوونی کۆمەڵگە و هێزی بێ سنووری سەرۆک عەشیرەت و ئاغا لە جومگەکانی دەسەڵاتی کۆمار، تەمەنی کورتی کۆمار، نەخوێندەوار بوونی بەشێکی لە ڕادەبەدەری ژنانی کورد لەو سەردەمەدا و زۆر هۆکاری دیکە وایان کرد کە کۆمار و کورد لە بەرهەمی هزری و ئەندیشە و کرداری ژنان بێ بەش بمێننەوە. گەر ئەوە پێکبهاتبا پێموایە تەمەنی کۆمار درێژتر و کاریگەرییەکانی دوای ئەویش درێژخایەنتر و بەهێزتر دەبوون.

بێگومان خەسارەکانی تەسلیمیەت بەرامبەر داگیرکاری تاران زۆر زیاتر بوو لەوەی ئەگەر گەل بەرخۆدانیان کردبا و ئاسان تەسلیم نەبووبان. بەداخەوە ئەو نەریتەی بەرگری نەکردن لەکۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد کاریگەری لەسەر کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی مەهاباد لە کاتی پاشەکشەی هەردوو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە لەگەرمەی شەڕی رژێمی داگیرکاری ئێران لەگەڵ خەڵکی کوردستان هەبوو. لەوکاتەشدا خەڵکی بێ هیوا لە بەرگری، دوای پاشەکشەی پێشمەرگەی هەردوو حیزب شاریان بۆ ئەڕتەشی داگیرکەری ئێران بەجێهێشت. ئەوەش کاریگەری دەمدرێژی دەروونی تەسلیمییەتە کە لەگەڵ ناخ و زاتی مرۆڤی کورد یەک نییە. لە حەقیقەتی کورددا لەمێژووی هاوچەرخیشدا، خۆڕاگری قاڕەمانانەی ٢١ ڕۆژەی سنە بەرامبەر سپای پاسداران و ئەڕتەشی ئێران، بەرخۆدانی بێوێنەی کۆبانی و عەفرین لەبەرامبەر چەتەکانی ئەردۆغان و داعش، شەڕی خۆسەری شارەکانی ئامەد، نسێبین، جزیر، شەمزینان، شێرناخ و … لە باکووری کوردستان و بەرخۆدانی نزیک نیوسەدەی هێزی گەریلا بەرامبەر ئەڕتەشی داگیرکاری ترکیە و هێزەکانی هاوپەیمانی لە ناتۆدا هەیە. هیچ کارەساتێک و هیچ سەرکوتنێکیش بێ بنەماو بێ ئامادەکاری نابێ و نەبووە.

لە مێژووی خۆڕاگری کورد دا، تەمەنی بزوتنەوەکانی هزری و سیاسی کە دواتر هەنگاوی خۆپاراستن و چەکداربوونیان داوە زۆر درێژتر بووە لەوانەی کە لەسەرەتاوە بە هێزی چەکدارییەوە دەستیان پێکردووە. ئەوەی بزوتنەوەی “ژ.ک” دەستی پێکردبوو گەر لە بەهاری پێشوەختەی دروستبوونی حیزبی دێموکڕاتدا نەپشکوتبا بە دڵنیایی کاریگەری ئەرێنی و قوڵتری لەسەر کۆمەڵگەی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دادەنا و ئەنجامی جیاوازتر دەردەکەوتن.

کەوتنە بەرداشی ململانێی زلهێزان و داگیرکەران یەکێکی دیکەیە له هۆکارەکانی تەمەنی کورتی کۆمار. هەندێ هۆکاری وا لە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی کورد، وایان کرد کە کاریگەری بڕیاری کورد لەدوایین ڕۆژەکانی کۆماردا کەم ببێتەوە. ڕێکەوتنی دەسەڵاتی سۆڤیەت لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەسەر ئیمتیازی پڕۆژەی نەوتی باکووری ئێران و ڕێکەوتنی زلهێزان لەسەر دابەشکردنی غەنیمەتەکانی شەڕی جیهانی دووهەم وایکرد بەزوویی ئەڕتەشی سوور، باکووری ئێران بەجێبهێڵێ و پشت لەهەردوو کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز و کۆماری کوردستان لە مەهاباد بکاتەوە.

دەرسێک کە کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ و دەستپێکی سەدەی ٢١ دا لەو دۆخەی ئەودەمی کۆماری کوردستان وەری گرت، تێکەڵ نەبوون بە ململانێ سیاسی و نیزامییەکانی داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزانی پاڵپشتیان بوو. بۆجاری یەکەم کورد بەتەواوی شەڕی خۆی کرد و بەردەوامە لەو ڕێبازە وئەنجامەکەیشی بەرزبوونەی کەرامەتی مرۆڤی کورد و ئاستی دۆزی ڕەوای کوردە لە جیهان و دروست بوونی ستاتۆیەکی جوغرافی ـ سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان. (بە پێچەوانەی دەوڵەتۆکەی باشووری کوردستان کە بەمەرجی بەرەنگاربوونەوەی دۆزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دامەزراوە). جێی ئاماژەیە ڕۆژئاوای کوردستان خۆی وەک درێژە پێدەری کۆماری کوردستان بە ناودەکات و لەسەرجەم بۆنە نەتەوەییەکان دا و بەتایبەت لە ڕێپێوانی بەر لە هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی ترکیە بۆ سەر عەفرین ئاڵای ڕاستەقینەی کۆماری کوردستان هەڵکراو و بەردەوام هەڵدەکرێ و شانازی پیوە دەکەن. هەر لە سەروبەندی ٢ی ڕێبەندانیش پەلاماری داگیرکاری سەر عەفرین دەستیپێکرد.

نەقۆستنەوەی هەل و دەرفەت لەکاتی خۆیدا و درەنگ مان لە بڕیاردان کێشەیەکی دیکەی کورد بوو لەسەردەمی کۆماردا. وێڕای ئەوەی شەش ساڵ بوو لە هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی بۆشاییەکی سیاسی و نیزامی حاکم بوو بەڵام ئەوانەی بڕیاری بەدەوڵەت بوونی کورد و دروست کردنی کۆماریان دا بەداخەوە زۆر درەنگ و لە ساڵێ دوایی مانەوەی ئە هێزانە دا ئەوەیان کرد. هەر ئەوەش هەل و دەرفەتی بەڕێکخستن کردن، خۆتەیارکردن و خۆ فراوان کردنەوەی بە بەرپرسانی کۆمار نەدا.

 مانەوەی کۆماری کوردستان لە جوغرافیای تەسکی هەرێمەکانی ورمێ و موکریان(باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان) تێچووی تێکدانی کۆماری کوردستانی بۆ دەوڵەتی ناوەندی ئێران کەم کردەوە. کۆماری کوردستان بە پێی هەل و مەرجی سیاسی سەردەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ئێستای پارێزگای ورمێ و لە هەرێمی موکریان لە شاری مەهاباد ڕاگەیێندرا و بەداخەوە تاکۆتایی تەمەنی نەیتوانی لە ڕووی جوغرافیاوە ئەو هەرێمە تێپەڕ بکات. بۆ ئەوەش چەند هۆکار هەن.

کۆماری کوردستان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕوسیە و بە پاڵپشتی ناڕاستەوخۆی ئەوان دامەزرابوو و سنووری داگیرکارییەکەی ڕووسیەش تاوەکوو کۆتایی موکریان بوو و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر داگیرکاری ئینگلیسەکاندا بوو. هاوکات هەل و مەرجی سیاسی و نیزامی لە باشووری کوردستان ئەوەندە تەسک ببویەوە کە نەتەنیا دەرفەتی پەلهاوێژی بۆ کۆمار نەدەهێشتەوە بەڵکوو کەسانێک کە بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی لەوبەشە لە کوردستان ئاڵا هەڵگری خەباتی کورد بوون ڕوویان لە موکریان کردبوو و لەوێ نیشتەجێ ببون. شکانی سەرهەڵدانە یەک لەدوای یەکەکانی کورد لە باکووری کوردستان و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی ترکیە بەرامبەر بەکورد بەتایبەتی لە دێرسیم (کە تەخمین دەکرێ زیاتر لە ٩٠ هەزار کورد تێیدا کۆمەڵکوژ کرابن)، سەردەمێکی تاریکی لەوبەشەی کوردستان دەستپێکردبوو. هەمووی ئەوانە هاوکاتی دەرکەوتنی چرای هیوای کورد یانی کۆماری کوردستان بوون. هەبوونی ئەو هێزانە وەک خاڵێکی بەهێزبوونی کۆمار لە موکریان دا دێتە ئەژمار بەڵام نەبوونی بزوتنەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان وای کرد کە کۆمار بەو بەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەتیس و سنووردار مایەوە.

