ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پەژاک لەدیمانەیەکی تایبەت بۆ بەرنامەی لاپەڕە لە رادیۆ دەنگی گەل، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پەژاک هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت:”٤ی نیسان(١٥ی خاکەلێوە) بۆ گەلی کورد بە واتای جەژنی ژیانەوە و سەر لەنوێ لەدایکبوونەوەیە. گەشانەوەی هیوا و ئاواتە دامرکاوەکانە. بە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد سەر لەنوێ چرۆ دەکات. ژنان سەر لەنوێ بە ئیرادە و دەبنە خاوەن بوون و بڕیاری خۆیان. جوان سەر لەنوێ بە هێز و بە ئیرادە و دەبنە پێشەنگی تێکۆشان. گەلی کورد دەبێتەوە خاوەن شووناس و ئیرادەی پۆڵایینی خۆی”.

ئەندامی مەجیلسی پەژاک ئامەد؛ سەبارەت بە ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەژاکیش دەڵێت:”دامەزراندنی پەژاک بەرهەمی رابوونی سەرتاسەری ساڵی ١٩٩٩ی گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ واتادار و بە مێژوویی بوو. پەژاک بە دامەزراندنی خۆی بەڕەنگاری گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی بوویەوە. بەڵێن و پەیمانی خۆیان بە رێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا کە”بێ سەرۆک ژیان نابێت” و “پەکەکە گەلە و گەلیش لێرەیە” و تێکۆشانێکی سەردەمیانەیان دەست پێکرد. چون دامەزراندنی پەژاک لە ٤ی نیسان بە واتای دۆزینەوەی راستی و حەقیقەتێکی ون کراوە. سەرهەڵدانی پارادیگمایەکە کە گەل لەناو پایەکانی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ژینگەپارێزی و ئازادی ژن خۆی بە رێکخستن دەکات”.

 

* بە روانگەی ئێووە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد چ واتایەکی هەیە؟

ـ سەرەتا لەسەر ناوی خۆم و هەڤاڵانمان جەژنی ژیانەوە لەرێبەر ئاپۆ، کەسوکاری شەهیدان، سەرجەم هەڤاڵانی ناو بەندیخانەکان کە ناو بەرخودان دان و سەرجەم گەریلاکانی ئازادی کە لەسەر چیا سەرکێشەکانی کوردستان ناو بەرخودانێکی بێ وچاندان و هەموو گەلی ئێمەی وڵاتپارێز و دۆستانی گەلی کورد پیرۆز دەکەم.

لەبنەڕەتدا ٤ی نیسان (١٥ی خاکەلێوە) بۆ گەلی کورد بە واتای جەژنی ژیانەوەو سەر لەنوێ لەدایکبوونەوەیە. گەشانەوەی هیوا و ئاواتە دامرکاوەکانە. چون گەلی کورد لەژێر سیاسەتی نکۆڵی کاری و پاکتاوکاری داگیرکەران سەرهەڵدەدات. واتا بە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پەکەکە کۆتایی بە زیهنیەتی نکۆڵی کار، تاڵان کار و داگیرکەر دەهێنرێت. چون بە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد سەر لەنوێ چرۆ دەردەکات. ژن سەر لەنوێ بە ئیرادە و خاوەن هەبوون و بڕیاری خۆ دەبن. جوان سەر لەنوێ بە هێز و بە ئیرادە و دەبێتە پێشەنگی تێکۆشان. گەلی کورد دەبێتەوە خاوەن شووناس و ئیرادەی پۆڵایینی خۆی. سەرەڕای ئەوەی کە گەلی کورد تا بە ئەمڕۆ هەوڵی پاکتاوکاری و لەناو بردنی دراوە، بە دەرەکەوتنی فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی ١٥ی خاکەلێوە کۆتایی بەو عەقڵیەتە دەهێنرێت و بە رۆژی ژیانەوە و هەستانەوەی گەلی کورد سەر لەنوێ خاوەن ئیرادە و ئازادی ژیان و رامانی دیمۆکراتیک دەبێت. بۆیە لەپێناو گەهێشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی تێکۆشانێکی بێ پسانەوە دەستپێدەکات. بەو تێکۆشانە ئەو رۆژە بووە رۆژی یەکگرتن، رۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای تێکۆشان و بووژانەوەی هزر و کەسایەتی مرۆڤی ئازاد. لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک پێناسەی مێژوویی و فەلسەفەی لەناودایە کە دەرکەوتنی نەیارانی ئازادی و دیمۆکراسی تۆقاندووە و چاویان بە هەڵهاتنی تیشکی ئەو رۆژە هەڵنایەت.

