ئەهوەن چیاکۆ

کوردستان بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵە کە لە ژێر دەستی داگیرکەری سیستەمی دەوڵەت – نەتەوە دایە و رێبەر ئاپۆ نیو سەدەیە تێکۆشانێکی بۆ رزگاری کوردستان دەست پێکردووە. ئەوڕۆ بە ملیۆنان کورد و دەرەوەی کورد لەم رێبازەدا تێکۆشان دەکەن. ئەوە ماوەی ٢٥ ساڵیشە رێبەر ئاپۆ لەناو سیستەمی ئیمرالیدا لە ئاکامی ئەو هەنگاوەی بۆ رزگاری کوردستان هاویشتوویەتی کەوتووەتە بەر تووڕەیی و ئەشکەنجەی داگیرکەرانی کوردستان و سیستەمی مودێڕنیتەی سەرمایەداری وەک لایەنی پاڵپشتی داگیرکەرانی کوردستان، بەتایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورکیە؛ بێگومان ئەم چەند رستەیە بۆخۆی پەیوەندی ئازادی رێبەر ئاپۆ و رزگاری کوردستان بە شێوەیەکی روون و راشکاوانە دەخاتە بەرچاوە.

گەلی کورد لە درێژەی ئەم سەد ساڵەدا تێکۆشانی گەورەی لەبەرانبەر ئەم داگیرکارییە بەڕێوە بردووە، بەتایبەت ٥٠ ساڵی دوایی بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی ئاپۆیی گەلێک شێوازی تێکۆشان و بەرخودان پەیرەو کراون و نەیانهێشتووە داگیرکەران بە ئاکامی کۆتایی ئارمانجەکانیان بگەن. هەڵبەت راستییەکیتریش ئەوەیە مەخابن ئێمەیش تا ئیستا نەمانتوانیوە بەتەواوی کوردستان رزگار بکەین و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین. واتە هەرچەند پێشمان لە داگیرکەر گرتووە و نەمانهێشتووە بگات بە ئامانج، بەڵام خۆشمان هێشتا ئامانجی کۆتاییمان نەپێکاوە.

لە راستیدا ئەگەر لە ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا هێشتا داگیرکاری لەسەر کوردستان بەردەوامە و نەمانتوانیوە کۆتایی پێبێنین و ئەگەر ٢٥ ساڵە هێشتا رێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی بەندکراوە و نەمانتوانیوە ئازادی جەستەیی مسۆگەر بکەین، ئەگەر تا ئێستا نەمانتوانیوە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەربخەین و هێشتا رژێمی ئیسلامی ئێران لەسەر کارە، ئەگەر ئەردوغان جارێکیتر گەیشتەوە دەسەڵات و ئەگەر هێشتا رۆژئاوای کوردستان نەکەوتووەتە گەرەنتی و هێشتا لە باشووری کوردستان هێڵی خەیانەت بەردەوامی بە تەمەنی خۆی دەدات، ئەوە بۆ خۆی دۆخی لێپرسینەوە و رەخنە و رەخنەدان لەسەر ئێمە وەک شۆڕشگێڕ و ملیتانی ئاپۆیی فەرز دەکات.

بێگومان بە رێبازە کۆنەکان ئیدی تێکۆشان مومکێن نییە و پێویستە شێوازی نوێی تێکۆشان بگیردرێتە بەر. ئەوەی کە پێویستە نەگۆڕدرێت خودی تێکۆشانە نە شێوازەکانی تێکۆشان. لە ئەساسدا ئەگەر دەست لە تێکۆشان هەڵبگرین و دۆخی بێ تێکۆشانی بگرینە بەر یا بە شێوەیەکی تر دۆخی تێکۆشان بگۆڕین بۆ دۆخی بێ‌تێکۆشانی بە تەئکید ژیان دەدۆڕێنین و باوەش بۆ مردن دەکەینەوە، بەڵام لەولایشەوە ئەگەر پێداگری لەسەر شێواز و عاداتی کۆنی تێکۆشان بەرنەدەین و شێوازەکانی تێکۆشانمان بە پێی راستی دۆخی هەنووکەیی نەگۆڕین دیسان بە هەمان شێوە سەرمان لە بەرد دەکەوێت و ناتوانین ئاکامی راست و دروست دەستەبەر بکەین. لێرەدا ویستم روونی بکەمەوە کە ئەوەی کە پێویستە هیچکات نەگۆڕدرێت و ئەوەی کە پێویستە پەیتا پەیتا و بە پێی پێشکەوتنەکان بگۆڕدرێت چییە؟

 بێگومان بەر لە هەر شتێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئەو رێنوێنیەی رێبەر ئاپۆ کە دەڵێت:”ئیدی وەک بەرێ نە ژیان مومکێنە و نە شەڕ، پێویستە ئیدی ژیان و شەڕ بە پێی دۆخی ئێستا بە رێکخستن بکرێت نە پێداگری لەسەر ئەو شێواز و عادەتانەی بەرێ کە ئیدی بۆ ئێستا یا بە تەواوی وڵامدەر نین یا ئاکامی پێویستیان لێ ناکەوێتەوە. هاوکات گواستنەوەی تاکتیکەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بۆ بواری کرداری کە لە ١٥ ساڵی رابردوو رێبەر ئاپۆ بەردەوام جەختی لەسەر کردووەتەوە کە تاکە رێگای پێشخستنی ژیان و بردنەوەی شەڕە لەم دۆخەی ئێستا دا.

لە راستیدا جیا لەوە کە ئێمە خولقکارانە شێوازی نوێی تێکۆشان دەستەبەر بکەین، مەترسی دۆڕانی گەورە هەیە. بێگومان شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی ماوەیەکە کە کەوتووەتە بازنەی کردار، بەڵام کێشەکە لەوە دایە بەپێی پێویست بەرفرە نەکراوە و دیسان زیاتری ئەرکەکە کەوتۆتە ئەستۆی گەریلا. هەر بۆیە پێویستە باسکی گەل و سەرهەڵدان پەرەی پێبدرێ و هاوکات لە بواری سیاسی، دیپلوماتیک، چاندی و راگەیاندنیش تێکۆشانی کۆمەڵایەتیمان توکمە‌تر و پتەوتر بکەین.

لە ئەساسدا لە پاڵ چەمکگەلێکی وەک گەلی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵگەی شەڕڤان پێویستە بە چەمکی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک و پێویستیەکانی، گرنگیەکی زۆر بدەین. ئەوەش دێتە واتای ئەوە کە شەڕ ئیدی تەنیا لە بازنەی سەربازی خوێندنەوەی بۆ ناکرێت. لە هەمانکات دۆخی شەڕ ئەگەر لە رێگای پێوەرە دیموکراتیک و سەردەمیەکان کونتروڵ نەکرێت دەتوانێ مرۆڤ و کۆمەڵگە تووشی گەلێک خەسڵەتی توندئاژوانەی نادیموکراتیک بکات. لە بنەمادا پێویستە گەیشتن بە کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیک ئارمانجی سەرەکی تێکۆشانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بێت.

کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیک کۆمەڵگەیەکە کە تاکەکان بە پاراستنی ئازادی تاکە کەسی خۆیان لە بەرانبەری کۆمەڵگەکەی خۆیان بە، بەرپرسیار دەبینن. ژن و جوان رۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن و رەنگە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگا بە پاراستنی جیاوازییەکانی خۆیان یەکێتیەکی دیموکراتیک و خۆخوازانە پێکدێنن. کۆمەڵگایەک کە دامەزراوە و رێکخراوەکانی خۆی لە هەموو بازنەکانی ژیان دەخولقێنێ و ئیزن نادا تاکێک، گرووپێک، ئولیگارشیەک، چینێک و رەگەزێک دەسەڵاتداری بەسەرەوە بکات. کۆمەڵگەیەک کە بە جێگای هاووڵاتی دەستەمۆکراوی لیبرالیستی دەوڵەت-نەتەوە، هاووڵاتی ئازاد بە پاراستنی مافە تاکەکەسێتی و کۆمەڵایەتیەکانی تێدا دەژیێت و هاوسەنگی لەبەینی تاک و کۆمەڵگا رەچاو دەکات. لەهەمانکاتدا کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەرە و لە بەرانبەری هێرشی دەرەکی ئیرادەی خۆپاراستنی بەرزە. بێگومان خودی ئەم دۆخەش بە واتای مەتەریز گرتنە لە هەموو بازنەکاندا لە بەرانبەری هەموو چەشنە هێرشێک کە لە دەرەوە دێت و هاوکات تەدبیرە لە بەرانبەری سەرهەڵدانی پاوانخوازی، قۆرخکاری و دەسەڵاتخوازی لە نێو خۆدا.

بێگومان گەلی کورد خاوەن ئەزموون و وزەیەکی گەورەی پێشخستنی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە و ئەگەر راست خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پلانی بۆ دابرێژرێت و بە رێکخستن بکرێت دەتوانێ ئاکامی گەورەی لێ بکەوێتەوە. هەرچەند باسکێکی بەهێزی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پاراستنی رەوایە، بەڵام تەنیا بە گۆڕەپانی سەربازی سنووردار ناکرێتەوە و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پێویستە لە بازنەی کۆمەڵایەتی، کولتوری، سیاسی و دیپلوماتیک بە شێوەیەکی توکمە پێشبخرێت. بازنەی پاراستنی رەواش نابێت تەنیا بە هێزی گەریلا سنووردار بکرێت؛ بەڵکوو پێویستە پاراستنی جەوهەری واتە خەڵک ئامادە ببێت بۆ پاراستنی بەرینی کۆمەڵایەتی. واتە هەرچەند رۆڵی پێشەنگ گرنگە، بەڵام نابێت پاراستن تەنیا بە ئەرکی گەریلا ببیندرێت.

رێکخستنی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و پەیوەست کردنیان بە یەکەوە لە رەوتێکی ئاسۆیی دا و ئامادەکردنی کۆمەڵگە بۆ سەرهەڵدان و بەرخودان گۆڕەپانی سەرەکی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە. بەتایبەت بەهۆی ئاڵوگۆڕییەکانی دونیای ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکاندا زیاتر لە هەرشتێک رێکخستنی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی پێویست دەکات. لەبەر ئەوەی دوژمن هەموو ئیمکانێکی تاکتیکی و تەکنیکی و هاوکات بێ پابەند بوون بە ئەخلاقی شەڕ لە بەرانبەری گەریلا دەخاتە گەڕ. هەرچەند گەریلای سەردەم سەرەڕای ئەوە بەرخودانێکی بێوێنە دەکات، بەڵام ئەگەر سەرهەڵدانی گەل پێشنەخرێت رۆژ بە رۆژ بازنەی مانۆری گەریلاش بەرتەسکتر دەبێتەوە. تەنانەت لەگەڵ مەترسی گەورەش رووبەڕوو دەکرێتەوە.

جیا لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی تێکۆشانی فکری، تیۆریک و ئایدۆلوژیک یەکێکیتر لە بازنەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە. زانست و رۆشنبیری و گەشانەوەی فکری کۆمەڵگە دەتوانێت یەکێ لە مەتەرێزە بەهێزەکانی ئێمە لەبەرانبەری دواکەوتویی زهنیەتی دوژمنەکانمان بێت. لە راستیدا فاشیسم و داگیرکەری بەر لە هەرشتێک بەرهەمی تاریک بیرییە و پێشخستنی روناکبیری بۆ خۆی گەورەترین هێرشە بۆ ناوقەدی فاشیسم و داگیرکاری. هەر چۆن دلنیاین کە بە بێ تیۆری شۆڕشگێڕی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پێكنایەت، لەو راستایەشدا بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی مومکین نیە، کەواتە پێویستە لە چالاکی تئوریکماندا زۆر بە هەستیارانە پێوەرەکانی شۆڕشگێڕی بەبنەما بگرین.

هاوکات چاند و هونەری دیموکراتیک و شۆڕشگێڕیش بۆ خۆی چەکێکی کارایە بۆ هاوێشتن و نیشانەگرتنی مێشکی فاشیسم و داگیرکاری کە چاندی دەسترێژی لە مێشکی‌دا ئاخێندراوە و لە هەڵسوکەوتی رۆژانەی‌دا رابەری دەکات. مەیدانێکی تری گەورەی تێکۆشانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی راگەیاندنە. بەتایبەت بۆ ئێمە کە خاوەن دۆزێکی رەوا و پارادایمێکی بەهێزین خەباتی توکمەی راگەیاندن دەتوانێ کاریگەرییەکی زۆری هەبێت لە ریسواکردنی داگیرکەرانی کوردستان و بەخشینی ورە بە تێکۆشانی گەلەکەمان. وەک دەزانین رێبەر ئاپۆ لە دوایین پەیامی خۆیدا باسێکی توکمەی کردبووە کە پێویستە ئەم گۆڕەپانە گرنگی یەکجار زۆری پێبدرێت.

بازنەی سیاسی و دیپلوماسی بازنەیەکیتری شەڕی گەلی شۆڕشگێرییە کە پێویستە بە خوێندنەوەی راست و دروست لە بارودۆخی ژیۆپۆلتیک و ژیۆستراتژیک لە چوارچێوەی هێڵی سێهەمین لەگەڵ هێزە گڵوباڵەکان و لۆکاڵییەکان هەڵسووکەوت بکرێت. لەهەمانکاتدا لە ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانیدا هەوڵی بەستنی هاوپەیمانی مەیدانی، تاکتیکی و ستراتژیک بدرێت. هاوپەیمانی تاکتیکی لەگەڵ هێزە مەیدانیەکان، هێزە دەوڵەتیەکانیشی لەگەڵ بێت و هاوپەیمانی ستراتژیک لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرژەوەندی کۆمەڵگە ئارمانجی کار و خەبات و تێکۆشانییانە. بێگومان پێویستە لەم تێکۆشانەماندا هەم کوردبوون و هەم پارادیمی دیموکراتیک پێکەوە خەباتیان بۆ بکرێت. واتە ئازادی کورد و کوردستان و خەباتی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەتەوەر یەکێکیان پشتگوێ نەخرێ و هاوتەریب و لەناو یەکدا بەڕێوە بچن. لە راستیشدا خەباتی پارادیگماتیکمان پاڵپشتی گەورەی تێکۆشانی نەتەوەییمانە و رزگاری نەتەوەییشمان مەگەر لە ناو پارادیمی دیموکراتیکماندا مسۆگەر ببێت. ئەم دوو بابەتە نەتەنیا لەگەڵ یەک ناتەبا نین، بگرە تەواوکەری یەکترن.

بێگومان ئیمکانەکانی ئێمە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم تێکۆشانە یەکجار زۆرن. بەر لەهەرشتێک میراتێکی گەورەی تێکۆشان لە پشتمانە کە شەهیدە قارەمانەکانمان گەورەترین نرخی ئەم میراتەن. ئەو پاشخانەش، ئێمەی کردووەتە گەلێکی خاوەن ئەزموون لە بەرەو پێشبردنی بەرخودان و تێکۆشان دا. بەهەزاران گەریلای فەداییمان هەیە کە بۆ سەرخستنی ئەم تێکۆشانە هیچ چەشنە لەمپەرێک لە پێکهێنانی ئەرکەکانیان نابێتە ئاستەنگ. هاوکات خاوەن گەلێکین کە بۆ پاراستنی جەوهەری و سەرهەڵدان ئامادەیە. خاوەن پارادیم و تئۆری شۆڕشگێڕی و بیر و فکری سەردەمیانەین. لە کەسیش شاراوە نییە کە پارادیمی رێبەر ئاپۆ کە لە دروشم و رامانی ژن، ژیان، ئازادیدا ئەمڕۆ جیهانگیر بووە سەردەمیانەترین بیر و رامان لە خۆی هەڵدەگرێ.

خاوەنی ژنان و جەوانانی تێکۆشەرین و چاندی تێکۆشان و بەرخودانمان بێوێنەیە. هاوکات لە ئاکامی تێکۆشانی دوور و درێژمان ئیدی وەک گەلی پێشەنگ لە دونیادا ناسراوین و بە هەزاران دۆست بۆ دۆزەکەمان دروست بوون. ئەوەش بووتە هۆكاری ئەوەی کە دەرفەتی گەورەی سیاسی و دیپلوماتیک بۆ تێکۆشانەکەمان دروست ببێت. هاوکات خاوەن ئەزموونێکی کار و خەباتی راگەیاندنین کە ئەگەر بە پێی رێنوێینیەکانی رێبەر ئاپۆ لەم بوارەدا هەڵسووکەوت بکەین دەتوانین لە رێگای ئەم گۆڕەپانەدا برەوێکی گەورە بە تێکۆشانە رەواکەمان بدەین.

وەک دەزانرێت لە ٢٥ ساڵەی ئیمرالی داین و رێبەر ئاپۆ لە ٨ ساڵی دواییدا رووبەڕووی توندترین گۆشەگیری و ئەشکەنجە بووەتەوە و نزیک بە ٣ ساڵە کە هیچ هەواڵێکی لێ نەهاتووەتە دەرەوە. سیستەمی داگیرکەر و فاشیست لە لایەکەوە تۆڵە لە رێبەر ئاپۆ دەکاتەوە و ئەویش لە بەر ئەو تێکۆشانە مەزنەیە کە ماوەی ٥١ ساڵە بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی وەڕێی خستووە. هاوکات سیستەم نایهەوێت کە رێنوێینی رێبەر ئاپۆ بگاتە دەرەوە و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی تێکۆشانەکەمان بکات. لەبەر ئەوەی بەباشی کاریگەری رێبەر ئاپۆی دەرک پێ‌کردووە و دەزانێت هەر قسەیەکی رێبەر ئاپۆ دەکەوێتە خزمەت بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی. ئەویش بە هەموو شێوەیەک نایەوێت گەلی کورد هێزی چارەسەری خۆی بخاتە مەیدان. هەر لەم راستایەدا رۆژی ١٠/١٠/٢٠٢٣ هەڵمەتێک لەژێر ناوی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ پرسی کورد لە لایەن گەلی کورد و دۆستانیەوە لە شاری ستراسبورگ راگەیندرا.

بێگومان ئەو هەڵمەتە هەڵمەتێکی بەردەوامە و جیا لەوە کارکردن بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ ئەرکێکی هەڤاڵیەتی، نەتەوەیی، دیموكراتیك و ئینسانییە و لەهەمانکاتدا پەیوەست بوون بە هەڵمەتی ئازادی رێبەر ئاپۆوە پەیوەست بوون بە هەڵمەتی ئازادی کوردستانەوەیە. ئەمڕۆ ئیدی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ تەنیا داخوازییەکی بزوتنەوەکەمان یا تەنانەت تەنیا نەتەوەکەمان نییە؛ بەڵکوو داخوازیی و ویستێكی نێونەتەوەییە. لەبەر ئەوەی پارادیمی رێبەر ئاپۆ ئاستی نەتەوەیی دەرباز کردووە و بووەتە نێونەتەوەیی.

ئیدی نەتەنیا کوردان؛ بەڵکوو بە هەزاران و ملیۆنان ئینسانی ئازادیخواز داوای ئازادی رێبەر ئاپۆ دەکەن. لەهەرکوێش باسی رێبەر ئاپۆ بێت لەوێش باسی گەلی کورد و کوردستان لە ئارادایە. ئەساس بە ناسینی رێبەر ئاپۆ گەلی کورد دەناسێندرێت. بۆیە با هەموو پەیوەست بین بەم هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەوە و لێبڕاوانە کاری بۆ بکەین. بێگومان ئەگەر لەو بوارەدا ئەرکی خۆمان پێک بێنین دەرفەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد لە هەر کاتێک زیاترە و دەتوانین ئەم داخوازیە رەوایە مسۆگەر بکەین.

هەڵمەتەکە ناونەتەوەییە و لە هەموو شوێنەکانی دونیا بەڕێوە دەچێت. هاوکات چالاکییەکان لەهەموو بازنەکانی تێکۆشاندا بەڕێوە دەچن. وەک چالاکی مەیدانی، چاندی، سیاسی، دیپلوماتیک، حقوقی و…هتد. هەر بۆیە بوار بۆ هەر کەس و لایەنێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ لە هەرشوێنێکی دونیا بێت و بە هەر چەشنە تواناییەکەوە کە هەیەتی رێگە هەموارە تا بەشداری ئەم هەڵمەتە بێت. هەڵمەتێک کە بە تێکۆشانی هەمەلایەنە دەتوانین بە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، چارەسەرکردنی پرسی کورد و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک ئەنجامگیری بکەین.