ئامەد شاهۆ بۆ گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ

هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد، بە یەکێک لەدیارترین و گرنگترین باسەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی جیهان لەقەڵەم دەدرێت کە شەپۆلەکەی ئەوەندە بەهێزە، کە ئاکادیمسێن، رۆشنبیر، مرۆڤە ئازادیخواز و دیمۆکراتیخوازەکانی لەسەرتاسەری جیهاندا هێناوەتە سەرخەت و تا دەڕوات بە جیهانی دەبێت و دەبێتە هەڵمەتێکی ناوازە و بێ وێنەی مێژوو. راگەیاندنی هەڵمەتێک دوو پرسی سەرەکی رۆژهەڵاتی ناوین لەخۆ دەگرێت کە بە کلیلی چارەسەری سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هەرێمەکە لەقەڵەم دەدرێت، کە بەشداری کردن تێیدا راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و سیاسییە. چون ئەمڕۆ دیاردەی کورد وەک زەوییەکی بەیاری لێهاتووە کە تینووی ئاوە، تینووی چارەسەری دیمۆکراتیک، ئاشتیانە و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. لەو زەویەشدا کە گەلی کوردی تێدایە، زیاتر لەو خاکە، تینووی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری دیمۆکراتیانەی پرسی کوردە. بۆیە گەلی کورد و دیاردەی کورد کە رۆحێک لەناو جەستەیەکدایە، تینووی هەتاوی ئازادییە. بە هەڵمەتێک ئاڵای ئازادی بەرز دەکاتەوە و تامەزرۆی شکاندنی تینوویەتییە. ئەو گەلە تینووە نیازپاکی و پابەندی خۆی بە گوڕکردنی تێکۆشان و شۆڕش دەردەبڕێت. داخۆ ئەمە خەونێکە یان حەقیقەتێکە کە گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز هۆگری بوون؟ دیارە ئەمڕۆ درووشمێک لەزەینی گەلانی ئازادیخواز درەوشایەوەیە کە حەقیقەتی گەل و کۆمەڵگایەک دەردەبڕێت. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هەرگیز نکوڵی لەحەقیقەت ناکرێت و پەردەپۆش ناکرێت و ناکرێ رۆح لە جەستە داببڕێندرێت و خەمسارد و بێ بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو پرسە مامەڵە بکرێت و بە ئاسانی گوزەر بە سەریدا بکرێت.

دیمۆکراسی ئاشکرا کردنی حەقیقەتە

هەڵبەت بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەنگاوێکی مێژوویی پێویستە. ئەو هەنگاوەش رەوت و رێبازی سەردەمیانەی دەوێت کە جیاواز لەهەر سەردەمێکی مێژوویی بێت. چون لێرەدا پێداگری لەسەر بوونی ئازادی و دیمۆکراسی دەکرێت. بۆیە ئازادی و دیمۆکراسی بە قسەوقسەڵۆک و ناو و ناتۆرە بە ئاسانی قەتیس و بەرتەسک ناکرێت. واتا ئازادی و دیمۆکراسی بە روانگە و هزری سۆسیالیستی دەستەبەر دەبێت. چون پێویستە بە چەکێک لەدژی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و هێزە کۆنەپارێزەکانی هەرێمەکە شەڕ بکرێت کە کۆت و بەندەکانی بەردەم ئازادی تێکبشکێنێت، نە چەکێک کە وەك کەلەبچە هیوا و ئاواتەکان لەناخی مرۆڤەکان قۆڵبەست بکات و بە ملوانکەی کۆیلاەتی یەخسیر و دەستەمۆ بکرێت. رێچکە و رێبازێکی تێکۆشان پێویستە کە گورز لەعەقڵیەتێک بدات کە کۆمەڵگایەکی کۆیلە و بەنج کردووە تا رۆژانە رووبەڕووی سووکایەتی و نکۆڵی کردن ببێتەوە.

