ئاڵتەرناتیڤ: وەك سەرەتا دەخوازین بزانین، پاش ماوەیەك سەردانی وڵاتتان كردەوە، هەر چەند ماوەیەكی زۆر نەبووبێ كە دوور بوون لە وڵات بەڵام لەو ماوەیەدا ئاڵوگۆڕی زۆر لە ئارادا بووە و ئێستاش بەردەوامە، گۆڕانەكان و جیاوازی هەیی چۆن دەبینن و لە چ ئاستێك دایە؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: راستە، ماوەیەك بوو نەگەڕابوومەوە بۆ وڵات، ئەوە دژی خواست و ئاواتی خۆشم بوو، بەڵام دوو هۆی سەرەكی هەبوو:
یەكەم هەلومەرجی سیاسی ناوچە و دووهەم، پارتی پێویستی و شوێن و شێوەی خەباتی كادرەكانی دیاری دەكا. ئەوەش راستە كە لەو ماوەیەدا ئاڵوگۆڕی گرینگ و بەرچاو هەم لە جیهان و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێكهاتوون، ئەو ئاڵۆزیانە رۆژبەڕۆژ چڕوپڕتر دەبن و لەوانەیە لە دواڕۆژدا ببنە گرێپووچكەیەكی زۆر مەترسیدار لە سەر ئەمنییەت و ئاشتی جیهانی. بۆ باشتر تێگەیشتن و شرۆڤەكردنی ئەو بابەتە، ئەگەر ئاوڕێكی كورت لە مێژو دەینەوە و وەدوای ریشەی ئەو بارودۆخە مەترسیدارە كەوین، دەبینین كە سەرچاوەكەی شەڕی دووهەمی جیهانییە. بەرهەمی دابەشبوونی دونیا لە نێوان بەرەی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، دووجەمسەرەبوونی جیهانی لێكەوتەوە. دووجەمسەرەبوونی دونیاش بۆوە هۆی شەڕی سارد و لە شەڕی سارد دا دیكتاتۆرەكان لەدایك بوون. سەردەمی دووقوتبی جیهان و شەڕی سارد، بەهەشتی دیكتاتۆرەكان بوو. لە جیهانی سێیەم كەم وڵات هەبوون كە دیكتاتۆرزەدە نەبن، هەر یەكەی خۆی بە لایەنێكی «ڕۆژهەڵات یان رۆژئاوا»وە گرێدابوو. هەر دوو لایەنی رۆژهەڵات و رۆژئاواش بە تەواوی توانا و ئیمكانی خۆیان، دیكتاتۆرەكانی سەر بە خۆیان، بێ ئەملا و ئەولا دەپاراست و دیكتاتۆرەكانیش هەرچی ویستبایان دەیانكرد. بە هیچ شێوەیەك ئیرادەی گەلی خۆیان لە بەرچاو نەدەگرت، لە راستیدا هەر دیكتاتۆرێك لە وڵاتی خۆیدا خودایەك بوو. بە رووخانی یەكێتی سۆڤییەت و نەمانی بەرەی رۆژهەڵات، ئیتر ئامریكا وەكو تەنیا زلهێز مایەوە و هەوڵیدا كە ئاغایەتی خۆی بەسەر دونیادا بسەپێنێ. بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە نمایشی هێزی خۆی بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە راستیدا شەڕی یەكەم لە دژی سەدام حوسێن ئەو ئامانجەی هەبوو. ئامریكا بەو شەڕە ویستی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدا كە، ئیتر لەمڕۆ بەدوا من تەنیا زلهێز و ئاغای ئەو دونیایەم، هەر كەسێك مەسڵەحەت و بەرژەوەندی من لە بەرچاو نەگرێ، ئەوە چارەنووسی دەبێ و ئاوای بەسەر دێ كە بەسەر سەدام هات. بە بەهانەی دامەزراندن و داڕشتنی نەزم و نیزامێكی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوی یەكەمی هەڵێناوە و شەڕی یەكەمی بۆ ئازادكردنی كوەیت دژی سەدام حوسێن دەست پێكرد. لەو خۆنیشاندانەدا زۆر باش و لە ماوەیەكی كەمدا بە هەزینەیەكی كەم، سەركەوت. بەڵام ئەو سەركەوتنە، لە هەنگاوی دووهەمدا كە ویستی ئەمجار هێزی خۆی و ئاغایەتی خۆی بە دونیا نیشان بدا، زۆر گران تەواو بوو. چون شەڕی یەكەم دژی سەدام بە ئیزنی رێكخراوی «نەتەوە یەكگرتۆكان» و یارمەتی ناتۆ و پشتیوانی یەكێتی ئۆروپا بوو، بەڵام بۆ هەنگاوی دووهەم كە ویستی هێزی خۆی بە جیهان نیشان بدا و ئاغایەتی خۆی بسەپێنێ، نە پرسی بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتۆكان كرد، نە یەكێتی ئۆروپا و نە ناتۆ. بەو شێوازە ویستی یەكجەمسەرەبوونی جیهان و تەك زلهێزی و ئاغایەتی خۆی بە دونیا نیشان بدات و بیسەلمێنێ، بەڵام ئەمجار ئەنجامگیر نەبوو. پاش خەرجێكی زۆر و خەسارەتێكی زۆر، ئێراقی دوو دەستی تەسلیمی