زیلان ڤەژین هاوسەرۆكی پەژاك؛ سەرەتادا هەموو ئەو كەسانەی كە لە بومەلەرزەكەی رۆژهەڵات، باكوور و رۆژئاوای كوردستاندا گیانیان بەخەتكردوە بەبیر هێناوە و سەرخۆشی لە هەموو زیانلێكەوتووان و شەفای بۆ برینداران خواست و گوتی كە ئەمە تەنیا بوومەلەرزەیەك نییە؛ بەڵكو كۆمەڵكۆژیەكە. هەڵویستی گەل لە بەرانبە ئەم كارەساتە لە هەر چوارپارچەی كوردستان زۆر باش بوو و هیوادارین هەر بەو شێوەیە بتوانن یارمەتیدەری یەكتر بن و یەكگرتوو بن. رۆژی سێ رەشەمە”سێ ئەسفەند” ئەو رۆژە لەلایەن گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە؛ سەرهەڵدانێكی بێ‌وێنە بۆ شەرمەزاركردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پێكهات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش تا ئێستاكە تێكۆشان بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ و دیموكراسی بەردەوام دەبێت. رێبەر ئاپۆ گەلانی كرد بە خاوەن ئیرادە و بیر و باوەڕی راستەقینە بۆیەش خاوەنداری ئەوەندە بەهێز پێكدێ و لە هەلومەرجی دربڕینی ناڕەزایەتیەكاندا پەژاك بونیاد نرا و لە هەموو گۆڕەپانەكاندا دەستی بە تێكۆشان كرد.

زیلان ڤەژین لە بەردەوامی قسەكانیدا سیاسەتی دیمۆكراتیك هەڵدەسەنگێنێت و وەها شرۆڤەی دەكات؛ سیاسەت و دیموكراسی دوو چەمكی دانەبڕاون لەیەكدی و یەكیان بەبێ ئەوی دیكەیان نابێت. وەكو رێبەر ئاپۆش دەڵێت؛ دیموكراسی وشەیەكە كە هەرە زۆر بەكار دەهێندرێت و هەرە زۆریش پێچەوانە كراوەتەوە. چەند جۆرە دیموكراسیمان هەیە و هەر كامەشیان بۆ خۆیان خاوەن تایبەتمەندی و جیاوازی بەخۆیانن؛ بەڵام ئێمە دیموكراسی راستەوخۆمان بۆ خۆمان بەبنەما وەرگرتووە. لەم جۆرە دیموكراسییەدا گەلان خۆیان، راستەوخۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن و راستەراست لەنێو گۆڕەپانی سیاسەتدا جێگە دەگرن.

 

سیاسەت بەواتای بوون و ئازادییە بۆ گەل

 

زیلان ڤەژین دیموكراسی نوێنەرایەتی كە لەلایەن دەوڵەتانەوە پەیڕەو دەكرێت شیرۆڤەیەكی وەهای پێشخست. دیموكراسی نوێنەرایەتی دەتوانێت شێوازێكی باش بێت، بەڵام بەمەرجێك كە گەلان بۆخۆیان ئێرادەی هەڵبژاردنیان هەبێت كە ئاخۆ چە جۆرە سیاسەت و سیستەمەكیان دەوێت؛ بەڵام ئەمڕۆكە لە ناو دەوڵەتاندا رێك پێچەوانەیە بۆ نموونە دەوڵەتی داگیركەری ئێران لە هەڵبژارتنی سەرۆك كۆماریدا هەرجار ئەمە خۆی دەداتە دەر. رێبەر ئاپۆ دەڵێت:” كۆمەڵگەیەكی بێ سیاسەت وەكو مریشكێكە كە سەریان لەلاشی كردبێتەوە، خۆی بەهەموو شوێنێكدا دەدات؛ چونكە مێشكیان لێكردۆتەوە. هەروەها؛ سیاسەت بە واتای هەبوون و ئازادییە بۆ ئەو گەلە و بێ یەكتر ناتوانن بەردەوام بن. دەوڵەتی داگیركەری ئێران هیچ پەیوەندیەكی بە دیموكراسی و سیاسەتەوە نیە و تەنیا ئەم كارانە وەكو نمایەش”خۆدەرخستن”پێكدێنێت. سیاسەت گۆڕەپانی ئازادی كۆمەڵگەیە. ئەگەر كۆمەڵگەیەك لە ناو سیاسەتدا جێ بگرێت ئەوە لەوێدا دیموكراسی هەیە؛ بەڵام ئەگەر نەبێت ئەوە سیاسەتی دەوڵەت سەروەرە.

