وێنە

به‌ بۆنه‌ى 67مین ساڵرۆژى دامه‌زراندنى کۆمارى مه‌هاباده‌وه‌، کۆمیته‌ى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK له‌ شارى مانچستەرى به‌ریتانیا به‌ به‌شداربوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ کوردستانیان نیشته‌جێى مانچستەر سیمینارێکى ڕێکخست و تێیدا له‌سه‌ر رۆڵ و گرنگى “کۆمارى کوردستان له‌ مه‌هاباد” له‌ مێژووى کوردان دا گفتووگۆ کرا .

له‌ سمیناره‌که‌دا له‌ سه‌ر تێکۆشان بۆ دامه‌زراندنى کۆمارى کوردستان و ئه‌و هه‌لوومه‌رجه‌ى که‌ کۆمار تێدا دامه‌زرێندرا هه‌ڵسه‌نگاندن کرا و سه‌رنج راکێشرایه‌ سه‌ر ئه‌و کاریگه‌ریانه‌ى که‌ کۆمارى کوردستان له‌ لایه‌نى رۆشنبیری، ڕاگه‌یاندن و تێکۆشانى ئازادى ژنانه‌وه‌ ، له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگاى کوردستان دایناوه‌ . هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ هۆکاره‌ ده‌رکییه‌کانى رووخانى کۆمارى کوردستان کرا و، وه‌کو هۆکارى ناوخۆش نه‌بوونى یه‌کێتى و یه‌کریزى و به‌ تایبه‌تى هه‌ڵوێستى ناڕوون عه‌شایرى ده‌رووبه‌رى مه‌هاباد و پشتیوانى نه‌کردنیان له‌ دامه‌زرێنه‌رانى کۆمارى کوردستان هه‌ڵسه‌نگاندنى له‌ سه‌ر کرا.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى سمیناره‌که‌دا له‌ سه‌ر به‌رده‌وامى نه‌ریتى تێکۆشانى کۆمارى کوردستان گفتووگۆ کرا و وه‌کوو نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ تێکۆشانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى گه‌لى کورد له‌ چیاکانى کوردستان و هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان وه‌کوو به‌رده‌وامى تێکۆشانى کۆمارى کوردستان کرا.

له‌ سیمیناره‌که‌دا هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر پیڤاژۆى سیاسى له‌ رۆژهه‌ڵات، باشوور و باکوورى کوردستان هه‌ڵسه‌نگاندن کرا و به‌ تایبه‌تى ئاماژه‌ به‌ پێگه‌ى خۆبه‌رێوه‌به‌رى دیموکراتیکى گه‌لى رۆژئاواى کوردستان و لێکچوونى له‌ سه‌رده‌مى کۆمارى کوردستان کرا. له‌ هه‌مانکات دا له‌ سه‌ر پێڤاژۆى دانووستاندنه‌کان‌ له‌ نێوان ڕێبه‌رى گه‌لى کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و کاربه‌ده‌‌ستانى ده‌وڵه‌تى تورک هه‌ڵسه‌نگاندن کرا و تیرۆرى 3 ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دارى کورد له‌ پاریس وه‌کوو هه‌وڵدانێک له‌ دژى ئه‌و پێڤاژۆیه‌ى له‌ باکوورى کوردستان ده‌ستى پێکردووه‌ ناودیر کرا.

له‌ سمیناره‌که‌دا له‌ سه‌ر مێژووى پیلانگیرى له‌ کوردستان و ئه‌و پیلانگێریانه‌ى رووبه‌ڕووى کۆمارى کوردستان له‌ مه‌هاباد بوویه‌وه‌ و ئه‌و پیلانگیریانه‌ى له‌ سه‌رده‌مى ئه‌مرۆ دا له‌ دژى ته‌ڤگه‌رى ئازادى گه‌لى کورد له‌ ئارادایه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنى له‌ سه‌ر کرا.

شایانى باسه‌‌ سمیاره‌که‌دا به‌ پرسیار و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانى به‌شدار بووان کۆتایى پێهات.

 

ئاژانسی هه‌واڵی فرات
(so.firatnews.com)