لەلایەکی دیکەوە ئەو رۆژە بە تایبەت بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەژاک. بۆیە ٤ی نیسان دوو واتای گرنگ لەخۆ دەگرێت. یانێ گەلی کورد دوو جار لەرۆژهەڵاتی کوردستان سەر لەنوێ لەدایک دەبێت. واتا بە فەلسەفەیەکی نوێ چاو بە دونیا هەڵدێنێت، بە رێکخستنێکی نوێ دێتە کایەی سیاسی و بە هێز و ئیرادەیەکی نەبەز و پۆڵایین تێکۆشانێکی بێ وچان دەستپێ دەکات. لەبەر ئەوەی ئەو رۆژە بۆ سەرجەم چین و پێکهاتە و نەتەوەکانی ناو کوردستان و بە تایبەت لەناوچەکەدا تا بە ئەمرۆ چەوسێندراونەتەوە، دەبێتە رۆژی ژیانەوە و رۆژی بووژانەوە، رۆژی رابوون و هەستانەوە لە بەرامبەر زۆڵم و داگیرکەری. واتا بە رۆح و فەلسەفەی ٤ی نیسان هزر و رامانی دیمۆکراسی، ئازادی و دادپەروەری لەناوچەکە گەشاوەتر کرا. گەوهەری حەقیقی ئەو رۆژە لەزەین و هەستی منداڵێک تا کەسێکی بە تەمەن دەدرەوشێتەوە. لەبەر ئەوەی گەلی کورد ٤ی نیسان بە رۆژی لەدایکبوونی خۆی پێناسە دەکات، چون گەلی کورد سەر لەنوێ لەدایکبووەتەوە. ئەلف و بێ ژیانی ئازاد سەر لەنوێ فێر دەبێت. چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دەستنیشان دەکات. بە هزر و رامانی ئازادیخوازی بەرەو قاندرمەی تێکۆشان هەڵدەکشێت. لەکۆی ئەو بابەتانەدا ٤ی نیسان بووەتە ئەو خۆرەی کە وزە و هیوای گەل و کۆمەڵگا گەشاوەتر و بە تین تر دەکات و تا دەڕوات مرۆڤایەتی رووی تێدەکات.

 

* 4ی نیسان بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان چ بایەخ و گرنگی و واتایەكی هەیە؟

ـ ئەو رۆژە بۆ گەلی کورد بە گشتی بێگومان ئەوەندە بایەخ و پڕ نرخە کە پێناسە کردنی لەچەند دێرێکدا زەحمەتە. چون بە دەرکەوتنی ئەو رۆژە گەلی کورد سەر لەنوێ ناسنامەی خۆی دەدۆزێتەوە. لەبنەڕەتدا دامەزراندنی پەکەکە بەو فەلسەفەیە بووە ناسنامەی نوێی کوردی ئازاد لەرۆژهەڵاتی ناوین. بۆیە ئەمڕۆ گەلی کورد هیوا و ئاوات و خەونەکانی خۆی لەناو پەکەکە و هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆدا دەبیننەوە. لەبەر ئەوەیە گەلی کورد لەژێر ئەو چەتر و فەلسەفەدا لەهەر قوژبنێکی جیهان خۆی بە رێکخستن کردووە.

تایبەت لە چوارچێوەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوتەریبی ئەوە، بایەخی زیاترە. چون گەلی کورد لەژێر سایەی هزری رێبەر ئاپۆ لەساڵی ١٩٩٩ بە دواوە بە خرۆشەوە هەوڵی خۆ ڕێکخستن کردن دەدات و ئیرادەی گەوهەری و هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە. واتا دەگەیەتە حەقیقەتێک کە تا ئەو کاتە لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە لێی زەوت کرابوو. چەندێک لەحەقیقەت نزیک دەبێت ئەوەندە هێزی رێکخستن بوونی پتەوتر دەبێت، هێزی پاراستنی بەرینتر و فراوانتر دەبێت. هێزی گەنجان بە خرۆشەوەو روو لەکاروانی ئازادی دەکەن. ژنان لەمەڵبەندی نیشتمان بە عەشق و ئەوینەوە ئاڵای ئازادی دەشەکێننەوەو پەیوەستی ناو ریزەکانی تێکۆشان دەبەن. لەبەر ئەوەیە فەلسەفەی درووست بوونی ٤ی نیسان کۆمەڵێک راو بۆچوون و پارادیگمای تێدا حەشار دراوە. ئەو پارادیگماش ئەمڕۆ بووەتە چراخانی رووناک کردنەوەی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا. بە تایبەت بۆ گەنجان و ژنانی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووەتە ئەو چراخانە کە ئەمڕۆ لەجیهانی تارکی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری زەینیان رووناک دەکاتەوە و بە رووناکی ئەوەش ناونیشانی ئازادی و دیمۆکراسی دەدۆزنەوە. لەبەر ئەوەیە پۆل پۆل پەیوەستی ناو ریزەکانی تێکۆشان بوون و رۆڵی دیارکەریان لەسەرتاسەری کوردستاندا هەیە. بۆیە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ ئەو بایەخەی هەیە کە گەلی کورد سەر لەنوێ چاو بە دونیا هەڵدێنێت و سەر لەنوێ میژووی کورد دەنووسرێتەوە و ئەو مێژووییەی کە نکۆڵی لێکراوە، کۆتایی بەو عەقڵیەتە نکۆڵیکارە دەهێنرێت و مێژووی مۆدێڕێنیتەی دیمۆکراتیک بە خوێنی خۆی دەنووسێتەوە کە ئەوەش پیرۆزترین و بە نرخترین بەهایە کە کەس ناتوانێت جارێکی دیکە لە گەلی کورد زەوت و حاشای لێ بکات.