زیلان ڤەژین لە بەردەوامی قسەكانیدا بابەتی ترس لەسیاسەتیشدا شرۆڤە دەكات و دەڵێت؛ سەرەتا دا ئاماژەم پێكرد سیاسەت گۆڕەپانێكی كۆمەڵگەیە و پێوەندی بە ژیانەوە هەیە، بەڵام دەوڵەت لە گۆڕەپانەكانی ئابووری، سیاسی، كەلتوری، لەشكەری و … هتد، خۆی دەسەپێنێت و ئەمانە لە دژی كۆمەڵگە بەكار دەهێنیت، بۆیەش هەر كەس لەسیاسەت دوورە پەرێزی دەكات و خۆیان لەسیاسەت كردن دوور دەكەنەوە. دەوڵەتان هەموویان خۆیان بە دیموكراتیك لە قەڵەم دەدەن و ئەم كردەوانەش لەسەر ناوی سیاسەت و دیموكراتیك نیشان دەدەن؛ بەڵام ئەمە لە كاتێكدایە كە دەوڵەت لە هەموو شوێنێكی جیهاندا؛ تەنیا بە ئینكاركردنی كۆمەڵگە و دیموكراسی خۆی لەسەر پێ دەهێڵێتەوە. گەل دەترسێ و بۆ خۆپاراستن، خۆی لەم گۆڕەپانانە دوور دەگرێ لە كاتێكدا كە ئەمانە گۆڕەپانی كۆمەڵگە بۆخۆیەتی.

هاوسەرۆكی پەژاك لەبەشێكی تری ئاخاوتنەكاندا تیشك دەخاتە سەر رۆڵ و پێگەی ژنان لەمێژوودا و دەڵێت؛ دیموكراتیكبوون؛ بابەتێكی زیهنی و چاندییە. دیموكراتیك بوون، ئەو چەمكەیە كە سەرەتا دەبێت لەنێوان هەر دوو رەگەزی ژن و پیاودا پێكبێت. رێبەر ئاپۆ بە بەشدار كردنی ژنان بۆ ناو ریزەكانی گەریلا و تێكۆشان بۆ ئازادی ئەمەی دەستەبەر كرد و وەكو سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بونیادی پێ بەخشی. چەند هەزار ساڵە كۆی كۆمەڵگە لە لایەن رەگەزێكەوە ئیدارە دەدرێت و بەرێوە دەچێت و زیهنیەتی پیاوسالاری و رەگەزگەرایی باڵادەستە؛ هەر بۆیەش ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت وەدەرنراون و دوورخراونەتەوە. دەوڵەت بۆ خۆی بە عەقڵیەتی تاكپەرەستی؛ رەگەزپەرەستی، نەتەوەپەرەستی و زانست پەرەستی و دینپەرەستی خۆی لەسەر پێ راگرتووە و كوێ گشتی گۆڕەپانەكانی ژیانی بەرتەسك و قۆرخ كردوە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە فكر و ئایدئۆلۆژیای لیبرالیستی؛ ژنی كردۆتە كاڵایەك كە تەنیا وەكو نمایەشێك بۆ نیشاندانی دیموكراتیك بوونی خۆیان پیشانی دەدەن، بەڵام لەناوەڕۆكدا زیاتر لەهەر قۆناخێكی مێژوویی ژنی بەكوێلە كردوە و لەخزمەت سیستەمەكەی خۆیدا بەكاری دەهێنێت. تا ئەو كاتەی ژنان بەشێوەازێكی بەرفراوان لەگۆڕەپانی سیاسەتدا جێ نەگرن؛ دیموكراسی بەهیچ شێوەیەك پێشناكەوێت.

 

دەوڵەت و رژێمی داگیركەری ئێران؛ ژنان لەیەكدی دادەبڕێت و پارچەیان دەكات

 

زیلان ڤەژین ئاماژە بە سیاسەتی دەوڵەتی داگیركەری ئێرانیش لەمەڕ ژنان و لەیەكتر دابڕانیان دەكات و دەڵێت؛ ژنان دەبێت بەزیهنیەتی ژنانەی خۆیانەوە بەشداری گۆڕەپانی سیاسەت بن، نەك وەكو ئەو ژنەی بەگوێرەی سیاسەت و لۆژیكی دەوڵەتە بەشداری سیاسەت بكەن. ئەمڕۆكە لە ئێران دەرەفەت بە ژمارەیەك لە ژنان دەدەن كە لەنێو گۆڕەپانی سیاسەتدا جێ بگرن؛ بەڵام ئەم كارەی دەوڵەت لەبنەمادا بۆ پارچەپارچەكردنی ریزەكانی ژنانە. لە وڵاتانی ئەورۆپیشدا؛ ژمارەیەك ژن دەكەن بە سیمبۆل بۆ ئازادی، بەڵام ئازادی تاكەكەسیان مەبەستە نە؛ ئازادی رۆح و هزر و كۆمەڵگە و ژنان بەگشتی. شۆڕشی ئێستای ئێران لە دژی ئەم جۆرە زیهنییەتانە پێكهات و تێكۆشانی خۆبوونی ژنانە. وەكو نموونەیەكی هەرە بەرچاویش دەتوانین ئاماژە بۆ بەشداری ژنان كە بەپشت بەستن بەئیرادەی سەربەخۆی خۆیان لەباكور و رۆژئاوای كوردستان، لەنێو سیاسەتدا جێگەیان گرتووە و سیستەمی رێكخستنی خۆیان و سیستەمی هاوسەرۆكایەتیان بۆنیاد و چەسپاندوە.

هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”زیلان ڤەژین”، ئاماژەی بۆ هەوڵەكانی ئەو لایەنانەش كرد كە لەهەندەرانن و دەیانەوێت بەجۆرێك لەجۆرەكان، سواری شەپۆلی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ببن و هزر و بیركردنەوەی و ئامانجی ئەوانەشی وەها هەڵسەنگاند؛ سیستەمی سەرمایەداری كاتێك دەبینێت كەسانیك هەن كە دەتوانن بەرژەوەندییەكانی ئەوان بپارێزن، دەستەبەجێ یارمەتیدەریان دەدەن و هەوڵدەدات هەلی سیاسی و ئاسانكاری و دەست راگەیشتن بە مەدیایان بۆ بڕەخسێنێت. دەبێ پرسیاریان لێ بكرێت كە ئاخۆ ئەو كاتانەی كە گەلان لە ئێران رووبەڕووی ئەشكەنجە و سێدارە و برسییەتی دەبوونەوە ئەم كەسانە و ئەم رێكخراوانە لە كوێ بوون كە وا ئێستا خۆیان بە مافدار دەبینن. ئێمە وەكو حەرەكەتی ئاپۆیی ٢٠ ساڵ زیاترە كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران تێكۆشان دەكەین و شەهیدمان داوە. سیاسەتی ئێمە ئەوە بووە كە گەلان ئێستا داوای دەكەن و ئێمە لایەنگری بەشداری گەلانین لە ناو سیاسەتدا و لەمە بەدواش هەوڵدانەكانمان ئەوە دەبێت كە بە‌هێزتر ئەم یەكە بەئەنجام بگەیەنین. ئێمە ئەم سیستمەمان تەنیا بۆ كوردستان ناویت؛ بەڵكو بۆ هەموو ئێران پێویستە. ئەگەر گەلانی عەرەب، بەلووچ، ئازەری و كورد و هەموو گەلانی ئێران خۆیان بە سیستەمی كۆنفێدرالیزمی دیمۆكراتیك بگەیێنن ئەوە كێشەكان چارەسەر دەبن ئەو كاتەش كەس ناتوانێ ببێت بە ئەندازیاری كۆمەڵگە و دەوڵەت ناچارە كە خۆی و یاساكانی بە گوێرەی ویست و داواكاریەكانی گەل رێكبخات و بیانگۆڕێت.

 

تا ناكۆكی نێوان ژن و پیاو چارەسەر نەبێت ناتوانین باس لە سیاسەت و ژیانی تەندروست بكەین

 

زیلان ڤەژین لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بە تێكۆشان و بەهێز كردنی تێكۆشان كرد و وەها راڤەی كرد؛ دیمۆكراتیكبوون بۆخۆی بابەتێكە كە دەبێت سەرەتا لە زێهنییەتدا پێكبێت و بەرجەستە ببێت و ئەم بابەتەش خاوەن چەند رەهەندێكە. سەرەتا زمان، كەلتور و پەروەردە بنەمایە. دەوڵەت لە ناو پرۆسەی خوێندن و سیستەمی پەروەردەدا و لەسەر بنەمای پشت بەستن بە زمانێك؛ چاند و كەلتور و زمانی گەلانی دیكە دەتوێنێتەوە و لەچاندی خۆیان دایاندەبڕێت؛ زمان و پەروەردە؛ شووناس و بوونی مرۆڤەكانە، شووناسی نەتەوەكان و جێگای بایەخێكی تایبەن. چەند رەهەندێكی ئەخلاقی و سیاسی هەیە كە ئەوانەش بەو واتایە دێت كە ئەو كۆمەڵگەیە دەتوانێت لەسەر ئەو بنەمایانە خۆی ئیدارە و بەرێوە ببات؛ بەڵام ئەمانەش بە یاسا و ئیدارەكردن؛ لە لایەن دەوڵەتەوە لەبار بردراون و مەزن ترین بێ ئەخلاقی لەسەر ناوی حقوق و یاسا ئێستا لە ئارادایە. هاوكات؛ هاوژیانی ئازاد و ئابووری یەكێكی دیكە لەو رەهەندانەیە كە بە بەهێز بوونیان ئاستی دیمۆكراتیك بوونی كۆمەڵگە بەرزتر دەبێتەوە. تا ناكۆكی نێوان ژن و پیاو چارەسەر نەبێت ناتوانین باس لە سیاسەت و ژیانی تەندروست بكەین. گەلان خۆیان دەتوانن ببنە ‌هێزی چارەسەری. لە بوومەلەرزەكەی باكووردا دەتوانین ببینین كە دەوڵەت چەندە كۆمەڵگەی بێ نرخ و بێ بەها كردوە و بەئاسانی كۆمەڵكۆژیان دەكات؛ ئەمەش لەبنەما و ئەساسدا لۆژیكی دەوڵەتە و دەبێت كەس پشتی خۆی پێ نەبەستێت.