کۆمیتەی پەژاک لە هۆلەند داوای بەرفراوانکردنی کەمپەینی ئازادی رێبەر ئاپۆی کرد

دەقی لێدوانی کۆمیتەی هۆلەند:

هەر وەک هەمووان ئاگادارن لە ئاکامی پیلانگێڕی ناودەوڵەتی لە دژی رێبەر ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادی کوردستان کە لە ٩ی ئۆکتۆبری ١٩٩٨ی زایینی و بە دەرکەوتنی سەرۆک ئاپۆ لە سوریا دەستی پێکرد. سەرەنجام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا پیلانگێڕان سەرۆک ئاپۆیان بەدیل گرت و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بەرەو تورکیا رفاندیان. شێوازی پیلانگێڕی و رفاندنەکەی مێژووی مرۆڤایەتی شتی وای زۆر زۆر بە کەمی بە خۆیەوە بینیوە. هەروەک شێوازی بەدیل گرتن و رفاندنەکەی دەگمەنە، زیندان و شێوازی بەند کردنەکەشی تایبەتە و لەگەڵ هیچ یاسا و رێسایەکی مرۆییدا نایەتەوە!!! ئەگەرچی کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی یەکێتی ئۆروپا (CPT) بەڵێنی دابوو کە چاودێری رەوشی سەرۆک ئاپۆ بکات، بەڵام هیچ کام لە بەڵێنەکانی خۆی بەجێ نەهێناوە, خۆشی بۆتە بەشێک لە پیلانەکە و رێبەر ئۆجەلان لە دۆخێدا راگیراوە کە لەگەڵ یاساکانی خودی دەوڵەتی تورکیادا ناکۆکە. ئەو بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە دژوارترین دۆخدا بەند کراوە و زیاتر لە ٣٣ مانگە گۆشەگیری موتڵەق بە سەریدا سەپاوە و هیچ جۆرە هەواڵێک لەبارەی رەوشی ئەو لە بەردەستدا نییە و سی پی تیش تەنیا وەک چاودێرێکی پاسیڤ، چاودێری دۆخەکە دەکات!!!

بۆ کۆتایی هينان بەو دۆخە و ئازادی فیزیکی سەرۆک ئاپۆ، لە ساڵرۆژی دەستپێکردنی ئەو پیلانگێڕیە ناودەوڵەتیەدا، لە ٢٠٢٣-١٠-١٠ هەڵمەتێک لە ژێر ناوی، ئازادی بۆ ئۆجەلان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد، دەستی پێکردووە. ئەم کامپانیە، لە ئاستی هەموو کوردستان، ئۆروپا، ئەمریکای لاتین و هەموو دنیا بەردەوامە و تا دێ بەرفراوانتر دەبێت. زۆر کەسایەتی سیاسی، ئاکادیمیک، پارلەمانتار، هونەرمەند، پارێزەر و بە کورتی لە هەموو چین و توێژەکان و لە هەموو ئاستەکاندا بەشداری ئەم کامپانیا دەبەن و داوای ئازادی فیزیکی سەرۆک ئاپۆ دەکەن.

ئێمەش وەک خەباتکاران تەڤگەری ئاپۆیی لە وڵاتی هولەند و وەک کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لەم وڵاتە، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەو کەسانە کە بەشداری ئەم کامپانیا دەکەن و دەڵێن چیتر بەسە ئەم زوڵم و ناحەقیە. پێویستە گۆشەگیری سەر رێبەر ئۆجەلان کۆتایی بێت و ئازاد بکرێت.

هەروەها، لێرەوە داوا لە گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و هەموو ئازادیخوازانی دنیا دەکەین و بەشداری ئەم کامپانیا بکەن.

کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک