هەرێمی چاڵدێران، هەرێمێكە هەڵكەوتوو لە باكوری رۆژهەڵاتی كوردستان و خاوەن گرنگیەكی تایبەتە. ئەو هەرێمە لەبواری ژیۆستراتیژی و ژیۆپۆلیتیكیەوە بەدرێژایی مێژووی كوردستان و بەقوڵایەتی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوین ئەو گرنگیەی خۆی پاراستووە. لەدیرۆكی گەلەكەماندا وەكو شاڕێگای رەوەندە كۆچەریەكانی كوردان لەگەرمێنەوە بۆ كوێستان و بەپێچەوانەوە بەكارهێنراوە و هەر بۆیەش ئەو هەرێمە وەكو ژوانی كوردان، بەیەكگەیشتنی كوردانیش بەناوكراوە. شەڕی نێوان هەر دوو ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانیەكانیش لەو هەرێمەدا گەیشتە لووتكە و تەنانەت لەدەرئەنجامی ئەو شەڕانەش بۆ جاری یەكەم خاكی كوردان لەپەیماننامەی قەسری شیرین پارچە كرا. پارچەكردنی كوردستان و دابڕانی كوردان لەیەكدی لەنێوان سەفەوی و عوسمانیەكان وەكو شەوە زەنگ بووە هۆی خەمێكی گەورەی دابڕان. ئەو دابڕانەش بەسەدان چیرۆك و ئەفسانە و هەڵبەستی لەسەر نوسراوە و وەكو خەمێكی سورباوی بەگینگڵ لەنێوچاوانی كوردانەوە تارمایی دەكات. ئەو خەم و پەژارە و دابڕانەش وای لە كوردانی ئەو هەرێمە كردوە بۆ گەیشتنەوە دووبارەی گەل، هەمیشە لەنێو بەرخۆدان و سەرهەڵدان و خۆڕاگریدا بن و ئەوەش بووەتە چاندێكی ئەو هەرێمە و بەهەزاران شۆڕشگێڕی مەزن لەو ئاو و خاكە سەریان هەڵبڕیەوە و تەنانەت زۆرێك لە سەرهەڵدان و راپەڕین و بەرخۆدانیەكانی كوردستان پەنایان بردۆتە بەر ئەو هەرێمە، هەر بۆیەش هەرێمەكە هەم بەنیسبەت گەلەكەمان و هەمیش بەنیسبەت داگیركەران و هێزە دەسەڵاتدارەكان خاوەن هەمان رۆڵ و پێگەی مێژوویی خۆیەتی و هیچ لەرۆڵەكەی كەم نەبووەتەوە.
كوردانی هەرێمی چاڵدێران “هەر لە ورمێوە بگرە تا ماكۆ و سەلماس و خۆی و كۆتۆل و ئەسەندەرەوە و…هتد”، بەهۆی هەڵكەوتەی جۆگرافیایەكەیان و پردی پەڕینەوە و بەیەكگەیشتنی نێوان تاك و كۆمەڵگە و رەوەند و كۆچەریە كوردەكان بەدرێژایی بوونیان لەسەر ئەو خاك و جۆگرافیایەوە هەستی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی و تەنانەت پێكەوەییان ڕۆچووەتە ناخیانەوە و ئەو هەستەش بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لەژیانی رۆژانەیی و هەمیشەییان، لەبەر ئەو تایبەتمندیانەیە كە هەرێمی چاڵدێران بەلانكەی شۆڕشگێڕان ناسراوە. لەهەر دەركەوتنێك یاخود سەرهەڵدان و بەرخۆدانێكی كورداندا پیاو و ژنی هەرێمەكە بەگەنج و پیریەوە بەشداری چالاكانەیان لەو بزاڤتانەدا كردوە. بەهەڵگیرساندنی شۆڕشی گەلەكەمان بەپێشەنگایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی پەكەكە، جارێكی تر رۆحی بەرخۆدانی پیاوان و ژنانی هەرێمەكە سەریان هەڵدایەوە و بەهەزاران گەنج لەژن و پیاو بەشداری ریزەكانی گەریلا بوون و تا دواهەناسە بەگیان و ماڵ بەشداریان كردوە و بوونەتە هێزێكی سەرەكی و بزوێنەری شۆڕش و سەرهەڵدان و بەرخۆدانەكانی گەلەكەمان و بەهەمانشێوە لەزۆر شوێندا رۆڵی پێشەنگایەتی و قارەمانیەتیان لەئەستۆ گرتووە.
