لێدوانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن

لە حاڵێکدا بەرەو پیلی هەشتی ماڕس، ڕۆژی جیهانی ژن دەچین کە پاراستنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بەردەوام کردنی ئەو تا گەیشتن بە سەرکەوتن، بۆ تاک بە تاکی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەڵانی سەرتاسەری ئێران گرینگی تایبەتی هەیە. ئەو شۆڕشە سەرەتای وەرزێکی نوێیە لە تێکۆشان و دەستپێکی گۆڕانی بنەڕەتی و پێکهاتەیییە لە ئێراندا. پارتی ژیان ئازادی کوردستان (پەژاک) لەسەر بنەمای خەبات بۆ ئازادی ژنان دامەزراوە و تا گەیشتن بە ئازادی هەموو ژنان، بە هێز و تواناوە، خەبات و تێکۆشان درێژە پێدەدات.

کۆمەڵگەکانی ئەوڕۆ لە سەردەمێکدان کە دژایەتی ژن بەشێکە لە پێکهاتەی شارستانی دەوڵەتانی ناوەندگەرا و پیاوسالار. دیاردەی ژن لە بەرامبەر ئەو سیستەمانەی کە بەرهەمی نزیک بە ٥٠٠ ساڵی شارستانی سەرمایەدارین، گەورەترین دیاردەی ستەم لێکراو لە مێژوودایە. شارستانییەک کە لەسەر بنەمای سێکوچکەی (( پیاوسالاری، دەوڵەتگەرایی و سەرمایەداری)) هەر بڕگەیەکی هەبوونی ژنانی بۆ فرۆشتن و کۆیلایەتی دانەوە، ئەوڕۆ لە هەموو قوجبنێکی جیهان دژایەتی ژنانی گەیاندۆتە مەترسیدارترین ئاست. ئێستا دۆخی سەدەکانی ناوەڕاست بۆ ژنان، بەهەموو پێکهاتە مەترسیدارەکانی خۆیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین. جیهانێک کە پڕاوپڕە لە چەوساندنەوە و کۆیلایەتی دژی ژنان، پێویستی بە گەورەترین خەبات و تێکۆشان هەیە بۆ ڕزگاری و ئازادی.

ئەوڕۆ تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورد بەرەڕووی مێژوویەکی دوورودرێژی دژە ژن بۆتەوە کە قۆناغەکانی دامەزراوەیی بۆ چەوساندنەوە و شەڕەکەی تێپەڕکردووە و لە قەوارەی سیستەمەکانی چەوسێنەر و کۆیلەداری، دەوڵەتگەرایی و سەرمایداری گەیشتۆتە لوتکە. کولتوری سیستەمی سەرمایەداری لە هەموو وشکانییەکانی جیهان بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەربنەمای پیاوساڵاری ڕەها (( کۆمەڵگە، ژن و  ژینگە)) بەرەو ڕووی مەترسیدارترین تێداچوون و هێرش و دەستدرێژی کردۆتەوە. ئەو سیستەمە ئەوڕۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بنیاتی قەفەزی ئاسنین، کۆمەڵگە و ژنی بە دیل گرتووە  و ژینگەی لە ناوبردووە. سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ناوازەی کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژنان لە سەرانسەری ئێرانیش هەر بەهۆی هەمان ئاستی مەترسیداری شارستانییەت و کولتوورێک هاواری بەرزکردۆتەوە کە بەزەیی بە هیچ کەس و بە تایبەت بە ژنان دا نایەت.

لە هەر قوجبنێک لەو دنیایە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاستی دژایەتی ژن، ستەمی بەرامبەر گەلان و چەوساندنەوە و لەناوبردنی ژینگە بگاتە لوتکە، گشتی ئەوە دەبێتە داهێنەری گەورەترین ڕاپەڕین و شۆڕش. ئەوەی ئەوڕۆ لە ئێران ڕوودەدات، گڕگرتنی شۆڕشێکە، کە لە دژی گەورەترین ناوەندی دژایەتی ژن لە جیهان ڕاپەڕیوە و لێپرسینەوە لە هەموو دامەزراوە ستەمکار، دەستدرێژکەر و هێرشکەری سەر ژن دەکات و قۆڵی هیمەتی لێهەڵماڵیوە. جێگەی خۆشییە کە دەیان ساڵە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان و گەلان لە لایەن پێشەنگانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یانی گەلی کورد ئەوڕۆکە مەشخەڵی ئازادیخوازییەکەی بەرەو ئێران هەڵگرتووە و درەوشاوەترین سەرهەڵدانی تۆمارکردووە. بە دڵنیاییەوە ئەو زیندووبوونەوە لە سەربنەمای خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی گەلی کورد، میراتگر و ئاڵاهەڵگری هەموو تێکۆشانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. گەرەنتی ئەو تێکۆشانە لە ڕاستیدا فەلسەفە، ئەندێشە و بیرۆکە، کاراکتەر و عەقڵیەتی  تایبەتی  شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە. شک و گومان و حەتا تنۆکێک دواکەوتن لە باوەڕی پێدان بە ڕاستی و دروستی ئەو شۆڕشە دروست نییە، چوونکە میراتی میژوویی تێکۆشانی ئازادیخوازانە بەفیڕۆ دەدات. بەڵام ئەگەر بە باوەڕ، متمانە، بەیەکەوەبوون و یەکگرتنەوە و تێکۆشانی یەکلاکەرەوە بەردەوام بکات، گەورەترین بەختەوەری بۆ کۆمەڵگەکانی ئێران دێنێتە ئاراوە.

پەژاک کە لەسەر بناغە تۆکمە و بە هێزەکانی ڕیگەی ((ژن، ژیان، ئازادی)) هاتۆتە کایەوە، ئەوڕۆ تەواوی سرنجی بە هێزەوە داوەتە گەشەی شۆڕش و لە سەر بنەمای پاڕادایمی (( کۆمەڵگەی دیێموکڕاتیک و ژینگەپارێز لەسەر بنەمای ئازادی ژن)) بۆتە هێزی گۆڕانکاری سەردەم. ئێمە شانازی پێوەدەکەین کە بە تێکۆشانی خۆمان توانیومانە ڕێگەی دروستی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی (( کۆمەڵگە، ژن و ژینگە)) بکەینەوە و بە فیداکاری و فیدایی بوون ئامادەی بەردەوام کردنی ئەو ڕێبازەین. ژنانی گەریلا لە چوارچیوەی پەژاکدا ئامادەی پاراستنی سەرهەڵدان و شۆڕشی سەدەی ئازادین و بێ دوودڵی ئەرکی پێشەنگایەتی پێکدێنن.

پارتی ژیان ئازادی کوردستان(پەژاک) وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژن لە هەموو ژنانی ئازادیخواز و تێکۆشەر، گەلی کورد و هەموو گەلانی چەوساوە، بۆ پاراستنی شۆڕشی نوێی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێبازی پڕ پیت و بەرهەمداری شارستانییەتی دێموکڕاتیک کە شارستانییەتی ئازادی ژنان، کۆمەڵگە و ژینگەیە، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی خۆڕاگر بانگهێشت دەکات. داوا لە هەمووان دەکات کە جۆشەوە ببنە ڕێڕەوی پاراستنی ژیان، ئازادی و بەختەوەری. ئەو شۆڕشە میراتی هەموو شەهیدانی گەلەکەمانە بە درێژایی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد. ئەرکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە پانتایی وەدیهێنانی رێنسانس لە کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میارتی جیهانی ژنان قورس و بەشکۆیە. بە دڵنیاییەوە، کوردستان ناوەندی خەبات و تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و هەیە و دەبێ بەردەوام لەو ئەرکەی خۆی بەتایبەت لە ئێرانی ئەوڕۆدا بەردەوام بێت. کۆمەڵگەی ئێمە، ئەوڕۆ ئازادی خۆی لە ئازادی ژناندا دەبینێتەوە و ئەوە پاکترین، ئەخلاقیترین و سیاسیترین ڕێگەی تێکۆشانی دێموکڕاتە. پێویستە هەمووان باوەڕی قوڵیان بە دەستکەوتە بەرزەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بێت و بۆ گەیاندنی بە لوتکە تێکۆشان بکەن. بە جۆش و هەست و سۆزی شۆڕشی ژنان و دروشمی نەورۆز بەرخۆدانە و بەرخۆدان ژیانە مەشخەڵی تێکۆشان لە ڕۆژی جیهانی ژنەوە بەرەو نەورۆز هەڵکەین. بێگومان، کۆمەڵگە و ژینگە بە پێشەنگایەتی ژنان دەگاتە ئازادی.

پارتی ژیان ئازادی کوردستان ( پەژاک )

٥ی ماڕس ٢٠٢٣