ئێران كرد و دەركەوت. بەڵام لەو پلان و پڕۆژەی كە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە هەیبوو دەستی هەڵنەگرتووە. بەو سیاسەتی پڕاگماتیكییەی كە هەیەتی، لە لایەكی تر و بەشێوەیەكی تر، ئەمجار بە نێوی بەهاری عەرەبی لە باكووری ئافریقا، لە تونیسەوە دەستی پێكردەوە. بەهاری عەرەبی لە تونیس و میسر و لیبی و تا رادەیەك لە یەمەن سەركەوت. دیارە ئەو وڵاتانە ئامانجی سەرەكی نەبون، بەڵكو پێشەكی و رێگەخۆشكەر بوون بۆ ئامانجی سەرەكی كە سووریا بوو. ئەگەر بەهاری عەرەبی لە سوریە سەركەوێ، بەردی بناخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە كە ستراتێژی و پلانی ئامریكایە، دادەمەزرێ. لەو پلانەدا هەڵبەت دەبی كە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە بواری پانتایی جوغرافیدا زۆر گەورەن، بە جۆرەیەكی باش بە وڵاتانی بچووكتر یانێ «میكرو دولەت» دابەش كرێن. یانێ وەك بازارێكی لێ بێ كە ئەگەر جاران چەن دووكانی تێدا بوو، ئێستاكە ببێتە راستە بازاڕێك و سیستەمی جیهانی لە كام دووكان كە پێی خۆش بێ پێداویستی خۆی دابین بكات. پیلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە یانێ تەسلیم بوون یان نەمانی كۆماری ئیسلامی و بێكاریگەری كردنی رووسیا و چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە ئاكامدا مسۆگەركردنی سەرچاوەكانی وزە لەو وڵاتانەدا. دیارە گیروگرفتەكانی بەشار ئەسەد و سووریە، فەرق و جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵا هی سەدام حوسێن و ئێراق. دونیای رۆژئاوا بە سەرۆكایەتی ئامریكا ناتوانن وەك ئێراق، لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە هەوڵ بدەن بۆ رووخاندنی بەشار ئەسەد. ئیمڕۆ لە سەر مان و نەمانی سیستەمی سووریە، دونیا بۆتە دوو جەپهە؛ ئامریكا و یەكێتی ئۆروپا لایەنێكن و لایەنەكەیتر رووسیا، چین، ئێران، ئێراق(حوكمەتی مالیكی)، حیزبوڵا و فەلەستینییەكان. دیارە لە نیوان ئەو دو جەپهەیەدا، لایەنی سێهەم یانێ تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كوردیش هەیە كە ئێستاكە وەك خەتی سێیەم بە ناوی دەكەین و توانیویەتی كە ببێتە هاوسەنگێكی سیاسی. هەر شێوە دەستێوەردانێكی سەربازی دەتوانێت شەڕی سێیەمی جیهانی لێ ساز بێت كە ئەوەش بە زەرەری ئامریكا تەواو دەبێت. هەرچەند هێندێك لایەن هەن بە ساڵانە لە خەوی زستانیدان و دنگۆی بەهاری عەرەبی لە خەوی راچڵەكاندوون و هەر چاوەڕوان و بە ئاوات و هیوای ئامریكان، بەڵام هەم هیوا و ئاواتەكەیان رۆژبەڕۆژ كاڵتر دەبێتەوە و هەم خەوەكەشیان لێ تاڵ بووە. ئامریكا لە سووریە تەنیا یەك ئالتێرناتیڤی هەیە، ئەویش بە رێگەی گەلانی سووریە بەشار ئەسەد بڕووخێنێت. دیارە بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەموو گەلەكانی سووریە دەست بدەنە دەستی یەك و دژی بنەماڵەی دیكتاتۆری ئەسەد راست ببنەوە، ئەوەش تا پڕۆژەی ئامریكا لە سووریە بە دەستی ئەردۆگان بێ، مومكین نیە، چون ئەردۆگان لەلایەك دژی پارچەبوونی سووریە دەبێ وهەروەها دژی سیستەمی كۆنفیدڕاڵیزم، فیدڕاڵیزم، ئۆتۆنۆمی و یان مافی فەرهەنگی بۆ نەتەوەكانی غەیری عەرەبە، چونكە لە هەر یەك لەو حاڵەتانەدا گەلی كوردێش بەشدار دەبێ. بێ بەشداربوونی هەموو نەتەوەكانی سووریە، وەكو كورد و عەلەوی، دوروزی و كریستیان و كەمەنەتەوەكانی ئایینی، لە دژی بەشار ئەسەد، ئەو شەڕە لە سووریە دەتوانێ وەك شەڕی لیبی، ئەمما درێژخایەن بێت، هەڵبەت بە هۆی ئەوەی كە تا ئێستا وڵاتانی دەرەكی و ناوچەیی نەیانخواستووە دەرەوەی ئەو پرۆژانەی كە بەرژەوەندی ئەوان دابین دەكات پرۆژەیەكی دیكە بكەوێتـە كایە.