چاندی وڵاتپارێزی و خۆنەویستی و نەتەوەیی و پێكەوەیی گەلەكەمان لە هەرێمی چاڵدێران، تا دوایی تاك و مرۆڤێكی رەنجدەر و كۆڵنەویستی ئافراندوە. ماندوویەتی ناس ناكەن و لەبڵندترین ئاستەكاندا قارەمانیەتی دەنوێنن و بیر و هزریان لەلای سەركەوتن و گەیشتنە بەلووتكە. پارێزەرێكی راستەقینەی چاندی بەرخۆدانی كۆمەڵگەی كورد و كوردستانن. لەفەرهەنگی بەرخۆدانڤانی هەرێمی چاڵدێراندا رادەستبوون و تەسلیمیەت بوونی نییە. رادەستبوون وەكو مردن بۆ خۆیان بینیوە و ئەوەشیان لە چاندی خۆیاندا سڕیووەتەوە. شەهید”عزەدین دەلایی میلان”، ناسراو بە”دیار خۆی”، دیاریەکی بەنرخی ئەو هەرێمەیە بۆ ئازادی وڵاتەکەمان. دیارێك لەچاڵدێران”لانكەی شۆڕشگێڕان” و تینوویی گەریلا و تێكۆشان و رێبەرتی لەبەهاری ساڵی 2002دا بەجۆش و خرۆشێكی گەورەوە بەشداری ریزەكانی گەریلا بوو. قۆناخی شەرڤانتی بەسەركەتوویی تێپەڕاند. هەڤاڵ دیار بەهۆی ئەوەی كە پێشتر گەریلای بینیبوو و ژیانی گەریلا و گەریلایەتی بەلایەوە نامۆ نەبوو، هەر زوو لەگەڵ ژیان و تێكۆشاندا وەكو ئەویندارێكی بێ كۆتا رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر لەهەمیشە پەلی دەهاوێشت و بەمۆڕاڵ و جۆش و خرۆشەوە دەیڕوانیە داهاتوو، بەهۆی ئەو پاشخانە مێژووییەی لەسەری گەورە ببوو، منداڵ و شۆڕشگێڕێكی رەنج بوو و لەبەشداربوونی لەكاروخەباتی رۆژانەیی و ئەركە شۆڕشگێڕیەكانی لەریزی هەرە لەپێشەوە بوو و هاوشێوەی عاشقێك بێ یەك و دوو ملی رێگای دەگرتە بەر. رۆح سووك و خاوەن خولیایەكی مەزن بوو. دەیوویست لەنێو گەریلادا زوو گەورە ببێت، هەروەك چۆن منداڵێك، هیوایەتی ئەوەیە رۆژێك زووتر گەورە ببێت، ئەویش هیوایەتی لەلای ئەوە بوو لەبیروهزری رێبەر ئاپۆ”فەلسەفەی ئاپۆچییەتی”دا قووڵ ببێ و ئەرك و بەرپرسیاریەتی گەورە و رۆڵی گەورەتر بگرێتە ئەستۆ.
هەڤاڵ دیار خۆی ئەو ئەخلاقەی لە بنەماڵەوە و هەرێمەكەیەوە وەكو میراسێك لەسەرشان نابوو، لەگەڵ چاند و بەرخۆدان و فەلسەفە و پەروەردەی ئاپۆییدا كردبووە یەك، لەبڵندترین ئاستدا ئەركە ئەخلاقیەكانی بەجوانترین شێوە جێبەجێ دەكرد و لەكەسایەتی شۆڕشگێڕی خۆیدا پێكیدەهێنا. كاتێك هەڤاڵ دیارت لەپاڵدا بوو هەستت دەكرد، قەڵایەك لەبەرخۆدان، قەڵایەك لە ورە و مەعنەویاتت لەپشتە، پاڵپشتیەكی هەڤاڵانەی بەهێزی هەبوو، خۆی لەخۆیدا ئەوەش یەكێك لەبەها پیرۆزەكانی نێو ریزەكانی گەریلا و ژیانی گەریلایەتی بوو كە لەكەسایەتی خۆیدا بونیادی نابوو. ئەو ورە و مەعنەویاتەی شەهید دیار، هەمان رۆح و هەستی منداڵی هەرێمی چاڵدێران بوو كە دەیوویست گەورە ببێ، نوێ نوێ جارێكی تر لەكەسایەتی هەڤاڵ دیاردا چەكەرەی دەسەند و، لەنەشوونمادا بوو، دەیویست باڵا بگرێت و پەل بهاوێژێ و خۆی بگەیەنێتە گەرمایی خۆر. لەگەڵ ئەوەی لەمنداڵیەوە ئاشنای رەنج ببوو، ببووە كەسایەتیەكی رەنج و مرۆڤێكی رەنجدەر. خۆی لەقەرەی هەموو كارێك دەدا، بەجەسارەت و ئیرادەیەكی پۆڵاینەوە بەرەو ئاسۆ ملی دەنا. بەباشی هەستی بەوە دەكرد كە رێگایەكی دوور و درێژمان لەپێشە، بەشەو و رۆژ خۆی بەپەرتووكەكانەوە سەرقاڵ دەكرد، لەكۆڵەكەیدا پەرتووكەكانی رێبەرتی دەشاردەوە و لەكاتەكانی تەنیایی، وەكو هاوڕازێك لەگەڵیاندا دەكەوتە گفتوگۆ، شۆڕشگێڕێكی رۆژەكانی تەنیایی و هەڤاڵیەتی بوو.
