ئارام كريم

چواری نیسان؛ رۆژی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ و نۆزدەهەمین ساڵی پارتەكەمان”پەژاك”ە. پەژاك لەم نۆزدە ساڵەدا كۆمەڵێك دەسكەوت و نرخی بێ وێنەی بۆ گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران بەگشتی بۆنیاد ناوە كە بەنۆرەی خۆی، لەمێژووی تێكۆشان و خۆڕاگری و ژیانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتدا نەبینراو و نەبیستراو بوو.

هەر پارت و رێكخراو و بزوتنەوەیەكیش لەسەر ئامانجگەلێك خۆی بۆنیاد دەنێت و رێگە و رێبازی تێكۆشانی كورت خایەن و درێژ خایەن و كورت مەودا بۆ خۆی دیار دەكات. جا ئەگەر ئەو بزوتنەوە و رێكخراو و حزبانەش ئامانجیان رزگاری نیشتیمان و وڵات و گەل بێت، دەبێت بزانن كە ئامانجەكانیشیان لەئاست خواست و ویستی هەنووكەیی كۆمەڵگەی هاوچەرخدا بێت و لەروانگەیەكی بەرفراوانەوە سەیری گۆڕانكاریە جیهانی و هەرێمایەتی و كوردستان بەگشتی بكەن. واتا ئەگەر خۆی بەحزبێكی نەتەوەیی دەزانێت، دەبێت پێش هەر شتێك ئەو سنورانەی داگیركەران بەساڵانە لەمێشك و هزری تاك بەتاكی كۆمەڵگەی كوردیدا چاندوویانە، بسڕنەوە و بەیەكچاو سەیری هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان وەكو نەتەوە بكەن. دەبێت وڵات و نیشتیمانەكەی بە نیشتیمان و وڵاتێك سەیر بكات و هاوشێوەی داگیركەران رەوایەتی بەبیروهزری پارچەگەریی، شارگەرایی، عەشیرەتگەرایی، دین و مەزهەبگەرایی و زاراوەگەرایی و كۆمەڵگەی چینایەتی و رەگەزگەرایی نەدات.

دەبێت؛ ژنان و گەنجان بكاتە داینەمۆی تێكۆشان و بەرێكخستن بوونی كۆمەڵگەكەی و لۆژیكی دیموكراسی و فرەیی بكاتە ناوەندی بڕیاردان و دۆست و ئەوینداری ژینگە و ژینگەپارێز بێت و وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیەكی دیموكراتیك بكاتە هەوێنی تێكۆشان و پتەوكردنی ریزەكانی گەل و كۆمەڵگە و نەتەوەكەی و ئامانجی سەرەكی و دواییش لەكاروخەبات و تێكۆشانی ئازادیدا، هەر ئازادی بێت. ئەمانە تەنیا دروشمگەلێك نین كە لەسەر رووپەلەكانی كاغەزەوە بنووسرێن و هاوشێوەی هەندێ بەڵگەی مێژوویی وەكو تابۆیەكی چەقبەستوو لەمێشك و هزری تاكەكانی كۆمەڵگەدا مابنەوە، بنەخشێندرێن؛ بەپێچەوانەوە دەبێت لەراستینەی ئەمڕۆكەی ژیانی گەلەكەماندا رەنگدانەوەیان هەبێـت و بەكردەوە كاریان لەسەر بكرێت.

