گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار بوو بو میوانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی هێڵی ٣

گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار بوو بو میوانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی هێڵی ٣ لە ئاریەن تیڤی و سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ناوچەکە هەڵسەنگاندنی کرد و لە بەردەوامی قسەکانی دا باسی لەو سیاسەتانە کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە بەرانبەر بە گەلان بەکاری دەهێنێت و لە کۆتاییش دا هەڵسەنگاندنی بۆ واتا و گرنگی پەروەردە کرد لە ناو حەرەکەتی ئاپۆچی دا.

گوڵان فەهیم لەسەر بارودۆخێک کە ئێستاکە لە  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە کوردستاندا هەیە وەهای گوت: سەرەتا شەهیدانی رێگای ئازادی لە شەخسی شەهید کەمال پێنجوێنی و شەهید سدیق ساڵیاوایی دا بەبیر دێنمەوە و سۆزی بەردەوامی ڕێگاکەیان دووپات دەکەینەوە. ئێمە لە ناو شەڕی جیهانی سێیەم داین کە تەنیا شەڕێکی چەکداری نیە بەڵکوو وەکوو رێبەر ئاپۆ دەڵێ ئەم شەڕە هەمەلایەنەیە و زۆر بواری هەیە کە دیپلۆماسی، سیاسەت و کولتور و زۆرشتی دیکە دەگرێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم شەڕە ئەوەیە کە چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێندرێت. زل‌هێزەکان لە بەرانبەری ئەم جۆرە کردەوانە بێدەنگن و بۆخۆشیان پشتیوانی دەکەن لەم کارە. دەوڵەتی تورکیای فاشیست بە هەزاران جار لە بەرانبەری گەریلا و گەلی کورد چەکی کیمیایی و چەکی نوکلەری بەکار دەهێنێت و دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هەمان کردەوە لە دژی گەلان پێک دێنێت و تەنانەت ئەم شتەمان لە شەڕی روسیا و ئۆکراینیش دا دیت. ئەگەر ئەمڕۆ لە بەرانبەری گەریلا ئەم کردەوانە پێک دێت و لە دەرەوەی گەل کەس دەنگی خۆی ناکات ئەوکاتە مەترسی هەیە کە هەمان کردەوە لە بەرانبەر هەموو هێز و گەلان پێک بێت، بە کورتی دەیانەوێت ڕەوایەت بدەن بەم چەشنە لە قڕکردن. لە لایەک شەڕێکی وەها هەیە و لە لایەکی تریش لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی دا ترافیکی چاوپێکەوتن و هاوپەیمانی لە ئارادایە. هەموو زل هێزەکان هەوڵ دەدەن لە خاڵی هاوبەش دا یەکبگرنەوە و لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەن سەرەڕای هەموو کێشەکانی نێوان خۆیان بگەن بە هاوپەیمانی. بێگومان هاوپەیمانی سەرەکی لە نێوان دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بنگەی قڕکردن و پاکتاوکاری گەلان و بەتایبەت گەلی کورد پێک دێت. لە کۆتاییدا ئامانجیان ئەوەیە کە کات و دەرفەت بۆ خۆیان برەخسێنن کە لەناو نەچن. ئەگەر بە پوختی بمانەوێ پێناسە بۆ ئەم مەسەلەیە بکەین، ئەوەی کە ڕەوایەتی خۆی لەدەست دا دەوڵەتێک نیە بەڵکوو زهنیەتی دەولەت-نەوتەوەیە و دەتوانین ئەم راستیە بە روونی لە بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا دا ببینین. دەوڵەت لە سەر عەقڵیەتی نەتەوە پەرستی هەوڵ دەدات گەلان پاکتاو بکات و بۆی گرنگ نیە کە چی روودەدات، تەنانەت چەندە کورد بمرێ و کەم ببێتەوە ئەوەندە بۆی جێگای رەزامەندییە. بەڵام تێکۆشانی گەلان و لایەنی دێمۆکراسی مسۆگەر ئەم رەوتە دەگۆڕێ و سەرکەوتن هی گەلە.