 

* بۆچی پەژاک لە رۆژی ٤ی نیسان دادەمەزرێت؟

ـ کاتێک ٤ی نیسان بە رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ ناوزەد کراوە، ئەو پێناسەیە لەخۆ دەگرێت کە هەتاوی ئازادی لەکوردستان سەرهەڵدەدات و تین و گەرمایی تێکۆشانەکەی بڵاوەی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەبێت. بە دەرکەوتنی ئەو خۆرە جیهانی تاریک پێ رووناک دەبێت. دەبێتە ناوونیشان و مەڵبەندێک کە کۆی ئەو مرۆڤانەی هۆگر و شەیدای ئازادی و دیمۆکراسین، وەک گۆڵەبەڕۆژە روو لەو خۆرە بکەن. هەبوونی شووناس و ئیرادەی گەوهەری خۆیان پابەندی مەزن کردن و بەرفراوان کردنی هەتاوی ئازادی کردووە. لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ تیشک و گەرمایی هەتاوی ئازادی لەهەر گۆشەیەکی کوردستان و ناوچەکە شەوق دەداتەوە. بۆیە ئەو رۆژە واتایەکی بە نرخ و مێژوویی بۆ گەلی کورد هەیە. چون فەلسەفەیەکی لەناودا کەڵەکە کراوە. راستییەکی مێژوویی لەناودا حەشار دراوە. حەقیقەت یان هەبوونێکی تێدا هەڵدەقوڵێت. بۆیە وەک تەڤگەری رۆژهەڵات و تایبەت وەک جوان و ژنانی ئازادیخوازی رۆژهەڵات دوا بە دوای گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی ساڵی ١٩٩٩ گەنجان و ژنان بە ئەوینەوە خاوەندارێتی یان لەرێبەر ئاپۆ کرد و بوونە حەڵقەیەک لەئاگرین کە لەدژی زیهنیەتی کۆمەڵکوژی، چەوساندنەوە و قڕکردن وەستانەوە.

بۆیە دامەزراندنی پەژاک بەرهەمی رابوونی سەرتاسەری سێ رەشەممەی ساڵی ١٩٩٩یە کە گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ واتادار و بە مێژوویی دەلات. گەلی کورد بە زانابوونەوە دامەزراندنی خۆی لەو رۆژەدا راگەیاند. بەوە گەلی کورد هێڵی تێکۆشان و فەلسەفەی ژیان و رەوتی خەباتی خۆی دەستنیشان کرد. بە دامەزراندنی پەژاک بەڕەنگاری گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی بوونەوە. بەڵێن و پەیمانی خۆیان بە رێبەر ئاپۆ و پەکەکە دا کە “بە بێ سەرۆک ژیان نابێت” و “پەکەکە گەلە گەلیش لێرەیە” تێکۆشانێکی سەردەمیانەیان دەست پێکرد. ئەوەش پەیامێکە کە هەر کەس پێویستە بە باشی لێی تێبگات. چون دامەزراندنی پەژاک لە ٤ی نیسان بە واتای دۆزینەوەی راستی و حەقیقەتێکی ون کراوە. سەرهەڵدانی پارادیگمایەکە کە گەل لەناو پایەکانی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ژینگەپارێزی و ئازادی ژن خۆی بە رێکخستن دەکات. گەلی کورد بەو فەلسەفە و رامانە مۆدێلی نەتەوەی دیمۆکراتیک پەرە پێ دەدات.

لەبەر ئەوەی پەژاک لەژێر ئەو فەلسەفە و پارادیگمایەدا لەدایک بووە، خاوەن عەقڵیەتێکی دیمۆکراتیکە، کە بڕوای بە تەوەرەی یەکێتی نەتەوەیی، دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. چون پەژاک لەو رۆژەدا لەدایکبووە، بڕوای بە فەلسەفەیەک هەیە کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو تێیدا بەرقەرار بێت کە مۆدێلەکەی لەسیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەدرەوەشێتەوە و جیاواز لەهەر لایەنێک یەکسانی لەناو ریزەکانیدا بەرقەرارە. بۆیە دامەزراندنی پەژاک لەو رۆژەدا بەو واتا دێت کە گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەژێر ئەو پارادیگما و فەلسەفەدا کۆمەڵگای خۆی بە رێکخستن دەکات و تاکەکان خاوەن ئیرادەو شووناسی گەوهەری خۆیان دەبن. پەیامێکی دیکەی دامەزراندنی پەژاک لە ٤ی نیسان ئەوەیە کە پەژاک پشت بە هێز و ئیرادەی گەل و کۆمەڵگا دەبەستێت و بەردەوام لەدژی عەقڵیەتی دەسەڵات و دەوڵەت وەستاوەتەوە. واتا پەژاک بە دیارکردنی پارادیگما، ئایدئۆلۆژی، سیاسەت و ئیستراتیژی تێکۆشانی خۆی، هێڵی سێ دەکاتە بنەمای تێکۆشانی و تا بە ئەمڕۆ لەسەر بنەمای سیاسەتی دیمۆکراتیک لەپێناو چارەسەری پرسی کورد و ئازادی و دیمۆکراسی ناو تێکۆشاندایە.