ئاڵتەرناتیڤ: لە دەهەی دووەمی سەدەی بیستویەكەم داین. وەك كەسێك كە لە هەر دوو سەدەی رابردوو و ئێستادا، یانێ سەدەی بیستەم و بیستویەكەمدا خاوەن خەباتێكی سیاسین و لە هەر دوو پێواژۆی گوتراودا بەشداریتان كردووە، رەوتی سیاسی و ئەو قۆناغەی كە بەرەو مسۆگەر بوونی ستاتۆ بۆ گەلی كورد دەچێ، چۆن دەبینن و چ رێگایەكی پێواوە؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: گەلی كورد لەساڵی 1806ەوە تا ئیمڕۆ لە پێناوی وەدەست هێنانی مافی نەتەوەیی خۆی زیاتر لە چل سەرهەڵدان و شۆڕشی كردووە، هەر جار شۆڕشەكانی تێكشكاون و سەرنەكەوتوون، بەڵام كۆڵی نەداوە و هەر جار شۆڕشێكی تری ساز كردووە. بە قەولی دوو نووسەری چیكوسلۆواكی بەناوەكانی «هانزێلكا، و زیگمۆند» لەكتێبەكەیاندا بەنێوی»كوردستان» دەنوسن: «كورد هەر لەو شۆڕشەوە بە ئومێدی شۆڕشێكی تر دەژین.» سەدەی بیستەم خوێناویترین سەدەیە لە مێژووی گەلی كورددا. سەدەی بیستەم شاهیدی تێكشكانی دەیان سەرهەڵدان و شۆڕشە كە هەر یەكەی بۆتە هۆی قوربانی سەدان و هەزاران مرۆڤی كورد. سەدەی بیستەم هەڵگری ژێنۆسایدی ئەتاتورك و ئەنفاڵ و حەڵەبجە و دەربەدەری بە میلیۆنان كورد لە وڵاتی خۆیانەوە بەرەو مێترۆپۆلەكانی توركیە و ئۆروپا و وێران كردنی هەزاران شار و گوندی كوردستانە. ئەگەر بەچاوی خەسارناسی چاو بە سەر مێژووی خۆماندا بخشێنینەوە، دەبینین كە گەورەترین هەڵە و خەتای ئێمە ئەوانەبوون:
1- لە تەجروبەی شۆڕشەكانی رابردووی خۆمان كەڵكمان وەرنەگرتۆوە، هەر شۆڕشەی كە كردوومانە، لە سفرەوە دەستمان پێكردووە.
2- سەرهەڵدان و شۆڕشەكانمان زیاتر لە بازنەیەكی بچووكی ناسیۆنالیستیدا، ئەویش لە فەرهەنگ و كولتوری عەشیرەتیدا، قەتیس مابوونەوە.
3- زیاتر هەوڵدراوە كە لە دژایەتی نێوان هێزەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی هێزە داگیركەرەكانی كوردستان كەڵك وەربگیرێت و كەمتر لەسەر ئیرادەی گەلی كورد حیساب كراوە.
4- تا ئێستا هیچ شێوە شیكردنەوە و تەحلیلێكمان لەسەر هۆی پێكهاتن و شكانی هیچ كام لە شۆڕشەكانمان نەبووە، تا ئەو سی ساڵی دوایی. لە دایك بوونی «پ.ك.ك»، فەرهەنگی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەردەمیانەی لە سەر بنەمای ئیدیۆلۆژی و فەلسەفەی سەرۆك ئاپۆ ئافراند، گەلی كوردی لە فەرهەنگ و چاندی عەشیرەتی رزگار كرد و ئیرادەیەكی شۆڕشگێرانەی لە دڵی هەر تاكێكی كورددا گەشاندوە و ئاسۆیەكی روونی لە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی دا كردۆتەوە و گەلی كورد رۆژبەڕۆژ لە سەركەوتن و ئازادی نزیكتر دەكاتەوە.
ئاڵتەرناتیڤ: ئایا دەبێ چاوەڕوان بكرێ كە ئەم سەدەیە، ببێـتە سەدەی كوردان و كورد بتوانێ كە مۆركی خۆی لەم سەدەیە بدات؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمەوە تا ئیمڕۆ، زیاتر لە 122 نەتەوە ئازاد بوون. گەلی كورد زۆر وەدوا كەوتووە، ئیتر كاتی چاوەڕوانی نەماوە. گەلی كورد لەو 30 ساڵەی دواییدا، لە هەموو بوارەكانی سیاسی، فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی، زیندوكردنەوەی رۆحی یەكێتی نەتەوەیی، پێكهێنانی مێدیایەكی سەربەخۆی كوردی و هێزی پاراستنی نەتەوەییدا قەڵەمبازی زۆر گەورەی هاویشتووە. دەتوانم بڵێم گەلی ئێمە بە سەر زۆر لە كۆسپەكانی سەر ڕێگای ئازادبوونی دا سەركەوتوە. ئێستا ئێمە لە فیناڵداین، هەلومەرجی ناونەتەوەییش زۆر نالەبار نین و هەموو داگیركەرانی وڵاتی ئێمە لەقەیراندا دەژین. مەسەلێكی ئاڵمانی هەیە دەڵێ: «هەر نەتەوەیەك ئاسنگەری چارەنووسی خۆیەتی». ئێمەش ئاسنگەری چارەنووسی خۆمانین. ئەگەر كورد بتوانێ یەكێتی نەتەوەیی خۆی تەكمیل بكات و هێزەكانی كوردی یەكگرتوو بن، خۆمان باش پەروەردە و هوشیار كەینەوە و باش رێبەرایەتی بكەین، هیچ هێزێك ناتوانێت ببێتە لەمپەر لە سەر رێگای ئازادی گەلی كورد. بە تایبەت باسمان لە پەروەردە كرد، گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بواری جوداجودا بێپەروەردە ماوەتەوە. دەبی لەمەو بەدوا هەمیشە دروشمی ئێمە پەروەردە، پەروەردە، پەروەردە بێت. بێگومان لە سێبەری ئەوەدا دەتوانین بنچینەیەكی بەهیز لە هزر دروست بكەین تاكوو فكری نەوەی داهاتوومان چیدی پێپەستی هێرشە فكرییەكانی دەرەوە نەبێت.