یەكێك لەخەونە نەگۆڕەكانی شەهید دیار، بوونە سیاسەتمەدارێكی گەورە و شەڕكەرێكی بەتوانا بوو. تامەزرۆی خوێندن و نوسین بوو. بەهۆی ئەوەی لەتەمەنی بچووكیدا نەچووبووە بەرخوێندن وەكو حەسرەتێك لەدڵیدا مابوویەوە. بەڵام لەژیاندا ئەو بابەتەی نەكردبووە خەمێكی گەورە بۆ خۆی. بۆیەش پێنووس و لێنووسەكەی ببوون بەبەشێكی راستەقینەی ژیانی. بريقەی هیوا لەچاوانیدا دەدرۆشانەوە، تیژبین هاوشێوەی هەڵۆ دەیویست لەبەرزیدا بفرێت، بەرزەفڕبوو و هەمیشە ئاواتەخوازبوو لەبەرزیدا بمێنێتەوە.
هەڤاڵ دیار چەكێكی تری دەستی ئەو پێنووس و لێنووسە بوو كە هاوشێوەی چەكێكی بەكارگەر هەمیشە لەنێو گیرفانی ئێلەكەكەیدا دەشاردەوە. كاتێك هەڤاڵ دیارت دەبینی وەها سەرقاڵی نووسین بوو كە گومانت لەوە دەكرد، ئاخۆ هەڤاڵ دیار خوێندن و نووسینی هەیە یا خود نا، بەڵام بەو گەرم و گوڕییەی سەری دەخستە سەر پەرتووكەكەی وات دەزانی كە سەرقاڵی نووسینی مێژووە، یا خود رۆمانێكی دوور و درێژ دەنووسێت. ئەوەندە بەعەشقەوە مەحزەری دەگرێت و گووتەی هەڤاڵان و دەوربەر و جوانیەكانی سروشت و چیا و دەشت و پەروەردەكانی هەڤاڵانی لەلێنووسەكەیدا دەنەخشاند و بەپێكەنینێكی لێوان لێو لەدڵنزمی و جوانی تێكەڵ بەژیانی دەوروبەری دەكرد، مرۆڤ بە سانایی دەیتوانی هەست بەوە بكا كە هەڤاڵ دیاری لەلایە و تەنیایی بوونی نییە، هەڤاڵ دیار لەو كاتانەدا وەكو خۆی رەنگە وەكو مرۆڤێك و تاكەكەسێك بووبێت، بەڵام ئیدی ببووە شۆڕشگێڕ و بەراشكاوانە لەهەڤاڵێتیدا و تێگەیشتنی هەڤاڵ بۆ هزر و رامانی رێبەرتی و ژیان دەبینی، ئەو ئیدی نەتەنیا تاكە كهسێك، بەڵكو شۆڕشگێڕێكی مەزنە و دەتوانێ لەهەموو گۆڕەپانێكی خەبات و تێكۆشاندا پشتی پێ ببەستی و ترس و مردنی نەدەناسی.
بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتی رژێمی ئیسلامی ئێران و دابڕانی گەلەكەمان لەهەرێمە جیاوازەكانی رۆژهەڵات، هەڤاڵ دیار دوای پەروەردەی گەریلایەتی. خۆشەویستیەكی زۆری بۆ بینینی هەرێمەكانی دیكەی رۆژهەڵات نیشاندا و لەسەر پێشنیاری خۆی چووە هەرێمی هەورامان و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەمەریوان و سنە و كرماشان و سەقز ئەركی شۆڕشگێڕی راپەڕاند. لەو ماوەیەدا لەلایەن هێزە سەركوتكەرەكانی رژێمەوە لەیەكێك لەشارەكانی ئەو هەرێمەدا دەستگیر و ماوەی سێ ساڵیش لەزینداندا مایەوە، بەڵام هەڤاڵ دیار لەزیندانیشدا خاوەن هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەی نەگۆڕ بوو و بەهەڵوێست و خۆڕاگری خۆی وانەكانی شۆڕشی لەكردەوەدا پەیڕەو دەكرد.
هەڤاڵ دیار خۆی، تەمەنێكی زۆر لەنێو رێكخستندا نەمابوو، بەڵام بەهۆی ئەو تێگەیشتنە ئایدۆلۆژی و هزرییەی رێبەرتی و فەلسەفەكەی بەقوڵی گەیشتبووە ئەو راستیەیەی كە بەبێ رێبەرتی ژیان واتایەكی ئەوتۆ نادات. بۆیەش لەبەرواری 13/2/2009 لەبەرامبەر بەشەرمەزاركردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەچالاكیەكی گیانبازیدا ئاگری لەجەستەی بەردا و بەهاواری بەرخۆدان ژیانە، ئەو بازنە ئاگرینەی بە چالاكی گیانبازانەی مەزلووم و فەرهاد و زیلان و ڤیانەكان هەڵَیانگیرساندبوو بەرووناكی هێشتەوە. شەهید دیار خۆی، شۆڕشگێڕێكی لانكەی شۆڕشێگێڕان بوو كە ژیانی بەبێ بوونی رێبەرتی بۆ خۆی بەرەوا نەبینی و لەبڵندترین ئاستدا چالاكی فیدایانەی نواند و خاوەنداری لەرێبەرتی كرد.