هاوسەرۆکی کۆدار لە وەڵامی ئەو پرسە کە پارادیگمای رێبەر ئاپۆ چەندە توانیویەتی کاریگەری بکات، وەها هەڵسەنگاندنی کرد: یەکێک لەو بابەتانەی کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهان دا کێشەی هەرە بنەڕەتیە، بندەستی ژنە. فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بەهۆی رێگای چارەسەری دانان بۆ ئەم بابەتە توانیویەتی لە هەموو دنیادا بڵاو ببێتەوە و لایەنگر بۆ خۆی درووست بکات. یەکێکی تر لەو بابەتانەی کە ئەمڕۆ بووەتە هۆکاری ئاڵۆزی و قەیران لە جیهاندا، بابەتی خراپ بوونی ژینگەیە. ژیانی هەموو گیانلەبەران لەبەردەم مەترسی لەناو چوون دایە و رۆژانە رووبەرووی کارەسات دەبینەوە وەکوو لافاو و بوومەلەرزە کە هەمووی بەرهەمی فکری دەسەڵاتداریە. رێبەر ئاپۆ ئەم بابەتەی بینی و چارەسەری بۆ پێشکەش کرد.

گوڵان فەهیم سەبارەت بە هەڵسوکەوتی حەرەکەتی ئاپۆیی بۆ ژینگە وەهای گوت: رێبەر ئاپۆ لە دایکبوونی خۆی بە پاراستنی ژینگەوە گرێ داو و گوتی کە لەم رۆژەدا هەرکەس دەتوانێ بە دارچاندن و ژینگەپارێزی ئەم رۆژە پیرۆز بکات. هەڵسووکەوت بۆ ژینگە بەرانبەرە لەگەڵ هەڵسووکەوت بۆ کۆمەڵگا، بۆیە ئەگەر لە جێگایەک سیستەمێک ژینگە قڕ بکات ئەوا کۆمەڵگاش قڕ دەکات. گەریلا لە کوێ ژیان بکات ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت ئاوەدانی دەکاتەوە و هەوڵ دەدات ژینگە پارێزی بکات بە شێوازی ژیان و وەکوو چارەسەری چاوی لێ دەکات.

هاوسەرۆکی کۆدار بۆ بابەتی کۆمەڵگای سیاسی و ئەخلاقی وەها هەڵسەنگاندنی کرد: رێبەر ئاپۆ دەڵی کێشەی گەلان لەگەڵ فکر و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە تەنیا بە رێبازی کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکراتیک چارەسەر دەبێت هەر بۆیە لە پارادیگمای خۆی دا ئەم بابەتەی کرد بە لاقێکی و ئازادی ژن و ژینگەپارێزیش هەر دوو لاقی تری پارادیگمان. ئەمڕۆکە لە جیهان دا و لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوەکان دا لەسەر ئەم بابەتانە بە وردی قسە دەکرێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم فکرەیە. راستە کە ئێمە ناڵێین هەمووی لە لایەن ئێمەوە کراوە بەڵام رێبەر ئاپۆ بە ساڵانە لەسەر ئەم رێبازە و دروشمە کار و خەبات و تێکۆشان دەکات و ئەمەش یەکێک لە بەرهەمەکانێتی.

گوڵان فەهیم لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە بەرانبەر گەل و بەتایبەت ژنان وەهای گوت: خۆپیشاندان بە شێوازی بە کۆمەڵ هەتا جێگایەک دەتوانێ بەردەوام بێت بەڵام بابەتی گرنگ ئەوەیە کە بە رێباز و شێوازی جیاواز هەتا ئێستا بەردەوامە و رانەوەستاوە و هەموو چین و توێژەکان خاوەن هەڵوێستن لە بەرانبەر دەوڵەت. پەیامی گەل بۆ دەوڵەت ئەوەبوو کە چەندە هێرش بکرێتە سەرمان ئێمە پاشگەز نابینەوە، وە بابەتی گرنگ ئەوەیە کە هەموو کۆمەڵگاکان و چین و توێژەکان ناڕازین. دەوڵەتی داگیرکەری ئێران پەیامی گەلی بە باشی وەرگرتووە بۆیە هەوڵ دەدات بە دڕندانەترین شێوە بەرەنگاری گەل بێتەوە. سێدارە، زیندانی کردن و بەکارهێنانی گازی ژەهراوی، ئەوە نیشان دەدات کە چەندە لەم شۆڕشە ترساون.

هاوسەرۆکی کۆدار سەبارەت بە بابەتی چەمکی دەوڵەت بۆ جەزا کردن وەها هەڵسەنگاندنی کرد: دەوڵەت هەوڵ دەدات گەل فریو بدات. خۆیان هێرشی کیمیایی لەسەر قوتانخانەکان دەکەن و لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی خۆیان باش نیشان بدەن ئەم کردەوەیە دەخەنە ئەستۆی ئەو خوێندکارانەی کە ناڕازین. ئەم رێبازانە ئیدی ناتوانێ کەس فریو بدات و دەرئەنجامێکی بۆ دەوڵەت نابێت. پێشەنگی شۆڕش ژنی گەنجە هەر بۆیە رووبەڕووی هێرش دەبنەوە. دەوڵەت دەیەوێت پارچە بوون بخاتە ناو گەل و ئەمە بەو سیاسەتە دەکات، هەندێک کەس بە نەزانی دەکەونە ناو ئەم ڕەوتە و هەندێکیش بە دەستی دەرەکی دەکرێت. کۆمەڵگا ئەم شتەی بە باشی زانییوە بۆیە هەوڵی یەکگرتوویی دەدات و تەنیا هێزی دێمۆکراتیک دەتوانێ دەوڵەت بگوڕێ نەک دەسەڵاتداران. بۆچی دەوڵەت باوەڕ بە داخوازی و هێزی گەل ناکات و هەر پشت بە سوپا دەبەستێ؟ چون ئەم هێزانە هیچ ئیرادەیەکیان نیە و راستەوخۆ دەسەڵاتداران دەپارێزن لە حاڵێک دا دەبوو دەسکەوت و کولتووری گەلیان بپاراستبایە.

گوڵان فەهیم بۆ بابەتی بەلاڕێدا بردنی شۆڕش لە لایەن هێزی دەرەکی و ڕاگەیاندنی نائازاد وەها هەڵسەنگاندنی کرد: هەرکەس ئەوە دەزانێ کە بابەتی حیجاب گرنگە و تێکۆشان بۆی خاوەن نرخە بەڵام بە باشی و روونی دیارە کە ئەم شۆڕشە بۆ حیجاب دەستی پێنەکرد بەڵکوو لە دژی زهنیەتی نا دێمۆکراتیکی دەوڵەتی ئێران بوو و ئەگەر هەندێک لایەن دەیانهەوێت ئەمە سنووردار بکەن بە بابەتی حیجاب، ئەوە لە بەرژەوەندی ئەو کەسانە و دەوڵەتی ئێران دایە و بە سەدان کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەخەنە بەر سێبەری ئەم بابەتە. دەوڵەتی ئێران لە رواڵەتدا وانیشان دەدات کە لەسەر بابەتی حیجاب زۆر هەستیارە بەڵام لە راستی دا ئەم شتە بە قازانجی ئەوانە کە داخوازیەکانی کۆمەڵگا بێتە سەر یەک خاڵ بۆ ئەوەی بتوانن پاساو بۆ کەمووکوڕیەکانی خۆیان پەیدا بکەن بۆیە هەڵوێستی هێز و ڕاگەیاندنی نائازاد دەتوانێ مەترسیدار بێت و گەل دەبێ خاوەن لە داخوازیەکانی خۆی دەرکەوێت.

گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار لە کۆتایی بەرنامەکەدا لە سەر بابەتی گرنگی و واتای پەروەردە لەناو پژاک و کۆدار دا وەها هەڵسەنگاندنی کرد: ئێمە هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی کە گەلان لە رێگای پەروەردەی ئێمەوە بتوانن لێگەڕین و تێکۆشانی خۆیان بۆ مافەکانیان و ناسنامەیان بە‌هێزتر بکەن. بە رێگای راگەیاندن و بە رێگای پاراستنی جەوهەری هەوڵمان داوە گەل ماف و بەهاکانی خۆی بپارێزێت. لە بۆنەکانی ٨ی ئادار، نەورۆز و ٤ی نیسان ئەمە بە روونی بەرچاو بوو. ٨ی ئادار لە ئێراندا لە لایەن ژنانەوە خاوەنداری لێ دەکرێت و چالاکی پێشکەوتن، هەروەها لە نەورۆز دا دیار بوو کە گەلان ئیدی وەکوو بۆنەیەکی زۆر گرنگ چاوی لێ دەکەن و کردیانە گۆڕەپانێکی تێکۆشان و لە ٤ی نیسانیشدا بە هەمان شێواز بوو کە خاوەنداری لە ئاوا بوونی پژاک کرا و رۆژی لە دایکبوونی رێبەر ئاپۆ بە چالاکی ژینگە پارێزی پیرۆز کرا. رێبەر ئاپۆ دەلێت گەل چەندە بە هەبوون و ناسنامەی خۆی بزانێت ئەوەندە دەتوانێ تێکۆشان بکات و ئێمە باوەڕمان بەم فکر و فەلسەفەیە هەیە و وەها تێکۆشان دەکەین.