ژیروان رێبین

شەڕ بە واتای دژایەتی کردنی زوڵم و زۆرداری و پاراستنی هەبوونێکة کە ڕووبەڕووی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بۆتەوە؛ ئازادی گەر وەک هەبوونێک پێناسە بکرێ کە بەبێ ئەوه پێناسەی مرۆڤ بوون و بگرە کەیهان و گەردوونیش دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوکات دەتوانین لە هەندێ وشە و واتا باشتر تێبگەین. لەوانە وشەی خۆپاراستن، شەهادەت، بەرخۆدان و خۆڕاگری. گوڵ بە هەموو ناسکی و جوانی و بۆن خۆشیەکەیەوە، بۆ پاراستنی هەبوونی خۆی، دڕکی هەیە. کاتێک بە رۆحێکی وەک پەپوولە نزیکی بیتەوە لە واتای گوڵ تێدەگەی و دڕک و پەلکی گوڵ، هیچ جیاوازیان نابێت، بەڵام ئەوکاتەی بە مەبەستی چنینەوەی بچی بێگومان لە ئێش و ئازاری ئەو دڕکە بێ نەسیب نابی.

ئەوەی لەو چەند دێڕە دا هاتە بەرباس هەندێ تێڕوانین سەبارەت بەو وشانەیە کە ڕۆژانە کەڵکیان لێوەردەگرین و هەندێ دیمەنن کە بەردەوام کۆمەڵگە دەیبینێ، بەڵام پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ ئایا هەموو کەس دەتوانێ وەک خۆی پێناسەی وشەکان، رووداوەکان، هەبوونەکان و … بکات. ئەوەی دەتوانێ پێناسەیەکی جیاواز بۆ ئەوانە بکات و ڕاستی، جوانی و ناحەزییەکان، شیاوی و نەشیاوی بابەتێک بخاتە ڕوو، وشە و ڕووداوەکان واتادار و هەمیشەیی بکات، هونەرمەند، نووسەر، ڕووناکبیر و بیرمەندانن.

بە هەزاران ساڵە شۆڕش و دژە شۆڕش کەڵک لە هونەر وەردەگرن و سەرکەوتن، بنکەوتن، زامەکان و بابەتەکانی خۆیان بەڕێگەی هونەرەوە دەخەنە بەچاوی هەمووان و تۆماری دەکەن. هەر لە حەیرانەوە(کە دەنگی چینی چەوساوە و بەرخۆدێری کۆمەڵگە بووە) تا دەگاتە ئەو هەڵبەست و مێژوویەی کە سەردەمی زۆرداری زاڵمانی، وەک سەردەمی ڕۆحم و بەزەیی دەسەڵاتدران دەرخواردی گەلاني داوە و بکوژەکانی وەک قاڕەمان لای خەڵک پیرۆز و داگیرکەری وەک خاوەن ماڵ پیشان داوە. هەندێ کەس کە وەک باوکی! مێژوو، باوکی هەڵبەست و…  پێناسە دەکرێن، فڵان و فیسار پاڵەوانی مرۆڤکوژ و دڵڕەق و هۆڤیان کردووە بە قاڕەمانێک کە زۆر جار ئازادیخوازانیش لە ڕووی نەزانییەوە ئەوانیان وەک هێمای تێکۆشان و سەرکەوتن پیشان داوە.

بەداخەوە تا ئێستا مێژووی بەرخۆدان و خۆڕاگری نەنووسراوەتەوە. یا گەر نووسراوە بەو هیوایەی بگاتە نەوەکانی دواڕۆژ لە ترسی تاریکدڵان و خوێنڕێژان لە ژێر دەیان چادر و چارشەودا، لە کەلێنی شاخ و ئەشکەوتەکاندا، لە ژێر پەردەی لاتاو و پێهەڵاکوتنەکانی ناو شێعر و لاواندنەوە و لایەلایەی دایکاندا حەشار دراوە. مێژوو وەک بیرماگی کۆمەڵگە دێتە ئەژمار، بۆیە دەسەڵاتداران هەوڵێکی زۆر دەدەن کە ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی ئەوان بنووسرێتەوە و تۆمار بکرێت.

ئەوەی تائێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سەرپێ هێشتۆتەوە گۆڕانکاری ساختە و ڕواڵەتی نێوان سیستەمەکانی دەسەڵاتداری و گۆڕانی چینەکانی دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو ئەو پرەنسیپانەن کە بەهەزاران ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵگەی سروشتی و بەدوور لە دەسەڵات و زۆرداری لەسەری دامەزراوە و بەردەوام لە ڕێگەی ئەدەبیات و هونەری زارەکی گەشەی کردووە و گەیشتۆتە ڕۆژی ئەمڕۆمان. کۆمەڵگە لەسەر بنەماکانی دەسەڵاتداری نەتەنیا ناتوانێ بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت؛ بەڵکو بەرەو هەڵوەشانەوە و داڕمان دەچێت.

بە هاتنە ناو سەردەمی پێشکەوتنی پیشەسازی و دواتر قۆناغی دیجیتاڵ و میدیا مەجازیەکان. دەتوانین بڵێین دەرفەت و دژە دەرفەتی مێژوویی بۆ کۆمەڵگە و ئازادیخوازان هەڵکەوتووە کە کەڵک وەرگرتنمان لەوانە دەرفەت یا دژە دەرفەتبوونی دەخاتەڕوو.

ئەوەی پێویستە ڕاوەستەی لەسەر بکەین ڕۆڵی ڕووناکبیران و هونەرمەندان و بیرمەندانی کۆمەڵگەیە. ئەو توێژەی کۆمەڵگە بەردەوام لە بەرامبەر چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنەکانی دەسەڵات ڕاوەستاون و بوونەتە ئاوێنەی ڕاستەقینەی شۆڕشی ئازادی. زۆرن ئەو قەلەمانەی خۆیان بە پارە و زێو نەفرۆشتووە و لەبەر خاوەندارێتی لە شووناسیان ئاوارەی هەندەران بوونە. ئێستاش ڕێبەرانێک هەن کە دەستبەرداری ژیانی تاکەکەسی دەبن و ڕازاوەیی دەسەڵات و خۆپەرەستی هەڵیان نافریوێنێت و تاکۆتا هەناسەیان شەڕەفی خۆیان و گەلیان دەپارێزن.

لەسەر بنەمای ئەو شرۆڤەیە، دەتوانین بپرسین هونەرمەندان و ڕووناکبیران بە ڕۆڵگێڕانیان چۆن دەتوانن شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بگەیێننە ئامانج. لە ماوەی تەمەنی کورتی دەسەڵاتداری پەهلەوی و کۆماری سێدارە لە ئێران، بەدەیان کەسرەوی، بێهڕەنگی، تەختی، فەرزادی کەمانگەر، شاملوو، هێمن و هەژار، ڕەئیس دانا و پیر و مەولا کە وێڕای هەموو زەختەکان چۆکیان دانەداوە و هەرگیز قەڵەم و شەڕەفی کۆمەڵگە و ئازادی ئەویان نەخستە ژێرپێ. لە ڕاستیدا هەر شۆڕشێک هونەرمەند و نووسەری خۆی دەخوڵقێنێ.

دوور لە ڕاستی نییە بڵێم ئەوەندەی کاریگەری دروشمە ئەفسووناویەکەی ژن، ژیان، ئازادی لە هەڵگیرسانی شۆڕش، لایەلایەی دایکی شەهید زەکەریا خەیاڵ وەک دەستپێکی ئاهەنگی شۆڕش و پاشان هەموو ئەو هەڵبەست و سروود و لایەلایە و وتار و نووسینانەی لە هەموو جیهان دەرکەوتن کاریگەریان لەسەر بەردەوامی شۆڕش و زیندوو ڕاگرتنی شەقام هەبووە و بەردەوامە. ئەوانە بوونە هەوێنی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە. خەریکە هەر کەس ئەرک و جێگەی خۆی لە شۆڕشدا دەزانێ و هەوڵی پێکهێنانی دەدات و بە جێگرتنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە لە ناویدا شکانی شۆڕش مەحاڵە.

پێویستە بزانین کاتێک باسی دەسەڵات دەکەین تەنیا ئەو کەسانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان نەکەینە ئامانج و ئاگاداربین کە بەشێک لەوانەی دژایەتی دەسەڵاتداری سەر تەخت دەکەن، بۆخۆیان چاویان بڕیوەتە ئەو کورسیانە و لە کەمتەرخەمی کۆمەڵگە ئەگەری دووپاتە بوونەوەی دژە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٨ هەیە. بۆ نموونە ئێستا بنەماڵەی پاشایەتی و کاسەلێسانیان کە دەستیان بە خوێنی هەزاران ئازادیخواز سوورە زۆڕنای دێموکراسی و ئازادی لێدەدەن و دەنگی ناسازیان ڕۆژانە دەبیسین و دەبینین کە ڕۆژانە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتان دەکەن تا ئەوەی بتوانن بەرژەوەندی خۆیانیان پێوە گرێدەن و خوێنی ڕژاوی لاوەکانمان لە ڕەشە بازاڕی زلهێزاندا بفرۆشن. گەر پێویست بکات لە هەموو نووسین و کاری هونەری و ڕوونکردنەوەدا باسیان بکرێت و پیلانیان ئاشکرا بکڕێت.

دەسەڵاتداری یەک لەئامانجەکانی بێ هیواکردنی گەلانە لە کاتی شۆڕش و لەئان وساتی سەرکەوتندا. هەروەها زلهێزان و سەرمایەداران هەردەم تا قۆناغی کۆتایی شۆڕش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە مادییەکانیان دەستبەرداری حاکمان نابن و لە دەمی سەرکەوتنیش دا بە پیلانگێڕی و چەواشەکاری، خۆیان وەک قارەمان و لایەنگری هەمیشەیی بە خەڵک دەناسێنن. پێویستە هونەرمەند و ڕووناکبیر بە پێی پلان و بەرنامەی ئەوان شۆڕش گەرم و سارد نەکەن.

جیاوازی سەرەکی لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵان ئەوەیە کە مرۆڤ بە بێ کۆمەڵگە وەک مرۆڤ ناتوانێ بژیت و دەچێتە ڕیزی ئاژەڵانەوە. بەلام ئەوەی ڕۆژانە سیستەمی سەرمایەداری بانگەشەی بۆ دەکات تاکپەرەستی و خۆپەرەستییە کە تەواو دژی پێناسەکانی مرۆڤ بوونە. ساڵانێکە دەگوترێ کۆمەڵگەی ئێمە قەدری هونەرمەندان و نووسەران و بیرمەندانی خۆی ناگرێ، بەڵام ئەوەی ڕاستییە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو لاوازییەکانیانەوە، بە گرێدراو بوونیان بە پرەنسیپەکانەوە دەناسرێن کە یەک لەوانە ئەمەگ ناسییە. دەزانین کە ئەوانەی بێ بەرامبەر و بێ چاوەڕوانی لە خزمەت نیشتمان و کۆمەڵگەکەیان دابن، کۆمەڵگەش بەهەموو شێوازێک دەیانپارێزێ و خاوەندارێتییان لێدەکات. بەڵام باش وایە لە بیرنەکەین کە ئەو شتانەی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن تەنیا کۆمەڵگە تێیدا بەرپرسیار نییە و بەڵکو ڕۆڵی دەوڵەت نابێ لە بیربکەین کە هەردەم چەواشەکاری پێشدەخات و هەوڵی بۆ پارچەکردنی کۆمەڵگەیە، بۆ بەردەوام کردنی دەسەڵاتی خۆی. بۆ نموونەی خۆنەویستی کەسایەتی بیرمەند و ڕێبەر دەتوانین ئاماژە بە ڕێبەر ئاپۆ بکەین کە تەواوی ژیانی خۆی بێ بەرامبەر و بێ چاوەڕوانی تەرخانی خزمەت کردنی مرۆڤایەتی و نیشتمانەکەی کردووە و ماوەی ٢٤ ساڵە لە خراپترین زیندانی دنیادا لە ئیمڕاڵی لە ژووری تاکەکەسیدا بارمتەیی دەستی دەوڵەتی فاشیستی توركياية و تائێستاش پارێزگاری لە شەڕەف و کەرامەتی گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکات و بۆ باسی ئەمەگ ناسی کۆمەڵگەش دەتوانین نموونەی هەڵمەتی کەس ناتوانێ ڕۆژی ئێمە تاریک بکات بکەین کە، لە ئەنجامی ئەوەدا دەیان کورد و غەیرە کورد بۆ پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ جەستەیان کردە قەڵغانێکی ئاگرین و گیانیان بەختی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و نیشتمانیان کرد.

هونەرمەند و ڕووناکبیر لە زیندوو ڕاگرتنی هزری کۆمەڵگە ڕۆڵی کاریگەریان هەیە و هاوکات کۆمەڵگەش لە بیرماگی خۆیدا ئەوانەی کە بوونەتە چرای ڕووناکی ڕێگەی ژیانی، بۆ نەوەکانی داهاتووی وەک هێمایەک بۆ تێکۆشان و فکراندن دەیانپارێزێ و بەو شێوازە زیندوویان ڕادەگرێت.

لە کاتێکدا داگیرکەر و دەسەڵاتدار، بە ئیعدام و زیندان و دەستدرێژی تۆوی نەفرەت و دووبەرەکی و دوژمنایەتی لە شەقام بڵاو دەکاتەوە؛ زمانی هونەر کە زمانێکی جیهانییە و جوگرافیای هوونەر بێسنوورە و باشترین ئامێری دیپڵۆماسی نێوان کۆمەڵگەکانە، پێوست دەکا لە هەل و مەرجی شۆڕشدا بە تایبەتی ئاگاداری ئەوە بین کە پیلانی دەوڵەتان بۆ بەگژ یەکداکردنی گەلان مایەپووچ بکەینەوە و ئەوە زیاتر لە هەر کەس بەڕێگەی هونەرمەندانەوە دەکریت. کەسانی ڕووناکبیریش بە نرخاندنی دروست و لەکات و جێگەی خۆیدا دەرحەق بە دۆخ و ڕووداوەکان دەتوانن ڕووناکی بەخشی ڕێگەی خەبات و تێکۆشان بن.

هەروەها هونەرمەندان و ڕووناکبیران بە بەرهەمەکانیان وەکو پردێک لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا، نەوەکانی ئەو سەردەمانە بەیەکەوە دەبەستنەوە و بەو جۆرە ڕێگە لەبەردەم کووژانەوەی چرای ئازادی و ئازادیخوازی دەگرن.

پێویستە حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی هەرگیز لەبەردەم هزرین و کارەکانی هونەرمەنددا نەبنە ڕێگر و مافی سانسۆڕی بیر و ڕای کۆمەڵگە بەخۆیان نەدەن و بەڕێزەوە بۆ ڕەخنە و پێشنیارەکانی کۆمەڵگە و هونەرمەند و ڕووناکبیر بڕوانن و پارێزگارییان لێبکەن.

لە ماوەی ٤ مانگی تێپەڕبوو بەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بارتەقای هەموو ٤٣ ساڵەی زەبروزەنگ و کوشت و بڕی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران بەرهەمی هونەری و نووسین و شرۆڤە و وێنە و ڕەسم و هەڵبەستی شۆڕشگێڕی ئافرێندراوە و ئەوە نیشانەی سەرکەوتنی شۆڕشە و وەک شاعیری چەوساوەکانی کوردستان (مامۆستا قانع) دەڵێ:

گەرچی دوژمن وادەزانێ من بە دیلی لاڵ دەبم

باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە

ڕۆژ، ڕۆژی دەرخستنی ڕاستییەکان و ئاشکرابوونی بەرەی خزمەت و خیانەت و هاوکات جیابوونەوەی خەتی قەڵەم و هزرە داگیرکراو و فرۆشراوەکان لەو قەڵەم و هزرانەیە کە ئەوینداری ئازادین.