 

* گرنگی دامەزراندنی پەژاک بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چییە؟

ـ گرنگی دامەزراندنی پەژاک ئەوەیە کە لەشەرت و مەرجێکی زەحمەتدا کە ئاڵۆگۆڕی فراوان ناوچەکەی تەنیبوو، دادەمەزرێت. لەقۆناخێکدا کە بێ هیوایی و بێ باوەڕی باڵی بە سەر کۆمەڵگادا کێشابوو و هێز و لایەنە سیاسیەکان لاواز و بێ کاریگەر کرابوون، پەژاک وەک چرووسکەیەکی هیوا سەرهەڵدەدات. دامەزراندنی پەژاک توانی ئەو هیوا دامرکاوانە گەشاوە بکاتەوە. تایبەت دامەزراندنی پەژاک بۆ گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران بووە ئەو خۆرەتاوەی کە ژن و جوان وەک گوڵەبەرۆژە روویان تێکرد. پەژاک بووە ئەو ئاوێنەیەی کە هەر کەس حەقیقەتی خۆی تێدا بینییەوە. هاوکات کۆتایی بە شەڕی تایبەتی رژێمی داگیرکەری ئێران هێنا و توانی سیاسەتی نکۆڵی کارانە کە لەدژی گەلی کورد بەڕێوە دەچوو، رەد و پووچەڵ بکاتەوە و گورزێکی جەرگبڕ لەسیاسەتی نکۆڵی کارانەی رژێم بدات و سەردەمێکی نوێ ژیان و تێکۆشان دەستپێ بکات. تایبەت دامەزراندنی پەژاک توانی یەکێتی نێو گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو شێوە زارەکانیەوە بەرقەرار بکات و جارێکی دیکە رۆحیە و فەلسەفەی یەکێتی نەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی کوردستان بدرەوشێنێتەوە.

فەلسەفەی تێکۆشانی پەژاک وای کرد کە ژنان و گەنجانی کورد پرسی کورد دابڕاو لەیەکدی نەگرنە دەست و پرسی کورد لەسەرتاسەری کوردستان بە پرسی ئازادی خۆ لەقەڵەم بدەن و لەو پێناوەدا بۆ تێکۆشان لەدژی داگیرکاری بە بێ جیاوازی بە هانای گەلەکەیانەوە چوون و خاوەندارێتی لەپرسی کوردیان لەهەر لایەکی کوردستان کردووە. واتا پەژاک بەو فەلسەفەی کە حەقیقەت یەکپارچەیە دابڕاو لەیەک نییە، کوردستان یەکپارچەیە و دابڕاو لەیەک نییە، بەو فەلسەفەیە رەوتێکی نوێ تێکۆشانی هێنا ئاراوە کە زامنی ئازادی و دیمۆکراسییە. ئەوەش رژێمی داگیرکەری ئێران و هاوپەیمانەکانیانی تۆقاند. تایبەت پەژاک لەسەرجەم گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا رەوتێکی نوێ تێکۆشانی لەبواری گەشەدانی هزر و فەلسەفە و پارادیگماوە هێنا ئاراوە. هاوکات فۆڕمێکی نوێ رێکخستنی کۆمەڵایەتی، خەباتی مەدەنی، خەباتی ژینگەیی، ژن و جوان داهێنا کە شووناس، باوەڕی و ئیرادەی گەوهەری لەتاک و کۆمەڵگادا بەرجەستە کرد. پەژاک بایەخی زۆری بە شۆڕشی زیهنی و ویژدانی لەتاکەکان داو بە گەشەدانی پەروەردە تاکێکی هۆشیار و رێکخستن کراوی هێنا کایەی سیاسیەوە. واتا پەژاک لەناو شۆڕشێکدا چەندین شۆڕشی دیکەی لەناو کۆمەڵگا بەرقەرار کرد. بە دامەزراندنی پەژاک شۆڕشی زیهنی، ویژدانی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، ژن، جوان و گەلانی ئێرانی بە دامەزراندنی خۆ بەرپا کرد. ئەوانەش بێگومان تیشکەکەی لەکۆمەڵگای ئێران بە گشتی دەدرەوشێتەوە و رۆژبەرۆژ سنوووری دەسەڵاتداری بەرتەسکتر دەکات. بۆیە رەوتی دامەزراندنی پەژاک تا دەڕوات کۆمەڵگای ئێران بەرەو دیمۆکراتیزە بوون هاندەدات و لەپێناو چارەسەری کێشەی کورد هەنگاوی مێژوویی زیاتر هەڵدەگرێت کە گەرەنتی ئازادی و دیمۆکراسی و دادپەروەییە.