ئەم هەڵمەتە ئەو گورزە مەزنەیە کە ئەمڕۆ گورز لەعەقڵیەت و فەلسەفەیەکی چەواشەکار دەدات کە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر مرۆڤایەتی. چون کاردانەوەی ئەو عەقڵیەتە لەکوردستان دەبینرێت کە چۆن دەیانەوێت گەلی کورد لەناو قەفەسی ئاسنینی داگیرکاریدا رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بکەنەوە. بە چ رێ و رێبازێک هێرشی کولتووری لەسەر دەکرێت و بێ شووناس دەهێڵرێت و بێ ئیرادە دەکرێت و رووبەڕووی ترسناکترین و گەورەترین هەڕەشەی سەردەم دەبێتەوە. ئەو کات چ رێباز و میتۆدێک شایانی هەڵگری ئەو گورزە جەرگبڕەیە کە لەنەیارانی چارەسەری پرسی کورد و ئازادی و دیمۆکراسی بدرێت. ئەگەر شەو و رۆژ لە بڵەندگۆکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بانگەوازی دیمۆکراسی بکرێ، بانگەوازییەکی بێ کردار و بریقەدارە. چون زمانێک لەو مەکۆیانە بەکار دەبرێت، زمانی گەشانەوەی چالاکی گەل نییە کە ئیرادەی ئازادی لەسەر بونیاد بنرێت. زمانی رێکخستن کردنی گەل و کۆمەڵگا نییە. زمانی گوڕکردنی تێکۆشان و گەشانەوەی بەرخۆدان نییە. ئەو کات لە بەکار بردنی چۆنیەتی رێ و رێبازدا کەم و کورتی جددی لەئارادایە کە بۆ خۆی بەربەست لەبەردەم چەسپاندنی دیمۆکراسی و ئازادی و چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کورد دروست دەکات.

داخۆ بەو دەستەواژانەی کە داگیرکەران و بە کرێگیراوەکانیان بۆ کۆمەڵگای کوردەواری تاشیویانە، دەتوانن زەوی بە بێ پرشنگ و گزنگ بهێڵن؟ خونچەی هیوا و باوەڕی لەناخی مرۆڤەکان دابمرکێنن؟ داخۆ تاکەکانی کۆمەڵگا لەو بابەتەدا چەندێک هوشیار و بە ئاگا و رێکخراون؟ بێگومان بە دەستەواژەی کۆیلەی چاک، کرێکاری چاک و کوردی چاک ئەو زەوییەی کە تینووی ئازادییە ئاو نادرێت و بەرهەمدار نابێت. ئەو دەستەواژانە بۆ خۆی بە واتای دوورکەوتنەوە لەنرخ و بەها مرۆییەکان و بێ بەشی لەئازادییە. واتا دابڕان لەحەقیقەت، زەین کوێری و بێ کاردانەوە هێشتنەوەی مرۆڤە. چون لێرەدا کوردی ئازاد کە ناسنامەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێیە، بە واتای رەتکردنەوەی ئەو لۆژیک و فەلسەفەیە کە کۆیلایەتی دەکاتە گرێ کوێرە و تاکە بژاردەی مرۆڤ. لەو پێناوەشدا فەلسەفەی کوردی ئازاد بە هەموو هێزیەوە هێڵی “بەرخۆدان ژیانە” لەدژی فاشیزم و دیکتاتۆریەت پتەوتر و فراوانتر دەکات و بژاردەیەکی نوێی ژیانی خەڵاتی مرۆڤایەتی کردووە. بۆیە گەلی کورد و دۆستانی ئەمڕۆ بە دەربڕینی هەڵمەتێک پێداگری لەسەر ئازادبوونی گەل و کۆمەڵگایەک دەکەن و بە هەموو هێزیانەوە بەرپەرچی ئەو دیاردە مەترسیدارانە دەدەنەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی و دیمۆکراسی.