سەرەڕای ئەوانە كورد نابێ چاوەڕوان بێ كە ئایا ئەو سەدەیە دەبێتە سەدەی كوردان یان نا؟ دەبێ ئەم سەدەیە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بكەین بە سەدەی كورد. تیمێكی تەلەڤیزیۆنی ئاڵمانی ساڵی 1966 چووبوونە باشووری كوردستان بۆ ناو شۆڕشی كورد، كاتی گەڕانەوە كتێبێكیان نووسی. كتێبەكەیان بە نێوی مەسەلەیەكی كورد كەدەڵێ «ئەی شێر باوەڕت بە پەنجەی خۆت بێ، كائینات و موقەدەسات یارمەتیت نادەن» چاپكردبوو. لە ژێر ناوی كتێبەكەش دەنووسن: ئەوە مەسەلێكی كوردییە. كەوا بوو دەبێ لە سەر هێز و خەبات و تێكۆشانی خۆمان حیساب كەین. هەر نەتەوەیەكی ژێردەست چارەنووسی یان لە دەست خۆیدایە، یان لە دەست داگیركەرەكەیدا. نابێ چارەنووسمان بخەینە دەست داگیركەرەكانمان.
ئاڵتەرناتیڤ: تەجرەبەیەكی بەهێزی مێژووییتان هەیە لە بواری سیاسی و ناسینی هەلومەرجەكان، ئایا بەرێ دەرفەتی بەو جۆرە بۆ كوردان هەڵكەوتووە كە بە كاری نەهێنابێ؟ دەخوازین لە بواری خەسارناسیدا بۆمان شی بكەنەوە. بۆ وێنە لەباشوری رۆژئاوای كودستان ئەو یەكێتییە كە ئاوا كرابوو بەرەو رووخان دەچی، چۆن دەبێ كە دیسان وەك كورد لە یەك دو بكەوینەوە، تا چ رادەیەك دەستی دەرەكی تێدا دەبینن؟ یان ئێمە وەك كورد لە بواری كۆمەڵناسیدا كێشەی رێكخستنیمان هەیە؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: لەو سەد ساڵی دواییدا چەند هەل و دەرفەتی باش بۆ كورد پێكهاتن بەڵام چون كورد ئامادەیی نەبوو، نەیتوانی كەڵكیان لێوەرگری. بۆ نموونە:
1- پاش شەڕی یەكەمی جیهانی، لە دابەشكردنی نوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە كۆنفرانسی سێور و لۆزاندا، چون لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ئامادە نەبووین، دەسبەتاڵ ماینەوە.
2- پاش شەڕی دووهەمی جیهانی نەمانتوانی كۆماری كوردستان بپارێزین.
3- دەسكەوتی شۆڕشی ئەیلول ئەو ئۆتۆنۆمییە، دەتوانرا سەقامگیر كرابا و پەرەی پێدرابا، ئەگەر فریوی شای ئێرانمان نەخواردبا.
4- لە شۆڕشی گەلانی ئێران دا، هەلێكی زێرین بۆ كورد هەڵكەوت، بەڵام ئەویش بوو بە قوربانی شەڕ و بەربەرەكانێی نێوخۆیی. ئەگەر یەكێتی و قیادەی مۆوەقەتی ئەو كاتە، شەڕی خۆیان لە سەر زكی ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەكردبا و لە بواری ئیمكانات و تەجروبەوە یارمەتی ئێمەیان كردبا، ئەگەر حیزبی دێموكرات و كۆمەڵە یەكگرتووبان و شەڕی براكوژییان نەكردبا، ئەو هێزانە هەموو یەكگرتووبان، بێشك دەسكەوتێكی باشی دەبوو، و یان ئەگەر خودگەردانێكەی خومەینیمان پەسەند كردبا و كارمان لە سەر كردبا، وەزعمان لەوڕۆ باشتر دەبوو. دیارە هەموو شەڕەكانی ناوخۆیی و براكوژی دەسكردی داگیركەرانی كوردستانی بوون، یان لانی كەم دەستی ئەوانی تێدا بووە، و ئیمڕۆش لە باشووری ڕۆژئاواش هەر بەهەمان شێوە، ئەردۆگان راستەوخۆ هەوڵدەدا بەڕێگای كوردەوە كێشە بۆكورد دروست بكات.
بۆ ئەو بەشەی كە ئایا گەلی كورد لە بواری كۆمەڵناسی و كەسایەتی كێشەی رێكخستنی هەیە، دەبێ بێلێم، ئەو مژارە راستە كە كورد لە بواری رێكخستنی و رێكخراو سازدان كێشەی هەیە، بەڵام وەك گوتم بە هاتنی فەرهەنگی ئاپۆیی تا رادەیەك چارەسەر بوو.