 

*  ١٩ ساڵ بە سەر دامەزراندنی پەژاک تێپەڕ دەبێت دەستکەوتەکانی پەژاک لەم ١٩ ساڵەدا بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ گەورەترین دەستکەوەت ئەوەیە کە گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بووە خاوەنی خۆی. گەل بووە خاوەن کۆمەڵگا، رێکخستن، هێز، هزر، فەلسەفە، رێبەر، شەڕڤان و گەریلای ئازادی. دامەزراندنی پەژاک فەلسەفەیەکی ناو گەل و کۆمەڵگادا برەو پێ دا کە گەل پشتی بە هێزی گەوهەری خۆی ببەستێت. چاوەڕوانی لەهێزە دەرەکیەکان لەپێناو چارەسەری و دۆزینەوەی رێ و رێبازەکانی تێکۆشان نەکات. ئیدی بۆ بەدەست هێنانی دەستکەوتی رەوای گەل پشتی بە هێزی زاتی خۆی بەست و لەو پێناوەدا دەرفەتی تێکۆشانی بۆ خۆی خوڵقاند. پەژاک ئیرادەیەکی پۆلایینی لەناو تاکەکان درووست کرد کە نموونەکانی وەک، شەهید نەوزاد کۆمار، عاکیف مامۆ زاگرۆس، دڵخواز بینگۆڵ، ئافات، هێرش کارزان، زیلان پەپوولە، چالاک جوانڕۆ، مانی کیاکسار، رێزان جاوید، رێناس رۆژ و بە سەدان شەهیدی قارەمان بوونە هەوێنی گرساندنی یەکێتی و بەربڵاوبوونی دیمۆکراسی لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. هەر یەک لەو شەهیدە قارەمانانە فەلسەفە و رەوتێکی نوێ ژیان و تێکۆشانیان بۆ گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز ئاوەڵا کرد. خەتێکی گیانبازی لەکوردستان پەرە پێ دا. هاوکات پەژاک بووە پارتێکی گەنجانە کە زامنی دەستەبەر کردنی ئازادی بۆ ژن و گەنجانە. مەڵبەندی خۆسەری بۆ پەرەپێدانی ناسنامەی ئازادی ژنە. لەبەر ئەوەیە کە ئەو دوو پێکهاتە بە گوڕ و تینێکی مەزنەوە روو لەپەژاک دەکەن و لەناو ریزەکانی گەریلادا جێیان گرتووە. تایبەت لەناو تەڤگەری رۆژهەڵاتی کوردستاندا گەورەترین دەستکەوت ئەوەیە کە گەلی کورد بۆ خۆی خاوەن هێزێکی مەزن وەک یەرەکە و هەپەژەیە. ژنان بوونە خاوەن مۆدێلی نوێ تێکۆشان بە ناو کەژار. سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ گەشەدانی ژیانی ئازاد بوونە خاوەن کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە گەنجان بوونە خاوەن رێکخستنی کەجەڕە. هاوکات پەژاک توانیویەتی بە پێی ویست و داخوازیەکانی کۆمەڵگا ئەوەندە مەڵبەند و ناوەندی تێکۆشان درووست بکات کە هیوای مرۆڤەکانی تێدا بگەشێنتەوە.

گرنگتر لەهەمووی ئەوانە پەژاک پارادیگمای کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ژینگە پارێز و ئازادی ژن دەگەشێنێتەوە کە تایبەت لەژێر ئەو پارادیگما و فەلسەفەیە گەلی کورد رەوتێکی تێکۆشانی گرتووەتە بەر کە بە گەشەدانی دیمۆکراسی کۆمەڵگا بەرەو دیمۆکراتیزاسیۆن پەلکێش دەکات. هاوکات بە گەشەدانی خەباتی ژینگەیی و ئازادی ژن عەقڵیەتی تاڵانکار و دەسەڵاتدار تێکدەشکێنێت. ئەو دەستکەوتانە بێگومان پایەکانی رژێمی لەرزاندووە. جیا لەوەی کە پەژاک وەک تەڤگەرێکی نەتەوەیی لەچوارچێوەی کوردستان و ئێران کار و خەبات بەڕێوە دەبات، لەپێناو پێکهێنانی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران تێکۆشانێکی بێ وچانی بەڕێوە بردووە. چون ئەوە بە هەنگاوێکی ئیستراتیژی لەقەڵەم داوە و لەدەستپێکی تێکۆشانی خۆیەوە تا بە ئەمڕۆ لەسەر ئەو رەوتە تێکۆشاوە. لەپێناوەدا ئەمڕۆ راشکاوانە بەرهەمەکەی لەئاستی ئێراندا دەبینرێ کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لێ سەوز بوو.

شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گەورەترین دەستکەوتی پەژاکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مۆرکی خۆی لەتێکۆشانی سەد ساڵەی گەلی کورد دا. ئەو شۆڕشە توانی وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی زیهنی و کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگای ئێراندا درووست بکات. بە تایبەت بە دەستپێشخەری ژن و گەنجان رەوتێکی نوێ ژیان و تێکۆشان لەکۆمەڵگاکانی ئێران هاتە ئاراوە. بێگومان ئەوەش هیوای گەهێشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی گەشاوەتر دەکات. بۆیە پەژاک بۆ خۆی گەورەترین دەستکەوتە کە لە ٤ی نیساندا لەلایەن رێبەر ئاپۆوە خەڵاتی گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستاندا کرا. چون لەو سەردەمەدا گەلی کورد تینووی ئازادی، دیمۆکراسی و پارادیگمایەکی نوێ بوون کە بە دامەزراندنی پەژاک ئەو تینوویەتی شکا، بەرز کردنەوەی درووشمی ژن ژیان ئازادی ئەو حەقیقەتە دەسەلمێنێت کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و پابەندی و ویست و داخوازی گەل و کۆمەڵگا بۆ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ دەسەلمێنێت.

 

* لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەردەوامە و ٧ مانگی تێپەڕاند ئێوە لەکوێ ئەو شۆڕشە دان؟

ـ پەژاک وەک تەڤگەرێک بڕوای بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. چون گەلانی ئێرانیش بڕوایان بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. هەتاوی ئازادی و دیمۆکراسی لەکوێ سەرهەڵبدات گەلیش روویان لەو جێگەیە. مادام پەژاک وەک ئەو خۆرەتاوەیە کە گوڵەبەڕۆژەی ئازادی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران رووی تێدەکەن. پارادیگمایەک کە پەژاک هەڵیگرتووە، توانیویەتی رووچنێکی ژیانەوە لەناو کۆمەڵگای داخراو و چەقبەستووی ئێران درووست بکات. بە تایبەت کۆمەڵگایەک کە ناو خەفەقان، دۆگماتیزم، لیبرالیزم و هزری خوێنمژی رژێم، ژیان بە سەر دەبەن کە هیوای ژیانەوە لەمرۆڤەکان بن بڕ کردووە. پەژاک بووە ئەو رۆچنەی کە هیوای بە مرۆڤەکان بەخشیوە. بە تایبەت پارادیگمایەک کە هەڵیگرتووە، وڵامی هەموو پرسیار و ویست و داخوازیەکانی کۆمەڵگا دێنێتە دی. بە تایبەت لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ پەژاک بڕوای بە فەلسەفەی ئازادی ژن هەیە و لەپێناو بەربڵاوکردنەوەی ئەو فەلسەفە تێکۆشان دەکات. هەرچەند پەژاک زیاتر لە ٢٥ ساڵە بە بێ وچان تێکۆشانی دیمۆکراتیک بەڕێوە دەبات. بەڵام پاشخانێکی مێژوویی ٥٠ ساڵەی تێکۆشانی رێبەر ئاپۆی هەیە کە لەکوردستاندا لەپێناو بەربڵاو کردنی فەلسەفەی ئازادی ژن برەوی پێ داوە کە لەباکووری کوردستاندا و لەرۆژئاوای کوردستاندا نموونەکەیمان بینی و لەشۆڕشی رۆژئاو کە تایبەت سەرنجی جیهانی بۆ خۆ راکێشا. جارێکی دیکە لەئەمڕۆدا بە تێکۆشانی بێ وچانی پەژاک جارێکی دیکە سەرنجی جیهان بۆ خۆی راکێشا. بە شۆڕشی ئازادی ژن هیوای مرۆڤایەتی جارێکی دیکە گەشایەوە. جارێکی دیکە گورزێکی جەرگبڕ لە عەقڵیەتی پیاوسالاری و عەقڵیەتی دەوڵەت لێدرا. ئیدی بۆیە پەژاک ئەمڕۆ خۆی لەناوەندی ئەو شۆڕشەدا دەبینێ. چون پەژاک بۆ خۆی هەڵگری ئەو فەلسەفەیە. لەپێناو ئەو فەلسەفەدا بە هەزاران شەهیدی قوربانی داوە. ئەوەش دەرئەنجامی تێکۆشانی ئەو شەهیدانەیە کە ئەمڕۆ لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرەوشێتەوە. هاوکات بە سەدان کادیری پێشەنگ و سەدان دۆست و لایەنگری پەژاک لەناو گرتووخانەکاندا لەپێناو ئەو فەلسەفە بەرخودانیان کردووە کە نموونەکەی هەڤاڵ شیرین عەلەم هۆلی یە کە لەپێناو فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی چوە بەر پەتی سێدارە. هەروەها هەڤاڵ زەینەب جەلالیان نموونەی دیکەی ئەوەیە کە لەپێناو گەشەدانی ئەو فەلسەفەیە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە بەندیخانەکانی ئێران بەرخودانێکی بێ وێنە دەکات و بە تایبەت ئەوانەی کە لە چیا ئازادەکانی کوردستان لەدژی عەقڵیەتی دەسەڵات بەرخودان دەکەن، تێکۆشان لەدژی زۆڵم و داگیرکەری و لەدژی فاشیزم بەڕێوە دەبات. بێگومان پەژاک بۆ خۆی پارچەیەک لەو تێکۆشانەیە. کاریگەری تێکۆشانی ئێمە بێگومان کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و ئەو حەقیقەتەیە کە ئەمڕۆ لەشەقامەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرەوشێتەوە و بە بەرزکردنەوە و فراوان کردنەوەی ئەو تێکۆشان بێگومان دەمانەوێت هیوای گەلانی ئێران و گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بگەشێنینەوە. بە تایبەت ئەو هیوایەی کە مرۆڤایەتی پێی هەیەتی بە دی بهێنین و دیمۆکراسی و ئازادی لەناوچەکەدا بەرقەرار بکەین.

