ئەهوەن چیاکۆ

رۆژانی ٢٤ و ٢٥ مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ ز، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاك” دووهەمین کۆنفڕانسی دەرەوەی وڵاتی خۆی لە شاری ستۆکهۆڵم ـ سوێد بەڕێوە برد. کۆنفڕانس دووهەمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاك” لە کوتایی دا دروشمی- بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پەرە بە رێکخستن دەدەین؛ لە کوردستان و ئێران شۆڕشێ گەلان سەردەخەین-‌ی وەک دروشمی کۆنفڕانسەکە هەڵبژارد.

بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و کۆنگرە لە دەرەوەی وڵات لە لایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاك”ەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پەژاك بە کار و تێکۆشانی خۆ لەدەرەوەی وڵات گرنگی و بایەخی زۆر دەدات. ئەو گرنگیدانەش بە خەباتی کورد لە دەرەوەی وڵات گرنگە و دەتوانین بڵێین کە رەنگدانەوەی ئەو راستییەیە کە کورد بەگشتی و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم بارودۆخە دەخوازێت لەبەرژەوەندی نەتەوەكەی بەكاربهێنێت. گرنگیدان بە کار و خەباتی کورد لە دەرەوەی وڵات لە سۆنگەی “پەژاك”ەوە پەیوەستە بەو راستینەی دونیای ئەمڕۆوە کە هەرچی دەچێت پرۆسەی بە جیهانی بوون زیاتر گەشە دەکات و باش یا خراب دەچێتە پێش. هەر بۆیە پەژاك دەیهەوێت کورد بە ناسنامەی ئازادی خۆیەوە لەم راستایەدا لە رەوتی پرۆسەی جیهانیەوە هەنگاو باوێژێت و لەم پرۆسەیەدا توشی قڕکردن و توانەوە نەبێت.

لە لایەکی‌ترەوە پرسی کورد پرسێکی جیهانییە و بەتایبەت پەیوەندییەكی زۆری بە سیاسەتی جیهانی بە گشتی و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپاوە هەیە. ئەگەر سەیر بکەین زۆربەی ئەو کۆنفڕانس و گرێبەستانەی کە داگیرکاری نوێیان لەسەر کوردستان مسۆگەر کرد لە ئەوروپا بەڕێوەچون و واژۆ کراون. کۆنفڕانس و گرێبەستگەلێک وەک کۆنفڕانسی ئاشتی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، سیڤەر، لۆزان، بروکسل و … هتد، لە دیاریترینی ئەو کۆنفڕانس و گرێبەستانەن کە داگیرکەری نوێیان بەسەر نەتەوەی کورد و کوردستاندا سپاند. بۆیە خەباتی توکمەی کورد لە دەرەوەی وڵات دەتوانێت کاریگەری ئەم دەوڵەتانە لەسەر داگیرکەری کوردستان بخاتە بەرچاو و بە شێوەیەک حەسابیان لێ بپرسێتەوە. هاوکات کۆمەڵگاکانی وڵاتانی دەرەوە کە دەوڵەتەکانیان ئەم رۆڵە نەرێنیەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان گێڕاوە زیاتر وشیار بکاتەوە و هێزی دیموکراتیک و ئازادیخوازانەی ئەم کۆمەڵگایانە لەبەرابەری سیاسەتی قازانجخوازی و دەسەڵاتداری ئەم دەوڵەتانە کە هەنووکەش سێبەری لەسەر هەرێمەکەمان و وڵاتەکەمان قورسایی دەکات بخرێتە گەڕ تا بەڵکوو بتوانێت ئاستەنگیەک لە بەر نوێکردنەوەی سیاسەتە دەستێوردانەکانیان دروست بکات.

لە راستیدا جیا لەم رەهەندە نەرێنیە، رەهەندێکی‌تری ئەرێنی هەیە کە خەبات لە دەرەوەی وڵات گرنگ دەکات. ئەویش بوونی وزەیەکی بەهێزی پشتیوانی کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتانە لە تێکۆشانە ئازادیخوازانەکان وەک تێکۆشانی کورد. بۆ راکشانی ئەم پاڵپشتیەش بەر لە هەرشتێک پێویستە ئێمە خاوەن کار و چالاکی و رێکخستنی تایبەت بەخۆمان بین. بێگومان ئەگەر تێکۆشان و رێکخستنی ئێمە لە دەرەوەی وڵات بەهێز بێت باشتر دەتوانێت بەستێنی پشتیوانی کۆمەڵگای وڵاتانی دەرەوە لە تێکۆشانی ئێمە بە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتەکانیان هەموار بکات.