ئەو هەڕەشەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نکوڵی و کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد داناوە. واتا بەو میتۆدە گەلی کورد بە بێ ناسنامە، بێ بەهرە و بێ هیوا دەهێڵن. ئەوەش لەباربردنی دیمۆکراسی لەناو لانکەی مرۆڤایەتی یان لانکەی ژیارە. راستەوخۆ گەلی کورد لە ئاڵوگۆڕە هەرێمی و جیهانیەکان دادەبڕێنن. پێداگری لەسەر پارچەبوون و نکۆڵی کردنی گەلی کورد دەکرێت. دەیانەوێت زەوینی بەیاری کورد بۆ سەد ساڵی دیکە بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئاو بدەن. واتا فەلسەفەی ئازادی و دیمۆکراسی لەکوردستان بن بڕ بکەن. لەکاتێکدا دیمۆکراسی راستەوخۆ پەیوەندی بە چالاکی گەلەوە هەیە. ئەو کات سەرکوت و چەوساندنەوەی گەل و کۆمەڵکوژیەکانی کوردستان بە ئامانجی نەزۆک کردنی دیمۆکراسی بەڕێوە چووە و دەبەن. چون دیمۆکراسی ئاشکرا کردنی حەقیقەتە. بەشداری کارای گەل لەسیستەمی خۆبەڕێوەبردنی خۆیەتی، داماڵینی دەمامکی سەر هێزە تاریکپەرەستەکانە.

هەڵمەتێک، زمانی دیمۆکراسی لەجیهان وەگەڕ خست

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو لەژێر ناو و ناونیشانی جیاجیا کوانووی دیمۆکراسی گەشاندوەتەوە. ئەوەش بەو تێکۆشان و بەرخۆدانە نەبەزانەی کە بەڕێوەی بردووە، مسۆگەری کردووە و دەیکات. بۆیە لەجێگایەکدا کە چالاکی گەل بوونی هەبێت، دیمۆکراسی لەو جێگەیەدا دەستەبەر دەبێت. ئەمڕۆ گەلی کورد و دۆست و لایەنگرانی بە هەڵمەتێک تیشکی دیمۆکراسی بەربڵاو دەکەن و کوانووی دیمۆکراسی بڵێسەدارتر دەکەن. هەڵبەت چالاکییەک دەتوانێ دیمۆکراسی دەستەبەر بکات، کە بە عەقڵیەتی سۆسیالیستی و ئازادیخوازی خەمڵێندرابێت و دابڕاو لەزیهنیەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بێت کە فەتح کردنی مرۆڤ ئامانجیەتی. بۆیە ئەمڕۆ چالاکیەک لە هەناوی گەل دەدرەوشێتەوە کە گڵۆپی رووناکی لە ٧٤ ناوەندی جیهان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی هەڵکرد. واتا هەڵمەتێک بەرپا بووە کە زمانی دیمۆکراسی لەجیهان وەگەڕ خستووە. لەژێر چەترێکدا گەل پەلکێشی گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دەکات.

بە پێی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ هیچ کێشەیەک نییە کە لەدیمۆکراسیدا چارەسەر نەبێت. کەوا بێت بۆچی ئەو هێزانەی کە ئەمڕۆ خۆ بە ناوەندی دیمۆکراسی لەقەڵەم دەدەن، لەکرداردا خۆ لەقەرەی گەوهەری دیمۆکراسی نادەن؟ بۆچی لەرۆژهەڵاتی ناوین لەژێر بیانوو و تۆمەتی هەڵپەسێردراو بە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد، دیمۆکراسی لەگۆڕ دەنێن؟ لەکاتێکدا رێبەر ئاپۆ دەڵێت: «لە دیمۆکراسیدا کێشەی تابۆ، بوونی نییە، تەنانەت دژە ژەهری تابۆترین کێشە و پرسەکان، دیمۆکراسییە». کەوا بێت بۆچی ئەمڕۆ کۆمەڵە یاسا و بیر و باوەڕ و نەریتێک لەکۆمەڵگادا کە پیرۆز کراون، شکاندن و دەست تێوەردانیان قەدەغە کراوە؟ دیارە رژێمە داگیرکەرەکان زاریان لەدیمۆکراسی تۆقیوە. ئەمڕۆ تەنانەت یاسایەک لەدژی رێبەر ئاپۆ و پرسی کورد پەیڕەو دەکەن کە لە دژی یاسا و رێساکانی خۆیانە. لەژێر ناوی دیمۆکراسی، دیماگۆژی دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن. ئایا ئەوە بە واتای نکوڵی کردن و چەواشەکردنی دیمۆکراسی و ئازادیی نییە؟ ئەگەر چارەسەری کێشەیەک دەبێتە هەوێنی دیمۆکراسی و ئازادی بۆچی ئەوەندە سامیان لێی هەیە؟

ئەوە لەلای هەر کەس روون و بەرچاوە کە هەر چەندێک دیمۆکراسی لەناوچەکەدا بوونی هەبێت، بەو ئەندازەیەش ئاشتی بەرقەرارە. واتا چەندێک گەل چالاک ببن، زمانی دیمۆکراسی گەشە دەکات. چون چالاکی زمانی دیمۆکراسییە. بەس کردەوەی دەوڵەت ـ نەتەوەکان سەلمێنەری بێ ناوەڕۆک کردنی دیمۆکراسییە. لەبەر نەبوونی دیمۆکراسی ئاگری شەڕ گوڕتر دەبێت و پانتاییەکەی زیاتر دەبێت. ئەم هەڵمەتەش لەراستیدا بە واتای کۆتایی هێنان بەو شەڕ و ماڵوێرانیەیە. چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لەناوچەکەیە. چون تا ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێت، ئەوا ئاگری شەڕ دانامرکێت و شتێکی بە ناوی ئاشتیش مسۆگەر نابێ. بەو هەڵمەتە گەلانی ئازادیخواز بە پێشەنگایەتی گەلی کورد دەیانەوێت کۆیلایەتی نەفرین کراو بۆ ئازادی هەتاهەتایی بگۆڕن و بەوەش ئەرکی سەردەمیانەی خۆیان بە جێ بهێنن. ئەو کات ئەرکێکی مێژوویی و مرۆیی دەکەوێتە سەرشانی هەر تاکێکی ئازادیخواز و سۆسیالیست لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشداری لەم هەڵمەتە پڕشنگدارەدا بکات و رۆڵی لەگۆڕینی ئەو لادانە مێژوویەدا هەبێ. بەو بەشداربوونەش قەرەبووی ئەو شکستە مێژوویانە بکاتەوە کە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە تووشی بوون، تا هیوای گەیشتن بە ئازادی و چەسپاندنی دیمۆکراسی گەشاوەتر ببێت.