كاتێك باس لەنەتەوەپارێزی و وڵاتپارێزی دەكەین، دەبێت بەیەكچاو لەتاك بەتاكی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كورد بڕوانین و تێبگەین. هاوشێوەی هەموو تێكۆشانەكانی رزگاری نیشتیمان گەلانی جیهان. لەریزەكانی خەبات و تێكۆشانماندا دەبێت بەبێ جیاوازی پەیوەندی لەنێوان تاك بەتاكی گەلەكەمان بۆنیاد بنین. ئەگەر لۆژیكی پارچەگەرایی نەیاران بكەینە بنەمای تێكۆشانمان، ئەوا هیچ كاتێك ناتوانین باس لەنەتەوەبوون و وڵاتپارێزی و نیشتیمانپەوەری بكەین. ئەم رستانە بنەما و پرەنسیپ و پێودانگی تێكۆشانی نەتەوەیین لەهەموو تێكۆشانە رزگارییە خوازیەكانی جیهاندا. ئەگەر هەر حیزب و رێكخراو و بزوتنەوەیەكیش لەو پێوان و پرەنسیپە بنەڕەتیانە لایدا، ئەوا بێ یەك و دوو لەبەری نەیارانی گەل و نیشتیماندایە، زیاتر لەحیزبایەتی و پێشەنگایەتی بۆ ئامانجەكانی گەل، دەبێتە كۆمپانیایەك بۆ بازرگانی كردن بەخوێن و رەنجی گەل و نەتەوە و تێكۆشەرانیەوە. هەر بۆیەش یەكێك لەپێوانە سەرەكیەكانی خەباتی رزگاری نەتەوەیی؛ بەكردەوە سەلماندنی ئەو پێوانانەیە لەكاروخەباتی رێكخستنی، نەتەوەیی و هزریدا.

گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دوای لەسێدارەدان و شەهیدبوونی قازی محەمەد و هاورێیانی و خیانەتی مەلا مستەفای بارزانی و لادانی لەرەهەند و ئامانجە نەتەوەیەكانی حیزب و دامركاندنەوەی شۆڕش و هەڵوەشاندنەوەی كۆمار؛ ئێدی تا سەرهەڵدانی گەلەكەمان لە ساڵی 1999 لەرۆژهەڵات و ئێران خاوەن هزرێكی نەتەوەیی و دیموكراتی نەبوو و تێكۆشانی رزگاری نەتەوەیی لەو بەشەی كوردستان بەهۆی زەخت و گۆشارەكانی رژێمی داگیركەری ئیسلامی ئێران و بەكاریگەربوونی هێڵی خیانەت لەباشوری كوردستان و بەدیاری كراوی لەلایەن چینی سەردەستی بنەماڵەی بارزانیەوە؛ ئێدی گەلەكەمان لەنێو بێ هیوایی و دابڕان لەتێكۆشان و پێشەنگ مابوویەوە. بە سەرلەنوێ ژیانەوەی گەلەكەمان لەساڵی 1999 و راپەڕین دژ بەسیستەمی داگیركاری نێونەتەوەیی و بەكرێگیراوی دەوڵەتە هەرێمیەكان لەدژی رێبەر ئاپۆ؛ چەخماخەی شۆڕشێكی هەنووكەیی لەئاستی رۆژهەڵات و ئێران لێدرا. پەژاك وەكو حیزب؛ بەرهەمی سەرهەڵدانی گەلەكەمان لە ساڵی 1999 و راپەڕین لەدژی داگیركاری و هێزە پیلانگێڕە نێونەتەوەیەكان بوو و بەرهەمی خوێنی سەدان شەهید و برینداری و تێكۆشەری گەلەكەمان لەو سەردەمەیە. واتا پەژاك هەر لەسەرەتاوە؛ حیزبێكی نەتەوەیی و دژ بەچەمكی خۆرادەستكردن و سەرمایەدارییە نێونەتەوەییە و پەژاك؛ پارتی شەهیدانە.

لەم دوو یادە پیرۆزەدا؛ چواری نیسان و نۆزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەكەماندا كە هەر لەسەرەتاوە بەخوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان خۆی بۆنیاد ناوە؛ بەپارتی شەهیدان ناسراوە و تا ئێستاكەش كە گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە لەتێكۆشان بەسەدان تێكۆشەر و قارەمان و ئازادیخوازی رۆڵەكانی گەلەكەمان لەژن و پیاو بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی تۆزقاڵێك بەرژەوەندیی ماددیان هەبێت، گیان و ماڵیان لە پێناو سەرخستنی ئامانج و ئاواتەكان و خاوەنداری لەخوێن و رەنجی شەهیدان و بزوتنەوكەیان و یادەوەریەكانی كۆمار دەركەوتوون.