هاوکات ئەوڕۆکە ئەژمارێکی زۆر کورد و هەروەها کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەت لە ئەورووپادا دەژین کە پەنابەر بوونیان لەم وڵاتانەدا پێوەندی راستەوخۆی بە دۆخی داگیرکاری کوردستانەوە هەیە. لە راستیدا ئەوەش وزەیەکی گەورەی وڵاتپارێزی و هەگبەیەکی پڕی لە ئەزموونە، کە بە رێکخسن بوونی توکمە لە دەرەوەی وڵات دەتوانێ لە بەرزترین ئاستدا ئەم وزە و ئەزموونە بخاتە خزمەتی شۆڕشی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی.

هەروەها بەهۆی کاراکتری کولونیالیستی دیکتاتورانە و دواکەوتویی و کۆنەپەرەستی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی و بە تایبەت رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە، گەلێک گروپ و کەس لە گەلانی تری ژێر ستەمی دەستی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی و گەلێک لە هێزە دیموکرات و ئازادیخوازەکان کە لە دەستی سیاسەتەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران ناچار بە پەنابەری کراون، لەم وڵاتانە نیشتەجێن. بەو بۆنەوەش گەلێک رێکخستن و گرووپی دژ بە رژێمی ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی وڵات هەن و پێوەندی و کاری هاوبەش دژی رژێمی داگیرکەری ئێران لەگەڵ ئەم هێزانە پێویستیەکە کە ئێمە گرنگی پێدەدەین.

گەلێک لایەنی شوونیست و فاشیستی ئێرانی لەم وڵاتانەدا هەن کە لەگەڵ ئەوەی خۆیان بە بەرهەڵستکاری رژێمی داگیركەری ئێران دەزانن، بەڵام لەگەڵ رژێمی ئیسلامی دووڕوی یەک دراون. شێوازی روانییان بۆ پرسی نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد یەکە. ئێمە بە ڕێکخستنێکی بەهێز و کار و چالاکی بە کاریگەر دەتوانین ئەوانە بێ كاریگەر و ریسوا بکەین و لەگەڵیان تێکۆشانی گوتاری و مەیدانی بەرێوە ببەین.

ئەوەی کە خەباتی دەرەوەی وڵات بۆ پەژاك گرنگتر دەکات، ئەوەیە کە دۆخی تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد لە گەڵ پارچەکانی تری کوردستانە. مەبەستم ئەوەیە کە دوو بەشی کوردستان واتە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەموو کەمووکۆڕیەکان و جیاوازی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی و بە بەرچاو گرتنی تایبەتمەندی هەرکامەیان و جیاوازی لە ئاستی چۆنایەتی لەم دووبەشەی کوردستان بەڕێوەبەریەکی کوردی هەیە و کورد لەو دوو بەشەدا بە شێوەیەکی رێژەییش بێت دەرفەتی پێویستی بۆ ئەکتی سیاسی لە دەست دایە.

تەنانەت لە باکووری کوردستانیش لەگەڵ هەموو هێرشەكانی فاشیستی دەوڵەتی تورک دیسان دەرفەتگەلێک بۆ کورد هەیە کە ئەکتی سیاسی هەبێت و بەشێک لە چالاکییەکانیشی بە راشکاوی بەیان بکات و بینوێنێ، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندی کاراکتەری سەرکوتکارانەی رژێمی داگیركەری ئیسلامی ئێرانەوە کە داگیرکەرییەکی یەکجار چڕ و تایبەت پەیرەو دەکات و ئیزن بە هیچ چەشنە ئەکتێکی سیاسەتی دیموکراتیک نادات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخەکە جیاوازترە و هیچ چەشنە دەرفەتێكی سیاسەتی دیموکراتیک لە ئارادا نییە. بەو هۆکارەش کورد ناتوانێت لەسەر بنەمای بوون و ناسنامەی خۆی چالاکی سیاسی هەبێت و چالاکی خۆی راشکاوانە دەربڕێت و بینوێنێت.

لە لایەکیترەوە هەرچەند لە ئاکامی سیاسەتی داگیرکارانەی رژێمی داگیركەری ئیسلامی ئێرانەوە، هەموو هێزە ناسراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناچار بە هاتن بۆ باشووری کوردستان بوون و ژمارەیەك لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاوارەی ئەم بەشە لە وڵات بون. بەهۆی زەخت و گۆشاری رژێمی داگیركەری ئیسلامی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بە تایبەی هەنووکە نەتەنیا ئیزن بە ئەکتی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور نادات بگرە رۆژ بە رۆژ جێگە لە لایەنەکان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی دانیشتووی باشووری کوردستان لێژتر دەکات.