سپاردنی تێکۆشان و خەبات بە داهاتوو، بە واتای لەدەستدانی حەقیقەتە

ئەم هەڵمەتە بەو واتایە دێت کە لەمێژوو پەند و وانە دەربخەین. خوێندنەوەی راست بۆ مێژوو بکەین. چون مێژوو بێجگە لەوەی کە ئاوێنەی پەند وەرگرتنە، بۆ خۆی واقعیەتێکە کە تێدا ژیان دەکەین. واتا سیاسەتی داگیرکەران لەبەرامبەر سەرکردە، رێبەر و پێشەنگەکانی گەلی کورد لەرابردوو تەنیا شتێکمان پێ دەڵێت؛ ئەویش جیا لەنکوڵی، بە کرێگیراوی، پاکتاوکاری و خۆبەدەستەوەدان شتی دیکەی تێدا نییە. بۆیە سیاسەتێک كە لەئیمڕاڵی لەکەسایەتی رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت، لەدژی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازە. لەبەر ئەوەیە کە بە راگەیاندنی هەڵمەتێکی جیهانی، شەپۆلێکی بەرخۆدان و تێکۆشان لەدژی ئەو سیاسەتە دەستیپێکرد. ئەو کاتە ئێمە لەمێژوو چ پەندێکمان وەرگرتووە، پێویستە لەگۆڕەپانی سیاسەتی دیمۆکراتیکدا کەڵکیان لێ وەربگرین. بەو پەند وەرگرتنە بازنەی داگیرکاری تێکبشکێنین. داخۆ پەندەکان بە گوێرەی بەرژەوەندی هێزەکان داناتاشرێن؟ بە پێی شەرت و مەرج و شوێن ئاڵوگۆڕیان تێدا ناکرێت؟ داخۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی، خێڵایەتی و شەخسی، هیچ لەمپەرێکی لەبەردەم تێکۆشانی دیمۆکراتیکی گەل دروست نەکردووە؟ ئەگەر ئەم پرسیارانە لەگۆڕێدا نەبن بۆچی گڵۆپی تێکۆشان لەپێناو گەشەدانی دیمۆکراسی لەناخی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە هەڵگری ئاڵای ئازادی و دیمۆکراسی لەقەڵەم دەدەن، هەڵناکرێت و بە پێی پێویست بەشداری شەمەندەفەری دیمۆکراسی نابن و دەنگیان ناخەنە پاڵ هەڵمەتێک کە بڵێسەی ئازادی گوڕتر بکات؟

نەیارانی دیمۆکراسی فەلسەفەیەک پەرەپێ دەدەن کە مرۆڤەکان نکۆڵی لەرابردووی خۆیان بکەن. هەڵبەت ئەمەش گەوهەری مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە کە لەسەر رەتکردن و نکۆڵی کردنی نرخ و بەهاکانی رابردوو، گەل و کۆمەڵگا بەهێز دەبێت. واتا داگیرکەران ئەو بابەتە لەزەینی مرۆڤەکان بە جێ دەکەن کە نکوڵی لە شۆڕش، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی سەردەمیانە بکەن، تا چالاکی گەل کە هەمان زمانی دیمۆکراسییە خونچە نەکات. ئەوەش بێگومان بە واتای لەدەستدانی حەقیقەتە، کە خەونی سەدان ساڵەی گەلە. بۆیە ئەم هەڵمەتە سووربوون لەسەر رابردوویەکە کە ئازادی و دیمۆکراسی تێدا قەتیس کراون.

 ئەمڕۆ لەکەسایەتی رێبەر ئاپۆدا، لەدورگەی ئیمڕاڵی هەڕەشە و مەترسی لەسەر حەقیقەتێک لەئارادایە. لەبەرچاوی رای گشتی جیهان نکوڵی لەحەقیقەتێک دەکرێت و داگیرکەران رێگری لەوە دەکەن کە چاوەکان ئەو حەقیقەتە نەبینن و گوێیەکان لەدەنگدانەوەی ئەو حەقیقەتە کەڕ و زمانەکان لاڵ ببن، تا حەقیقەت بۆ هەمیشە پەردەپۆش ببێ و درەوشانەوەی حەقیقەتێک لەپەڕاوی مێژوودا بشارنەوە. بۆیە راستی رێبەر ئاپۆ دیوی سەرەکی ئەو حەقیقەتەیە کە نایانەوێت رووناکی بە جیهانی تاریک ببەخشێت. یان تەنانەت لەخوێندنەوەی رووپەلێک لەپەرتووکە شاکارەکانی تۆقاون و ئاستەنگی لەبەرامبەردا دروست دەکەن و ناهێڵن کە شاکارەکانی ببنە گڵۆپی رووناککەرەوەی زەین و ویژدانی تاریک کراو. بۆیە بەشداری لەو هەڵمەتە بەواتای پێداگری لەحەقیقەتێک دەبێت کە کۆتایی بە فاشیزم، داگیرکەری و تاریکی دەهێنێت. هەنگاو بەرەو خۆناسین هەڵدەگیرێت و چرووسکی شۆڕشی زیهنی و ویژدانی لەناخی تاکەکان بەرپا دەکات. چون دەستپێکردنی هەڵمەتی خوێندنەوەی کتێبەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ گەیشتن بەو حەقیقەتەیە. ئەگەر لێرەدا خوێندن، تێکۆشان و بەرخۆدان بە داهاتوو بسپێردرێت، ئەوا بە واتای لەدەستدانی حەقیقەتە، یان بە واتای سپاردنی ئیرادە و ئازادی بە جیهانی خەیاڵییە کە رێگا نادات زنجیری کۆیلایەتی بپسێنرێت و سروودی ئازادی و دیمۆکراسی لەسەر ئەم خاک و نیشتمانە بخوێندرێت.