لەم یادە پیرۆزە بەپێویستم بینی؛ یادی یەكێك لەپێشەنگەكانی تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان؛   نەوزاد عومەر ناسراو بە”د. نەوزاد كۆمار” بكەم. هەڤاڵی شەهید؛ ساڵی 2004 سەرەتاكانی دامەزراندنی پەژاك بوو؛ بەڕەچەڵەك لەدایكبووی شاری دێرك لەهەرێمی جەزیرەی رۆژئاوای كوردستان بوو و دەربازی گۆڕەپانی خەباتی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان ببوو. شەهید نەوزاد؛ شۆڕشگێڕێكی رۆژئاوای كوردستان بوو. دوابەدوای دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بڕیاری بەشداری لەخەبات و تێكۆشانی ئازادی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و لەریزەكانی پەژاكدا دەدات و بەگەرم و گوڕیەكی زۆر و بەجۆش و خرۆشێكی بێ وێنەوە هاتە نێو ریزەكانی خەبات لەم بەشەی كوردستان. هەڤاڵی شەهید”نەوزاد كۆمار”؛ پاش ئەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی دەستەی بەرێوەبەرایەتی دەئاخفێ؛ ئەركی راپەڕاندن و كۆكردنەوەی هاوكاری لەبەشێكی خەباتی رێكخستنی پارتەكەماندا پێ دەسپێردرێت و لەوێدا وەكو هەر شەرڤانێكی ئازادی بەشداری خەبات دەبێت.

لەكاتژمێرە سەرەتای هاتنی هەڤاڵ نەوزاد كۆمار بۆ خەباتی رۆژهەڵات بەشێوەیەكی چانسی چاومان بەیەكدی كەوت و لەچەند چركەیەكدا؛ كۆمەڵێك نرخ و بەهای هەڤاڵیەتی، هزری، ئەخلاقی و نەتەوەیی بەرزم لێ بینی؛ كە تا ئێستاش ئەو تایبەتمەندیە كەسایەتیانەی هەڤاڵی شەهید”د. نەوزاد كۆمار” بوونەتە ئاوێنەیەكی تێكۆشان و هێز و داینەمۆی كەسایەتیم و ئەو تایبەتمەندییانەش تا هەتایە لەبیر و رۆحمدا، لەیاد ناچن.

كاتێك هەڤاڵ نەوزادم بینی؛ بەدەستپێشخەریەكی هەڤاڵانە؛ سڵاو و ماندوونەبوونی لێكردم و داوای پەرتووكێكی فارسی لێ كردم. ووتم پەرتووكی فارسیت، بۆچییە؛ خۆ تۆ زمانی فارسی نازانی و لێتێناگەی؛ ووتی؛ راستە، بەڵام بەهۆی نزیكی ئەلف و بێ عەرەبی و فارسی لەیەكەوە دەمەوێت زمانی فارسی بەپەلە فێر ببم. دووهەم؛ ئێستا گۆڕەپانی خەباتەكەم؛ رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران. زمانی فارسیش، زمانی گەلێكەو زۆریش تامەزرۆم كە زمانی فارسی فێر ببم. نە وەكو سیاسەتێكی ناچاری؛ بەڵكو بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاسان مەبەستەكانم بگەیەنمە گەلانی ئێران. هەڤاڵ نەوزاد؛ هەرچەندە بەشێوەزاری كرمانجی سەرەوە دەئاخفی؛ بەڵام شارەزاییەكی باشی لە وێژە و چاند و ئەدەبیاتی كوردی ـ نەتەەوییمان هەبوو و تا ئاستێكی باشیش زاراوەی سۆرانی تێدەگەیەشت.