لە راستیدا لە ئەوروپا هەرچەند ئاستەنگی هەبێت کە هەیە و کەمیش نین، بەڵام بەو پێیەش کورد ئەگەر خاوەنی رێکخستن بێت هەم دەتوانێت چالاکی جۆراوجۆری جەماوەری و دیپلوماتیک بەڕێوە ببات و چالاکییەکانیشی راشکاوانە دەر ببڕێت و بینوێنێت و هەم لە رێگای کەرەستەی راگەیاندنی دونیای ئەمڕۆوە کە لەو بوارەدا یاریدەرێکی گەورەیە چالاکییەکانی بگوازێتەوە بۆ رای گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەری هەبێت لەسەر دۆخی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەم چالاکییانەش گەلەکەمان لە ناوخۆی رۆژهەڵات، دلخۆشی پاڵپشتیەکان بکات و هیوا و ورە ببخشێت بە تێکۆشانیان.

بێگومان هەمووی ئەمانە و گەلێک هۆی تر کە لێرە ئاماژەکردن بە هەموویان بابەتەکە درێژ دەکات هۆکارن کە پەژاك هەر لەسەرەتای درووستبوونییەوە گرنگی زۆر بدات بە کار و خەبات لە دەرەوەی وڵات. بۆ ئەوەی هەم پاڵپشتی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبکاتەوە، هەم ئەوەیکە کار بکات کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە دیاسپورا بە هەبوون و ناسنامەی خۆیەوە لە وڵاتانی خانەخوێ بژی و تووشی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن نەیێت.

بێگومان خەباتی پەژاك دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە نزیکی یەکساڵەی دەبینەوە، گرنگی زیاتری لە دەرەوەی وڵات و هاوتەریب لەگەڵ ناوخۆی وڵات دەبێت. پەژاك دەرکی بەم راستییە کردووە و بە پێی ئەمەش خۆی ئامادە کردوە پلانی بۆ دادەرێژێتەوە. ئەم بابەتەش لە کۆنفڕانسی دووهەمی دەرەوەی وڵاتی پەژاك بە چڕوپڕی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.

پەژاك لە کۆنفڕانسی دووهەمی دەرەوەی وڵاتی خۆیدا بە چڕووپڕی رەوشی هەنووکەیی نرخاند و بە پێی ئەوەش خەباتی یەکساڵی رابردووی خۆی هەڵسەنگاند. بەتایبەت خەباتی خۆی لەکاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تا کاتی بەستنی کۆنفڕانسی دووهەمی پەژاك لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ دا بە وردی تاوتوێ كرد.

لەڕاستیدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاك” دوای کۆنفڕانسی یەکەمی خۆی لە دەرەوەی وڵات کە لە مانگی گوڵانی ساڵی ٢٠١٨ بەستبووی، بڕیاری توکمەی بۆ پەرەپێدانی رێکخستنی خۆی لە دەرەوەی وڵات گرتبوو و بە پێی ئەوش خۆی بە پلان کردبوو، بەڵام رەوشی پاندمی کرونا هەرچەند چالاکییەکانی پەژاكی رانەوەستاند، بەڵام لەبەر هەندێ لە پلانە رێکخستنیەکانی بەربەستی دروست کرد.

شایەنی ئاماژەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ و لە کۆتایی مانگی گوڵاندا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاك” کۆنگرەی یەکەمی خۆی لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە برد. لە کۆنگرەدا مەجلێسی پەژاكی دەرەوەی وڵاتی ئاوا کرد و پلانی بۆ رێکخستنی کۆمەڵایەتی، سیاسی ـ دیپلوماسی و خەباتی ژن و جەوان داڕشت. لەو راستایەدا بڕیارگەلێکی گرنگی بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی رێکخستنی خۆی لە دەرەوەی وڵات گرت و لەو چوارچێوەشدا پلانسازیەکی پتەوی بۆ پەرەپێدان بە چالاکیەکانی لە دەرەوەی وڵات و ئامادەبوون بۆ هەر ئەگەرێک داڕشت.

بە ستنی کۆنگرەی یەکەمی دەرەوەی وڵاتی پەژاك لە دەرەوەی وڵات، راست چوار مانگ بەر لە کوشتنی ژینا ئەمینی و هەلگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێكهات. هەر لەبەر ئەوەش لەگەڵ هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشە پەژاك لە دەرەوەی وڵات بە پێی ئامادەکارییەکانی پێشتری وەک پێشەنگێک رۆڵی گێڕا و هاتە مەیدان. پەژاك هەم هێزێکی کارای چالاکییە هاوبەشەکان لەگەڵ ماباقی هێزە چەپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازاەکان بوو و هەم بۆخۆی و بە دسپێشخەریەکی بەرپرسیارانە دەیان چالاکی لەشارەکانی ئەوروپا بەڕێوە برد و هەوڵیدا هەموو لایەنە چپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بەشداری ئەو چالاکییانە بکات. هەروەها بە پێشەنگایەتی پەژاك هێزی جەماوەری کوردی پارچەکانی تری کوردستان لە دەرەوەی وڵات تا ئاستێک کانالیزەی چالاکییەکانی پشتگیری لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا.

لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەی کە پەژاك خستوویەتی سەر شانی خۆی؛ پەژاك ئەم ماوە رۆڵێکی باڵای گێڕا بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کورد. پەژاك بە دەسپێشخەری خۆی چەند جار چالاکی و مەش و متینگی بە کاریگەری لە ناوەندە گرنگەکانی ئەوروپا وەک بلژیک ـ بروکسل، ئەڵمان ـ کوڵن، فەڕەنسا ـ پاریس، بریتانیا ـ لەندەن، سوێد ـ ستۆکهۆڵم، نۆروێژ ـ ئۆسلۆ و… ئورگانیزە کرد و هەوڵی دا هەموو هێزەکان دەوری یەک کۆ بکاتەوە. هاوکات لە هەندێ کۆڕ و کۆنفڕانس کە لەم ماوەدا گیردران، پەژاك رۆڵی بەرچاوی لە ئامادەکارییەکان هەبوو. بۆ وێنە پەژاك رۆڵێکی دیاریکەری لە کۆنفڕانسیی ٦/٦/٢٠٢٣ بروکسل لە هۆڵی پەرلمانی ئەوروپا گێڕا کە یەکێک لە کۆنفڕانسە سەرکەوتووەکان بوو و بۆ یەکەم جار لە ئاستی باڵادا سێ حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بریتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حزبی کومونیستی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پەژاك لە پانێلێکدا هاتنە لای یەک.

بێگومان لەم ماوەدا کەم و کۆڕی و لاوازیگەلێکی پەژاكیش هەبوونە کە ئەگەر ئەو لاوازییانە نەبووایەن پەژاك دەیتوانی زۆر زیاتر چالاک بێت و رۆڵی پێشەنگایەتی خۆی کاراتر و باشتر بگێڕێت. لە کۆنفڕانسی دووهەمی پەژاك لە دەرەوەی وڵات ئەم لاوازییانە نرخێندران و پلانسازییەکی نوێ بۆ بەردەوامی کار و خەبات لە دەرەوەی وڵات دارێژرا. بەتایبەت جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە لە ساڵیادی كۆشتنی ژینا ئەمینی و هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی رێکخستنەکانی پەژاك لە دەرەوەی وڵات رۆڵی پێشەنگایەتی خۆیان لە چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات بەباشی بگێڕن. هەر بەوپێیە پێویستە پەژاك هەوڵی پەرەپێدانی چالاکی بدات و لەو بوارەشدا بە پاراستنی رۆڵی شۆڕشگێڕی و پێشەنگایەتی خۆی لە گەڵ ماباقی هێزە ئازادیخوازەکان بەتایبەت هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەماهەنگ بێت.

هەڵبەت هەرچەند کە لە روانگەی پەژاكەوە خەبات لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی هەنووکەیی یەکجار گرنگە، بەڵام دیاریکەری سەرەکی پێشخستنی ئاستی خەباتی گەلەکەمان خەباتی ناو خۆی وڵاتە. واتە لە کۆتاییدا ئاکامەکانی خەباتی ناوخۆی وڵاتە مۆرکی خۆی بەسەرکەوتنەوە دەدات. هەربۆیە خەباتی دەرەوەی وڵاتی پەژاكیش ئامانجە سەرەکییەکەی خەباتە بۆ جووڵاندنی خەباتی ناوخۆی وڵات. لەڕاستیدا ئەگەر ئێمە راست هەڵسوکەوت بکەین و هەنگاو هەڵبنینەوە گۆڕەپانی خەباتی ئێمە لە دەرەوەی وڵات گۆڕەپانێكە هەم دەتوانێت رەنگدانەوەی خەباتی ناوخۆ بخاتە بەرچاوی دونیا و هەم کاریگەری دەبێت لە پەرە پێدانی خەباتی ناوخۆی وڵات.

دیاریکردنی دروشمی”بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پەرە بە رێکخستن دەدەین؛ لە کوردستان و ئێران شۆڕشی گەلان سەردەخەین”یش هەر بەو مەبەستەیە کە بتوانین دیالکتیکی خەباتی گۆڕەپانە جیاوازەکان بەتایبەت ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بەرەو ئاکامێکی ئەرێنی، ئەنجامگیر و شوێندانەر داڵدە بدەین. لەو چوارچێوەیەشدا کۆنفڕانسەکەمان ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانەی دەرخستە مەیدان و پلانسازیەکی توکمەی لە گەلێک خاڵی گرنگدا بە دوای خۆی هێنا و هیوادارین هەموو وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕێک لە کرداری کردنی ئەم پلانسازییەدا بە پێی دەرفەتی خۆی هاوکارمان بێت.