ئاڵتەرناتیڤ: هەنگاوەكانی هەڵگیراو لە لایەن هەموو رێكخراوكانی كورد، بۆ نموونە هێزێكی كە داهێنەر و دامەزرێنەر بێ و بە هاودەنگی و هاوبیری و هاوڕایی بتوانێ یەكێـتییەك پێك بێنێ، بە پتەوی هەڵگیراون یان لاوازیان هەیە؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: بە گشتی دەربارەی حیزب و رێكخراوەكانی كوردیدا دەتوانم بڵێم كە بارودۆخەكە باشترە لە پێشو. ئێستا ئیتر شەڕی ناوخۆ، شەڕی براكوژی لەئارادا نیە. بەڵام لەبارەی لێك نزیك بونەوەی حیزبەكانی كوردستانی، هیچ هەنگاوێكی بەرچاو بەدی ناكرێ. هۆیەكان و عیلەت و مەعلولەكان چین؟ بە حەق و بە دروستی لەمێدیای كوردیدا، حیزبەكانی كوردی بە دوو بەرە دابەشكراون. یەكەم تەڤگەری ئازادیخوازی ئاپۆیین، یانێ ئەو پارت و رێكخراوانەی كە هەڵگری ئیدیۆلۆژی وفەلسەفەی خەباتی ئاپۆیین، دووهەم بەرەی سەربەحكومەتی هەرێم. تەڤگەری ئازادیخوازی ئاپۆیی، چون هەموویان خاوەنی یەك ئیدیۆلۆژی و یەك فەلسەفەی خەباتن، یەكگرتوون، ناكۆكییەك لە نێوانیان بەدی ناكرێ و كۆكن. بەڵام بەرەی سەر بە حوكمەتی هەرێم یانێ لەڕاستیدا سەر بە پارتی دێموكرات و یەكێتی نیشتمانی، نە یەكگرتوون و نە دەتوانن یەكگرتوو بن. ئەوەش دوو هۆی سەرەكی هەیە: یەكەم ـ حیزبەكانی بەرەی سەر بە پارتی و یەكێتی خاوەنی یەك ئیدیۆلۆژی نین، هەر یەكەی ئیدیۆلۆژی خۆی هەیە و هێندێكیان خاوەنی هیچ ئیدیۆلۆژێك نین و بەڵكو دژی هەر ئیدیۆلۆژییەكن. دووهەم ـ ئەو دوو حیزبەی سەرۆكی ئەو بەرەیە، بۆ خۆشیان یەكگرتوونین، بەڵكوو لە سەر هێندێك مەسڵحەت و بەرژەوەندی پێكهاتوون. لە راستیدا لایەنی ئەو بەرەیە لە سەر حیسابی مەسڵەحەت و بەرژەوەندی كاتی حیزبایەتی و عەشیرەتی و ماڵباتی و تاكەكەسی پێكهاتووە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەو راستییانە، پێكهێنانی هێزێكی پتەوی یەكگرتوو كارێكی زۆر ئاسان نیە، بەڵام نامومكینیش نیە، چون لە سیاسەتدا هیچ شتێك نامومكین نیە. دیارە هوشیاری و تێگەیشتن و بەرزبونەوەی پلەی سیاسی گەل دەتوانێ ئەو نامومكێنە، مومكین بكات.
ئاڵتەرناتیڤ: سەبارەت بە ئێران بە گشتی هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە ئاستی مەنتەقەیی و ناوخۆییدا وەزعی هەیی، ئەو وڵاتە بەرەو چ ئاراستەیەك دەبات و لە داهاتوودا هەڵگری چ رووداوگەلێك دەبێت؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: ئەگەر ئێران، تەنیا وەكو ئێران بێنین لە ژێر میكرۆسكۆپ داینێین و ئەنالیزی بكەین، ئاكامێكی باشمان دەست ناكەوێت. پێویستە ئێران لە چوارچێوەی؛ یەكەم قەیرانەكانی ناونەتەوەییدا، دووهەم لە قەیرانەكانی تایبەتی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا و سێهەم لە قەیرانەكانی خودی ئێران، وكوو قەیرانی ئابووری بە پەیوەندی لەگەڵ گەمارۆی ئابووری كە رۆژ بەرۆژ توندتر دەبێ، ئازادی، ئەمنییەت، داخوازی نەتەوەكانی ئێران بۆ مافی خۆیان، قەیرانی نێو خودی دەزگای حاكم و ناكۆكی لەگەڵ وڵاتانی دەروجیرانی بە لە بەرچاو گرتنی هەموو ئەو فاكتۆرانەوە، لە ژێر میكرۆسكۆپی ئەنالیزێكی زانستی و سیاسی دابنێین.
یەكەم، وەزعی هەرێمی: لە گۆڕەپانی ناونەتەوەییدا، ئێران لە دوو لاوە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاشتی جیهانی. 1ـ كۆماری ئیسلامی لە دەسپێكی حوكمەتی خۆیەوە تا ئیمڕۆ هەوڵدەدا خۆی بكاتە رێبەری دونیای ئیسلام، نەك تەنیا لەباری ئایینییەوە، بەڵكو لەباری سیاسیشەوە. دونیایەك، كە نفوسی زیاتر لە یەك میلیارد و سێ سەد میلیۆنە، و نزیكەی هەشتا لە سەدی سەرچاوەكانی وزەی جیهان لەو وڵاتانە دایە. ئێران هەوڵدەدا مۆدێلی ئیسلامی شیعەگەری خۆی بۆ هەموو وڵاتانی ئیسلامی بگوێزێتەوە. لە لایەكەوە وڵاتانی رۆژئاوا پاش نەمانی بەرەی سۆسیالیزم پێویستیان بە گورگێكی تر هەبوو كە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك چۆن سەردەمی بەرەی سۆسیالیزم، ترسولەرزی كۆمونیزم مەجبوری كردبون بۆ پاراستنی خۆیان دایم دەست بەدامانی ئامریكا بن، ئێستاش لە ترسی كۆماری ئیسلامی هەر دەست بە داوێن بمێننەوە. لە لایەكی ترەوە ئیدیۆلۆژی ئیسلامی سیاسی لە چوارچێوەی پرۆژەی كاتی ئەواندا جێگای كەڵك لێوەرگرتنە، بەڵام لە ستراتێژی ئەواندا قەیران ئافرێنەرە، بە قەولی كارل ماركس گوتەنی: «كاپیتالیزم جادووگەرە، ئیستا جادووەكەی ئاشكرا نەبووە، جادوویەكی تری بۆ جێگای وی ئامادە كردووە.» ئێستا لە ئێران خەریكی ئامادەكردنی ئەو جادووی پاش كۆماری ئیسلامین. دیارە بۆ بەربەرەكانی دژی كۆماری ئیسلامی بۆ پاشەرۆژ، پرۆژەی دابەشكردنی دونیای ئیسلام بە دوو لایەنی شیعە و سوننی، بەرەو تەواوبوون دەچێت. بەرەی ئیسلامی سوننی بە پێشەنگایەتی برایانی ئیسلام(اخوانالمسلمین) و سەرپەرستی ئاكەپە(پارتی داد و گەشەپێدان) و ئەردۆگان بەنێوی بەهاری عەرەبی دەست بەكارە. ئەو جادوویە، یان بڵێن ئەو پرۆژەیە لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی شیعە بە سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەچێت. نموونەكەی تونیس، میسر، لیبی وئێستاش ئەوە لە سووریە.
دووهەم، مەسەلەی ناوەكی: گیروگرفتی سەرەكی جیهان لەگەڵ ئێران مەسەلەی ناوەكییە. نە دونیا و نەهیچ كام لە زلهێزەكانی جیهانی ئیمڕو، ناتوانن وڵاتێكی مەزنی وەك ئێران كە لە گرینگترین بەشی جیهان و لە حەساسترین شوێنی ئەو بەشە گرینگەی جیهان لە سەر كەنداوی فارسە بە ئیدیۆلۆژی ئیسلامی سیاسی و بۆمبی ناوكی پەسەند بكەن. ئێرانیش ئەوە باش دەزانێت. بەڵام هەوڵدەدا، كات قازانج بكات و تەمەنی خۆی پێ درێژ بكاتەوە. لە لایەكی ترەوە كۆماری ئیسلامی ترۆریزەكردنی دژبەرانی ناوەوەی خۆی خستە ژێر سێبەری مەسەلەی ناوەكییەوە و توانی جیهان بە مەسەلەی ناوەكییەوە سەرقاڵ بكات و مەسەلەی مافی مرۆڤ، كێشەكانی سیاسی و كۆمەلایەتی و مافی نەتەوەكانی ئێرانێ و مافی ژن و زیندانی و ئەشكەنجە و ئیعدام لە پێش چاوی جیهان بشارێتەوە، یان كەمڕەنگیان بكات.
سێهەم، قەیرانی ناوخۆیی: لە هەر وڵاتێكدا بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە سێ فاكتۆر گرینگن كە لە نەبوون یان لاوازبونی هەركام لەو فاكتۆرانە خەڵكانی ئەو وڵاتە ناڕازی دەبن: 1- ئازادی؛ یانێ ئازادی قەڵەم، ئازادی بەیان، ئازادی ئایینی، سیاسی و كۆمەڵایەتی 2- نان؛ لێرە مەبەست لەنان یانێ ئیمكانی كار و بەرهەم هێنانی بژیوی ژیان، دیارە بەشی تەندروستی یانێ دوكتوور و دەرمان و خەستەخانە و هەروەها ئیمكانی مەكتەب و پەروەردە و هەموو خزمەتگوزارێكانی تری كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. 3- ئەمنییەت؛ پێویستە شەڕ و شوڕ و كوشتن لە ئارادا نەبێ، وڵات ئەمن و ئارام بێ. لە سیستەمی كۆماری ئیسلامی ئیران دا هیچكام لەو فاكتۆرانە هەبوونیان نیە. سەرەڕای نەبوونی ئەوانە، ئێران وڵاتێكی فرەنەتەوەیە، هەموو نەتەوەكانی غەیری فارس بە دەست نەبونی مافی نەتەوەیی خۆیان دەناڵێنن. 4- كێشەی ناو خودی دەزگای حاكمیش، سیستەمی كۆماری ئیسلامی فەلەج كردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییانە، ئێران وەك كەشتییەك لە دەریادا تووشی تۆفانێكی هەمەلایەنە هاتووە و عەقرەبەی جەهەتناسییەكەشی لە كار كەوتووە. ئەگەر خاوەنەكانی ئەو كەشتییە بتوانن خۆیان لە نەخۆشی شۆڤینیستی و ناسیۆنالیزم رزگار بكەن، دەتوانن ئەو كەشتییە رزگار بكەن، ئەگینا ئەو كەشتییە پارچەپارچە دەبێت و شتێك بەنێوی ئێران نامێنێت.
ئاڵتەرناتیڤ: وەك سەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، پژاك، ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بە تایبەت كورد چۆن دەنرخێنن؟ كۆسپ و ناهەموارییەكانی بەردەم خەباتی ئەوان چین؟ ئایا بەو رێبازەی كە كورد بە گشتی لە بوارەكانی هەم سیاسی و هەم دیپلۆماسیدا گرتۆیەتە بەر، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە ناوبەینی پارتەكان، توانیوێتی سەركەوتوو بێ یان تەنیا هەل بە فیڕۆدان بووە؟ لە داهاتوودا چۆن دەكرێ كە پێش لە پەڕتەوازەیی بەو جۆرە كە كەوتۆتە ناو بەشی رۆژئاوادا و مەترسیدارە، لە ناو ئۆپوزسیونی كورد لە ئێراندا بگیردرێت؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: لە ئیران دوو جۆر ئۆپۆزیسیۆن هەیە: یەكەم؛ ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری، كە نەخۆشە و حەتتا هێندێك كەس پێیان وایە مردوون و نەماون، تەنیا ناویان ماوە. دووهەم؛ ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمی، یانێ ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەكانی ئێران، كە غەیری ئۆپۆزیسیۆنی كوردی هەر هەموویان گەنج و كەم تەجروبەن و هەر هەمووشیان بە ئۆپۆزیسیۆنی كوردیشەوە، بەدەست فەرهەنگی داگیركەرەوە دەناڵێنن و هەر ئەم بابەتەش توانای لێ بڕیون. فەرهەنگ و كولتوری داگیركەر بۆ داگیركراوەكان یانێ، داگیركراوەكان جیددی نەبن، باوەڕیان بەخۆیان نەبێ، باوەڕ و متمانەیان بە یەكتر نەبێ، لە بەرانبەر یەكتر حەسوود بن و سەركەوتنی یەكتریان پێخۆش نەبێت، فەرهەنگ و زمان و نرخەكانی خۆیان لە لا سووك بێ، دەبێ زمانی داگیركەر باش بزانن و فەرهەنگ و نرخەكانی كۆمەڵایەتی ئەوان بەڕێوە بەن و هتد. هەر بە هۆی ئەو باوەڕ بەخۆ نەبوون و بە گەل نەبوونە و خۆ بەكەم زانینەیە كە دایم و بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن خۆ لە دەستە و گرۆپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سەراسەری كە نە لە ناوخۆی ئێراندا خاوەنی هیچ پایەگایەكی كۆمەڵایەتین و نە لە دەرەوەش بچووكترین بایەخیان پێدەدرێ، نزیك كەنەوە. بەتایبەتی حیزبە كلاسیكە رەسەنەكانی كوردی، ئەو بەناو حیزبانە دێنن بۆ كوردستان و لە ناو ماڵی كوردستان دەیانكەنە خاوەن و ئاغای ماڵ و شانازیشیان پێوە دەكەن. ئەو بێباوەڕ بوون بە خۆ و بەگەل كە لە فەرهەنگی دەرەبەگی و عەشیرەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، وای لێكردوون كە مەسەلەی ئیدیۆلۆژیش بۆیان گرینگ نەبێ. رۆژێك لە ژێر ئاڵای كۆمونیستەكان و مائۆئیستەكان، رۆژێك لە خزمەتی پان ئێرانیستەكان و شاپەسەندەكاندان. جنابی «بەنی سەدەر» یەك لەو كەسانەی كە ئەو بەڕێزانە پشتیانی پێدەبەستن و شانازی بە دۆستایەتی دەكەن دەڵێ، «ئەوانە كە گەلانی ئێران(ئیستیفراقی كردوون) رشاندونیەوە و گەلانی ئێران بێزیان لێیان هەڵدەستێ». قوربەسەری ئەو كەسانەی كە ئەو شتەی ڕشاوەنەتەوە دیسان بخۆنەوە. زۆربەی گەلەكانی غەیری فارس لە ئێران و حیزبەكانیان، ئەسیری هەمان فەرهەنگی داگیركەرن، هەتا خۆمان لە دەست ئەو فەرهەنگە رزگار نەكەین لێك نزیك بونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئازاد كردنی ئەو گەلانە ئەستەمە.
ئاڵتەرناتیڤ: ئێوە وەك پژاك لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا خەبات بەڕێوە دەبەن، دەمێكیش بە سەر خەباتی ئێوەدا تێپەڕ بووە و چاوڕوانی زۆرتر لە پارتەكەتان دەكرێت، ئەگەر هەڵسەنگاندنمان هەبێ لەگەڵا باكوور و رۆژئاوای كوردستاندا كە لە یەكێكیان شەڕی گەلی شۆڕشگێری و لەویتریان بە هەموو كۆسپەكانەوە ئاوابوونی ستاتۆ دەبینین، ئەدی لە رۆژهەڵات چ هەنگاوێك هەڵگیراوە و پێشكەوتنەكان چین؟ ئایا ئامادەكاریتان هەیە بۆ هەر هەلومەرجێك؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: پژاك پارتێكی گەنجە، بەپێی تەمەنی خۆی خەباتێكی چڕوپڕی كردووە و دەسكەوتی زۆر گەورەی بە دەست هێناوە، بەڵام كەمایەسیشی هەیە، بۆ خۆشمان رازی نین. پژاك هەر چەند پارتێكی گەنجە، بەڵام حیزبێكی سەردەمیانە و تەحلیلگەرەز بۆهەڵسەنگاندنی پژاك لەگەڵ حیزبەكانی باكور و رۆژئاوا، یان لەگەڵ حیزبە كلاسیكە رەسەنەكانی رۆژهەلات، پێویستە چەند راستییەك لە بەرچاو بگیرێت. بۆ نموونە لە باكووری كوردستان لە حەفتاكانی سەدەی بیستەمەوە، چەندین حیزب هاتنە سەر گۆڕەپانی خەبات بەهەمان ئیدیۆلۆژی راست و چەپی كلاسیك و هەمان فەرهەنگ و كولتوری داگیركەر. لە ناو هەموویاندا تەنیا حیزبێك توانی بە ئیدیۆلۆژی و فەلسەفە و كولتورێكی تایبەتی بۆ گەلی كورد سەركەوێ كە ئەویش پ.ك.ك بوو. پ.ك.ك، خاوەنی هەمان میراتە بوو كە حیزبەكانی تری باكووری وڵات هەیانبوو. لە ڕۆژئاوای كوردستانیش حیزبەكانی ئەو پارچەیەی وڵات نەیانتوانی خۆیان لە ئیدیۆلۆژی راست و چەپی كلاسیك رزگار بكەن و هەر لەو فەرهەنگ و كولتوری عەشیرەتیدا قەتیس مانەوە. نەیانتوانی حەتتا شێوە خەباتێكی كەمێك جیاوازتر بئافرێنن و لەگەڵ زەمان بچنە پێش، هەر لە شوێنی خۆیان مانەوە و هەوڵیان نەدا. بەڵام پارتی یەكێتی دێموكراتیك، پ.ی.د، ئەو پاڕادیگما كۆنەی دەرباز كرد و بە ئیدیۆلۆژی و فەلسەفەی خەباتی «ئاپۆ»وە رێكەوت، ئێستا لەو شوێنەیە كە دەیبینین. چۆن گەلی لە دەوری خۆی كۆ كردۆتەوە و رۆژ بە رۆژ دەسكەوتی گەورەتر بە دەست دێنێت. دیارە هیچ كام لە حیزبەكانی رۆژئاوا خاوەنی میراتێكی تایبەتی نەبوون. لە رۆژهەڵاتی كوردستان جیاوازێكی گەورە و بەرچاو هەیە. حیزبە كلاسیكە رەسەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی دوو میراتەی تایبەت بوون:
1ـ یەكیان شەجەرەنامەی خۆی دەباتەوە سەر كۆماری كوردستان و پێشەوا قازی محەممەدی كردۆتە گوللەبەند بۆ خۆی. ئەویتریان بە ئیدیۆلۆژی كۆمونیستی كە ئەو سەردەمە زۆر پۆپولێر و خۆشەویست بوو هاتە مەیدان، بەڵام بە فەرهەنگی دەرەبەگی و عەشیرەتی لە پێناو مەسڵەحەت و بەرژەوەندی ماڵباتی دا.
2ـ هەر دوو لایەن لە هەلێك كەڵكیان وەرگرت كە بۆ خۆیان پێكیان نەهێنابوو، بەڵكو شۆڕشی گەلانی ئێران پێكی هێنابوو، دەتوانم بڵێم هەلێكی زێرین. نە حكومەتێك هەبوو، نە ئەرتەش و پۆلیس و نە سازمانی ئەمنییەت، لەلایەكەی ترەوە گەلی كورد لە سەراسەری رۆژهەڵاتی وڵات بە دڵ و بەگیان ئامادەی فیداكاری و هەر چەشنە قوربانێك بوو.
بەڵام پژاك خاوەنی میراتێكی زۆر نالەبار و مەترسیدار بوو. پژاك نەك لە سەر هیچ میراتێك دەستی بە خەبات نەكرد، بەڵكوو مەجبوور بوو قەرز بۆ دوو حیزبە كلاسیكە رەسەنەكانیش بداتەوە. چون ئەوان شكابوون، سەنگەرەكانیان چۆڵ كردبوو و ئاشبەتاڵیان كردبوو، زیاتر لە دوو سەد كیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی كوردستان دوور كەوتبونەوە، كۆماری ئیسلامی لەوێش هێرشی بردنە سەر و نەیانتوانی حەتتا بەرگری لە خۆیان بكەن، كە ئەوە بوو بە هۆی ناهومێدی بە تەواوی گەلی كورد لە رۆژهەلاتی كوردستان. زوربەی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دێمۆرالیزە(بێرۆحیە) بوو و ئیرادەی لەدەست دا، كە ئەوەش ویستی كۆماری ئیسلامی بوو. زیاتر لە هەشتا ـ نەوەد لە سەدی خەڵك پشتیان لە حیزبە كلاسیكە رەسەنەكان كرد، مەجبوور بوون بگەڕێنەوە. كۆماری ئیسلامی ئەو هەلەی قۆستەوە، لە رێگای زەخت و گوشار و پارە و ئیش و ئیمكاناتەوە دەستی كرد بە پاسدار و بەسیج و جاش و سیخور دروست كردن لە گەلی كورد. وای لێهاتبوو لە هەموو گەرەكی شارەكان و لە هەر گوندێك بنكە و مۆڵگەی پاسدار و جاش و بەسیجی لێبوو. كۆماری ئیسلامی خۆی بە حاكمی موتلەق و سەد دەر سەدی كوردستان دەزانی. دروست لەو سەردەمە مەترسیدارەدا جەوانانی كورد، لە زانستگاكانی سەراسەری ئیرانەوە لە سەر ئەو میراتە نالەبار و مەترسیدارە، پژاكیان دروستكرد و ئێستاكە لە هەموو چین و توێژەكانی گەل تێیدا بەشدارن. پژاك توانی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ورەی مردووی خەڵك زیندوو كاتەوە و هیوا و هومێد و ئیرادەیەكی نوێ بدا بە گەلی كورد. پژاك لە ماكۆوە هەتا ئیلام و لۆرستان، كەم و زۆر هەبوونی هەیە و لە شەڕی قەندیل هێزی خۆی نیشان دا و گەلی ئێمە هەست بە حوزووری پژاك دەكات. پژاك ئاڵوگۆڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیددی و بە وردی دەنڕخێنێت و ئامادەییمان هەیە بۆ هەموو ئەگەرەكان و كەموكوورییەكانی خۆمان چارەسەر دەكەین.
ئاڵتەرناتیڤ: لە كۆتاییدا پەیام و پێشنیارتان بۆ گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو خەباتكارن لە بوارە جیاكاندا، چیە؟
هەڤال حاجیئەحمەدی: پەیامی من بۆ گەلی كورد ئەوەیە كە بارودۆخی ناونەتەوەیی و قەیرانی هەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناكۆكی و گێرە و كێشەی نێوان داگیركەرانی كوردستان، هەلێكی گونجاوی رەخساندووە بۆ گەلی كورد. ئێمە ئێستا لە فیناڵ داین. پێویستە بە ئەوپەڕی هۆشیاری، ماندونەناسی و گیانفیدایی بۆ پێشكەش كردنی هەر چەشنە قوربانییەك ئامادە بین. هەرچی دەبێ با ببێ، هەرچی دێ با بێ، بەڵام نەك دووبارەبوونەوەی لۆزانێكی دووهەم.
پەیامی من بۆ جوانانی كوردیش ئەوەیە كە نەچن بۆ سەربازیكردنی داگیركەران. خۆیان بگەیەننە ریزی خوشك و برا گریلاكانیان. تەنیا هێزی پاراستنێكی بە توانا و كاریگەر، گارانتی سەركەوتن و ئازادی گەلەكەمانە كە ئەویش دواڕۆژی ئێوەیە.