رۆشنبیر گەل ئاراستەی مەڵبەندی ژیانەوە دەکات

رۆشنبیران رۆڵی سەرەکی لەگەیشتن بەو حەقیقەتە دەگێڕن. پەردە لەسەر راستیەکان هەڵدەماڵن. چرای رووناککەرەوەی کۆمەڵگان. لەو پێناوەدا رێبەر ئاپۆ دەڵێت:«کۆمەڵگایەکی بێ رۆشنبیر وەک کاروانێکی بێ پێشەنگە». بۆیە رۆشنبیران لەکاروانێک بەشداری دەکەن کە چراخانی دیمۆکراسی لەناوچەکە و جیهانن. ئەو کات هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد ئەو کاروانەیە کە رێڕەوی گەیشتن بە سەکۆی ئازادی و دیمۆکراسییە، بۆیە رۆشنبیران پێویستە پێشەنگایەتی بۆ بکەن و بە ئەرکی سەردەمیانەی خۆیان راپەڕن. هەڵبەت هەڵبژاردنی رێگایەکی چەوت بۆ هەر تاکێک لەو رێڕەوەی تێکۆشاندا دەتوانێ دوورکەوتنە لەئامانج و رێبازی ژیانی ئازادی بەدواوە بێ. بۆیە ئەمە هەستیارترین سات و سەردەمی تێکۆشانە کە مێژوو بەرپرسیارێتی خستوەتە ئەستۆی رۆشنبیران، ئەکادمیسێن، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، ژنان و جوانان.

بۆچی رۆشنبیران رۆڵی پێشەنگایەتی ئەو هەڵمەتەیان لەئەستۆیە؟ لەبنەڕەتدا رۆشنبیر دەرهێنەرە. دەرهێنەری سەردەمێکی نوێی تێکۆشانی پێ دەسپێردرێت. هەڵمەتێک بە ئەنجام دەگەیەنێت. کۆمەڵگایەک چالاک دەکات. بەو پێیە رۆشنبیر دەبێتە دەرهێنەری کۆمەڵگای خۆی. واتا دەرهێنەری دەستەبەرکردنی ئازادی و چەسپاندنی دیمۆکراسییە. دەرهێنەری هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کوردە. بۆیە رۆشنبیران رۆڵێک بە کۆمەڵگا دەبەخشن کە لەشانۆنامەکەیاندا، گەل ئاراستەی مەڵبەندی ژیانەوە و فەلسەفەی بەرخۆدان ژیانە دەکەن. سەرجەم رۆشنبیران بۆ ئەوەی خاوەن کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ئازاد بن، بە هوشیاری، وردبینانە و دڵسۆزانە دەجووڵێنەوە و بە کاریگەری ئەم هەڵمەتە، ناسنامە و فرەڕەنگی کولتووری کۆمەڵگا کە بەرهەمێکی مێژووییە سەر لەنوێ دەستەبەر دەکەن. چون بەشێکی سەرەکی لە شۆڕشی زهنیەتیش لەم رێگایەوە دەستەبەر دەبێت کە مایەی برەو پێدان و بووژانەوەیە.