 

* لە ١٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەژاک پلان و پڕۆژەتان بۆ سەرکەوتنى شۆڕشی ئازادی ژن چییە؟

ـ بێگومان هەر تەڤگەرێکی ئازادیخواز بە بێ پلان و پڕۆژە ناجوڵێتەوە. پەژاکیش بۆ خۆی پڕۆژەی ئازادی گەلی کورد و گەلانی ئێرانە. بە تایبەت پڕۆژەی گشتی کورد ئازادی کوردستانە، بۆیە دەبێت لەپێناوەدا تێکۆشان پتەوتر و بەرین تر بکرێت. ئەوەش پابەندی ئازادی رێبەر ئاپۆیە. چون ئەگەر رێبەر ئاپۆ لەبەندیخانەدا ئازاد نەکرێت و لەناو عەقڵیەتی نکۆڵی کار دەرنەهێنرێت، پڕۆژەی گشتی گەلی کورد بێ ئەنجام دەبێت. بە تایبەت شۆڕشێک کە گەلان ئەمڕۆ لەئێران بەڕێوەی دەبەن ناگاتە ئەنجام. چون سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە پابەندی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە. بێگومان ئێمەش وەک تەڤگەرێک هاوکات لە گەڵ تێکۆشانی گەلی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان تێکۆشانی قایم و بەرین بەڕێوە دەبەین و ئەوەمان گرێدراوی یەک لەقەڵەم داوە، واتا کێشەی کورد، گرێدراوی یەکن. بە تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پڕۆژەی پەژاک لەچوارچێوەی پێکهێنانی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران کە پشت بە ئێرادەی گەوهەری کۆمەڵگا و دیمۆکراسی دەبەستێت. واتا بە دوور لەدەستێوەردانی دەرەکی و بە دوور لەعەقڵیەتی پیاوسالاری و دەوڵەتمەدارییە کە دەتوانێت هیوا و ئاواتەکانی گەلان دەستەبەر بکات و گەرەنتی ئازادی و دیمۆکراسی بکات. لەو چوارچێوەیەدا لەرۆژهەڵاتی کوردستانیش یەکێتی و یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنەکان و کۆمەڵگای کوردی کردوەتە ئامانج تا بتوانین کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک بەرقەرار بکەین. هاوکات بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئامانجانەی کە دیارمان کردووە رێکخستن بوونی هەموو پێکهاتەکانی ناو ئێران بە تایبەت بە عەقڵیەتێکی دیمۆکراتیک و ئازادیخواز بە بنەما گرتووە. تایبەت بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئامانجە هۆشیار کردنی کۆمەڵگا لەچوارچێوەی زیهنی، ویژدانی و ئەخلاقی برەو پێ دەدەین. لەلایەکی دیکەوە لەپێناو پاراستنی هەبوون و حەقیقەتی گەلی کورد برەو بە پاراستنی گەوهەری لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا دەدەین و ئەوەش وەک رەوتێکی تێکۆشان دەگرینە بەر. تایبەت پلان و پڕۆژەیەک کە گەلی کورد بە ساڵان لەپێناویدا تێکۆشان دەکات، وەک پەژاکیش ئێمە بڕوامان بەوانە هەیە کە گەلی کورد بە بێ ئەوانە ناگاتە ئازادی و ویست و داخوازیە رەواکانی کە لەپێناویدا دەستەبەری کردووە. بۆیە ئێمە وەک تەڤگەرێک بۆ هەر ئەگەرێک لەناو ئامادەکاری فراون و بەرین داین و بە تایبەت بۆ ئەوەی بڵێسەی شۆڕش بەردەوام گەشاوەتر ببن، تێکۆشانی زیهنی، ئایدئۆلۆژی و پارادیگمایی بە بێ وچان برەو پێ دەدەین و تا دوایی بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی و پێشەنگایەتی کردن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا.

 

* پێشبینیتان بۆ داهاتووی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی چییە؟

ـ ئەو بڕیارەی کە گەل دوایەتی بریاری گەهێشتن بە ئازادی و دیمۆکراسییە. دیارە بەرپا بوونی ئەو شۆڕشە بڕیارێکی زۆر قورسە کە گەلان هەم لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داویانە. چون گەلان لەپێناو گەهێشتن بە ئازادی ئامادەی قوربانیدانێکی زۆرن و نایانەوێت لەژێر هەژمۆنی ئەو رژێمه ژیان بە سەر بەرن. واتا گەلان بە بەرپا کردنی ئەو شۆڕشە لەدژی زۆڵم و زۆرداری و داگیرکەری و عەقڵیەتی بەستەڵەک کراوی رژێم کە پشتی خۆی بە سیاسەتی لەسێدارەدان، گرتن، کوشتن، هەژاری، بێکاری و ئەو سیاسەتە چەپەڵانە داوە، گەلان بەڕەنگاری ئەو سیاسەت بوونەتەوە. دیارە ئەو درووشمانەی کە لەشەقامەکان بەرز دەکرێنەوە، پێشبینیەکان لەگەهێشتن بە حەقیقەت زیاتر نزیک دەکاتەوە. واتا ئەو شۆڕش تا دەڕوات زیاتر درەوشاوەتر دەبێ و کۆمەڵگا زیاتر لەئازادی نزیک دەکاتەوە. چون ئیدی عەقڵیەتێکی دیمۆکراتیک باڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا دەکێشێت. لەبەر ئەوەی پارادیگمای کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ژینگەپارێز و ئازادی ژن ئیدی باڵی بە سەر گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کێشاوە. بە تایبەت شۆڕشی زیهنی و ویژدانی لەئاستی ئێران گشتگیرتر دەبێت. یەکێتی گەلان دیارە بەرین تر و فراوانتر ببن. گەل هێزی گەوهەری خۆی بە دوور لەعەقڵیەتی دەسەڵاتداری بە دوور لەدەستێوەردانی دەرەکی و بە دوور لەو فەلسەفەی ئەوانەی لەدەرەوە هەیە، دەبەستێت و بۆ گەهێشتن بە ئامانجی خۆی، تێکۆشانی خۆی پتەوتر دەکات. بۆیە گەل ئەو بڕیارەی کە داویەتی و ئەو ئامانجەی کە دیاری کردووە، حەتمەن پێی دەگات و بە پێچەوانەی ئەوانەی کە ئەمرۆ خەون و خەیالەکانی خۆیان لای هێزە دەرەکیەکان بەستوەتەوە و بەدەستێوەردانی دەرەکی دەیانەوێت بگەنە ئازادی و دیمۆکراسی پڕۆژەیەکن کە هەرگیز ناگەنە ئەنجام و تووشی شکست و داڕمان دەبن. هاوکات پڕۆژەیەکیش کە رژێم دیسان لەدژی شۆڕش گرتوویەتە بەر لەپێناو داپڵۆساندنی ئەو شؤڕش هەرگیز ناگاتە ئەنجام. چون گەلی کورد و گەلانی ئێران ئەمڕۆ بە فەلسەفەی ٤ی نیسان تێکۆشانێکی سەردەمیانەیان دەستپێکردوە و ئەوەش هەرگیز راناوەستێت. فەلسەفەیەکە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیرادە پۆلاینەی کە لە گرتووخانەی ئیمڕاڵی بەرخودانێکی بێ وێنە بەڕێوە دەبات و هاوکات لەچیا سەرکێشەکانی کوردستان لەدژی چەکی دڕندەی ناتۆ و هێزەکانی ناتۆ بەرخودان دەکات، بێگومان ئەو گەلەش لەشەقامەکاندا تەواوکەری ئەو بەرخودانەن و ئەوەش گەهێشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی مسۆگەر دەکات. بۆیە لەو بڕوایەدام ئەوانە کە لەبەرەکانی تێکۆشانی گەل دادەبڕێن و دەیانەوێت ئەو شۆرش بە لاڕێدا بکێشن، دەکەونە زبڵدانی مێژوویەوە و تین و گەرمایی ئەو شۆڕش رژێم بەرەو لێواری لەناو چوون دەکێشێت و خۆری ئازادی بۆ بووژانەوەی ژیانی مرۆڤایەتی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدەدات.