چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتور تاهیر ئەردەڵان

چالاکی سیاسی لە فەڕانسە

کەمپەینی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ بەرفراوان دەبێت. دکتور تاهیر ئەردەڵان، چالاکی سیاسی لە فەڕانسە خوازیاری دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و ئازادی رێبەر ئاپۆوە.

کەمپەینی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ

دەقی تەواوی وتەکانی دکتور تاهیر ئەردەڵان، چالاکی سیاسی لە فەڕانسە:

(تەوەری ئەم باسە کەمپینی ئازادی ڕێبەرێکی کورد بەڕێز ئۆجەلانە. ڕفاندن و بەدیلگرتنی بەڕێز ئۆجەلان لە کێنیا بە پیلانی هاوبەشی سێ ناوەندی ئەمنییەتی موساد، سیا و میت واتا دەستگا جاوسوسیەکانی ئیسڕائیل، ئەمریکا و تورکیە هاتە ئاراوە. بە هەموو پیوەرێک، بە پێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەچنە بازنەی کردەوە تیرۆریستیەکان. سەرکوت و کوشتار و تیرۆری ڕوناکبیران و چالاکانی کورد لە دەرەوەی وڵات و لە ئەوروپا بەتایبەت لە فەڕانسە، ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەدەست دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە دێتە ئاراوە ئەمانە تیرۆریسمی دەوڵەتین. ڕۆژێک ئەبێت لە دادگایەکی عادڵانە و گەلیدا، کورد ئەو مافەی ببێت خوازیاری پێناسەی ڕاستەقینەی تیرۆریستەکان بکات. تیرۆریست ئەو کەسە یا ئەو ڕێکخراوە نییە کە بۆ ڕزگاری و مافی نەتەوەیی خەبات دەکات، بەڵکوو ئەو ناوەندە جاسووسیانە و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەن کە بە تێپەڕکردنی چەند سنووری نێودەوڵەتی ئازادیخوازێکی کورد ڕادەستی دەوڵەتی ڕەگەزپەرەستی تورک ئەکەن کە حوکمی تووندی لەسەر بەڕێز ئۆجەلان داوە و مەترست گیانی لەسەرە. بە پێی هەموو یاسایەکی حقوقی و قەزایی، کردەوەیەکی وا نایاساییە، نابێت بێتە ئاراوە و سزای لەسەرە. کەوابوو ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی سووچێک لە تاوانەکانیان لەسەریانە کەبۆ وەدەرهێنانی پ.ک.ک لە لیستی ئۆرگانیزاسیۆنە تیرۆریستەکان و ڕزگاری بەڕێز ئۆجەلان هەنگاو و بڕیاری پیویستیان هەبێت. ئەمە لایەنی دەرەکی باسەکەیە کە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە بەجۆرێک بەشدارن لەو تاوانانە. لایەنی دووەم؛ ناوماڵی کوردە، شۆڕشی نەتەوەیی و ڕزگاری خوازانەی کورد لە دەیەکانی ڕابردوودا هەرجارە لەبەشێکی کوردستان سەری هەڵداوە. رەمزی سەرکەوتنی نەتەوەییش لەوەدا دەبوو کە بە گشتی پشتگیری ئەو بەشە بن کە لەو کات و ساتەدا چالاک بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوە نە هاتەدی و نەش دیتمان. بەوپێیە ئەوڕۆکە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا گرینگترین ڕۆڵی هەیە لە ئاست نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا. کەوابوو جێگایەتی کە هەموو تاک و ڕێکخراوی کورد پشتگری ئەو جوڵانەوەیە بن، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی یەکێک لە چوار داگیرکەری کوردستان بە دژی بەشەکانی دیکەی کوردستان. لە ڕاستیدا دۆست و دوژمنیش ئەزانن کە خەباتی ڕۆژئاوا یانی پ.ک.ک کە شوێنەواری دیاریکەری هەیە لەسەر بەرخۆدانی ڕۆژئاوا. ئێمە وەک کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە، دووساڵ لەمەوبەر داواکارییەکمان ئاراستەی سەرۆک کۆماری فەڕانسە کرد بۆ ئەوەیکە هەوڵ بدات بۆ وەدەرخستنی ناوی پ.ک.ک لە لیستی ئۆرگانیزاسیۆنە تیرۆریستەکان. وڵامەکەی ئەرێنی و نەرێنی بوو. ئەوەیش چاوەڕوانی ئەکرا چوون بەداخەوە زلهێزەکان بەتایبەت هەلپەرەستانە هەڵسووکەوت ئەکەن لەگەڵ تورکیە، بەهۆی هەموو پەیوەندییەکان لەهەموو بوارێکدا، سیاسی، ئابووری، نیزامی. کەوابوو ئەو هەڵوێستە پێویستی بە یەکگرتوویی زۆر وڵاتی زلهێزبوو لەدنیا کەبتوانن شوێنەواری دیاریکەریان هەبێ. دیارە ئەو داواکارییەی ئێمە لەلایەن چەند دڵسۆز و چالاکی دیکەی کورد لە ئۆتریش و نۆڕوێژ و چەند وڵاتی دیکە هاتە ئاراوە و ناردیان بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان. ئەوەیکە ڕوونە، هەتا ئەوکاتەی کە پ.ک.ک لە لیستی ڕەشی تیرۆریزمدا بێت، یەکەم؛ سەرکەوتنی کورد لە ڕۆژئاوا و لە باشوور ئەستەمە، چوون تورکیە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم، بەردەوام ئەبێت لە دەستدرێژی بۆسەر ئەو دووبەشەی کوردستان. دووهەم؛ دیسان تا ئەوکاتەی کە پ.ک.ک لەو لیستە ڕەشەدا بێت. ئازادی بەڕێز ئۆجەلان هیوایێکی بێ بنەمایە، چوون دونیای دەرەوە و بەتایبەت زلهێزەکان بە لایەنگری لە تورکیە نێوبراو وەک تیرۆریست پێناسە ئەکەن. ئەوڕۆکە ئاڵاهەڵگری خەباتی کورد، ڕۆژئاوایە. ڕۆژئاواش یانی پ.ک.ک. پ.ک.ک پێویستی بە ئازادی خۆی و ڕێبەرەکەی هەیە بۆ ئەوەیکە بتوانن بەردەوام بن لە خەبات، بەڵام بەداخەوە لەسەر ویستی حکومەتی ڕەگەزپەرستی تورکیە کەوتوونەتە بەر سزای نێونەتەوەیی.

بەئاواتی یەکدەنگی نەتەوەیی لەو کەمپینە بۆ وەدەرهێنانی پ.ک.ک لەو لیستە ڕەشە و ڕزگاری بەڕێز ئۆجەلان.