هەر لەناوی کۆمار و ناو و ناوەرۆکی دامەزراوەکانی سیاسی و کولتوری و پەروەردە و هەوڵدانە دیپڵۆماسییەکانی کۆماری کوردستان دەردەکەوێ کە هیوا و ئامانجی کۆماری کوردستان نەک بە تاکتیک و بەڵکوو لەڕووی ستراتێژییەوە سەرجەم پانتایی جوغرافیای کوردستان بوو و سنوورە دەستکردەکانی بەفەرمی نەناسیوە. بەشداربووانی کۆماری کوردستان لە بەشەکانی دیکەی وڵات قەت وەک میوان و ئاوارە نەدیتراون. تەنانەت لە بەڵگەی دادگایی کردنی پێشەوا قازی محەمەد دا بە فەرمی یەکێک لە تاوانەکانی خسترابوویە پاڵی، داڵدەدانی ئەو کەسانەیە کە لە باشور و باکووری کوردستانەوە (بەتایبەت مەلامستەفا بارزانی) ڕوویان لە جوغرافیای کۆماری کوردستان کردبوو هەیە. پێشەوای نەمر لە بەرگری کردنی خۆی بەرامبەر دادگا بوێرانە ئاماژەبەوەدەکات کە ئەوان نە میوانن و نە بێگانە و بیانین. ئێرە کوردستانە و ماڵی هەموو کوردانە.

سەرەتایی مانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مەهاباد و تەورێز وێڕای ئەوەی هاوپەیمانییان پێکهێنابوو ڕێگربوو لە فریاکەوتنی ئەو دوو دەستە خوشکە. یەکێک لە پڕشنگدارترین خاڵە بەهێزەکانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دروست بوونی هاوپەیمانێتی لە نێوانیاندا بوو کە تاوەکوو ئەوڕۆکەش دەرگای پێکەوە ژیانی لە نێوان هەردووگەلی کورد و ئازەری دا بە ئاوەڵایی هێشتۆتەوە. بەدەیان ساڵە هەوڵی تێکدانی ئەو تەباییە لەلایەن دەوڵەتانی ترکیە و ئێران دەدرێت و بەدەیان پلانی نەگریسیان پێکهێنا کەچی هەردوو گەل و نەتەوە لەسەر بەردی بناغەی هەردوو کۆمار، پێکەوە ژیانیان بە ئەساس وەرگرتووە و ڕێگەی قوڵ بوونەوەی پیلانگێڕیەکانیان نەداوە. بەڵام تێکچوونی هەردوو کۆمار پێی سەلماندنین تەنیا تەبایی لەنێوان هەردوو گەلدا ناتوانێت چارەنووسیان بگۆڕێت بەڵکوو دەکرا بە یەکگرتوویی و پشتیوانی لەشکری و زانیاری لە یەکتری، بە دوو قۆڵی بەرەنگاری ئەڕتەشی لاواز و پەککەوتە بەڵام شۆوێن و ڕەگەزپەرەستی دەوڵەتی ناوەندی ئێران ببنەوە.

دەکرێ لەسەر چۆنیەتی دروست بوونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و تەمەنی کورتی پڕ لەئەزموونی بە دەیان پەڕتووک بنووسرێ. بەداخەوە شایەتحاڵانی کۆمار زۆر بەکەمی هەوڵی نووسینەوەی مێژووی کۆماریان داوە و زلهێزان و بەتایبەت هەردوو دەوڵەتی ڕووسیە و ئینگلیسیش دەکرێ هەندێ بەڵگەیان هێشتا ڕوونەکردبێ و لەوانەیە زۆریشیان بە ئەنقەست فەوتاندبێ. ئەوەش کە نووسراوەتەوە جێی بایەخە. پێویستە کۆماری کوردستان لە درێژەی تەقەلای کورد بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکانی و ئازاد کردنی خاکی داگیرکراوی بدیترێ کە سەدان ساڵە بێ پسانەوە بەردەوام دەکات و تاوەکوو کورد هەبێ مەگەر بە گەیشتن بە مافەکانی دەنا قەت ئەو شەڕە کۆتایی نایەت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ:” گەر لەسەر داوای خۆت سووربی و ئەوەش بەحەقیقەت مافی تۆ بێ و شەڕی بۆ بکەی گەر تەواوی دونیاش دژایەتیت بکەن، ناشکێی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەی”. ماف و داوای کورد ڕەوایە و حەقە و ئەوەش حاشاکردنی تاوەکوو ئێستا بەقازانجی کەس نەبووە و نییە.

مێژووی کۆماری کوردستان گەر خاوەندارێتی لێبکرێ، خوێندنەوەیەکی زانستیانە و دوور لە دەمارگرژی و هەستیاری بۆ بکرێت ئەزموونێکی بە بایخە و دەکرێ ببێتە دەستکەوتی مەزن. بە تەسک کردنەوە و لێکدانەوەی کۆمار تەنیا وەک ناوچەی جوغرافی تەسکی ژێر دەسەڵاتی، بەداخەوە چکۆڵەی دەکەینەوە. جاری واش هەیە بە پێهەڵاکوتن ئەوەندەی گەورە دەکەینەوە کە ئەودەم لەژێر باری گرانایی و کێشی شکستەکەی دەرناکەوین و جگە لە داخ و کەسەر هیچمان پێنامێنێ. هەردووکی ئەو ڕێبازە هەڵەن. هەرجۆرە دەمارگرژییەک (کەم کووتن یا پێهەڵاکوتن) تەنیا و تەنیا لە بابەتی سەرەکی کە دەرس وەرگرتنە لە خاڵە بەهێزەکان و دووپات نەکردنەوەی لاوازییەکان و هەڵەکانیەتی دوورمان دەخاتەوە.

هەنگاوی دوای خەسارناسی قوڵی سیاسی-مێژوویی-کۆمەڵایەتی کۆماری کوردستان دەکرێ هەنگاوی بونیادنانی شۆڕش و خەباتی نوێ بێت بۆ ئەوەی ئاواتی شەهیدانی کۆماری کوردستان و هەموو ئەو شەهیدانەی ڕێگەی ئازادی بێنینە دی و بیکەین بە عەرزی واقع و کۆتایی بە نەهامەتی و ژێردەستیمان بێت.

تەڤگەری ئاپۆیی وەک تاقانە تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕی کورد (لە هەموو بوارەکانەوە) بە دیتنی ئەو بۆشاییە لە خەسارناسی جوڵانەوەی کورد دا لە کۆنەوە تاڕۆژی ئەوڕۆمان بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی دایە خەسارناسی سەرجەم سەرهەڵدانەکان و شۆڕشەکانی ئازادی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە کۆماری کوردستانیشەوە. پەکەکە و پەژاک و سەرجەم تەڤگەری ئاپۆیی وەک تاقانە دەستکەوتی کوردان خۆی بە میراتگری هەموو خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سەرجەم بزوتنەوە و سەرهەڵدانە ئازادیخوازانەکان دادەنێ. ڕێبەر ئاپۆ بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی کۆماری کوردستان دەکاتەوە و بەدەستنیشان کردنی لاوازییەکانی و خستنەگەڕی هێز و توانای لەبن نەهاتووی کۆمەڵگە و لەسەر بونیادی خاڵە بە‌هێزەکان، سەرجەم سنورە مادی و هزرییەکانی نێوان کوردانی تێپەڕاند و بە هەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی جەستەی پارچەکراوی کەسایەتی کورد و خاکی کوردستان لە سەر عەرزی واقع، بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت.

گەورەترین تۆڵە بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی کۆماری کوردستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کۆدەنگی و پتەوکردنی هزری نیشتمانپەروەری و بەدیهێنانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە. شەڕێک کە ئەنجامی کۆتایی سەرهەڵدان و بزوتنەوکانی کورد دیاری دەکات. بە دڵنیایی، بەردەوامی و پێداگری لەسەر ڕێچکەی ئەو شەهیدانە سەرکەوتنی مەزنتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بۆ ئەوەش پێویستە گەلی کورد جارێک بۆ هەمیشە بە بنبڕکردنی خەتی خیانەتی نێوخۆیی کورد -کە ئێستا پارتی خێڵەکی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق و بەتایبەتی بنەماڵەی مەلامستەفا بارزانی سەرکردایەتی دەکات و بۆتە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکار لە کوردستان – هەنگاوی مەزن بۆ سەرکەوتن بنێت.

لەسەر ئەو ڕێبازە وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ:”کوردی ئازاد ناسنامە و شووناسی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە” بەدیدێت.