شەهید نەوزاد كۆمار؛ هەم رۆحێكی خاوێن و دڵێكی گەورەی هاوشێوەی نەوزاد هەبوو و هەمیش رۆحێكی هاوشێوەی ئامانجەكانی كۆماری كوردستانی لەخۆی و كەسایەتی خۆیدا چاندبوو. كەسایەتیەكی تا بڵی نەتەوەیی و ئەویندار و عاشقی بینی گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو. كە پەرتووكەكەم پێدا؛ ویستی بچێت و گووتم ئەمشەو لەلامان بمێنەوە؛ ووتی؛ بەراستی پێم خۆشە، بەڵام كاتی چوونە سەر كارە و دەمەوێت بەپەلە تا تاریكی دانەهاتووە؛ خۆم بگەهێنمە شوێنەكەی خۆم؛ ماڵئاوای لێكردم و بەری رێگای گرتە بەر.

لە سەرەتاكانی خەباتی كارو خەباتی پەژاك لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا بووین؛ بۆیەش رژێمی داگیركەری ئیسلامی ئێران، نەیدەویست بەزەبری هێز پەلامارمان بدات و زیاتر بەداڕشتنی نەخشە و پیلانگێڕی دژە مرۆڤانە رووبەروومان دەبوویەوە و هەندێ جاریش كە پیلانەكانی بۆ نەچووبانە سەر، پەلامارمانی دەدا. هەڤاڵی شەهید”نەوزاد كۆمار”یش نوێ نوێ چووبووە شوێنێك لەنزیك سنورە دەستكردەكانی نێوان باشور ـ رۆژهەڵات بەجێ بوو. بەڵام بەداخەوە لەپەلامارێكی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە گەیشتە پلەی بەرزی شەهادەت و چووە نێو ریزەكانی كاروانی شەهیدانەوە.

لەكاتی مەراسیمی ناشتنی تەرمی هەڤاڵی شەهید”د.نەوزاد كۆمار”دا، باوكی هەڤاڵ نەوزاد هاتبوو و لەوێدا ئامادە بوو و چەند رەستەیەكی بۆ هاوسەنگەر و هاورێبازانی هەڤاڵ نەوزاد ئاخاوت و ووتی:”هەڤاڵان؛ هەڤاڵ نەوزاد لەكاتی بەشداربوونی بۆ نێو ریزەكانی تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان؛ بەهۆی تێگەیشتنی لەدۆخی گەلەكەمان؛ زانیاریەكی باش و پتەوی لەسەر بارودۆخی كوردانی رۆژهەڵات، چاند و كەلتور و جوگرافیای ئەو بەشەی كوردستانی هەبوو؛ بۆیەش زۆر پێ خۆش بوو؛ رۆژێك لەوێدا خەباتی رێكخستنی ـ سیاسی ـ پاراستنی بەرێوە ببات و لەنزیكەوە ئاوێتەی چاند و كەلتوری گەلەكەی بێت؛ هاتنیشی بۆ خەباتی رۆژهەڵات و بۆ نێو ریزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”دیارە لەسەر ویستی خۆی بووبێت. بۆیەش شەهادەتی هەڤاڵ نەوزاد لەگەلەكەمان و تێكۆشەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان”پەژاك” و هاورێباز و هاوسەنگەرانی پیرۆز بێت”.

بەڵێ؛ كەسایەتی نەتەوەیی دەبێت هەم بەناو و هەمیش بەكردەوە نەتەوەیی بێت و هەڤاڵ نەوزاد كۆماریش كەسایەتیەكی وەها بوو و بەو شێوەیەش بووە؛ یەكەم شەهیدی تێكۆشانی ئازادیخوازی و نەتەوەیی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان. ئەمەش نیشانی دەدات پەژاك؛ پارتیەكی سەردەمیانەیە و بەكردەوە بنەماكانی نەتەوەیی بوون و یەكێتی نەتەوەیی رەچاو دەكات و نەتەوەیی بوون و یەكێتی نەتەوەیی یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی كاروخەبات و تيَكؤشانى پەژاك لەماوەی ئەو نۆزدە ساڵەی تەمەني خويدا.